پشکۆ ئەمین: هەڕەشەکانی ئێران و ئەمریکا بەکوێ دەگەن!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش ئەوەی ئەمریکا لە مانگی پێنجدا کشانەوەی خۆی لە رێکەوتنی ئەتۆمی راگەیاند و بڕیاری سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و رایگەیاند کە تا مانگی نۆڤەمبەر، رێگەی نەوت فرۆشتنی دەدرێتێ و نابێت هیچ وڵاتێک نەوت و غازی لێبکڕێت دەنا سزادەدریت. ئەم هەڕەشەیەی ئەمریکا بووە هۆی جیهێشتنی هەندێک لە شەریکاتەکانی ئەوروپا و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا، ئەمکارەی ئەمریکایان بەدڵ نیە، ترەمپ داوا دەکات لە ئێران و دەڵێت: با رێکەوتنێکی تازە ببەستین، ئێمە رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!
حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە ترەمپی وت: شەڕەکەمان دایکی شەڕەکان دەبێت، بۆیە بەکلکی شێر یاری مەکە، چونکە تەنها پەشیمانی لەدوایە!! دەیان بژاردەمان هەیە کە دەتوانین بەوانە وەڵامت بدەینەوە!!
ئێران لە زمانی سەرکردەکانی سوپای قودس و پاسدارانەوە هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەکات کە شادەماری نەوتی جیهان و ئەمریکا بەوێدا تیێەڕ دەبێت!
وتەکانی روحانی، ترەمپی توڕەکرد، بۆیە بە پیتی گەورە هەڕەشەی بۆ ئێران نارد، وتی جارێکیتر هەڕەشە لە ئەمریکا نەکەیت، دەنا واتلێدەکەم لە مێژوودا ڕووی نەدابێت، هەر دوای ئەم هەڕەشەیە، ترەمپ لەمیانی وتارێکدا کە بۆ سەربازە دێرینەکانی دەدا لە کانساس بە روحانی دەڵێت: ئێمە ئامادەین جارێکیتر رێکەوتنی ئەتۆمی بکەینەوە، بەڵام وەک ئەو رێکەوتنە کارەساتبارە نا کە لەگەڵ رژێمی پێشودا کرا! ئێمە بە هەڵوەشاندنەوەی، وڵاتەکەمان لە مەترسی رزگارکرد!
گەرچی وتەبێژەکەی ترەمپ سارا سەندەرس ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بدات،کە ترەمپ لەسەر چ بنەمایەک ئامادەیە لەگەڵ ئێران ریکەوتن بکاتەوە! لەکاتێکدا ئەمریکا سزای لەسەر ئەو وڵاتانەش داناوە کە نەوت و غاز لە ئێران دەکڕن و پەیوەندی ئابوری لەگەڵ ئێران دەبەستن، جگە لە دانانی سزا لەسەر کۆمەڵێک لە گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارن و بانکی ناوەندی ئیران و سەرکردە و پیاوە ئاینیە دەسەڵاتدارەکانی ئێران!
مایک پۆمپیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریی سەرۆکەکەی کرد و رایگەیاند: جمهوری ئیسلامی ئێران وڵات و دەوڵەتی ئیرهابە،40ساڵە سەرکوتی خەڵکەکەی دەکات و ئێمە پشتگیریی خەڵکی ئێران دەکەین دژی ئەو رژێمە!!
جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئیران دەڵێت: هەڕەشە مەکە میستەر ترەمپ گوێمان زۆر لە هەڕرەشە بوە کە لەمەی ئێستا توند و تیژتربوون!
پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکایە بە توند و تیژترین کاتیدا تێدەپەڕێت! بۆیە دەکرێت بپرسین ئایا شەڕ دەکەن؟کامیان دەست پێشخەر دەبێت، ئێران، یان ئەمریکا؟ دە با بزانین ئێران لە چ بارێکدایە گەر بیەوێت شەڕ لەگەڵ گەورەترین زلهیزی دنیا کە ئەمریکایە بکات!
ئێران هەر بەکشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتننامەی 5 +1 نەوەویەکە گرژی و ئاڵوزی بەخۆیەوەبینی، بازاری ئێران تێکچوو، تمەن دابەزی، خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی تەهران و بازاڕی گەورەی ئێران کە ئابوری ئێرانە، دەستی پێکرد بازرگانە گەورەکان کە پاڵپشت و کۆڵەکەی دەسەڵات و مەلاکانی قومن، زیانیان بەرکەوت، بونە بەشدار و پاڵپێوەنەری خۆپیشاندەرەکان!
مەلاکان و دەستە و دائیرەی قوم لەناو یەکدا ناکۆکن و هەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەوڵ دەدات و پاسدار و روحانی و محافەزەکاران و سیاسەتوانان و سوپا، هەریەکەیان بەشێوەک لە شیوەکان دژی یەکن لە پێناو بەرژەوەندی و دەسەڵاتدا! چەندان ساڵە میللەت بە دەست ئەم کۆمەڵە مەلایەوە دەناڵێنێت و لەوپەری بێزاری و نەبونی و هەژاریدایە، بێ ئیشیەکی زۆر هەیە، میللەتانی تری ئێران کورد و عەرەب و بلوج و ئازەر دژی دەسەڵاتی مەلاکانن، ئیتر چۆن شەڕی ئەمریکای تاکە زلهێزی دنیا دەکات!
ئەمریکاش لەمکاتەدا لەو باشتر نیە،سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لەوەتەی هاتۆتەسەرکار، وەک رۆژنامەنووسەکانی ئەمریکا و سیاسەتوانانی ئەمریکا دەڵێن: هەتا ئەمڕۆ ئەمریکا سەرۆکێکی وا نەزان و هیچ لەبارانەبوی بەخۆیەوە نەبینیوە!
بۆیە ترەمپیش لەبارێکی باشدا نیە دیموکراتەکان، دژەکانی ترەمپ لە کٶنگریس زاڵن، ئەوان دژی شەڕ و کشانەوەن لە رێکەوتنی ئەتۆمی کە ئۆبامای سەرۆکی پێشوی دیموکراتخواز ئیمزای کرد! ترەمپ لەگەڵ رۆژنامەنوسان و زۆربەی میدیاکانی ئەمریکادا شەڕیەتی و بە دژەکانی گەل ناویان دەبات! ترەمپ لەلایەن دۆستەکان و ئەندامانی حیزبەکەی خۆیشیەوە جێگەی باوەڕ نیە و متمانەیان پێینەماوە و رەخنەباران دەکرێت، لەسەر کۆبوونە دوو قوڵیەکەی هێلسنکی لەگەڵ پۆتیندا و ناساندنی روسیا بەدۆست و هاوپەیمان وە دژایەتی کردنی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بەدرۆ خستنەوەی دەستگای هەواڵگری ئەمریکا سی ئای ئەی، لە دەست تێوەردانی روس لە هەڵبژاردنی 2016دا هەموان دژی لێدوان و بۆچوونەکانی ترەمپن!!
پەیمانی ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ دەمێکە لەگەڵ ترەمپ و سیاسەتی ترەمپدا ڕێکنین، بە تایبەتی لەپاش دانانی باچ لەسەر کاڵاکانی، کە دەنێررێت بۆ ئەمریکا و یان لەوێوە دێتەدەرەوە. ترەمپ دژاتیەتی خۆی بۆ ناتۆ دەردەبرێت و دەڵێت: ناتۆ کەڵکی نەماوە، ئەندامانی ناتۆ پێیان وایە ترەمپ دەیەوێت لە ناتۆ بکشێتەوە، داوا لەوڵاتانی ئەندامی دەکات کە بودجەی زیاتر بۆ ناتۆ ئامادە بکەن، گەر دەتانەویت ئەمریکا بتانپاریزێت لە روسیا! دەڵێت: ئێوە پەیوەندیی ئابووری بەهێزتان هەیە لەگەڵ روسیادا و بایی چەندین میلیارد غاز و نەوتی لێدەکرن!! هێرشی توندی کردە سەر وڵاتانی ناتۆ!! وڵاتانی ئەوروپای ناو ناتۆ لەپارەوە بیر لەوە دەکەنەوە جیا لە ناتۆ سوپایەکی تایبەت بە خۆیان پێکبهێنین، تا گەر ئەمریکا بەجێیهێشتن و ناتۆ هەڵوەشایەوە، بتوانین بەرگری لە خۆیان بکەن!
ترەمپ پێش کۆبونەوەکە بە ئەڵمانیای وت: کە لەلایەن روسیاوە داگیر کراوە! ئەڵمان و ئەوروپیەکان دژایەتیەکی زۆری سیاسەتی ترەمپ دەکەن.
تورکیای ئەندامی ناتۆ و دراوسێی ئیران و خاوەن بنکەی ئینجەرلیک، پشتگیریی ترەمپ ناکات دژ بە سزادانی ئێران و دەڵێت: نەوت و غاز لە ئێران دەکڕم. گوێ بەسزای ئەمریکا نادەم، روسیا و چین و ئەوروپا پشتگیری سزا و شەڕ لەگەڵ ئێران ناکەن! بۆیە گەر ترەمپ ئەو شەڕە بکات، پێدەچێت کە پشتگیریکارانی تەنها ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و لەوانەشە بەریتانیا و ئوسترالیا بن!
گەر ئەمریکا بەچاوی داگیرکردنی عێراق لە ئێران بڕوانێت، ئەوە لە ئێستاوە دۆراوە. ئێران و عێراق زۆر جیاوزن! لە ژمارەی دانیشتوان و گەورەیی پانتایی خاک و فراوانیی سنووری ئێراندا، ئێران وڵاتێکی شیعیە و دراوسێی عێراقە کە هەمان مەزهەبیان هەیە، شیعەکان لە جیهاندا، ئێران وەک وڵاتی خۆیان تەماشادەکەن. کاتێک ببێتە شەڕی ئەمریکا و ئێران ئەوان پشتگیریکەری ئێران دەبن! لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ئیمارات شیعە هەیە، جگە لەو شیعانەی لە وڵاتانی تریشدا هەن، ئێران توانیویەتی کە دەسەڵات و نفوزی خۆی بڵاوبکاتەوە لە عێراقدا هیچ کارێک ناکرێت و نابێت ئیران بڕیاری لەسەر نەدات. لە سوریاش بەهەمان شێوەیە لە لوبنایش دەسەڵاتێکی زۆری هەیە. هەموو شیعەکانی لوبنانی چەکدار کردوە لە سنووری ئیسرائیلدا، لە یەمەن هاوکاریەکانی بۆ حوسیە شیعەکان و شەڕیان دژی حوکومەتی یەمەن! هاندانی شیعەکانی سعودیە و ئیمارات و هاوکاری کردنیان،
دوژمنەکانی ئێران لە ئەمریکا چۆن بۆلتن لەگەڵ وەزیری دەرەوە پۆمپیو ئەم دوانە لەوانەن کە بەناوبانگن بە دژایەتی کردنی ئێران و شەڕ لەگەڵ ئێران دەخوازن! لەم رۆژانەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک خاڵی خستە روو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران کە ئەستەمە هیچ کات ئێران بەوە رازیبێت، بەوە ئێران لە هەموو شتێک دادەماڵێت! نە ئەتۆم و نەساروخ نە سیاسەتی دەرەوە و نە ناردنە دەرەوەی شۆڕش کە ئێران کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە پێی لەسەر دادەگرێت!
هەفتەی پێشوو تەلەفزیونی A B C ئوسرترالی لە زاری بەرپرسێکی ئوسترالیەوە بڵاوی کردۆتەوە: کە لەمانگی داهاتودا ئەمریکا پەلاماری ئێران دەدات، ئەم هەواڵە لە فەرماندەیی پاراستنی گلۆباڵی، پێنچ چاوەوە بڵاو کراوەتەوە کە ئوسترالیا یەکێکە لەو پێنج وڵاتە، کە پێکهاتوون لە ئەمریکا بەریتانیا و ئوسترالیا و نیوزلەندە و کەنەدا، دەڵێت: ئوسترالیاش ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەلێدان و بوردومانکردنی ئیستگە ئەتۆمیەکانی ئێراندا هەروەها بەریتانیاش ئامادەی خۆی دەربڕیوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیMalcolm Turnbull دەڵێت: من ئاگادارنیم!
چۆن ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەو هەواڵەی بەراست نەزانی، وتی دروستکراوە و دەڵێت: ئێمە نیازی گۆڕینی رژێمی ئیران و روخاندنیمان نیە، هەتا ئیستا ئێمە تەنها دەمانەوێت ئێران هێندە بەخۆیدا نەنازێت و پچوکبێتەوە تا نەتوانێت هەڕە شەبکات و دەست بخاتە کاروباری وڵاتانیتر! بۆیە من پێموایە شەرێکی وەک ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئێراقدا کردی و داگیری کرد. ناکرێت و رێگەی تێناچێت!! دەکرێت بەفرۆکە هێرش بکرێتە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی و سەربازگەکانی، هەوڵ بدرێت ئۆپۆزسیونی ناوخۆ بەهێز بکرێت و سزاکانی لەسەر توندتر و زیاتر بکرێت، تا لەو رێگەیەوە هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی مەلاکان بدەن!
ئەمڕۆ لەم کاتەدا کە پەیوەندیەکانی ئیران و ئەمریکا لە ئالۆزترین کاتیایەتی، ئێران لە خلیجی عەرەبیدا هەڵدەستێت بە گەورەترین نمایشی سەربازی، بەمە دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت کە توانای سەربازیم هەیە کە دژت بوەستمەوە، پیشانی دەدات کە گەروی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە. گەر رێگری لە نەوتەکەی بکرێت بۆ بازارەکانی جیهان، ئەویش رێگە نادات نەوت بە گەروی هورمزدا تێپەربێت! ئەمە ئەمریکیەکانی نیگەرانکرد، گەرچی ئەدمیراڵ خانەنشینکراو james stafredis بە CNBC دەڵێت ئێران دەیەوێت فیڵ بکات و نرخی نەوت بەرزکاتەوە، دەنا ناتوانێت گەروی هورمز بگرێت لە چەند رۆژێکدا ئەمریکا و دۆستەکانی لە خلیجدا رێگەکە دەکەنەوە. هەروەها سەفیری پێشووی ئەمریکا لە تورکیا، جیمیس جیفری دەڵێت: ئەم نمایشە هیچ نیە، ئێران ئەمە دەکات تا کڕیارەکانی نەوت لە ئەمریکا توڕە بکات!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت