سەردەشت محەمەد: هەنگاوە دروستەکە کامەیە، ئاشتبوونەوە یان دابڕان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەرمیان بڕیاری چوارساڵ زیندانیکردن بۆ دوو مێردمنداڵ دەرکرا، بەبیانوی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوودا زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە، ئەم بڕیارە نیگەرانی بەشێکی زۆری لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی سنورەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.
دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەوە نەبوون هانی خەڵک بدرێت تاوەکو لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا هێرشبکەنە سەر شوێنەگشتییەکان، بەڵکو پەیامێکبوو بۆ دەسەڵاتی کوردی کە ناکرێت هەڵه بەهەڵە چارەسەربکرێت، نەک بەتەنها ئەوە، بەڵکو هەستکردنبوو بە مەترسییەکی گەورە ئەویش هەنگاونانی دەسەڵات بوو بەئاڕاستەی بەرتەسککردنەوەی زیاتری ئازادی ڕادەربڕین و سنوردارکردنی ناڕەزایەتییەکان لەداهاتوودا، هەستکردن بوو بەو مەترسیانەی کە چاوەڕێ دەکرێت لەداهاتوودا دەسەڵات چۆنی بوێت بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ دەنگەناڕازییەکان و ئەوانەدابکات کە لەپێناو بەدەستهێنانی مافاکانیاندا ناچاردەبن بڕژێنە سەرشەقام.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵات نەک چارەسەری گرفتەکان ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە هێندەی دیکە خەڵک و دەسەڵات لەیەکدی دوردەخاتەوە، چونکە ناکرێت شەقام لەسادەترین ماف کە ئاو و کارەبا و موچە و خزمەتگوزارەگشتییەکانە بێبەشبکرێت و ڕێگەشی پێنەدرێت دەنگ هەڵببڕێت.
ئەم هەنگاوەی حکومەت و بەتایبەت هێزەکوردییەکان هەنگاوێکی پڕمەترسییەو دەکرێت هەڵوێستەی جدی لەسەر ئەم پرسەبکرێت و نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەتایبەت ئەوانەی کە لەبەرەی شەقامدان وەک هەواڵێکی سادەیی ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ پرسی دادگایی کردنی ئەو دوو مێرد منداڵەدابکەن، چونکە ئەمە ئاماژەییەکی پڕمەترسییە کە دڵنیاین لەداهاتوودا ئەم هێزانە کەئێستا دەستیان خستۆتە کاروباری دادگا و سەرجەم دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتەوە ئەم هەنگاوە دەکەن بەنەریتێک و لەداهاتووا سزایی زیاتر بەسەر هەرکەس و گروپ و لایەنێکدا دەدەن کە بیانەوەێ لەسەر مافی گشتی بەدەنگ بێن و دژی بەرژەوەندییەکانیان بووەستنەوە.
بەداخەوە ئەم هەنگاوەی دەسەڵات هەنگاوێکی هەڵەو پێچەوانەبوو، چونکە دەکرا لەبری سزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە هەنگاوە دروستەکەی هەڵبهێنایە ئەویش هەنگاونان بوو بەئاراستەی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە فراوانەی کەلەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بووە، دەکرا لەبری زیندانی کردن و سزادانی گەنجان دەسەڵاتی کوردی گوێی لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگرتایە دەکرا هەنگاوە دروستەکەی هەڵهێنابایە کە هەنگاوێک بوو بەئاراستی دروستکردن و زیندوکردنەوەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات نەک دیسانەوە دابڕان و قوڵبونەوەی بێمتمانەی خەڵک بەسەروەربوونی دادگاو هەستکرن بێت بەبێباکی دەسەڵات بەرامبەر بەداوا ڕەواکانی خەڵکی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت