بەیان ئیبراهیم: ژن لە ژینگەی هەورامیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆسیەی ژن و ماف و ئەرکی ژن لە کۆمەڵگادا دۆسیەیەکە زۆرترین هەواڵ و زۆرترین قسەی لە بارەوە دەکرێ و زۆرترین ڕێکخراو و زۆرترین نوسەر قسەی لەبارەوە دەکەن، کەمپین و کۆبونەوە زیاترلە پرسەکە هەیە و لە پەرلەمان یاسای باری کەسێتی و لە هەڵبژاردنەکانیش سیستەمی کۆتا هەیە بۆ ئەوەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا بونی هەبێت، هەمو ئەمانە تا ئێستا لە بوارێکی زۆر کەمدا نەبێت نەیتوانیوە کار لەسەر پرسە هەقیقیەکە بکات، ڕاستە پەرلەمانمان ژنی تێدایە ڕاستە ناوەندەکانی دەستەڵات هەر لە دادەوەریەوە تا جێبەجێکردن و یاسادانان و میدیاوە ژن هەیە، لە ئاستێکی کەمدا کاری زۆر جدی دەکرێت بۆ فایلی پرسی ژن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ئەی بۆ ژن ڕۆژ بە ڕۆژ کوشتن و زەوتکردنی ئازادی و مافیان بەرە و خراپتر دەڕوا، یان بە دیوێکی تردا بە ناوی ئازادیەوە دەکرێتە کاڵا و کەرەستەی مارکێتین و هەراج دەکرێت، هەردوو دیوەکە زەوتکردنی مافی ژن بونە وەک مرۆڤ، دەبێ لە خۆمان بپرسین ئایا ژینگەی کۆمەڵایەتی کە خۆی بۆ ماف و ئەرکی ژن خراپ بێت، ئەم هەوڵانە چی دەگۆڕێ.؟
بە گشتی بونی ئازادی ژن بەستراوە بە ژینگەی ڕۆشنبیری تاکەوە، هەر کات تاکەکانی کۆمەڵگا هوشیاریان گەشتە ئەو ئاستەی کە ژینگەیەکی تەندروست بۆ مافەکان هەبێت ئەو کات دەتوانین بڵێین، ژن وەک مرۆڤ مافی هەیە، خۆ ئەگەر ئەم هوشیاری تاکە بازنەکەی و پێوانەکەی گەورە بێت ئەو کات کۆمەڵگا وەک کارگەیەک بەرهەمهێنی دەستەڵاتێک دەبێت کە حکومەتێک بێت لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بون بەرهەمهێنرا بێت، ئا لێرەوە بەدەر لە سیستەمی نوێی جیهان کە چی بەژن دەکات، بەدەر لە ژینگەی عێراقی کە بۆ ژن چۆنە، جیاواز لە ژنانی ڕۆژئاوا کە مێژووی بەشەریەتیان گۆڕی، ئەگەر بازنەکە بچوک بکەینەوە بۆ باشور لە باشوریشدا بۆ ژینگەی هەورامیان کە چۆن و چەند جیاوازە لە گەڵ ژینگەی دیالەکتیکەکانی تر، ئالێرەوە وەک ناونیشانی دراسەیەکی بچوک خوێندنەوەی بۆ دەکەین:

ژنی هەورامی لە ڕوی ئازادی ماف و ئەرکەوە.
لە ژینگەی کۆمەڵایەتی هەورامیدا ژن ئەگەر لە ئاستی پێویستدا نەبێت لە بوارەکانی ژیاندا ئەوا زۆر جیاوازی نیە و بگرە بە بەراورد بە شوێنەکانی تر ئاستی چالاکی و ماف و ئەرکیان زۆر بەرزترە، بەو پێوەرەی ئەم ژینگەیە ئەگەر چی بە پێی ستانداردی جیهانی بۆ مافەکانی ژن نەیتوانیوە تەواو مافەکان دابین بکات، بەڵام لە ئاست دیالەکتیکی تری کوردیدا زەوت کردن و کوشتن جیاوازیەکی زۆریان هەیە ، بە پێی ئامارەکانی ژن کوشتن کەمترین حاڵەتی کوشتنی ژن لە هەوراماندا تۆمارکراوە، بگرە لە ئاماری ساڵانەدا زۆر ساڵ سفر بوە، ئەمە بەروارد بە ناوچەکانی تر کە سەیری ئامارەکان دەکەیت کوشتنی ژن تیایدا بەرزە، خۆئەگەر بێینە سەر لێدان و تەڵاق و جیابونەوە دیسانەوە هەورامی و هەورامان کەمترین ڕێژەیان هەبوە و بگرە هەر نەبوە، لە دیوێکی تروەوە بەشداری لە ناوەندەکانی دەستەڵاتی کۆمەڵگای مەدەنیدا ژنی هەورامی زۆرترین ئاستی بڕوانامە و ناوەندی ئەکادیمی و ناوەندەکانی دەستەڵات و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا بەشداریەکی بەرچاویان هەیە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیەی کە ژنی هەورامی تیایدا کە دەتوانێ جیاواز تر لە دیالەکتیک و ناوچەکانی تری باشور ئازاد بێت.

ژنی هەورامی و هونەر و ئەدەب.
ئەم ژینگەیە کە تاک تیایدا پاشخانی ڕۆشنبیری بەرامبەر ژن بەرزە دەبێتە هۆیەک بۆ ئەوەی ژن بتوانێت بەشدار بێت لە کایەکانی هونەر و ئەدەبدا، کە هونەر و ئەدەب بە ناسنامەی بەشەریەت و ناسنامەی نەتەوەکان دەناسرێت، ئالێرەوە زۆرترین بواری ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ بەر هەورامیان دەکەوێت، کە زۆر ژنە هەورامی توانیوێتی ببنە بەشێکی گەورە و زیندو لە بواری هونەر و ئەدەب و فەرهەنگدا، تا ئەو ئاستەی هەورامیەکان کەمترین تەشهیر دەکەن بە ژنانی گورانبێژ و شاعیر و وێنەکێش و موزکسازی خۆیان و ژنانی تریش ، کە ئەمە وا دەکات لەم ژینگەیەدا ژن بتوانێت ببێتە بەشێکی زیندوی ئەدەب و هونەری کوردی.

ژنی هەورامی و ئابوری سەربەخۆ
یەکێک لە بنەماکانی ئازادی تاک بونی ئابورییەکی سەربەخۆی خۆیەتی لەم نێوەندەشدا بەشداری کردن لە ژێرخانی ئابوری خێزاندا، لەم ڕوەوە ژنی هەورامی بە گشتی پیشەوەرن و تا ئەو ئاستەی چەند پیشەیەکی تایبەت کە زۆر نادر و دەگمەنە بۆتە کلتور، ئەمە بۆتە یەکێک لە بنەماکانی ئابوری تاکی ژن لای هەورامی، بە گشتی دروستکردنی کڵاش و جلی شاڵ و بەرهەمی خواردەمەنی خۆماڵی کە ژنی هەورامی بەم بەرھەمانە دەبنە باشترین بەرهەمهێن و بەشدارێک لە ئابوری خێزان و کۆمەڵگادا، تا ئەو ڕادەییەی بیری ئابوری هەورامی هێندە بەهێزە ئەو بەرهەمەی بەرهەمی دێنن کەرستەی سەرەتایی دروستکردنی بەرهەمەکانیان بە حوکمی ناوچەی شاخاوی نەبونی لە جوگرافیای خۆیاندا نیە و هاوردەی دەکەن دەیکەن بە پیداویستی ڕۆژانە و دەیخەنە بازاڕەکانەوە، وە ژنی هەوارمی کەمترین
زیادە ڕۆیی لە خەرجیدا دەکەن ، بەرهەماکانیان لە بازاڕدا وەک بە بازاڕکردن باشترین بازاڕی هەیە، ئەم پیشانەی ژن بۆتە هۆکارێک کە ژنی هەورامی ببێتە بەشێک لە ئابوری هەورامی و وەک دیالەکتیک و وەک ئاستی ئابوری نەتەوەی کورد.

ژنی هەورامی و ژینگە دۆستی.
هەورامیان بە گشتی نەک ژینگە دۆستن بەڵکو ژینگە بە بەشێک لە گیان و ڕۆحی خۆیان دەزانن، تا ئەو ئاستەی هەڵکەوتەی جوگرافیان ناوچەی شاخاوی و دارستان و باخە، هێندە گرێدراوی سروشت و ژینگەن گۆرانی نیە جوانی سروشت و خۆشویستنی تێدا نەبێت، ژنی هەورامی ئەگەر بەروارد بکەین بە ژنانی تر لە ڕوی سروشت و گوڵ و باخچەوە ئەوا جیاوازیەکی زۆریان هەیە، هەر لە باخچەی بچوکی ماڵیانەوە تا سەر لوتکەی شاخەکانیان نەک هەر دەستیان هەیە لە جوانترکردن و سەوزترکردنی ژینگەی سروشتی خۆیاندا بەڵکو بەشێکی سەرەکی زیندوی ناو ئەم بوارەن، بە بەراورد بە ناوچەکانی ترکەمترین شاخ و باخ دەسوتێ لە هەوراماندا.

ژنی هەورامی لە ڕووی کۆمەڵایتەیەوە.
لە ئاست یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگا کە خێزانە و لە ئاست پەیوەندییە کۆمەڵایتەییەکانەوە، بە بەراورد بە ناوچەکانی تر پێکھاتەی کۆمەڵایەتیان خێڵگەرایی نیە و کەمترین کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە و تەندروست بونی ژینگەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیان زۆر باشە لە ئاست پەیوەندی ژن و ژنخوازی و خزمایەتی و پەیوەندی شار بۆ شاری تر، بە دیوی دایەکایەتیدا ژنی هەورامی لە پەنای ئەرکی ئابوری و ماڵ و خێزاندا توانیویەتی دایکایەتیەکی گەورە و میهرەبان بونیاد بنێ، خۆ ئەگەر بەشێکی گەورە لە تاوانکردن بەرامبەر بە ژن ژنان خۆیان بن لە بەشەکانی تردا ئەوا وەک دایک لە هەورامان و لای ژنی هەورامیان دایک بەشێکی گەورەیە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لەم بەرهەمەی ژنی هەورامی تێدایە، ئەم ئاشتی کۆمەلایەتی و تەندروستبونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە هۆکارێکە بۆ بوارە گشتیەکە.

ئازادی ئاینی و بەشداری شۆڕش و ژنی هەورامی.
ئەگەر بیرە تیرۆرەکان کە هاوردەن لە هەورامی دەربکەین، ئەگەر بیری توندڕەی ئیسلامی لە بیری هەورامی دەربکەی کە سەپێندراوە، ئەوا لە ژینگەی هەورامیدا پێکەوە ژیانی ئاینەکان تا ئاستی بەرزترین بیری دیموکراتی ڕۆشتوە، لەم پەڕی ڕاستەوە تا ئەو پەڕی چەپ بونی هەبوە لە بەریەککەوتنیادا مناقەشەی جدی هەبوە نەگەشتوەتە بەریەککەوتنی توند لە حالەتی زۆر کەمدا نەبێت، هەمو شێوەکانی ئیسلامی و کاکەیی و شوعی و کۆمۆنیست و تەریقەتەکان بونیان هەبوە، ئەوەی لە مێژوەوە تا ئێستا هەیە بەریەککەوتنی زۆر قورس نەبوە، ژن لەم بواردا هاوکاری ئەم پێکەوەژیان و دروستی و ژینگە یەکی ئازادیی بوە و ڕۆڵی سەرەکی هەبوە.
لە شۆڕشدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری و بەرگری لە مافی نەتەوەیی بەشداریەکی گرنگی شۆڕشیان کردوە، لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا شۆڕشی نوێ، ژنەکان هاوکاری پیاوەکان بون، لە خێزانی پێشمەرگە و هاوکاری شۆڕش لە مێژوەوە تا ئێستا سەدان ژنی ناوداری هەورامی بونی هەیە.
ئا لێرەوە دەتوانین بڵێین ژینگەی گشتی تەندروستی هەورامیان وای کردوە ژن بە بەراورد بە ناوچەکانی تر و دیالەکتیکەکانی تر تا ئاستێکی باش ئازادی و مافی هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت