پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر

بەشی یەکەم

کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ
نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ، ڕێبەری پارتیزانی ئەنارکیست، لە ڕەنگاویترین و قارەمانترین کەسایەتییەکانی شۆڕش و شەڕی ناوخۆی ڕووسیا بوو. بزووتنەوەکەی لە ئۆکرانیا نوێنەرایەتی یەکێك لەو کەمترین دەرفەتە مێژووییە دەکات کە ئەنارکیستەکان خاکێکی گەورەیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆنترۆڵ کرد. زیاتر لە ساڵێك لەسەر ڕوووبەری زەوی هێزێکی گەورەتر بوو لە ترۆتسکی و دێنیکین. ماخنۆ سەرکردەیەکی سەربازیی کە دەتوت بۆ ئەوە لە دایکبووە، لە یەك کاتدا لە چەندین بەرەدا شەڕی کردووە، دژایەتیکردنی سوورەکان و هەروەها سپیپێستەکان و داگیرکەرانی نەمسا و ناسیۆنالیستە ئۆکرانیاییەکان، باسی ئەو گرووپە بێشومار و باندە ڕێگرانە ناکەم کە بەدوای تاڵان و تاڵانچێتییەوە زەوییان تەی دەکرد. بە گوتەی ڤیکتۆر سێرج، Victor Serge ، ئەو ” پیاوێکی خاوەن ستراتیجی بە توانای بێهاوتا” بووە، کە سوپای جووتیاران خاوەندارێتی لێدەکرد “توانایەکی بەڕاستی چامانەی (مەلحەمیانە) بۆ ڕێکخستن و شەڕ” بووە. ئیما گۆڵدمانیش بە “وێنەکێشترین و گرنگترین کەسایەتی کە شۆڕش لە باشووردا هێنایە پێشەوە” ناوی بردووە. [1]
ماخنۆ لە 27ی تشرینی یەکەمی 1889 لە خێزانێکی هەژاری جوتیار لە شارۆچکەی گیولای-پۆلیێی، Gulyai-Polye ، ئۆکرانیا لەدایک بووە، کە دەکەوێتە پارێزگای ئێکاتێرینۆسلاڤ، Ekaterinoslav ، لە نێوان ڕووباری دنیپەر، Dnieper ، و دەریای ئازۆڤ، Azov. تەمەنی بەزەحمەت ساڵێك دەبوو کاتێك باوکی مرد و پێنج کوڕی بچووکی بۆ پەروەردەکردنیان بەسەر دایکیدا بەجێهێشت. ماخنۆ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا خرایە بەر کار بە بەخێوکردنی مانگا و گاو گوێلك و مەڕ بۆ جوتیارانی دەوروبەر، دواتر وەك کرێکاری کێڵگە و لە بەشێکی تواندنەوەی مەعدەن دا کاری دۆزیەوە.
لە ساڵی 1906 و لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، ماخنۆ پەیوەندی بە گرووپێکی ئەنارکیستی گیولای-پۆلیەوە کرد. دوای دوو ساڵ بەهۆی بەشداریکردنی لە هێرشێکی تیرۆریستیدا کە گیانی ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوچەکەی لێکەوتەوە، درا بەدادگە. دادگە سزای هەڵواسینی بەسەردا سەپاند، بەڵام بەهۆی گەنجیی ماخنۆوە سزاکە بۆ ماوەیەکی نادیار لە زیندانی بیوتیرکی (Butyrki ) لە مۆسکۆ، گۆڕدرا.
ماخنۆ سەلماندی کە زیندانییەکی کێوی و بەرهەڵستکار بوو کە ناتوانێت دیسیپلینی ژیانی زیندانی قبوڵ بکات و لە ماوەی نۆ ساڵی دەستبەسەرکردنیدا زۆرجار لە ژوری ئاسنین یان لە ژووری تاکەکەسیدا دانراوە. بەڵام بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئەنارکیستێکی بەتەمەنتر و بەئەزموونتر بە ناوی پیتەر ئارشینۆڤ،Peter Arshinov، لە ژوورێکدا بوون، کە بنەماکانی بیروباوەڕی ئازادیخوازانەی فێرکرد و لە باوەڕی باکونین و کرۆپۆتکین پشتڕاستی کردەوە.
ماخنۆ دوای شۆڕشی شوباتی ساڵی 1917 لە زیندان ئازاد بوو، گەڕایەوە گوندی زێدی خۆی و ڕۆڵی پێشەنگی لە کاروباری کۆمۆنێتییەکەدا گرتە ئەستۆ. یارمەتی ڕێکخستنی سەندیکای کرێکارانی کێڵگەی دا و وەك سەرۆکی سەندیکاکە دەستی بە کارکردووە. زۆری نەخایاند بە سەرۆکی سەندیکای دارتاش و کانزاکارانی ناوچەکە و هەروەها بە جێگری شوورای گیولای-پۆلیێی کرێکاران و جووتیاران هەڵبژێردرا. لە مانگی ئابی ساڵی 1917دا، وەك سەرۆکی شوورا، ماخنۆ کۆمەڵێك جوتیاری چەکداری دروست کرد و دەستی کرد بە دەستبەسەرداگرتنی موڵكی ئاغاکانی دراوسێ و دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر جوتیارەکاندا. لەو کاتەوە خەڵکی گوندەکە ماخنۆیان وەکو ستێنکا ڕازین، Stenka Razin ، یان ئیمیلیان پوگاچێڤ، Emelian Pugachev ، دەبینی کە نێردراون بۆ بەدیهێنانی خەونی دێرینیان بە خاك و ئازادیی.
بەڵام چالاکییەکانی ماخنۆ لە بەهاری دواتردا ڕاگیران، کاتێک حکومەتی سۆڤیەت پەیمانی برێست لیتۆڤسک-ی، Brest-Litovsk ، واژۆکرد و هێزێکی زۆری سەربازانی ئەڵمانیا و نەمسا چوونە ناو ئۆکرانیا. ماخنۆ توڕەیی و بێزاری سەبارەت بەم سازشە لەگەڵ ” ئیمپریالیزمی ” ئەڵمانیدا، کە لەگەڵ هاوڕێ ئەنارکیستەکانیدا هاوبەش بوو یەكخست، بەڵام دەستە پارتیزانییەکانی زۆر لاواز بوون تاکو بەرخۆدانی کاریگەر پێشکەش بکەن. ئەمە ناچاری کرد کە خۆی حەشاردا و ڕێگەی خۆی بۆ ڕووباری ڤۆڵگا، Volga ، گرتەبەر، پاشان بەرەو باکوور بەرەو مۆسکۆ ڕۆیشت و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1918 گەیشتە ئەوێ.
لە سەردانە کورتەکەیدا بۆ پایتەخت، ماخنۆ بینەرێکی ئیلهامبەخشی لەگەڵ کەسە زۆر خۆشەویستەکەیدا، پیتەر کرۆپۆتکین، هەبوو، بەریەککەوتنێك بوو کە لە بیرەوەرییەکانی ماخنۆدا بە شێوەیەکی ڕوون باسکراوە. هەروەها لە کریملین لەلایەن لینینەوە پێشوازی لێکرا و ئەوەی لەسەر هەڵوێستی جووتیارانی ئۆکرانیا بەرگوێ کەوت بەرامبەر بە بەلشەفییەکان و دۆخی سەربازی باشوور و جیاوازی نێوان چەمکە بەلشەفییەکان و ئەنارکیستەکانی شۆڕش دەنگی دایەوە. لینین لە دانیشتنەکەی لەگەك ماخنۆدا وتی: “زۆرینەی ئەنارکیستەکان بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و دەنووسن، بەبێ ئەوەی لە ئێستا تێبگەن. ئەوە ئێمەی کۆمۆنیست لەوان جیا دەکاتەوە.” هەرچەندە ئەنارکیستەکان پیاوانی “خۆنەویست” بوون، لینین بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی بەڵام “فانتیازاتی بەتاڵ”یان و دیدی ئەوانی بۆ ئێستا و داهاتوو بۆ یەکسانیی ناڕوونە. بە ماخنۆی گوت: “بەڵام هاوڕێ پێم وایە کە تۆ هەڵوێستێکی واقیعبینانەت هەیە بەرامبەر سوتاندنی شەیتانەکانی ئەو سەردەمە. ئەگەر تەنها یەك لەسەر سێی ئەنارکیست-کۆمۆنیستەکان وەك تۆ بوایەن، ئێمەی کۆمۆنیست لە سای هەلومەرجە زانراوەکاندا ئامادە دەبووین بەرەو ڕێکخستنی ئازادی بەرهەمهێنەران کاریان لەگەڵدا بکەین.” ماخنۆ لە وەڵامدا وتی ئەنارکیستەکان خەونبینی یۆتۆپیا نین بەڵکو پیاوی واقیعی چالاکیین. دوای ئەوە بیری لینینی خستەوە، ئەوە ئەنارکیستەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان بوون نەك بەلشەفیکەکان کە لە ئۆکرانیا ناسیۆنالیست و چینە ئیمتیازدارەکانیان بەزاند، لینین وەڵامی دایەوە، “ڕەنگە من هەڵە بم”. دواتر پێشنیاری کرد یارمەتی ماخنۆ بدات بگەڕێتەوە بۆ باشوور[2]
کاتێک ماخنۆ لە مانگی تەمموزی ساڵی 1918دا گەڕایەوە بۆ گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، ناوچەکە لەلایەن سەربازانی نەمسا و لەلایەن میلیشیاکانی بوکەڵە ئۆکراینیەکەیانەوە، هیتمان سکۆرۆپادسکی، Hetman Skoropadsky ، داگیرکرابوو. ماخنۆ بە ڕێکخستنی دەستەیەکی پارتیزانیی لە ژێر ئاڵای ئەنارکیستدا، زنجیرەیەك هەڵمەتی بۆ سەر سوپاکانی نەمسا و هتمانیەکان و دژی کۆشکەکانی نوجەباکان (نوبەلاکان) دەستپێکرد. جووڵەی لەپڕ و زۆر نائاسایی و بارێك لە فێڵە زیرەکەکانی هێڕشبردن، کەرەسە تاکتیکییە سەرەکییەکانی ماخنۆیان پێکدەهێنا. بە سواری ئەسپ و بە عەرەبانە سووکەکانی جووتیاران کە پێیان دەوتن تاچانکی- tachanki، کە چەکەمەنییان لەسەر دانرابوو، هاوەڵەکانی بە خێرایی زەوییە ڕووتەنەکەی نێوانی ڕوباری دنیپەر، Dnieper و دەریای ئازۆڤ-یان بڕی و لە کاتی ڕۆیشتنیاندا بە دەستەی بچووک و بە قەبارە گەورە ئیلهامی تیرۆریان بە نەیارەکانیان بەخشی.
پێشتر دەستە گەریلا سەربەخۆکان فەرماندەیی ماخنۆیان قبوڵ کرد بوو و لە پشت ئاڵا ڕەشەکەیەوە گردبووبوونەوە. گوندنشینەکان خواردن و ئەسپی دیکەی بە توانایان بۆ دابین دەکردن، ئەمەش وایکرد کە ماخنۆڤیستەکان ڕۆژانە چل یان پەنجا میل بە زەحمەتێکی کەمەوە ڕێبکەن. لەناکاو ڕووبەڕووی هێزێکی دوژمن دەبوونەوە لەو شوێنەی کە کەمترین چاوەڕوانییان لێدەکرا، هێرشیان دەکردە سەر نوبەلاکان و ئەو بەشە سوپایەی کە بۆ پارێزگاری شارۆچکە و ناوچەکە بنکەیان دانابوو، پاشان بەو خێراییەی کە هاتبوون هەر بەو خێرایە لەبەرچاو ون دەبوون. بە دەستبەسەراگرتنی جلوبەرگی دوژمنەکانیاندا دزەیان دەکردە ناو ڕیزەکانیان و دەیانتوانی پلانەکانیان بزانن یان لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێبکەن.

نووسینی مێژوونووس Paul Avrich
………………
1. Victor Serge, Memoirs of a Revolutionary, 1901-1941 (London, 1963), p. 121; Emma Goldman, My Disillusionment in Russia (London, 1915), p- 166.
2.N. Makhno, Pod udarami kontr-revoliutsii (aprel’-iiun’ 1918 g.) (Paris, 1936),
p. 93.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت