عەبدوڵا کەریم مەحموود: سوپاى عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەعفەر عەسکەرى هەموو تواناى خستە گەڕ بۆ دروست کردنی سوپاى عێراق، لەسەرەتادا 9 ئەفسەرى کۆکردەوە، 5 یان کورد بوون، بە دامەزرێنەرى سوپا دادەنرێن.
لە (6) ى کانوونی دووەمی (1921) دا، یەکەمین سوپای عێراقیان بەناوی فەوجی (امام موسى کاظم)، لە بەغداد پێک هێنا.
دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرا، سوپاش بەهەمان شێوە دواتر مەشق بە سوپاکەى کراو پەروەردەکرا، بۆئەوەى ڕۆڵى پۆلیس ببینێ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەوەى عێراق و جێگیرکردنی دەسەڵاتی کاربەدەستان.
سوپای عێراق، ژمارەیان 900 کەس بوو، بە بڕیاری فەیسەڵى یەکەمی مەلیکی عێراق، بە هاوکارى هێزە چەکدارەکانی بەریتانیاى سلێمانییان داگیرکرد، کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود رووبەرووی ئەو سوپایە بوونەوە.(1)
بەریتانیا دەسەڵاتی سیاسی عێراقی بەخشى بە کەمایەتیەکی قەومی سوننی عەرەبی، خەڵکى چەند شارێکی دیارى کراو. عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکی جیاوز ە، دەسەڵاتداران عێراق سونی بوو، سوپای عیراقیش سەر بە سونی بوو، چەند کێشەیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی سەریان هەڵدا، تا ئێستاش ئەو کێشانە بەردەوامە.
سوپاى عێراق لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە لە 1921 تا 2003، لە 82ساڵی تەمەنی، وەک هێزێکى داگیرکەرى بێگانە، هەڵسوکەوتی لە گەڵ کورد کردووە.
بەپێى هەلومەرجە جیاجیاکان، تەکنۆلۆژیای عەسکەریان لە کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ دەستوور و یاسا و دادگاییەک.
دوور لە پەیڕەوکردنی مافی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ، کوردیان جینۆساید کردووە، گوند و شارۆچکەکانیان بۆردومان و خاپور و سوتماک کردووە.
دەیان ئەفسەرى سوپاى عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتە یەک لە دواى یەکەکانی عێراقدا، پلەو پایەى دەسەڵات و مەدالیاى سەرکەوتنیان بەهۆى ڕەشەکوژى ژن و منداڵ و پیاوی کوردەوە پێ بەخشراوە.

سوپا و کۆمەڵ کوژى کورد:
* لە 1923- 1927 سوپای عێراق، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا، دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1930 – 1931 سوپای عێراق، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1931 – 1932 سوپای عێراق، بەیارمەتی هێزی ئاسمانی بەریتانی دژی شۆڕشی بەرزانی یەکان.
* لە 1942- 1947 سوپای عێراق، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی بارزانی.
* لە 1961 – 1975 سوپای عێراق دژ بە شۆڕشی ئەیلوول بوو.
لە1976 – 9. 4. 2003 سوپای عێراق دژبە شۆڕشی نوێ بوو.(2)

سوپا ی عێراق و کۆدەتاکانی
سوپاى عێراق تایبەتمەندە، بە سوپایەکی کودەتاى سەربازی، رۆڵی گرنگی لە کاروبارى سیاسی وڵات، بۆ پارێزگارى لەڕژێمێکى شۆڤێنی، هێنانه‌ کاری دەسەڵاتێکى میلیتاری عەسکەری دیکتاتۆری .
سوپاى عێراق ، لەناو سەراپا سوپاى وڵاتانی عەرەبیدا، یەکەم سوپایە، بە نەریتی داهێنەرانەى إنقلاب ناسراوە، وەکو ناسنامەی کۆدەتا، عێراق خاوەنی (11) هەوڵدانی سەرکەوتووە وسەرنەکەوتوی ،کودەتای سەربازی بووە.
* لە 1935 کودەتای سەرکەوتووی بەکر سدقی.
* لە 1936 کودەتای سەرکەوتووى ئەفسەرانی قەومی، دژبە بەکر سدقی.
* لە 1941کودەتای سەرنەکەوتووی، (4) عەقیدە قەومیەکە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی.
* لە14ى گەلاوێژى 1958، کودەتای سەرکەوتووى عەبدولکەریم قاسم ،دژ بە ڕژێمی پاشایەتی.
* لە1959 کودەتای سەرنەکوتووى، ئەفسەرانی قەومی (الشواف) ،دژبە قاسم.
* لە 8ى شوباتی 1963، کودەتاى سەرکەوتووى قەومی و بەعسیەکان، دژ بە عەبدولکەریم قاسم بە سەرکردایەتی عەبدولسلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1963 کودەتای سەرکەوتووى عەبدولسلام عارف دژبە بەعسیەکان.
* لە 1965 کۆدەتای سەرنەکەوتووی عارف عەبدولڕەزاق.
لە 1968 کودەتای سەرکەوتووی بەعسیەکان، بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1969 کودەتای سەرنەکەوتووی عەبدولغەنی الراوی.
* لە 1979 کودەتای سەرنەکەوتووی باڵێکی حزبی بەعس دژىە سەدام حسێن(3).
ئەمە ئەزموونی مێژووی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو، لە بوارى کودەتادا، بە پاڵپشتی سوپاى عێراق، چەندان سیناریۆى پڕ لە تراژیدیایان دروست کردووە.
ئەم (11) کودەتا یەک لە دواى یەکەى سوپاى عێراق، لەماوەى (45) ساڵدا، بوونە هۆى سەرهەڵدانی دەیان دیاردەى سلبی لەناو کاربەدەستە باڵای عێراقەوە شۆڕبونەتەوە بۆ ڕێزەکانی سوپا.
هیچ شتێک لە ناو سوپادا بەهای سەروەری و متمانە و دڵنیایی نەدەبەخشی، سوپای عێراق ئامێرێکى نوێ بوو، بۆ کودەتا یەک لە دواى یەکەکان، بۆ جینۆساید و بێ سەروشوێن کردنی کورد.
حکومەتەکانی عێراق کە بەپێی کودەتاکانیان دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەموو توانای خۆیان دەخستە گەڕ بۆ گۆڕینی بارى دیموگرافی ناوچەکانی کوردستان.

سوپا و حوکمى عورفى
لەو کاتەوەى دەوڵەتى عێراق پێکهێنرا، گەلى عێراق هەرگیز ژیانى دیموکراتى بەخۆیەوە نەبینیوە، بەهیج جۆرێک ماف و ئازادى بیروباوەڕ و ڕۆژنامەنوسین و دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی و خۆپیشاندان و مانگرتنى نەبووە. مافی ئازادی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکى نەبووە، کەنوێنەرى ڕاستەقینەى خەڵک بن.
هەرکاتێک خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە پێناوی مافە یاساییەکانی خۆیاندا گەیشتبێتە قۆناغێک، مەترسی بۆ سەر ڕژێم، گەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمن و پۆلیس نەیانتوانیبێت دایبمرکێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی سوپا، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پارێزگارى لە دەسەڵاتەکەیان.
* لە (1948) خەڵکى عێراق لە پێناوى ئازادی و دیموکراتی، لە دژى پەیمانی عێراق بەریتانی ڕاپەڕین، ڕژێمی پاشایەتی سوپای بۆ دامرکاندنەوەى ڕاپەڕینەکە بەکارهێنا، سوپا کاروبارى وڵاتی گرتە دەست، حوکمی عەسکەرى ڕاگەیاند، دادگای عەسکەرى پێکهێنا، بۆ ڕاونان و گرتن و سزادانی ئازادیخوازان.
* لە 1952 دا کۆمەڵانی خەڵک مانیان گرت، خۆپیشاندانیان سازکرد، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سەر لە نوێ سوپا بۆ پارێزگارى ڕژێمى پاشایەتی ڕژانە سەر جادەو کاروبارى عێراقیان کۆنترۆڵ کرد، حوکمی عەسکەریان ڕاگەیاند، ئازادیخوازانی عێراقىیان بۆ دادگاکان ڕاپێچ کردو بزووتنەوەکەیان سەرکوت کرد.
* لە 1956 خەڵکى عێراق پشتیوانیان لە میسر کرد، دژى دەست درێژى “3” قۆڵى ئیسرائیل- ئینگلیز- فەرەنسی ڕاپەڕین، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سوپا خۆى هەڵقورتاند بۆ دامرکاندنەوەى ناڕەزایی گەل، حوکمی عورفی ڕاگەیاند.
* لە 1958 لە دواى کودەتاکەى عەبدولکریم قاسم، سوپای عێراق خۆى هەڵقورتاندە کاروبارى گشتی وڵات و ژیانی تایبەتی خەڵک، دادگای عەسکەرى و حاکمی عەسکەرى، توانیان کارکردن بە دەستوور و قانوون پێشێل بکەن، مافی قانوونی هاوڵاتیان ڕابگرن، ڕاونان و گرتن و سزادان و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن سوپاوە بوو بەکارێکى ئاسایی ڕۆژانە، تا 9. 4. 2003 هەر بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە کوردستاندا(4)
ئەرکی سوپا کوشتن و بڕین و بێ سەرو شوێن کردن بووە، لەو سەرەتای جینۆ سایدەوە گەیشتە رەشەبای ژەهرو ئەنفالی (1988) و گۆڕەبە کۆمەڵەکان.

سه‌رچاوه‌: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی: دووه‌م .ل3-٧

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت