لوقمان مصطفی صالح: دەسەڵاتی دادوەری.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ 16- 02- 2021 دادگای تاوانی هەولێر/1 بەپێی مادەی یەكەم لە قانونی ژمارە 21 ساڵی 2003 واتە( سیخوری )کردن سزای زیندانی سەپاند بەسەر پێنج کەسی ڕاگیراوی بادینان بۆ ماوەی شەش ساڵ.
لەسەر زاری پارێزەرە بەرێزەکانیانەوە رایان گەیاند کە ھیچ بەڵگەیەکی مەڵموس نەبوە بۆ سزادانیان کەچی سزادران.!
داواکاری گشتیش ڕۆڵ و ھەڵوێستی سکاڵاکاری بینیوە..!!
ئەم بریار ە ناڕەوایە دەرحەق بە ڕۆڵەکانی نیشتیمان لەگەڵ ئەوەی نارەوایە و بەئاشکرا فشاری حیزبی پێوەدیارە، دەسەڵاتی دادوەریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.!!
1- ھەروەک ئاشکرایە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی و بەھێزی سیستەمی سیاسی ھەر وڵاتێکە، کەلەسەر بنەمای دیموکراسییەت دامەزرابێت، بەھیچ جۆرێک ناکرێت و نابێت دەستێوەردان بکرێت لەم دامەزراوە گرنگەی دەوڵەت، بەڵام مەخابن کە دەسەڵاتی حیزبی وحکومی ئەم دامەزراوە باڵایەیان بەشێوەیەک بچوک کردۆتەوە شکۆ وھەیبەتیان بۆ نەھێشتۆتەوە، بەتەواوی باڵادەستبوونی لۆژیکی ھێز، دامەزراوەی دادوەری لەکوردستاندا شەرمەزار کردووە.
مەبەست لەسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری بەومانایەیە کەھیچ لایەنێکی سیاسی یان کارگێڕی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوحۆ بۆی نییە دەست وەربداتە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەری، یان بەھەرشێوەیەک کاریگەری ھەبێت وھیچ کەسێک یا دەزگایەک لە دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ھەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بێت، نابێت دەست وەربداتە کاروباری دادگاکان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەکان لەکاتی حوکم وبڕیارداندا .
ئاخر لەکوێی دنیادا بووە پێش بڕیاری دادگا سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تۆمەتبارەکانی بەجاسوس ناو زەندکرد.!
2- دەستوری عێراق جەخت لەپرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە، وەک لەمادەی 87 ی دەستورەکەدا ھاتوە: “دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە ‌ودادگاکان بەڕێوەدەبەن بەجیاوازی جۆر و پلەکانیەوە و بڕیارەکان بەگوێرەی یاسا دەردەچن”… ھەروەھا لەمادەی 88ی ھەمان دەستوردا داھاتووە “دادوەرەکان سەربەخۆن و جگە لەیاسا لەژێر رکێڤی ھیچ دەسەڵاتێکی تردا نین و نابێت ھیچ دەسەڵاتێک دەستبخاتە کاروباری دەسەڵاتی دادوەرییەوە”.
ئەوەی کەدەستوری عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە تەنھا مورەکەبی سەر کاغەزە! بەتایبەتی لەھەرێمی کوردستان بەقسە یاسا سەروەرە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی تەواوی ھەیە، بەڵام بەداخەوە بەکردار پێچەوانەکەی ڕاستە، زۆرێک لە نمونە و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەیە کەئەوە دەسەلمێنن کەدەسەڵاتی دادوەری لەھەرێمی کوردستان چەندە شەرمنە و دەستەمۆی دەسەڵاتی حیزبی و تەنانەت دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشە، کاتێک کەکەسێکی ئاسایی تۆمەتبار دەکرێت و پەلکێشی دادگا دەکرێت خوا و خۆی و کەلبچەکەی دەستی نەبێت کەسی لەپشت نییە، بەڵام بەرپرسێک ئەگەر زات بکرێت بانگھێشتی دادگای بکەن ئەوە بەمەراسیمێک دەیھێنن زۆرجار خودی دادوەر تووشی شۆک دەبێت سەری سوڕدەمێنێت !
ئەگەر دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارەی دادگای تاوانەکانی هەولێر/1 لەدژی دەست گیراوانی بادینان پەسەند بکات، ئەوە سەربەخۆیی دادوەری بەتەواوی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، رۆڵ و متمانەی خۆیشی لەدەست دەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت