mom-bedest

دارا خونچە : تکا لە ژنان دەکەم .. با سارد نەبنەوە و ورە بەرنەدەن ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

منیش خۆم وەک هەر نێرێک لە نێو ئەو کۆمەڵە نێرسالارییە دڕندانەیەی خۆمان لە دایک بوومە ، وەک شێوە گشتییەکەی پەروەردەبوونی منداڵانی کوردستان بە ژەهری دین و بە دابونەریتە داڕزاوەکانی کوردەواریی و بە بە مرۆڤ نەزانینی ژن پەروەردە کرام ، لە هەرزەکارییشمدا وەک کوڕێکی دڕندە ئامادە کرابووم تا بەرببمە گیانی خوشک و دایک و کچان و ژنانی خزم و ناسیاران و تەواوی مێیینەکانی کوردستان .. بەڵام خۆشبەختانە و هەر بە رێکەوت سێ هۆ وایان لێکردم ئەو رێیە نەگرمەبەر و بە تاوانی چەوساندنەوەی ژنان ئاڵوودە نەبم بەڵکە بە پێچەوانەوە ببمە بەرگرییکەرێکی سەرسەخت لە ماف و ئازادییە رەوایەکانی ژنان تا رادەی ئەوەی کە هەر ماف و ئازادییەک بۆ پیاوان رەوایە و لێی بەهرەمەندن پێویستە و دەبێ بۆ ژنانیش بە هەمان شێوە رەوا بن و لێی بەهرەمەند بن جا ئەوە لە هەر کات و شوێنێک و بارودۆخێکدا بێ، ئەو سێ هۆیەش ئەوانە بوون :

یەکەم : باوکم – لەگەڵ ئەوەی دیندارێکی توندڕەوی کۆمەڵایەتیی بوو – تا رادەیەکی باش بە بەراورد بە باوکانی سەردەمەکەی خۆی جیاوازیی لە نێوان کچەکان و کوڕەکانی نەدەکرد و بە خۆشەویستییش ببووە هاوسەری دایکم ، ئەوەش ببووە هۆیەکی کاریگەر بۆ ئەوەی کە من هەست بکەم توانای کچان و کوڕان وەک یەکە .. چونکە تەنیا بە هۆی ئەوەی باوکم وەک مرۆڤ تەماشای خوشکەکانیشمی دەکرد و هێندەک لە باوکانی دیکە پتر مافی کچەکانی دەدا .. لە کردەوەدا دەمدیت هەر شتێک کە من دەتوانم ئەنجامی بدەم خوشکەکانیشم دەتوانن وەک من ئەنجامی بدەن بەڵکە زۆر جار باشتریش ، لەوەوە ئەو تێڕوانینە لە لام پووچەڵ بووەوە کە ژن ( لاواز و بێ هێزە ، کەم هۆش و نەزانە ، بێ توانا و بێ بڕستە ، پەراسووی چەپی پیاوە ، بۆ خزمەتکردنی پیاو و جووتبوون لەگەڵ پیاو و نەوەخستنەوە دروست کراوە ، هەر دەبێ پیاو سەرپەرشت و پاسەوانی بێ چونکە ناتوانێ خۆی یان خێزان بەڕێوە ببا )!

دووەم : هێشتا مەسینە ئاوێکم بۆ هەڵنەدەگیرا فێری نوێژکردن و رۆژووگرتن و دیندارییان کردم .. ئیدی لە هەرزەکارییمدا وەک باوکم بوومە دیندارێکی توند و زۆر بە رێکوپێکیی تێکڕای ئەرکە دینییەکانی ئیسلامم پەیڕەو دەکرد ، ئەوەش وای لێکردم قورئان و قسەکانی محەمەد و پەرتووکە دینییەکان بخوێنمەوە .. لەبەرئەوەی زۆر حەزم لە زانین و زانیاریی وەرگرتن بوو لە پاڵ خوێندنەوەی دینییش کەوتمە خوێندنەوەی پەرتووکی دیکەش تەنانەت ئەوانەی کە پێچەوانەی ئیسلام و دینەکانیش نووسرابوون .. هەر بە هۆی خوێندنەوەیەکی چڕ و هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی موسلمانان لە بەرانبەر ژیان بە گشتیی و لە بەرانبەر ژنان بە تایبەتیی گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئیسلام و تێکڕای دینەکان لە لایەن خودی پیاوانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات و چەوساندنەوەی چینە هەژارەکان بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی دامەزراون .. ئیدی هێشتا هەر هەرزەکار بووم وازم لە دین هێنا و تەنانەت باوەڕم بە بوونی هیچ خوایەکیش نەما .. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پتر چاوم بکرێتەوە و بە سەر هەموو شتێکدا بکرێمەوە بە تایبەتییش لە دۆزی چەوسانەوەی ژنان .

سێیەم : هاوکات لەگەڵ ئەوەی باوەڕم بە دین و بوونی خودا نەما منیش وەک خەڵکێکی کەم لەو سەردەمدا هەستی نەتەوایەتیی و چینایەتیی لە لام گەیشتنە پۆپە .. ئەوەش وای کرد بە نهێنیی بە حیزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو سەردەم و پێشمەرگایەتییشەوە پەیوەست ببم .. هەرچەندە ئەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم دانا کە رۆشنتر دۆزی چەوسانەوەی ژنان ببینم بەڵام لەو سەردەم بە هۆی ( باری زۆر خراپی کێشەی نەتەوەیی ، سەرکوتگەریی رژێمی بەعس ، پایەداریی نێرسالاریی و هزری خێڵەکیی لە نێو حیزبەکانی کوردستان ، هەژموونی توندوتیژیی شەڕی چەکداریی شاخ ، رێکخراوەکانی ژنان ( بێجگە لە کۆمەڵەی ژنانی عیراقیی – حیزبی شیوعی کە هێندەک جوولەیان هەبوو ) وەک بەشێکی زۆر لاوازی حیزبەکان بوون و تەنیا کاری حیزبییان دەکرد ، … هتد ) دەرفەت نەدەدرا چەوساندنەوەی ژنان بکرێتە بابەتی رۆژ و گەشەکردنێکی ئەوتۆ بە خۆوە ببینێ تا راپەڕینی ئاداری ١٩٩١.

ئیدی هەر لە راپەڕینەوە تا ئێستا لە کۆمەڵە بوارێکی وەک ( کاری سیاسیی و رۆژنامەنووسیی ، کۆڕ و کۆبوونەوە ، خۆپیشاندان و ناڕازایی دەربڕین ، بەرهەمی ئەدەبیی ، خەباتی یەکسانیی لە نێوان نێر و مێ لە نێو ماڵ و خزمان و دۆستان و هاوڕێیان ، تەنانەت لە رووی مادییشەوە ) بە پێی توانا لە تێکۆشانی یەکسانییخوازانەی نێوان ژنان و پیاوان بەشدارییم کردوە و کۆڵم و نەداوە و کۆڵ نادەم ، بەڵام زۆر بە داخەوە – ناڵێم هیچ نەکراوە و ژنان هیچیان بە هیچ نەکردوە بەڵکە دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەست هاتوون و من زۆر گەشبینم دەتوانین بە دوا ئامانجیشمان بگەین – هێشتا نەمانتوانیوە ژنکوژیی لە کوردستان بنەبڕ بکەین کە هیچ میللەتێک نییە لە جیهان بەو شێوەیە زۆر و دڕندەییە ژنی تێدا بکوژرێ ، دیارە حیزبەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسی یەکەمن لەو ژنکوژییە و هەموو ئەو توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییانەی لە بەرانبەر ژنان دەکرێن .. چونکە بێجگە لەوەی پیاوە بڕیاربەدەستەکانی حیزب و دەسەڵات خۆیان نێرسالارن و خێڵەکیین و ژنان تەنیا بە خزمەتکاری پیاو و جێبەجێکەری سێکسی پیاوان دەزانن و تەنانەت لە لای زۆرێکیان ژنان هەر مرۆڤی تەواویش نین .. هەر ئەوانیشن یاسای کۆنەپەرستانەی ( باری کەسیی ) و یاسای ( فرەژنیی ) و هەموو یاسایە پیاوسالارییەکانیان بە سەر ژناندا سەپاندوە و هەردەم پارێزگاریی لە مانەوەی دینەکان و یاسا و رێسا و هەڵسوکەوتە دینییەکان دەکەن و حیزب و رێکخراوە دینییەکانیان بەرداوەتە گیانی ژنان .. هەروا راگر و قووڵکەرەوەی هەموو دابونەریتە دژەژنییە داڕزاوەکانی کوردەواریین .. هەموو ئەو دژەژنییەشیان تەنیا لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیان و بە تایبەتییش دەسەڵاتە پیاوسالارییەکەیانە .

ئێستا ئەو دەسەڵات و حیزبانە تێکڕایان کە بەهێزتر بوونە و پتر جێی خۆیان گرتوە .. پارەی گەندەڵیی کە لە میللەت دەدزرێ هەڵدەڕێژن و بە دەیان رێکخراوی وەک ئەنجوومەنی باڵای خانمانی کوردستان و دەزگەکانی بەرانگربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و خێزان و بە ناو پەناگەکانی ژنانیان دروست کردوون کە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە ژنان و ماف و ئازادییەکانیانەوە نییە بەڵکە ئەو رێکخراوانە رێک بە پێچەوانەوە تەنیا بۆ جوانکردنی دەسەڵات و حیزبەکان و سەرلێشواندنی خەباتی راستەقینەی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز دامەزراون و بەردەوام ژنانێک کە پێشتر جوولەیەکیان هەبووە بە زەبری پارە و توانستە مادییەکانیان دووچاری گەندەڵیی و ساردکردنەوە و لادان لە تێکۆشانەکانیان دەکەن و تەنانەت راستەوخۆ لە دژی ژنان بەکاریاندەهێنن .

هەر ئەو پارە هەڵڕشتن و گەندەڵییە سەرەڕای ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی ژنان و خەباتەکەیان بەکاردەهێندرێ وای کردووە ئەو ژن و چالاکوانانەی بواری ژنان و رێکخراوەکانیان کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان بە هۆی ئەرک و ماندووبوونی ژنان و پیاوانی ئازادییخواز و سەربەخۆ و میدیای ئازاد و حیزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان خۆیان دەردەخەن و خۆیان زۆر ئازادییخواز و زۆر یەکسانییخواز و دژ بە دەسەڵات و دژ بە هەر کەس و لایەنێکی چەوسێنەری ژنان پیشان دەدەن .. پاش ئەوەی هێندەک دەناسرێن و ناوبانگێک پەیدا دەکەن دەسەڵاتداران چرای سەوزیان بۆ هەڵدەکەن و بۆنی کێکەکەی دەسەڵات دەخەنە بەر لووتیان .. ئیدی وردە وردە و بە خشکەیی بە ناوی ئەوەی کە ئەگەر ژنان لە نێو دامودەزگەکانی دەسەڵات بەشدار نەبن ناتوانن بجوولێنەوە و ئامانجەکانیان بپێکن .. پێویستە لە نێو دەسەڵاتەوە قسەی خۆیان بکەن و دەسەڵات ریسوا بکەن و هزر و تێڕوانینەکانی خۆیان بسەپێنن ! هەر کە لە نێو کۆشک و تەلارە پاشائاسایەکانی دەسەڵات میوانداریی دەکرێن و لە میدیا و تەلەفزیۆنەکان دەریاندەخەن دەبنە ئەسپی شەترەنجی دەسەڵات و بە تەواویی خۆیان و ژنان لە بیر دەکەن و رێک بە پێی مێشکێکی نێرسالاریی و وەک هەر پیاوێکی نێو دەسەڵات سیاسەت بۆ بەرژەوەندییە تەسکە خودپەرستییەکانی خۆیان دەکەن! هەر رێک لە ئێستاشدا رێکخراو و دەزگەکانی ژنان ئەوانەی سەر بە دەسەڵات و حیزبەکانن بە تایبەتییش ( ئەنجوومەنی باڵای خانمان) زۆر بە فراوانیی خەریکی لەخشتەبردنی ئەو ژنانەن کە هێشتا قسەی گەورەی ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازیی دەکەن .. وایان لێدەکەن پێش هەر شتێک بڵێن : ” ئێمە کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان بەرز دەنرخێنین ”!!!

ژنانی ئازادییخواز و یەکسانییخواز. .

هەموو ئەو باسکردنانەی خۆم – کە رەنگە وەک خۆ ستایشکردنێک بێتە بەر چاوان .. بەڵام نەک هەر خۆ ستایشکردن نین بەڵکە هەست دەکەم زۆر کەمم کردوە و زۆرم ماوە بیکەم – هەروەها باسکردنی دەستکەوتەکان و هەموو ئەو دەردەسەریی و چەوساندنەوانەی ژنان و بەلاڕێدابردنی خەباتەکەیان و ملکەچبوون و خۆفرۆشتنی ژنانێک کە تا دوێنی بە ئازادییخواز و یەکسانییخواز دەردەکەوتن کە باسمکردن .. هەمووی لە پێناو ئەوەیە بڵێم :

ئەی ژنی ئازادیخواز و یەکسانیخوازاز تکایە بێنە بەرچاوی خۆت :

من ( پیاو)ێکم .. ئەگەر وەک هەر پیاوێکی دڕندەی کورد خۆم بێدەنگ بکەم .. ئەوە زۆر لە قازانجی دڕندەییەکەم دایە کە هەر ( مرۆڤ ) ێک وەک ئافەریدەیکی خودپەرست جۆرێک و رێژەیەک لە دڕندەیی تێدایە ! بەڵام لەبەرئەوەی شەقم لە دڕندەییەکەم هەڵداوە منیش زۆر ئازار و ئەشکەنجە بە هۆی چەوسانەوەی ژنان دەکێشم ! بۆیە ناچارم و بە ئەرکی بێ ئەملا و ئەولای خۆمی دەزانم لەگەڵ ئەوەی رێگەیەکی زۆر سەختە بەوپەڕی راستگۆییەوە سەنگەری پاڵ تۆی ژن بەرنەدەم و هیچ ( منەت ) ێکیش بە سەرتدا ناکەم .

دەزانم ئازار و ئەشکەنجەی تۆی ژن زۆر زۆر گەورەترە لە هی منی پیاو .. تەنیا یەک بیرکردنەوەی و یەک هەنگاوی تۆش لە کۆڕی خەباتی یەکسانییخوازییدا هێندەی سەد بیرکردنەوە و هێندەی سەد هەنگاوی منی پیاو گەورەتر و بە نرختر و کاریگەرترە .. وەک دەیبینین کە ژنان و پیاوانی ئازادییخوازی رۆژئاوا – هەرچەند بە تەواویی رزگار نەبوونە – زۆر لە ماف و ئازادییەکانیان وەدەست هێناوە .. بەڵام ئەوانیش هەر رێگەی هەزاران میلیان بە یەک هەنگاو دەستپێکردوە و بەو ئاستەی ئێستایان گەیاندوە .

جا تکایە تۆش بە هۆی ئەو سەختییانەی لێیان دواین سارد مەبەوە و ورە بەرمەدە .. چونکە هەر تۆی ژن پتر سوودمەندی سەرەتا و کۆتایی دەبی !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت