شوان خـورشید: نهێنی ژێر عەباکەی سەدر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

موقتەدا سەدر دوای ڕوخانی بەعس، ناوی کەوتە ناوانەوەو وەک ئەستێرەیەک بۆ هەوادارانی باوکی دەرکەوتن. چونکێ باوکی و دوو برای لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس و سەدامی دیکتاتۆردا بە شێوەیەکی گوماناوی تیرۆرکران. جا پاش ئەوەی بەعس و ڕژێمەکەی گڵۆڵەی بەختیان کەوتە لێژی و دەسەڵاتیان لە سەردەستی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی کۆتای پێ هات، زۆر فەریکە شۆڕشگێریش خونچەیان بونە گۆڵ و لە گۆڕەپانەکەیا کەوتنە نمایش کردنی هێزو توانایان. یەکێک لەوانە سەدر بوو. هەر زوو بەحوکمی باگگراوندی باوکی برونزی کردو، مەکانەی خۆی بەهێز کردو سوپای مەهدی دروست کرد، لەگەڵ ئەوەی لەپاڵ هێزەکانی ئەمەریکادا توانی وەک سەدر خۆی بناسێنێ، بەڵام هەر زوو کەوتە دژایەتی ئەمەریکا. بۆیە خۆی و هێزەکەی مەهدی بێزراو بون لای ئەمەریکاو، سەدر بەرەو قوم هەڵات و تا چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە 2011 نەگەڕایەوە. لەگەڵ گەڕانەوەشی بۆ عێراق، پەرەی بە یاریەکانی داو لە ژێر عەبایەکەوە، تویتی سەیرو عاجباتی دەردەکرد، وەک ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکانی دەکردو بەشداری حکومەت بوو، لە هەمان کاتدا وەک ئۆزسیۆن خۆی نمایش دەکرد، لە هەڵبژاردنەکان دەکشایەوەو ڕەتی دەکردەوە کە بەشداری بکات و لەولاوە بەگوڕو تینەوە دەچوە هەڵبژاردنەکانەوەو ڕەقەمی یەکەمی تۆمار دەکرد، هەموو کاتێکیش لە پەیامەکانیدا ئەوەی بە خەڵکی دەفرۆشت کە دژی گەندڵکارانەو، بۆ گرتنە دەسەڵاتی سیاسی نیەو لە پێناو عێراقێکی بەهێزو دوور لەبن دەستەیی وەک خۆی ئیدعای بۆ دەکرد عێراقێکی نە ڕۆژهەڵاتی نە ڕۆژ ئاوای دەوێت.
سەدر لە ڕێی تویتەکانیەوە، زۆرجار هەوادارەکانی دەبردە شەقام و هوتافیان دژی دەسەڵات و گەندەڵکاران دەوتەوە، بەڵام خۆی بەدرێژای حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دوای کشانەوەی ئەمەریکیەکان لە 2011وە بەشداربوی سەرەکی سەرجەم حکومەتەکان بوەو تەنانەت زۆر جار لەبەرەی دەسەڵات لە ڕێی کڵاوشینەکانیەوە سەرکوتی جەماوەری ڕاپەڕیوی دژ بەگەندەڵی و دەسەڵاتی کردوە، لە هەموو ئەو کابینانەشدا ژمارە یەکی گەندەڵی تۆمار کردوە. چونکە زۆرترین نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبوە، چەندین هاوڵاتی ڕاپەڕیو خەڵتانی خۆێن کران و بێ سەرو شوێن کران لەلایەن کڵاو شینەکانەوە،کە ڕاسپاردەی سەدریان ئەنجام ئەدا. کەواتە خودی سەدر لایەنێک بوە لە گەندەڵی و پاشەڵ پیسی لە حکومەتەکانی عێراق، چونکە بەشداری کارای هەبوە لە کابینەکان دا، ڕووبەڕوی خەڵکی ناڕازی بوەتەوە، دژی شەقام وەستاوەتەوە تا ئەو ڕادەیەیی لە گەڵ بەرژەوەندیەکانی یەکی نەگرتۆتەوە، دریغی نەکردوە لە داپڵۆسینی شەقام و لە دزی و کلک گرێدان لە گەڵ گەندەڵکارانی دەسەڵات.
سەیر لەوەدایە هەر کە دەمیش دەکاتەوە، دەڵێت: ئامانجی گرتنە دەسەڵات نیە، ئەو لە خەمی عێراقیەکاندایە نایەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام پاش ئەوەی شکستی هێنا لە پێک هێنانی حکومەتی زۆرینە، پەرلەمانتارەکانی کە 73سەرکەوتوی دوا هەڵبژاردن بون ناچار بەدەست لە کارکێشانەوەیانی کردو،کاتی چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعەکانی نزیک لە ئێران ویستیان حکومەت پێک بهێنن، پەنای بۆ شەقام و هەوادارانی بردەوەو، بەناوی دژی گەندەڵکاران و ڕزگارکردنی عێراق لە وابەستەیی بارودۆخی عێراقی بردە ئەوپەڕی خراپی بۆنی شەڕی ناوخۆو،ئاڵۆزکردنی بەغداو داگیرکردنی پەرلەمان لەلایەن هەوادارەکانیەوە،کە دەبوایە لە جیاتی پەرلەمان ئەنجومەنی وەزیران بکرایاتە ئامانج نەک ئەوەی کە ڕوویدا، چونکە پەرلەمان جێگای دەرکردنی یاساو ڕێسایە نەک بەڕێوەبردن، سەرچاوەی گەندەڵی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام پەیامەکانی سەدر پێچەوانەی گشت بەها سیاسیەکانە نهێنی ژێر عەباکەی ئاماژەن بە شتگەلێک کە نازانرێ کە سەدر چی دەوێت و دەیەوێت بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو بنێت، یان ڕوونتر بڵێن دەیەوێت عێراق بەرەو کام هەڵدێر هەڵبدێرێت.
دیارە وەک دەبینین جارێکی تر موقتەدا لەڕێی شەقام و هەوادارەکانیەوە ئاڵۆزی بەغدای پایتەختی هەژاندوە، دوا نهێنی ژێر عەباکەی داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەو پێداچونەوە بە دەستوری عێراق دەکات، کە هەموو عێراقیەکان لەسەری کۆک بونە، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە. بۆیە گەر وورد لە نیازو داواکاری سەدریەکان بڕوانین، زۆر شتی شاراوەمان بۆ دەردەکەوێت، لە کاتێک دا ئیدیعای ئەوە دەکات کەمەبەستی ئەوە نیە دەسەڵات بگرێتە دەست، ڕێک پێچەوانەکەیەتی، ڕاستە ئەو دەسەڵاتێکی ناوێت کە گەل تەحەکومی پێوە بکات و دیموکراسی سەرچۆپی بێت.
سەدر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەوێت نەک پەڕلەمانی، ئەو لەگەڵ هەڵوەشانەوەی دەستورێکە کە گەلی عێراق لەسەری ڕێک کەوتون، دەستورێکی دوێت لە چەشنی دەستوی بەعس، بەڵام بە بەرگی شیعە مەزهەب و ڕوکەش کرابێت بە عەباکەی.
سەدر دەسەڵاتێکی دەوێت موتڵەق بێت،کاتی قامکی با بدات هیچ ئەستەنگێک لە بەرامبەر خۆی نەبینێت، ئاوا دەسەڵات و حوکمێکی دەوێت، نەک ئەوەی کە هەیە، هەر چوار ساڵ جارێک یاری بە چارەنوس و تموحی بکرێت. بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات و شەڕی ناوخۆخوێنی گەڵانی عێراق تا چەند بە بادا دەدات، گرنگ ئەوەیە مەرامە تایبەتەکانی خۆی و ئەوانەی لە پشتیەوەن بێتە دی، چونکە موقتەدا یەکێکە لە عاجباتیەکانی سیاسەت ،جارێ شەقام دەجوڵێنێ و هەرا دەنێتەوە، خۆێنی هەوادارەکانی شاباش دەکات و داوای هەڵوەشانەوەی پەڕلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، دوای ئەوەی شەقام ئەخروشێنێت و عێراق دەخاتە دۆخی شەڕی ناوخۆوەو، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمبەری شەقامیان لێ دەگرن.
سەدر داوا دەکات خۆپیشاندان کۆتای پێ بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەکرێ ئەمە چی ناو لێ بنرێت، یاریکردن بە چارەنوسی خەڵکی عێراق، یان دڵسۆزی و دژە گەندەڵی و باش کردنی بارودۆخی نیشتمان، دیارە ڕۆژگار هەموو ئەمانە روون دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت و چاوەڕوانی لێ دەکرێت، سەدر بەرنامەی ئەوەیە عێراق بەرەو هەڵدێر بەرێت و چارەنوسی دیموکراسی بەهەڵدێری دیکتاتۆری بسپێرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت