زاهیر باهیر: ئەوە شکستی ئێمەیە، نەك ئازایەتیی و ڕادەی هۆشیاریی ئەوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو سێ ڕۆژە ڕووبەری فەیسبوك بەو کۆمەڵە کچانەی کە باڵاپۆشی ئیسلامین، داگیرکراوە. هەر یەك لە لایەکەوە پۆستێك دادەنێت و هێڕشدەکاتە سەر خودی کچەکان و هەم ڕێکخراوە ئیسلامییەکە و هاوکاتیش دەسەڵات لە کوردستانا.
من ڕاو بۆچونێکی زۆر جیاوازم لە هەر هەموو ئەو برادەرانە هەیە، من خۆم بەشبەحاڵی خۆم کرێدت دەدەم بە ئیسلامیەکان کە توانیویانە لە سەروی هەزار کچی گەنجەوە باڵاپۆش بکەن، مێشکیان بۆش بکەن، ئاوەزو تیفکرینیان پێ لەدەستبدەن. بەڕاستی من سەرسامی توانا و هەوڵی جددی و تێکۆشانی ئەوانم کە توێژاڵێك لە نیوەی کۆمەڵ کە ئافرەتن و بەبیروباوەڕێك پڕە لە وەهم و ئومێدی ئاسمانیی پاشەڕۆژ و پوچگەرایی، کە تاکە مافێکی ڕەوای بۆ ژنان نەهێڵاوەتەوە و تیایدا نییە، کەچی ئەمان توانیویانە بەو فکرە دژ بە ژنە هەڵیانبخەڵەتێنن، بڕوایان پێبێنن بە فکری خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی ئەم دونیاشیان بۆ ئەو دونیاشیان.
دەبێت ئێمە پێ لە شکستی و نەتوانایی، نەدارایی خۆمان بنێین ، ئێمەی ئەنارکیست و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و چەپ، بێ تواناین، جددی نیین لە گەیاندنی هزرمانا، لە لێدوان و مشتومڕی فکریدا، لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیمانا، ئێمە سیاسەت دەکەین، نەك کۆمەڵایەتی بوونەوە، نەك کاری جەماوەریی، ئێمە خەریکی دەستەگەرین، دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی قوچکەین، لەسەر پرسە ئیدۆلۆجییەکان و چەمکە سیاسییەکان خەریکی دەمەدەمەین. ئێمەین کە بە قسە هیچمان نەهێڵاوەتەوە و، بەڵام بە کرداریش نەك هەر هیچمان پێناکرێت، بەڵکو زۆربەمان پێچەوانەی ئەوە دەکەین کە قسەی لەسەر دەکەین.
گلەیی لە دەسەڵاتدەکەین کە ڕێگایان پێدەدا، هیچ قسەیەك ناکا. باشە ئێمە چیمان دەوێت؟ دەمانەوێت دەسەلات لەسە باڵاپۆشیکردنی خۆیان کە ڕەنگە یا زۆربەیان بە ئازادیی خۆیان ئەمەیان کردبێت، لەسەر هەلگرتنی فکری ئیسلامی، لەسەر ئەوەی کە بە خواستی خۆیان پەیوەندی دەکەن بە ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامییەوە، ڕێگیان لێبگیرێت، هەڵیانواسێت، بیانگرێت و بیانئاخنێتە کونجی بەندیخانەکانەوە و لاقەی جنسیی بکرێن و بکوژرێن؟ ئایا ئەمانە کارێکی ڕەوان؟ ئایا ئەمانە خواستی خەڵکانی شیوعی و سۆشیالیست و ئەنارکیستە کە داوا لە دوژمنەکەی بکات کە خەڵکی لەسەر بۆچون و پۆشین وپەیوەندی سیاسیی بگیرێن، تیرۆربکرێن، دەمیان بدورن؟… من خۆم ئەمانە بەڕاست نازانم.
هاوڕێیان ئەوە مەیدانێکە چەندێك ئەوان دەتوانن ئەسپی خۆیانی تیادا تاودەن وێرای ئەوەی کە ئەوان پارەیان هەیە و ڕەنگە دەسەڵاتدارانیش هاوپشتیان بێت، ئێمەش دەتوانین، خۆ ئەو مەیدانە بۆ ئێمەش هەیە با بەو پانییەش نەبێت کە بۆ ئەوان هەیە ، با ئێمە نەتوانین لە سەرو هەزار ناباڵا پۆشەوە کە تەنها لەچکیان بەسەرەوەیە، ناڵێم بیانکەن بە کۆمۆنیست، سۆشیالیست /ئەنارکیست دەی سەد لەو کچانە قەناعەت پێبکەن تاکو لەچکەکەیان فڕێبدەن.
هیچ لایەنێك لەو لایەنانەی کە ناویانم هێنا 15 ئافرەتیان نییە، دەستانخۆش و پیرۆزتان بێت لایەنە ئیسلامییەکان کە هەزارانتان هەیە.
ئێمە سەدیەکێکی شیوعییەکانمان پێناکرێت کە لە کاتێکدا پارتی دوو ئافرەتیان هەبوو ناهیدە شێخ سەلام و مارگرێت، بەڵام ئەوان بە هەزارانیان هەبوو بە دەیەهایان لە بەندیخانەکان بوون و دینەمۆی حیزبی شیوعی بوون ، ئەوان بە هەڵسوکەوتی جوان و مامەڵەی باشیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان ئەو هەموو ژنانەیان کردبووە شیوعی، نەك بە هۆی زۆر خوێندنەوەیان و خوێندەواریان، ئەوان شیوعییەتیان لە سیاسەت دەرکردبوو کردبوویانە خەباتی مەیدانیانە، جەماوەرییانە. ڕاستە ئەو زەمانە گۆڕاوە، بەڵام هاوکاتیش بەو بارەشدا کە لە بەرژەوەندی ئێمەشە هەر گۆراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت