Shehid-Celal

جەلالی حەمەی محە ” ئاوابونێکی بێ کۆتا . کونجرینی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 تێبینی / ئەم بابەتە ڕۆژی 28-5-2012 بڵاوکراوەتەوە ، ئەمڕۆش بۆ یادەکەی جارێکی تر دەیخەینە بەر دیدی خوێنەران .

زۆر سوپاس بۆ بەڕێز ” حاجی ڕزگار ” هاوڕێ و کەسی نزیکی شەهید جەلال ، لەم نوسینەدا هاوکاری باشی کردم ..

تۆ لێرە بە ، دوانتان لێرە دەبن ، چوارتان ئالێرەوە هەڵمەت بەرن ، من و کۆمەڵێک برادەری تر لەو قۆڵانەی ترەوە دادەمەزرێین و سەرەتا ئاڕبیجییەکە دەتەقێنین ، پێتان دەڵێم : تا خۆم هەڵمەت نەبەم ! کەس نەجوڵێت . ئەمە پیلان و تەکتیکی شەهید جەلالی حەمەی محە ” بوو لەزۆربەی شەڕەکاندا ..

ڕۆژگارێک لەپێناو ئازادی و ڕزگاری نیشتمان دەستەئازیزەکانی دایک لەدەستی ڕۆڵەکەی دەبۆوەو چاوەکانی شەکەت دەبوو تابینینێکی تر ، یان بەکۆڵەوە ” کێو بەکێو و گوند بەگوند وێڵ و ، کەدەگەیشتە جێ ؛ بۆچەند ساتێک لای کوڕە پێشمەرگەکەی هەناسەی ساردی گەرم دەکردەوە . دەشیا لەو گەشتەیدا دوا دیدار و بینینی کوڕەکەی بێت . یان بۆچەند جارێکی تر وەک تەتەرێکی وێڵ بۆ بینێکی تری کوڕەکەی ملی ڕێگای گوند بەگوندو کێوەکانی کوردستانی گرتبێتەوە ، سەفەرەکانی دایکی پێشمەرگە جارو دووجار نەبوون ، بەڵکو لەدوای ماڵئاوایی کوڕەکەشی ، هەفتانە میوانی دوامەنزڵگاو لەتەنیشت کیلەکەیەوە سەری دەنا بەلێواری گۆرەکەیەوەو هەنسک ” هەنسک گەر خوداوەندی گەورە ! ” لەئازاری جەستەو دەرونی بگەیشتایەو بەدەم هاوارو نوزەوە ، بەدەم قوڵپی گریانەوە ‘ شین و شاپۆرای بۆ دەگێڕاو بەهاوارو ناڵەی ئاسمانی شەق دەکردو ئەستێرەکانی لەتروسکە دەخست .

کاروانی شۆڕش جەند کوڕی لاوی ئەم گەلەی لەگەڵ شەپۆلەکانی بۆکەناری نادیار ڕاماڵی ؛ چەند دایکی ئازیزی هەناسە ساردکردو بەو ئاهەوە ڕۆژگارەکان لەگەڵ سەنفۆنیای گریان و ڕێژنەی فرمێسکدا بەسەر دەکردەوە .

شەڕێک تەنها مرۆڤەکانی نەکردە سوتەمەنی حەزە نەخۆشەکانی زەمەن ، هەندێکیان بەکاردەهێنران و هەندێکیان بۆسەنفۆنیای کوردایەتی دەسوتان .

لاوەکانمان هەرسوتەمەنی شەڕی نێوان کورد و داگیرکەر نەبوو ، ئەقلە شەرەنگێزەکان لەپێناو بوونی پێگەیەکدا سەدان پۆل لەلاوانی ئەم گەلەیان بەرەو کورەی مەرگ دەبردو لەپێناو گرتنی لوتکەیەک یان پێگەیەک بەکوشتیان ” دەدان .

پەساپۆرتی ڕشتنی خوێنی کورد بەدەستی کورد لای کاک ” جەلال حەمەی محە ”  بوونی نەبوو کەچی خۆیشی بووە سوتەمەنی و زەمەن فروی داو دەورانی ویستی خۆی لێسەندو بردییە گێژاوی شەڕی براکان و مرۆڤەکانی هاوردە ” هەر لەویادا لەخوێنی خۆیدا گەوزا ..

جەلالی حەمەی محە ” وتی : خوازیا شەڕێک تەنها لەسەنگەرەکانی بەردەمی داگیرکەر بوونی دەبوو ، نەدەبوینە سوتەمەنی شەڕی براکوژی ؛ هاوڕێیان هەوڵ مەدەن و تابۆتان دەکرێت هاوخوێنەکانتان مەکوژن ، تا دەکرێت بەرگری لەگیان و جەستەتان بکەن ، بەڵام بیر لەڕشتنی خوێنی براکانتان مەکەنەوە ، هەوڵ بدەن تاکتیک و پیلانتان بۆ ئەوە بێت بەکەمترین زیان شەرەکە کۆتایی بێت و شەڕێک مەکەن لەسەر حیسابی ڕشتنی خوێنی یەکتری ، هەوڵ بدەن بەکەمترین زیانی مرۆڤەکان تەپڵی کۆتایی نەڕشتنی خوێنی براکان لێبدەن و قەت دڵتان بەسەرکەوتنی ئەم شەڕانە خۆش نەبێت ..

زەمەن وتی : ئەوە خەیاڵەو نابێتە ڕاستی و پێچەوانە دەدات بەدەستەوە ، ئەوەی تۆ بیری لێدەکەیتەوە تەنها پیرۆزی مرۆڤەکان دەنەخشێنێت ، کەچی خۆشت دەبیتە نێچیری دەستی جەلاد ؛ لەشوێنێکدا کۆتایی بە ژیانت دێت ، لەسەر لانکەوە بیرت لێنەکردۆتەوەو ناشبیتە تیری بڕینی بیرکردنەوەکان .

کاک جەلالی حەمەی محە ” کۆتایی بەژیانی هات ، بەڵام جەلادێکی شەڕی برا کوژی ” دڵۆپێک خوێن لەجەستەی نەهات ، جەلادەکانی براکوژی ئەوانەنین لەمەیدانی شەڕی براکوژیدا دەبنە سوتەمەنی خوێنی پیلانگێڕان ، بەڵکو ئەوانەن سودمەندی ڕشتنی خوینی ڕۆڵەکانی ئەم گەلەن بەبەرامبەر . بەرامبەرێک وەک مانەوە لەدەسەڵات و شەیدای ناو و بوون ..

ئەو مرۆڤەی خوازیار نەبوو کورد بەدەستی کورد بکوژێت ، کەچی خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بردە ژێر گڵ و خۆیشی بووە قوربانی پیلانی جەنتڵمانە شەڕخوازەکانی براکوژی و لەسەنگەرێکدا کۆتایی بەتەمەنی هات ، کە بەرامبەرەکەی کورد و بێگانەی هاوردەی دەستی کورد بوو .

هێشتا خەڵکی سلێمانی کۆتاییان بە شین و شەپۆرای لافاوەکە ” نەهێنا بوو ، خێزانێکی کوردپەروەری ئەم شارە لەگەڕەکی گۆیژە بەناوی ” حەمەی محە ” خوا کوڕێکی پێ بەخشین و ناویان لێنا جەلال . جەلال وەک هەر منداڵێکی ئەو شارە خرایە بەرخویندن و تا پۆلەکانی ناوەندی بڕی . کاک جەلال یەکەم کوڕو دوا کوڕی ئەم خێزانە شۆڕشگێڕە نەبوو تا ژیان و لاوێتیان بکەنە خزمەتی کوردایەتی و لەسەنگەری بەرگری نیشتماندا هەموو بەرژەوەندیە کەسێتییەکەیان وەلا بنێن و گیانبازی لەپێناو ئەو دروشمەدا ” کەم بژی و کەڵ بژی ” هەڵبژێرن ، بۆیە ئەو لەهەڕەتی لاویدا بوو یەکێک لەدوو برا پێشمەرگەکەی لەڕۆژی 18 / 6 / 1974 دا لە لەپێشی پێشی سەنگەرەکانی بەرەنگارییەوە بە تێرواندنێکی مالئاوایی لەسەر لوتکەی گۆیژەی سەرکەشەوە بۆ سلێمانی ” بەدەم دروشمی ، ” کوردستان یان نەمانەوە ” خۆی کردە سورخەڵاتی کوردستان و شانازییەکی بێ وێنەی بۆخۆی و خێزانەکەیان تۆمارکرد .

ئەوانەی لەناخیاندا کوردایەتی و هەستی نیشتمانی ڕەسەنایەتیان پرەو پێدەدات ، مرۆڤێکی نەبەزی و و چۆکدانەدەرو بێ هەرەسن ، شەهید بوونی برا ” و نوشستی کات کاریان تێناکات و دەیکەنە وانەو هەستانەوەیەکی پڵنگ ئاساو خۆیان لەدەورانێکی تردا دەبیننەوەو درێژە بەهەمان ڕێباز دەدەن و لەژێر ناو و ناوەڕۆکێکی تردا ، بەلام شێلگیرانەتر . بۆیە کاک جەلال یەکێک بوو لەو مرۆڤانەی لە ڕۆژانی تەنگانەی گەلەکەیدا هەساتنەوەی بەدی دەکردو وانەی پرەودانی لێ فێر دەبوو ؛ هەرئەمەش بوو لەگێژاوی هەرەسی شۆرشی ئەیلولدا ” کۆمەڵە ” ی بەدی کردو پاشان وەک فەرماندەیەکی سەربازیی پێشڕەوایەتی دەیان شەڕی پارتیزانانەو دواتر بەرەیی لەشۆڕشی نوێ دا کرد .

هۆشیاری کاک جەلال لەکاری پێشمەرگانەدا هۆکار بوو بەوەی کە زوو ببێتە فەرماندەی مەفرەزەو پاش سێ ساڵ تێپەربوون لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەو دوو ساڵ لەناو هێزی پێشمەرگەی یەکیتی نیشتمانی کوردستاندا ئەرکی فەرماندەی کەرتی پێ سپێردراو لەکاروانی هات و نەهاتی کارەساتی هەکاری دا بەشدار بوو .

تواناکان ” پاسپۆرتی وەرگرتنی پلەو پایەن لەشۆڕش دا . توانای کاک جەلال زۆر زیاتر بوو لەو ئەرکانەی پێیان دەسپارد ، ساڵی ١٩٨٢ کرایە جێگری فەرماندەی ٤٧ ی پیرەمەگرون و لەو تیپەدا زیاتر و باشتر ئەرکەکانی ڕادەپەڕاندو شەڕەکانی ناوشاری سلێمانی ” ئەو یادگارییانەن لەزەهنی خەڵکی ئەم شارە کوردپەروەرەدا ، کەپرە لەگیانبازیی هێزەکانی یەکێتی ؛ کاک جەلال ‘ پشکی زۆری ئەو هەڵمەتانەی بەرکەوت .

داستانە سەرسوڕهێنەرەکانی دۆڵەڕووت و دۆڵێ و ناوچەی سورداش ؛ دەوری کاریگەری کاک جەلال لەپاکردنەوەو بەرگریکردنی ئەو ناوچانە لەسەروەختی جێگری سەرتیپی 47 ی پیرەمەگروندا دیار و لەمێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا نەخشێنراوە .

هێشتا کاک جەلال جێگری سەرتیپی 47 ی پیرەمەگرون بوو ، ساڵی 1982 بەفەرمانی سەرکردایەتی یەکێتی تیپەکەیان بەشداریان لەهاوکاری و پشتیوانی شۆڕشی خۆرهەڵات کردو لەو ئەرکەدا کاک جەلال خەڵاتی شەرەفی ئازایەتی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی کوردستانی پێ بەخشرا ..

ساڵی 1983 کرا بەفەرماندەی تیپی 31 سلێمانی و سەرپەرشتی دەیان شەری پارتیزانی و شەرگەیی کرد . پاشان لەبەر شارەزایی جوگرافی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەل ناوچەی دۆڵی جافایەتی و دۆڵە رووت و ناوچەی سورداش گواستارایەوە بۆ تیپی 47 ی پیرەمەگرون و ئەرکی سەرپەرشتیاری ئەو تیپەی پێ سپێردرا . لەوێ جالاکییەکانی پرەو پێدەداو لەکاتی هەڵمەت بردندا بۆسەر چەند پێگەیەکی دوژمن لەبناری پیرەمەگرون لە ( قولەسەوز ) شەهید ” پێشڕەو ” ی ئامۆزای شەهید دەبێت ، لەپێناو دەربازکردنی تەرمی شەهید پێشڕەودا شەڕێکی قورس و خوێناوی ئەنجام دەدەن و کاک جەلال ” یش بریندار دەبێت .

هەروەها لەچەند قۆڵێکەوە سەرپەرشتیاری هەڵمەتی پاککردنەوەو بەرگریکردنی شەڕگەکانی ” قەیوان ماوەت ، داستانی ڕزگاری ، پاککردنەوەی ناوچەی باڵخ و قوڵەجاخی کردووە . لەئەنفالەکاندا وەک فەرماندەیەک ” شەڕگەی دۆڵەڕووت و دۆڵێی پێ سپیردرا تا کشانەوەی هێزەکانی یەکێتی بۆ هێڵی سنوری ئێران و عێراق ، پاشان لە ناوچەی شاناخسێ بەچەکی کیمیاوی بریندار کرا .

دواتر لەسەر داوای سەرکردایەتی یەکێتی داوای لێکرا بچێتە شام .

لەڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 دا بەهاوڕێیەتی بەڕێز مام جەلال خۆی گەیاندە کوردستان و پاشان بەهیمەتی خۆی هێزێکی گەورەی لەگەنجان و پێشمەرگە دابڕاوەکان پێکهێنا ” بۆبەرگریکردن لەشاری سلێمانی و دەروروبەر لەهێرشی پەرچەکراداری دڕندانەی بەعس دەرحەق بە ڕاپەڕین ، خۆیشی وەک سەرپەرشتی هێزەکە .

لەکۆڕەوەکەدا بەپێی بەرنامەیەکی ژیرانە هێزەکەی کاک جەلال ” دوا هێز بوو لەناوشاری سلێمانی ” پاشەکشێی کردوو لەبناری ئەزمەر و پشتی ئەزمەر جێگیر بوون بۆ بەرگریکردن لەخەڵکی ئاوارەو دەربەدەر .

زەمەن شانسێکی تری دا بەکورد ، بەعس تواناکانی لەدەست دابوو ؛ گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەرعێراق و تێکچونی شیرازەی ئیداری و سەربازی و ئەمنی عیراق بەتەواوی تێکچوو بوو ، بڕیاری میژوویی 688 ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرحەق بەپاراستنی بەشێک لەخەڵکی کوردستان و ترسی دوو بارە بوونەوەی راپەڕین و کەم بوونەوەی توانا داراییەکانی ڕژێـم بۆ ئیدارەدانی خەڵکی کوردستان ، هێزەکانی لەئاسایش و پۆلیس و تەواوی سەربازگەکانی لەگەڵ ئێدارەی هەر سێ سنوری هەولێر ، دهۆک و سلـێمانی کێشایەوە . ئەمە وای لە دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی ئەوساکرد بەدوای ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئیدارەکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە ببیننەوە ، لەو سەردەمەدا هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکدەخرانەوەو کاک جەلال لەلەشکری یەک کرا بەفەرماندەی لیوای تایبەت ، پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 و دامەزراندنی سوپای یەکگرتوی کوردستان ” کاک جەلال کرا بەجێگری فەرماندەی 20 و دواتر کرا بەفەرماندەی لیوای 22 . پاشان بەهۆی لێهاتویەوە کرا بەجێگری فەرماندەی ئەرکانی ناوچەی سلێمانی ..

شەڕی ناوخۆ بەهۆی دەستی دەرەکییەوە جارێکی تر تەشەنەی کرد ، کورد بۆدواجار بەردەرکی یەکتریان لەیەک گرت ، هەڵبژاردنی پەڕلەمان و بنیادنانی حکومەتی کوردستان کەوتە بەردەم ترسی لەناوچوون ، ئەمجارەیان هەر خوێنی ڕۆڵەکانی پارتی و یەکێتی نەڕژا ، بەڵکوو هێزی تریش هاتە مەیدانەوە بەئایدۆلۆژیای دینییەوە ؛ شەڕێک لەو دیو سنورەکانەوە جوڵەی پێدەکراو حیزبایەتی و عەقیدە ئەو ماتۆرە بوون براکانی بەیەکتری دەدا بەکوشت ..

هیچ دەسەڵاتیک لە جیهاندا بەبێ کوشتن یان ناعەدالەتی بنیادنەنراوەو خۆی نەگرتووە ؛ سیاسەت ” ڕۆحیانەتی دەسەڵاتە ” گەر بەبەزەییەوە بەکارهات خۆی ناگرێت . دین ئەو ڕایەڵە پڕهەست و میهرەبانەیە لەنێوان مرۆڤەکان و خودای مەزندا ، هێندە پاک و بێگەردە تا لەزاخاوی سیاسەتدا زەرد دەکرێتەوە . گەرچی دانیشتن و نانخواردن و جوڵەکانی مرۆڤ پەیوەستە بەسیاسەتەوە ، بەڵام ئەوانە سیاسەتی ڕۆتینن نەک سیاسەتی دەسەڵات ..

جەولەی شەڕی براکان لەدوای دامەزراندنی پەڕلەمان و حکومەتی کوردستان ، هیواو خەونی کاک جەلالی بردە ژێر گڵ ؛ ئەو نەی دەویست لەشەڕێکدا بجەنگێت و خوێن لەجەستەی کورد بهێنێت ، ئەو شەڕەی ئەو دەیکرد خواستی ئەو نەبوو ، بەڵکو کۆمەڵێک چەمکی خواست لەپشت ئەوەوە بوون دەبێت بیکات ، کلتوری حیزب ئاڵودەی عەیبەو شەرمی بەزین بوو ، ئەو ئازایەتیەی کاک جەلال بۆئەو ئەزمونگیرییە نەکرابوو لەشەڕی براکاندا بەکاری بهێنرێت ، بەلام کلتوری ئاڵودەی عەیب و شەرمی بەزین ” ناچاریی کرد بچێتە ئەو مەیدانەی لەخواستی ئەودا بوونی نەبوو .

ئەو چووە مەیدانێکەوە ، بەڵام نەیدەزانی کۆتایی ژیانیەتی ، ئەو لەبەرامبەر شمشیر بەدەستەکانی هاوردەی ئەو دیو سنورەوە ، ڕووبەبەڕوو بوو .

لەوێ قەسابەکانی نامۆ بەکورد و کوردایەتی ” دوا فەرمانی خۆیان داو شەوی ٢٧ لەسەر٢٨ ی مای / ١٩٩٤ لەشەڕێکی دەستەو یەخەو خوێناوی و فێڵاویدا ” جەلالی فەرماندەو کورد پەروەریان شەهیدکرد . قەسابەکانی مەیدانی شەڕەکە هەر کورد نەبوون بەڵکو هاوردەی بێگانەو ڕووکەش بەجلوبەرگی کوردی زۆر بەعەقیدەوە دەجەنگان .

کاک جەلال و کاوە ” ناسراو بە ( کاوە گەرمیانی ) ی خوشکەزای و لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری یەکێتی بەدەستی براکان و بێگانەی هاوردە ” بوونە قوربانی سیاسەتی هەڵەو چەوتو چەوێڵی حیزبی و  سیاسەتی عەقیدەیی .

دوای سێ ڕۆژ لەشەهیدبونیان لەنێو ئاپۆرای خەڵکی شاری سلیمانی ؛ تەرمی کاک جەلال و هەڤاڵەکانی بەڕێ پێوانێکی 200 هەزار کەسی زیاتر ڕووەو گردی شەهیدانی شار بەڕێکران ، شین و گریانی هاوسەرەکەیی و کچە تەمەن پێنج ساڵە تاقانەکەی کاک جەلال ( کەژان ) تێکەڵ بەگریان و هاواری هەموو لایەک دەبۆوە ، ئاپۆرای خەڵکی سلێمانی بۆ پرسەی کاک جەلال و هەڤاڵەکانی ئەوەمان پێ دەڵێت : ئەوان یەکێک لە پارێزەرە هەرە گرنگەکانی ئەم شارەیان لەدەست داو ، دوا ماڵ ئاوایی لەهەموو لایەک کرد . یادی بەخێر و جێگایان بەهەشت بێت ..

9,200 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت