بورهان شێخ ڕەئوف: ترەمپ گورزێکى گورچکبڕى لە دیموکراسى ئەمریکى دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵى 2016 ئەو کاتەى ترەمپ بە سەرۆکى ئەمریکا هەڵبژێرا ئەو کات وتارێکم نووسى لە ژێر ناونیشانى ( بوومەلەرزەى ترەمپ) لە ڕاستیدا بوومەلەرزەیەک بوو بەر ئەمریکا کەوت، چوار ساڵى فەرمانڕەوایى ترەمپ بینیمان چى بە سیستم و دامەزراوەکانى ئەمریکا و جیهانیش کرد، لە چەندین ڕێککەوتننامەى گرنگى نێودەوڵەتى کشایەوە لە هەموویان گرنکتر و هەستیارتر ڕێککەوتننامەى کەشوهەواى پاریس بوو.
وا ئێستاش پێچەوانەى هەموو عورفو یاسا کانى هەڵبژاردنى ئەمریکا دان بە دۆڕانەکەى لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى دا نانێت کە لە 3 /11/2020 بەڕێوەچوو ، سەرەڕاى ئەوەى هەموو تانەو ڕەخنەکانى لە لایەن داداگاى تایبتمەندەکانى وڵاتەوە ڕەتکرانەوە، دواتریش هەردوو ئەنجومەنى کۆنگریس و پیران دانیان نا بە ئاکامى هەڵبژاردنەکان و جۆبایدنى وەکو سەرۆکى نوێ ناسى.
بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج و تێڕامان بوو لێدوان تویتەکانى ترەمپ بوو کە بە تەنیا دەیگووت ساختە کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا، بە دەنگدەرەکانى دەگووت دەنگەکانتان دزرا و تاکار گەیشتە ئەوەى بانگەواز بۆ لایەنگرانى بکات کە ڕۆژى 6/1/2021 کۆبوونەوەى کۆنگریس و پیران بۆ ڕاستاندنى ئاکامى هەڵبژاردنەکان لە بەردەم ( کابیتۆل هێڵ ) کۆببنەوەو ناڕەزایەتى دەرببڕن.
هەرئەوەش بوو وایکرد ڕۆژنامەى ( نیویورک تایمز ) ى بەناوبانگى ئەمریکا لە سەر وتارەکەیدا ئۆباڵى ئەو ئاژاوەو توندو تیژییەى کە لە ( کابیتۆڵ هێڵ) ڕوویدا بخەنە ئەستۆى سەرۆک ترەمپ، لە کاتێکدا سەرۆک پارەێزەرى دەستورو ئاسایشى وڵاتە، کە چى خۆى هەموو ئەوانەى خستە مەترسیەوە.

چى ڕوویدا لە کابیتۆڵ هێڵ؟
ئەوەى بینرا بە بەرچاوى هەموو میدیاکانەوە هاندان بۆ توندوتیژى و ئاژاوەو و پەلاماردانى تەلارو تێکشکانى دەرگاو پەنجەرەکان و هێرشکردنە سەر پاسەوانەکان و بەرزکردنەوەى ئاڵاى ( کۆنفیدریت ) واتە جیابوونەوە و ناچارکردنى هەموو ئامادەبووان کە ئەو ئاڵاو دروشمانە بەرز بکەنەوە و هاواریان دەکرد بۆ پشتیوانى ترەمپ و دژى ئەنجامە فەرمى و شەرعیەکانى هەڵبژاردنى سەرۆک جۆزیف بایدن بوون.
لە ئاکامى ئەم کردەوە ئاژاوەگێڕیانەدا (4) کەس بوونە قوربانى کە یەکێکیان ژن بوو، ئەندامانى کۆنگریس گوێزرانەوە بۆ شوێنێکى ئارام، دەیان پارچە تەقەمەنى لەناو (کابیۆڵ هێڵ) دۆزرانەوە، زۆربەى ناوەندەکانى حوکمڕانى لە ولایەتەکانى ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانى ترەمپەوە داخران، هەموو ئەمانە بە هانداندانى ترەمپ بوو کە ئاژاوایەکى گەورەى نایەوە کە ئاشتەوایى وڵات و یەکڕیزىو سەروەرى نیشتمانى خستە مەترسیەوە، جگە لەوەى شکۆ و ناوبانگى دیموکراسى دێرینى ئەمریکا ى خستە ژێرپرسیارەوە لە کاتێکدا دیموکراسى ئەمریکا وەکو سیمبوڵ و نموونەى باڵا لە جیهاندا دەهاتە ئەژماردن، بەڵام ترەمپ وەکو سەرۆکە دکتاتۆرو کودەتاچیەکانى ئەفریقیاو ئاسیا ڕەفتارى نواند.
بەڵام ئەوەى دڵخۆشکەربوو دامودازەگا دیموکراسیەکانى ئەمریکا شکستیان بەو سەرکێشیەى ترەمپ هێناو تەنانەت زۆرێک لە ئەندامانى حزبەکەى خۆى بەتایبەتى جێگرى سەرۆک ( مایک بینس ) دژى وەستایەوە و ڕێگریان کرد لە زیاتر تەشەنەکردنى ئاژاوەکان و بانگگردنى پاسەوانى نیشتمانى ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخەکەو وەدەرنانى ئاژاوەگێڕان لە تەلارى (کابیتاڵ هێڵ )، تەنانەت ئێستا باس لەوەش دەکرێت کە ئەو چەند ڕۆژە کەمەى ماوەى سەرۆکایەتیەکەى ترەمپ کە ماوە لە کاربخرێت و جێگرى سەرۆک دەستەڵاتەکانى بگرێتە دەست.
هەرچەندە لە دواى هەموو ئەو ئاژاوەو ڕووداوانە ترەمپ وتى کە لە 20/1/2021 بە ئاشتى دەستاودەستى دەستەڵات دەکرێت، بەڵام 6/1/2021 وەکو ڕۆژێکى ڕەش چووە مێژووى ئەمریکاوە و ئەو پرسیارە لەلاى خەڵکى ئەمریکا و چاودێرانى دۆخەکە دەخوڵقێنێت ئایا بە کۆتایی هاتنى ترەمپ کۆتایى بە لێکترازان دێت؟
یان کۆمارییەکان واز لە وتارى ترەمپ دەهێنن کە پەلاماردانى دیموکراسى ئەمریکایە یان بەرژەوەندى ئەمریکا دەخەنە سەروى بەرژەوەندییە حزبیەکانەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت