حەمەئازاد بەرزنجی: شەڕفرۆشتن بە ووشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێ جار هەر لە خۆڕا دەستدەکەین بە شەڕفرۆشتن بە هەندی لە ووشەکان . بێ ئەوەی بگەڕیینەوە بۆ بناغەو سەرچاوە و مێژوی دروستبونی ووشەکە . ووشەی( ژن) یەکێکە لەو ووشانە . لەهەر شوێنێک پیاو هەبێ ئەوا ژنیش هەیە . چ وەک هاوکارو هاوشان . چ وەک مێڵ و فیمێڵ، بەواتا زانستیەکەی ، نێر و مێ . وە ژیان بێ هەریەکێکیان ئەستەمە بۆ بەردەوام بون لە ژیاندا . بۆ ژنێک کەلەگەڵ پیاوێکدا خێزان پێکدەهێنن کۆمەڵێ ووشە بەکار دەهێنرێ و هێنراون . لەوانە : ( ژن ، خێزان ، هاوسەر ، هاوژین ، هاوڕێی ژیان ، ماڵەوە ) . هەندێ جاریش سود لە پەیوەندییە ئایینیەکان یان کارگێریەکان وەردەگیرێن . چ بە ئاسایی بێ یان بە تەنزەوە بێت لەکاتی گۆکردندا لە نیوان دوهاوڕێ یان دو خۆشەویستدا . وەک ( حەڵال ، مەحرەم ، حورمێ ) و ( وەزیری ناوخۆ ، سەرەک وەزیران ، پاشا ) . یان ناوەکە لە پەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگیرابێ ، یا بە سود وەرگرتن لە گیانلەبەرانی دییەوە بێ . وەک ( شێخژن ، ئاغاژن ، میرزاژن ، مەلاژن ، کوێخاژن ، ئامۆژن ، مامۆژن ، براژن ، هێوەرژن ، خاڵۆژن ، بێوەژن ، باوەژن ، ئامۆزاژن، خاڵۆزاژن ، پورزاژن ، پیرێژن ، سەرەژن ، جوانەژن ، ناسکەژن ، شەکرەژن ، پەریژن ، ئاسکەژن ، ئەسپەژن، شێرەژن ) … چەندانی دی.
ئەم ناوانە لەناو کوردەواریدا ، سەردەمانێک بەکارهاتووەو، هەندێکیان تا ئێستاش هەر بەردەوامە بەپێی ناوچەکان و ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان و جیاوازی ناوچە جوگرافیەکان ، هەندێکی دیکەشیان بەرەو کاڵبونەوە و لە ناو چون دەچن . وەهیچیان بۆ بێڕێزی و کەمکردنەوە لە ئاستی ژن بەکارنەهاتون ، گەر ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی کەسی بەکارهێنەر لەکات و مێژو و شوێنی خۆیدا بەهەند وەربگرین .
لە نوسین و گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی ،هەندێ ژنانی بەڕێزدا بەرچاومان کەوتووە ، خوێندومانەتەوە و یا گوێمان لێبوە زۆر ناڕەزایەتیان دەربڕیوە لەوەی کە هەندێ لە پیاوان بەجۆرێ بانگی ، یان باسی ، خێزانەکانیان دەکەن کە ئەوە مایەی بەکەم زانینە بۆ خودی ژن . وەک ئەوەی کە پیاوێ لەکاتێکدا کە ژنەکەی بەکەسی بەرامبەر دەناسێنێ دەڵێ : ئەمەیش فڵانی ( ژنمە ) ، ( هاوسەرمە ) ، ئەمەیش ( ماڵەوەمانە ) ، ( مەحرەممە ) ئەمانە بەهەڵەو بە کەم دەزاننن ، وەک دەردەکەوێ زیاتر ( هاوژین )یان لا پەسەندتر بێت .
هاوژین بۆ ئێستا یەکێکە لەووشە جوانەکان و کەم کەسیش هەیە بتوانێ رەخنەی لێبگرێت ، بەڵام وەک وتمان دەبێ ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەشتن و بۆچون و بیروڕای ئەوکەسەش بەهەند وەربگیرێت . لەوانە کەیەکێ دەڵی ئەوە (مەحرەممە) ، ئەوە لەوپەڕی بڕوا بەخۆبون و ڕێزیەوە بێت ، و بەهەستێکی ئایینی خۆیەوە بێت و حەزبکات ئەو ووشەیە بەکار بهێنێت . یان کە یەکێ دەڵێ : ( ماڵەوەمان ) ، ئەوە وای بۆ لێکدەدرێتەوە کە وەک تاقمە قەنەفەو سەلاجە ، حسابی بۆ خێزانەکەی کردوە . یان گەر پیاوێ دی بڵێ : ئەوە ( ژنمە )،یا ( هاوسەرمە ) ، ئەوا وا لەمیش دەڕوانن کە تەنها جەختی لەسەر لایەنە سێکسیەکە کردۆتەوە و پێی دەبێژن تۆیش هەرلەو ڕوانگەیەوە بۆ ژن دەڕوانیت . ئەمانەش وانین گەر وایش بێت کردەی سێکس نیشانەی بەردەوامبونی ژیانە . وەنابێ ئەوەندە بەگومانەوە بۆ ووشەکوردییەکان و ووشە باوە بەکارهاتووەکان بڕوانین و ئەوەندە شەڕیان پێبفرۆشین ، وەک وتمان ئەوانەی بەڕاست و جوانیان دەزانین هەوڵبەین بۆ فراوانکردن و زۆر بەکارهێنانیان ، ئەوانی دیکەیش خەڵک ئازادە لە بەکارهێنانیان . گەر ڕەوایی و جوانیان تێدا بێت ئەوا خەڵکی بەردەوام دەبن لە بەکار هێنانیان و،گەر نا خۆیان دەپوکێنەوە .هەندێکیشیان گەر ڕۆبچینە ناویانەوە سەنگی خۆیان هەیە . کەس هەیە گوێی لە باوکێک یان دایکیک نەبوبێ کەلەکاتی ئەوپەڕی خۆشەویستیدا کە منداڵە بچوکەکەی دەلاوێنێتەوە نەڵێ : ( ماڵەکەم ، ماڵومینم) . وە کە دەوترێ ( ماڵ ) واتە هەر هەمو سەروەت و سامان و سەرچاوەی ژیانت ، ئیتر بۆ ( ماڵەوە ) هەر بە تاقمە قەنەفە تێبگەین ؟ ئەم کەم تێڕوانینە کە بە خێزانەکەت بڵێی (ماڵەوەمان ) بۆ ؟ ( ژن ) یان ( هاوسەر) ، گەر هاوسەرینیش بێت هەر گەورەیی و ڕێز لێنانە . ( هاوسەر ) سەربەیەکەوەنان و سەرجوتکردنیش دەگرێتەوە . لە کوردەواریدا کە دەوترێ ئیتر ئەو دوانە سەریان بەیەکەوە ناوە ، واتە هەمو قسەو باسێک بۆ یەکدی دەکەن و ئاگاین لەهەمو ڕازونیازی یەکدییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت