هەژار نامیق: حاکمی دز …

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمیر کەبیر دەڵێت: ئەگەر من دزیم بکردایە تا خواری خوارەوە هەمووان دەستیان ئەکرد بە دزی و، هەموومان بە دوای دز دەگەڕاین و کەسیشمان دزمان نەدەدۆزیەوە تا وڵات بەرەو وێرانە ئەڕۆشت..
ڕۆژێک دزێک دەگرن و دەڕۆنە لای حەکیمێک پێ دەڵێن: دزێکمان گرتووە چی لێ بکەین؟! ئەویش لە وەڵام دەڵێت: بزانن هۆکاریی دزیەکەی چیە؟ ئەگەر بەهۆی برسێتیەوەیە ئەوە ئەبێت دەستی کاربەدەستی شار و وڵات ببڕدرێت. ئەگەر بەهۆی تێریەوە بێت پێویستە کە دەستی ببڕدرێت.
بۆئەوەی وڵات لە قەیران ڕزگار بکەین پێویستمان بە فەرمانڕەوای دەست پاک هەیە، پێویستمان بە کاربەدەستی لێزان و لێوەشاوە هەیە کەسانی شایستە لە شوێنى شایستە دابنرێت، لە وڵاتێک کە لە سەر بنەمای خزم خزمێنە و حیزب حیزبێنە پلە و پۆست و پێگەکان دابەش دەکرێت هیچ چاوەڕوانیەکی باشی لێ ناکرێت تەنانەت لە ناو حیزبیش کەسانی شایستە لە شوێنى شایستە دانانرێت کێ بتوانێت زۆرترین خۆ نزیک کردنەوەی هەبێت لە کەسانی خاوەن بڕیار ئەوا ئەو کەسانە دادەنرێت (لە وڵاتانی دواکەوتوو).
ئێمە ڕۆژ دوای ڕۆژ گەنج و لاوەکانمان دەڕۆن و سەرگەردان ئەبن، خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەکان بێ ئەهەمیەت ئەکرێن و خوێندن بچووک ئەکرێتەوە تا لێواری ئەوەی لە منداڵێکى 5- 6 ساڵان بپرسە دەلێت: لەم وڵاتە خوێندن سوودى نیە، لەبری گرنگی دان بە قەڵەم چەک برەوی پێ بدرێت و دەیان و سەدان سەرچۆپیکەری خوێنەواریش بۆ پارووە نانێک بێن و بە شان و باڵی خەڵکانی نەخوێنەوار و نەفام هەڵبدەن وڵات بەرەو پێشەوە ناڕوات.
ئەگەر یاسا ڕۆژێک سەروەر بێت و خاوەن دەسەڵاتى ڕەهای خۆی بێت تۆ بڵێیت چەند کەس دەستەکانی ببڕدرێت؟ چەند کەس ملی بە پەتی سێدارەوە بکرێت و چەند کەس بۆ هەتاهەتایە لە زیندانەکان قەتیس بکرێت؟ ئەگەر بمانەوێت ڕۆژێک بێت دەستی دزەکان ببڕین، بمانەوێت ڕۆژێک بێت خەڵکى شایستە لە شوێنى شایستەی خۆی بێ، بمانەوێت هەمووان لە خێر و بێری وڵات سوودمەند بین، بمانەوێت وڵات بەرەو پێش ببەین و گەشەبکەین بمانەوێت گەنج و لاوەکانمان وڵات و نیشتمان جێنەهێڵن ، بمانەوێت چیتر جەرگی دایکەکان نەسوتێت، بمانەوێت چیتر شیرازەی خێزانەکان بەهۆی نەداری و نەبوونى لە بەریەکهەڵنەوەشێت، بمانەوێت خۆشگوزەران و لە ڕەفاهەت بژین پێویستە هۆشیار بین، پێویستمان بە جیلێکى ڕۆشنبیری خوێنەواری ئازا و ئازاد هەیە پێویستمان بە جیلێکى هۆشیار هەیە هەرکاتێک لەبری کافتریا و چاخانەکان لەبری شوێنەکانی ڕابواردن و سەرخۆشکەر خوێندنگە و کتێبخانەکانە پڕبوون لە لاوان دڵنیام ئەو ڕۆژە کۆتایی حاکمە دزەکان دەبێت و سەرەتایەک ئەبێت بۆ بووژانەوە خستنە سەرپێ وڵات و نیشتمان و نەتەوە… هەمیشە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە خوێنەوارەکان ترساون، چونکە بە زانین کۆتایی بە تاریکى دێت لەبری نەفرەت کردن لە تاریکى مۆمێک دادەگیرسێت و وڵات ئاوەدان ئەبێتەوە چیتر دزەکان ناتوانن دزی بکەن ئەگەر هەریەکە لە ئێمە یەک مۆم دابگیرسێنین دڵنیام دزەکان کۆتایان دێت.
بەرەو کۆتایی هێنان بە حاکمە دزەکان یاسایەک هەیە ئەویش ئەوەیە هەموو سەرەتایەک کۆتایی هەیە زۆرن ئەو حاکم و کاربەدەستانەی شەوانە مەست و سەرخۆش بوون و بێئاگابوون لەوەی بەیانی کۆتاییان دێت و ملیان ئەڕواتە پای سێدارە، ئەم وڵاتە پڕی کاربەدەستی دڵسۆز و پاک و باش و لێزان و لێوەشاوە هەیە تەنها پێویستى بە پاڵپشتی خەڵک هەیە چونکە هیچ شتێک لەبەرامبەر شەپۆلی خەڵک ناتوانێت خۆڕاگربێت…
یەکێک لە پاشاکان دەڵێت: لەسەرەتا پێموابوو کە وڵات پێویستى بە وەزیرێکى داناههیە دواتر پێم وابوو لەوانەیە پاشایەکى دانای بووێت بەڵام لە کۆتایی بۆم دەرکەوت کە پێویستە وڵات خەڵکێکى دانا و هۆشیاری هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت