بەهادین نوری: لە کوێوە کارەساتەکە هات. لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە یان لە 25ی سەپتەمبەرەوە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو ڕۆژەوە سوپای عێراق و میلیشیای شیعەی حشدی شعبی هاتنەناو کرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکان بەگشتی برادەرانی پارتی پرسی کوردیان کورت کردەوە لەیەک ڕستەدا: ( خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ) . بەبۆنەو بەبێبۆنە، بەدەم و بەقەلەم، کەوتنە باسی 16ی ئۆکتۆبەر ، وەک بلێیت ئەمە نەبوایە هەرێم سەربەخۆیی بەدەست هێنابوو!!
بەڵێ لە 16ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورە هات بەسەر ئەم میللەتەدا . بەڵام هۆکارو سەرچاوەی ئەم کارەساتە لەکوێوە هات ؟ لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە، یان 25 سەپتەمبەری 2017؟ ئەگەر مسعود بەرزانی گوێی لە قسەو هاواری ئۆپۆزسیونی وڵاتی خۆی بگرتایە، ئەگەر داواو ئامۆژگاری ئەمریکاو ئەوروپاو هەموو دنیایی بەهەند وەرگرتایە، ئەگەر سیاسیەکانی هەرێمی کۆبکردایەتەوە بۆ تاوو توێیەکی لۆژیکی – عەقڵانی، لەباتی ئەوەی بە ملهوڕی بڵێ ( گوێ لە عبدالبشر ناگرم )، ئەگەر بەئەقڵیەتی شارستانی و دیموکراتی بجوڵایە لەباتی ئەقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو.. ئەگەر وە ئەگەر. ئەوکاتە ڕووبەڕووی ئەوشتە نە خوازراوە نەدەبووینەوە کەناودەبرێ بە (16ی ئۆکتۆبەر ). واتە 16ی ئۆکتۆبەر زادەی 25ی سەپتەمبەرە. ئەگەر ئەم 16ی ئۆکتۆبەرە خراپ بێ ئەوە پرژێکە لە خراپکاری 25ی سەپتەمبەر.
من بە شان و باهۆی 16ی ئۆکتۆبەردا هەڵنادەم، بەڵام دەبێ ئەوڕاستیە بوترێ کە سەرتاپای کێشەکە دەستکردی 25ی ئۆکتۆبەرە و سەرکردایەتی ئەو 3 حیزبە بەرپرسیارن کە واژۆی بڕیاری ڕیفراندۆمە ناوەختەکەیان کرد، لە پلەی یەکەمیشدا ئۆباڵی کارەساتەکە دەکەوێتە ئەستۆی بەرزانی، چونکە هەرخۆی سەرقافڵە بوو.
من بەرگری لەوکەسانە ناکەم لە 16ی ئۆکتۆبەردا کە دەستیان خستەناودەستی سوپاو حشدی شعبی من دەزانم کە بەرپرسیارێتی یەکێتیش زۆر گەورەیە، چونکە ئەگەر یەکێتی پێی داکوتایە لەسەر ڕەفزی ڕیفراندۆم، لەباتی ئەوەی شوێن مسعود بکەوتایە، ئەوە مسعودیش ناچار دەکرا پاشەکشە بکات لە پرۆژەکە. بەڵام ئەگەر ئەوانە بەخیانەتکار ناوببرێن ئەوە بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم لە 25ی سەپتەمبەردا سەدقات خایینترن، چونکە ئەمانە بەرپرسیارن لە هەموو کارەساتەکە.
من لە شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم دەپرسم: ئێوە ئەی برادەرینە، کە ڕۆژی 14ی ئۆکتۆبەر لە دوکان کۆبونەوە بە بەشداری سەرکۆمار د.فواد معسوم کە بەغدا ناردبووی، چیتان بڕیاردا، ئاشتی یان جەنگ؟ ئەوەتان بڵاو نەکردەوە کە ( دەبێ نەرمبین و ئاشتیانە کێشەکە چارەسەربکەین ) ؟ بەهەرحاڵ بێ کەهێزی چەکداری بەغدا بێت و هێزی چەکداری ئێوەش لە شارەکەدابێ یەک لە دوو بژاردەتان لەبەردەمدایە: یان بەرەنگار بوونەوە، واتە جەنگ، یان پاشەکشە بۆ ئەوەی تووشی شەڕ نەبن. ئێوە بەدەستی خۆتان، لەوچەند حەفتەی پێشتردا، دۆخێکی وەهاتان دروستکردبوو کە بژاردەی سێهەم لە ئارادانەمینێ. دەبوو لە ڕۆژانی پێشتردا هەوڵی جۆرێ لە ڕێکەوتنتان بدایە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە 1961دا ئەم میللەتەتان ڕاپێچی شەڕێکی درێژخایەنی ماڵوێرانکەر کرد کە هەواڵگری بەریتانیا، بۆ ڕوخاندنی عبدالکریم قاسم، دروستیکردبوو . ئەمجارەش، بەکاریگەری عقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو، خەریک بوون شەڕێکی نوێ بسەپێنن کە ئەنجامەکەی لە دەسدانی ئەو دەسکەوتانەی دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی 1991هاتە دەست. ئەگەر بەتەنگ بەرژەوەندی گشتی ئەم گەلەوە بین دەبێ 16ی ئۆکتۆبەر بەپاشەکشەیەکی پێویست تەماشاکەین کە بۆچارەسەری هەڵە کوشندەگەورەکەی 25ی سەپتەمبەر پێویست بوو .
ئەگەر سەرکردایەتی پارتی 16ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت دەژمێرێ ، هەموو کەس دەزانێ کە ئەوپاشەکشەیە بەس لە کەرکوک نەبوو. دەپرسین ئەی بۆچی پارتی لە شنگال و مخمور و خانەقینیش پاشەکشەی کرد و هیچ جووڵەیەکی نەبوو؟ من بە باشی دەزانم کە جووڵەو بەرەنگاربوونەوەی نەبوو، پێشم وایە کە ئامانج لەم هەڵەشەو بەڵەشە لە ( خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ) تەنها بۆ ئەوە بوو کە سەرنجی ئەم خەڵکە لەسەر 25ی سەپتەمبەر دوور خەنەوە. واتا پرسی 16ی ئۆکتۆبەر داتاشرا بۆ لەبیر بردنەوەی پرسە بنەڕەتیەکەی کێشە کەڵەکە بوەکانی دیکەی هەرێم ، کە هەموو دەستکردی حوکمڕانانی شکستخواردوی 28ساڵی ڕابوردووە.
سەرانی پارتی و یەکێتی ویەکگرتوو بەوعەقلیەتە خێڵەکیانە و کوردایەتی عەمارەپوو بەوەهمی سەربەخویی هەرێم ، هەلێکی مێژوویی زێرنیان لە کیسی ئەم میللەتەدا بۆهەوڵی جێبەجێکردنی مادەی {140} لە دەستور . ئەگەر چکێ لە گیانی شارستانێتی هاوچەرخیان تێدابوایە دەستیان لەکاردەکێشایەوە و داوای لێبوردنیان لە میللەت دەکرد پاش ئەو کارەساتە گەورەیە، بەلام ئەوان دەسەلات بە مولکی تاپۆداری خۆیان دەزانن ، بۆیە دوای کارە سات چڕتڕ لە جاران هەڵبژاردنی پەرلەمانیان تەزویر کردو ‌‌حوکرانیش خێڵەکیانە دامەزرێنرا : باوک کوڕ و برازا بوون بە مەرجیع و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم .
شایانی باسەکە هەموو حزبە بچووکەکانیش، وەکو شیوعی و سۆشالیست و… هتد ، بەشداربون لە پشتگیری لە ڕیفراندۆمدا . لە 3 حیزبەکەی تری ئۆپۆزسیونیش گۆران و کۆمەڵ بە شەرمەوە ئۆپۆزسیون بوون و دوو پات و سێ پاتیان دەکردەوە کە ئەگەر دەنگدان بوو بە {بەڵێ} دەنگدەدەن ،واتە لەریزی حوکمراناندا دەوەستن . تاکە رێخراوێ کە بەروونی و بەتەواوەتی دژی ریفراندۆم بوو هەر نەوەی نوێ بوون، ئەمرۆ حوکڕانان سوارن و میللەت پیادەیە ، بەڵام ئەمە کاتیە و ئەو ڕۆژە دوورنیە کە پێچەوانە بێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت