چێنەر محەمەد : چاخێک کە پرۆلیتاریا ناتوانێت بیبات بەڕێوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو کارگەکاندا مارکس هەستی بە چەوساندنەوە و دەست بەسەرداگرتنی چینی هەژار و کەمدەرامەت کرد ، مێژووی سەرمەیاداری خوێندەوەو چۆنیەتی گەشەسەندن و بەهێز بوونی چینی بۆرژوای لەلا گەڵاڵەبوو ، لەو کاتەوە ئیتر بوو بە پەیامبەری پرۆلیتاریا .
ئەو دەنووسێ : ڕۆژگارێک سەرمایەداری خۆی لەناو خۆیەوە هەڵدەوەشێتەوە ، ئەمە ڕۆژگاری یەکسانی و سەروەری چینی پرۆلیتاریایە ، لە شوێنێکی ترەوە شێوازەکانی شۆڕشمان بۆ شیدەکاتەوە و دەڵێ : نەوەکانی پێش ئێمە بیریانکردەوەو نووسیان ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئێمە دەست بەکار بین .
ئەوەی مارکس نووسی ئاڵۆز بوو ، بەشێوەیەک لە قوڵیدا بیریی ئەکردەوە کە زۆر زەحمەتە کەسێکی چینی هەژاران بتوانێت لەو شێوە ئەکادیمی و فەلسەفیەی نووسینەکانی تێبگات هەر لێرەوە مارکسیە ئەرتەدۆکسیەکان (یەکەم جیلی مارکسیزم) دەستیان کرد بە خوێندنەوە بۆی و داڕشتنەوەی بیرەکانی لە شێوەی کتێبی بچوک و تێکستی ڕۆژنامەدا ، ئەوان لایان وابوو کە مارکس دەیەوێ لەڕێی تێگەیشتن لە نووسینەکانیەوە و نیشاندانی قۆناغەکانی بەرهەڵستی بەرامبەر سەرمایەداری ڕەوشێک بخولقێک کە ئیتر کۆمەڵگا لەدەست کۆمەڵە کەسانێکی تایبەت بێتە دەرەوە کە دەستیان گرتووە بەسەر باری ئابووری و ڕامیاری ووڵاتدا و بێتەوە دەستی خەڵک بە گشتی لە قۆناخی سەرەتاشەوە پێویستە شۆڕش دژی ئەم چینە بەرپابکرێت و لەناو ببرێت چونکە ئەمانە کۆمەڵە کەسانێکن باوەڕیان بە گفتوگۆکردن نییە لەگەڵ جەماوەر و پێیان وایە کە جەماوەر هۆرێکە بۆ بەردەوامبوون و خزمەتکردنی ئەمان و هیچ کاتێک ناوەستن هەموو کاتێک هەوڵ بۆ زیاتر و زیاتر ئەدەن ، بۆیە شۆڕش زەروریەتێکی حاشا هەڵنەگرە و دەبێ ئەنجام بدرێت ، دوای قۆناخی شۆڕش قۆناخێک دێت کە خەڵک بەهۆی نەشارەزاییانەوە ناتوانن ئالیەتیەکانی کۆمیۆنیزم جێبەجێ بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ داینەمۆی ئەم ئایدیایە بۆیە خاوەندارێتی تایبەت نامێنێت و هەموو شتێک دەبێت بە موڵکی دەوڵەت کە پێکهاتوون لە شۆڕشگێرەکان و شڕۆڤەکاری ئایدیاکان ، لێرەوە بەپێی کات جەماوەر لە پرەنسیپەکانی کۆمیۆنیسم تێدەگات و ئەو قۆناخەی کە ناوی سۆسیالیزمە کۆتایی پێدێت و قۆناغێکی دی دێتە بوون کە قۆناغی کۆمیۆنیستە و ئادیاکان سیستەم ئەخولقێنن و هەرتاکێک بە پێی هەستکردن بە مەسولیات کارەکانی ڕادەپەڕێنێت و پێویستیەک نابێ بۆ کۆمەڵە کەسانێت بەسەر جەماوەرەوە بڕیاربدەن و یاسا دەربکەن ، دەوڵەت هەڵدەوەشێتەوەو سیستەم دەبێ بە کردەیەک کە هەر کەسە و هەر بەشێک خۆی کاری خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت و سیستەم کامل بەڕێوەدەبات ، بەڵام هەر لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا ڕایەکی جیاواز هەیە کە پێیان وایە شۆڕش ناکرێت بە حەز و ئارەزووی ئێمە ئەنجامبدرێت بەڵکو ئەوە کاپیتاڵیزمە کە بەرەو کۆتایی دەڕوات و هەڵدەوەشێتەوە پاشان قۆناغی یەکەم لە سۆسیالیزم دەست پێ دەکات ، و مەبەستی شۆڕش لە قۆناغی سۆسیالیستدایە و هەوڵە بۆ تێپەڕاندنی .
بەرامبەر ئەمانەش کۆمەڵێکی تر هەن کە پێکهاتوون لە بیرمەند و فەیلەسوفە مارکستیەکان کە بە ڕۆژگاری ئەمڕۆشمانەوە بوونیان هەیە و لە هەوڵدان بۆ خوێندنەوەو خستنەسەر و گەشەدان بە ئایدیاکانی مارکس ، ئەوان بەشێوەیەکی ئاشکرا جیاوازن و پێیان وا نییە کە پرۆسەکە بەم شێوەیە بێت و بەم ئاسانیە ناڕوات چونکە چۆن ئێمە دەقەکان ئەخوێنینەوە بەهەمان شێوە کاپیتاڵیستەکانیش ئەم کارە دەکەن و بیرمەندیان هەیە کە ئایدیای نوێ دەخولقێنن و کاپیتاڵیزم نەک لاواز دەبێ بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و بەهێزتر دەبێ ، چونکە کاپئتاڵیستەکان کۆمەڵێ کەس نین کە فەرمانڕەوایی بکەن و ئابووریان بەدەستبێت بە تەنها بەڵکو گرنگترین کار کە کردبێتیان و بەردەوامن تیایدا ئایدۆلۆژیایە بە مانایەکی نوێ کە بەشێوەیەک وایان کردووە کە ئاکتە کۆمەڵایەتیەکان بەو ئاراستەیە بڕوات کە ئەمان دەیانەوێ لێرەوە ئیتر پێویستی نامێنێ کە لە دەسەڵاتدا بمێنن چونکە دەسەڵات هەرکاتێ بێت ئەگەری ڕوخانی هەیە ئیتر بەهۆی هێزی ترەوە بێت یان شۆڕشی جەماوەری بێت ، ئەوەی گرنگە سیستەمێکە کە بچێتە ژیانی ڕۆژانەوە ببێت بە بەشێک لە پێداویستیەکان بۆ مرۆڤ و باشترین شتیش بۆ ئەنجامدانی ئەمە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیایە جیهانێکی نادیارە کە تاک هەست بە ئاسودەی و ئازادی بکات تیایدا و هەموو کاتێکیش چاودێری لەسەر بێت ، کۆمەڵێ پرەنسیپ و ووتارە کە ڕۆژانە بەگوێیاندا بدرێتەوە ، بەڵام بەشێوەیەک کە هەموو کاتێ وا هەست دەکان ئازادن و هەر ئەکتێک ئەینوێنن لە سۆنگەی بڕیاری ئازادی تاکەکەسی خۆیانەوە دەرەچێت ، یەکێک لەو بیرمەندانە سلاڤۆی ژیژەکە لای ئەم بەکارهێنانی سینەما ئالیەتێکە بۆ ئایدۆلۆژیا بۆ ئەم کارە و پێی وایە کە فیلمەکانی هۆلیوود پارچەیەکی پیورن لە ئایدۆلۆژیا ، کام فلیمە زۆر شۆڕشگێڕانە خۆی دەنوێنێت ئەوە ئایدۆلۆژیترینیایە .
ڤی فۆر ڤێندێتا یەکێکە لەوانە کە باس لە کەسێک ئەکات لەپشت ماسکێکەوە خۆی شاردووەتەوەو نە سوتان و نە فیشەک ناتوانێ کاری تێ بکات چونکە بە ووتەی خۆی ئەوەی لەپشت ئەو ماسکەوەیە ئایدیایە و ئایدیاش نامرێ ڕەوشێک دروست ئەکات بۆ ئەوەی خەڵک هەست بگەن گەمژە دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە تا دەگاتە ئەو کاتەی خەڵک هەمووی دەڕژێنە سەرجادە و بینایی پەرلەمان دەتەقێنرێتەوە و دیوارەکان لەنێوان خەڵک و سیستەمدا دەکرێنەوە و شۆڕش سەردەکەوێت ومیللەتیش ئازاد دەبێت .
تا ئێرە دیمەنێکی جوانە و فەنتازیایەکی سینەمایە بەڵام پرسیارەکە ئەمە نییە کە شۆڕش سەردەکەوێت یان نا ، بەمە هیچ کۆتایی نایەت و پرسیارەکە ئەمە نییە.
لینین و ترۆتسکی شەوێ پێش ئەوەی شۆڕشەکەیان بەرپابکەن و دانیشتوون و لینین ئەڵێت/ئەگەر سەرنەکەوین چی ڕوو ئەدات؟
ترۆتسکیش ئەڵێ : ئەی ئەگەر سەرکەوین چی ڕوو ئەدات؟
بۆ ئەم فلیمەش خاڵە گرنگەکە ئەوە نییە کە جەماوەر سەرکەوت و سیستەمێتی تۆتالیتاریان لەناوبرد نەخێر، خاڵە گرنگەکە ڕۆژێ دوای شۆڕشە چی ڕوو ئەدات ئەو خەڵکەی بە گڕوتینەوە ڕاپەڕین چۆن ژیانیان بەردەوام ئەبێت و چی لە کۆمەڵگا ئەگۆڕێت ، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بەکوێ ئەگات و تاک چۆن هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی دەکات؟
کاپیتاڵیزم لە سەرو دیمەنەکانەوە تەماشا دەکات، بۆ ئەو گۆڕینی ڕژێم یان سیستەمی حەکمڕانی کێشە نییە ئەو سیستەمێکی خولقاندووە کە لەکاتێکدا سیستەمە و لەکاتێکی تردا مێتاسیستەمە و خۆی وەک موتەعالیەک بەیاندەکات .
کاری مارکسیستە نوێکان ئەوەیە کە بتوانن کۆتایی بە مێتاکان یان بابەتە سەروویەکان بێنن و هەموو شتێک بێتەوە سەر ئاستی زەمینی ، کاری ڕۆشنبیر ئیتر تەنها شرۆڤەکردن نییە بۆ دەقەکان بەڵکو شیکردنەوەی دیاردەکانە لە ئاستە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیەکاندا ، ئاشکراکردنی ئایدۆلۆژیا پەنهانەکانە و بەرگرتنە بە ووتارە موتەعالیەکانی کاپیتاڵیزم .
ئەم دوو ڕێچکەیە مێژوویەکی درێژیان لە کێشمەکێش و دیبەت و دیاردە خولقاندووە کە هەر لایەک بۆخۆی هێند ئەرگۆمێنتی لایە بتوانن پشتی پێ ببەستێ و کۆمەڵانێکی زۆر بۆ ژێر چەتری هەڵوێستەکانیان ڕاکێشن ، بەنیسبەت مارکسیستە ئەرتۆدۆکسیەکانەوە زیاتر سادە و سەتحی بیر لە دیاردەکان دەکەنەوە چونکە بۆ ئەمان بابەتەکە هزر و فەلسەفە نییە ئەوەنەی ئاکتێکی سیاسییە و هەوڵێکە بۆ پیرۆزکردنی کردنی مارکس ، مارکس ئیتر تەنها بیرمەندێک نییە،ئەو دەبێت بە جۆرێک لەپەیامبەری سەردەمی نوێ ، دەقەکان هەمیشە هەمان دەقن بەڵام ئەوەی کاری ئێمەیە شیکردنەوەو تەفسیرکرنە .
فۆرمێکی نوێی ئاینیە ئەگەر بە ئاینێکی بچوێنین ئەتوانین بڵێین ئیسلامیەتێکی مۆدێرنە ، هەمان کردارە ، ئەوەی گرنگە نە بیرکرنەوەیە نە نوسینە کاری ئێمە هەوڵە بۆ تەفسیرکرن بۆ دەقەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم جۆرە لە مارکسیزم شێوازی بونیاتی هەمان شێوازی بونیاتی ئاینییە کە سەرەتایەک هەیە پاشان بەپێی کات گەندەڵی دەکەوێتە ژیانەوە و پەیامبەر دەبێ بە زەروریەتێک پاشان قۆناغە گرنگەکە دێت کە فریادڕەسە کە بۆ ئیسلامیەکان مەهدیە و بۆ جوولەکە و کریستیانەکان مەسیحە و بۆ مارکسیستەکان سەردەمی شۆڕشە ، کە ئەنجامی گشتیان دەتوانین لە خاڵێکدا کۆی بکەینەوە ئەوەیە یەکسانی بڵاوبێتەوە ، لای ئاینیەکان کافرەکان لەناوبچن و شەڕ نەمێنێت و بۆ مارکسیستەکان کاپیتاڵیزم کۆتایی بێت و ئابووری بەشبکرێتەوە.
بەڵام ڕاستیەکان دژی هەڵوێستە و گوتارەکان بوون ئەوەی کە بینیمان شۆڕشی مارکسی بە ستالین کۆتایی هات لە ڕوسیا و لە چینێش ماو تسی تۆنگ دروست بوو وە لە ناوچەکانی ئەوروپایی خۆرهەڵاتیش بەهەمان شێوە ئەوەی بەرهەمی هێنا تاکڕەویەکی دیکتاتۆر بوو ، شۆڕشگێڕەکان نەک تەنها یارمەتیدەر نەبوون بۆ بەشکردنەوەی داهات و سەرڕێخستنی کۆمیۆنیزم بەڵکو بوون بە کەسانی خوێنڕێژ و دەستیانکرد بەقڕکردنی چینی کرێکار و ڕەنجبەران ، پاشخۆشیان هیچ پرەنسیپێکی کۆمیۆنیزم نەهاتە بوون ئەوەی ڕوویدا و ئێستا دەیبینین ئەو ووڵاتانەی شۆڕشی کۆمیۆنیستی تیا ڕوویداوە ئێستا یان وەک ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا برسین یان وەک ڕووسیا و چین یەکێکن لە کاپیتاڵیستترین ووڵاتەکانی جیهان لەسەر ئەرزی واقع ، ڕاستە ئێستاش لەسەر ئاستی ووتاردا هەر مانشێتەکانی سەردەمی شۆڕش بەرز دەکەنەوەو هەمان ئەو حیزبانە فەرمانڕەوان بەڵام جێی هیچ گومانێک نییە کە ئەو دوو ووڵاتە سیستەمێکی کاپیتاڵیسزمی پەنهان بەڕێوەی دەبات و ئامانجەکانیش تەواو کاپیتالیستیانەیە .
سەبارەت بە مارکسیستە نوێکان لێرەدا دیمەنەکە زۆر ئاڵۆزترە و بابەتەکان هێند ئاسان نین و گومان نییە کە لە زۆر لایەنەوە توانیویانە ئامانجەکانیان بپێکن بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە ئێستادا ئیتر ئەم فەلسەفەیە لەمەبەستە سەرەکیەکەی لایداوە و زیاتر چۆتە سەر ئاستی نووسین و تیۆری و یاریکردن بە چەمک و نیشاندانی توانایی تێفکرین و نووسین ، لەگەڵ ئەوەش وەهمێکی بەسەریاندا زاڵبووە کە هەر ئاکتێکی کۆمەڵایەتی کاپیتاڵیزمی لەپشتەوەیە ئەوە کاپئتاڵیزمە شۆڕشەکان بەلاڕێدا دەبات ، کاپیتاڵیزمە بە مەزاجی خۆی پێناسەی کۆمەڵەکان دەکات کە کێ تیرۆرستە و چ میلەتێک شایەنی ئازادیە و چ میلەتێک نا ، تا ئەو ڕادەیەی دەگەنە ئەو ئاستەی شیکردنەوە بۆ گروپە تیرۆرستیە ئیسلامیەکان دەکەن پێیان وایە ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕێگرتن لە بەجیهانیکردنیان و بەرهەڵستیە بەرامبەر سیستەمی کاپیتاڵیزمی جیهانی و ئەرگۆمێنتی پشتیگیریشیان بۆ دادەتاشن .
ژیژەک لە دیدارێکدا دەڵێ من هاوڕێم هەیە لەناو بۆکۆحەرامدا کە بەو شێوەیە نییە میدیای کاپیتاڵیزم وەسفیاندەکان و هاوڕێکەم پێی ووتووم ئەمە بەرهەڵستیە بۆ نەهاتنە ناو جیهانی ئێمە و تێکدانی کلتوورە لۆکاڵیەکەمان ، ئەمە بۆخۆی لە دروستبوونی وەهمێک بەرامبەر کاپیتاڵیزم ئەرگۆمێنت نییە، ناتوانرێ وەک خاڵێک دژی کاپیتاڵیزم باس بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە کاپیتاڵیزم هەمیشە ئەوەی وویستووە کە ئەم بیرمەندانە لە وەهمدابن تا ئەو ڕادەیەی کە چەند نسکۆیەک بۆ خۆیان دروستبکەن بۆ گەورەکردنی ئەم وەهمە و خەریک کردنیان بە بابەتانێکەوە کە لاوەکین و لەدەرەوەی سیستەمدا کاری خۆیان دەکەن.
کاپیتاڵیزم لە ئێستادا بووە بە خاوەنی بوونیادی کۆمەڵایەتی و بووە بە بەشێک لە سایکۆلۆجیای تاکەکان ، کە بە دوورکەوتنەوەیان کەلێنی گەورە دەکەوێتە شێوازی ژیانکردنەوە لەبەر ئەوەی ئێستا ژیان تەنها ئابووریەکی کلاسیکی و پیشەسازی و بەرهەم و هاوردە نییە ، بەڵکو جیهانێکی تر دەیبات بەڕێوە کە کەس خاوەنی داهاتی فیزیکی نییە و کەرتی پیشەسازیش ئیتر کۆمەڵێ کارگە نییە چینی پرۆلیتاریای تیا بچەوسێنرێتەوە و تەواو بەڵکو ئێستا چینێکی تر لەنێواندا هەیە کە تەکنۆکراتەکانن و لە فەرهەنگی مارکسیستیا بە ووردە بۆرژوا ناوبراون و بە کۆڵەکەی وەستانی بۆرژوا پێناسەکراون بەڵام جیاوازیەکەی لە ئێستادا ئەوەیە ووردە بۆرژوا تەنها کۆڵەکە نییە و خودی سیستەمە هەموو شتێک لەوێوە دەخولقێنرێت ڕەنگە لەزۆر کاتدا کاپیتاڵیستەکان ئاگاداری ووردەکاریەکان نەبن کە لێرەوە ڕوودەدات بەڵام حەزی بوون بە کاپیتایست وا دەکات کە وردە بۆرژووا هەمیشە لەخۆ بەهێزکردندا بێت و سیستەەکەیم پتەوتربکات ، تەکنۆکرات ئالیەتەکانی جیهانی نووێیان بەدەستەوەیە لە میدیا و زانست و تەکنەلۆجیا کە ئەمانە بە شێوەیەک دەڕوات بەڕێوە تەمەنێکی دەوێ بۆ ئاشنابوون بەشێوازی بەڕێوەبردن و کارکردن تیایدا ، ئەستەمە چینی کرێکار بە شۆڕش ( بە مانا کلاسیکیەکەی ) بتوانن دەستی بەسەردا بگرن یان خۆی لەناو خۆیدا کۆتایی بەخۆی بێنێت و مەیدان چۆڵببێت بۆ کەسانێک کە لە دەستی کار و نووسەر زیاتر شارەزایەکی تریان نییە .
لەگەڵ ئەوەش ناتوانین ئەم جیهانە بە بەهەشتێک سەیربکەین چونکە لە پەنهانەوە جیهانێکی خولقانددوە کە تاوانبار بوونێکی فیزیکی نییە ئەوەی ماڵەکەت تاڵان دەکات پێویست ناکات لێت نزیک بێتەوە یان هەر بتناسێت ئەو ئێستا لەڕێی مۆبایلەکەتەوە گیرفانەکانت بەتاڵدەکات ، یان لەڕێی کۆمپیتەرەکەیەوە دەتوانێت ئەو دڵە دەستکردە بوەستێنێ کە زانست بە چەند سەدە توانیویەتی بەرهەمی بێنێت ، یان هەر لەم تۆڕەوە پیاوکوژ بدۆزیتەوەو پارەی پێبدات و تاوانێک ئەنجامبدرێک کە ئاشکراکردنی تاڕادەیەک ئەستەمە .
بۆ دەرچوون لەم تەڵزگەیە پێویستمان بە ڕزگارکەرە پێویستمان بە جۆرێکە لە بیرکردنەوە لە جۆرێک لە پەروەردە ، بەڵام ئایا ئەم پەروەردەیە مارکسیستەکان بە پەروەردەی کاپیتاڵیزم ناوزەندی دەکەن یان کاپیتاڵیزم ئامێرێک بەرهەمدێنێت بۆ زیاتر گەمژەکردنمان؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت