بورهان شێخ ڕەئوف: ناکۆکیەکانى تورکیاو ئەمریکا لەسەردەمى بایدندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەفتەى پێشوو وتارێکم نووسى دەربارەى هەوڵەکانى تورکیا بۆ سفرکردنەوەو چارەسەرکردنى کێشەکانى خۆى دەگەڵ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا، وا ئێستاش هەوڵدەدەم باسى ناکۆکیەکانى نێوان تورکیاو ئەمریکا و گرنگى ڕۆڵ و پێگەى تورکیا بۆ ئەمریکا بکەم.
لە دواى دەستبەکاربوونى سەرۆک جۆزیف بایدن لە 20/1/2021 ، بۆیەکەم جار لە 2/2/2021 پەیوەندییەکى تەلەفونى لە نێوان هەردوو گەورە ڕاوێژکارانى سەرۆکى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و جۆزیف بایدن سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کرا، بەمەبەستى سووککردنى ناکۆکى و ململانێکانى نێوانیان، وادیارە ئەمە هەوڵ و هەنگاوێکە بۆ ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان، ئیدى نازانرێت شانسى سەرکەوتنى تا چەندە؟
وەکو باس دەکرێت ڕاوێژکار ى باڵاى سیاسەتى دەرەوەى ئەردۆگان ( ئیبراهیم کالن ) لە گەڵ ڕوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکا ( جیک سولیفان ) کێشەکانى تایبەت بە سوریاو لیبیا و ڕۆژهەڵاتى دەریای سپى ناوەڕاست و قوبرس و هەرێمى ناگۆرنۆ کەرەباخیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەى ئاژانسى ئەنازۆڵ (کالین ) بە بەرپرسە ئەمریکیەکەى ڕاگەیاندووە کە ئەوان خوازیارن هەموو تواناکان بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو بۆ هەموو کێشەو ناکۆکیەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیا کە بە پلەى یەکەم خۆى لە کڕینى سیستمى S400 ڕوسى دەبینێتەوە لەلایەن تورکیاوە و کێشەى پلەدوویش یارمەتى کۆمەکیەکانى ئەمریکایە بۆ هێزە کوردییەکانى ( هەسەدە )لە باکورو ڕۆژهەڵاتى سوریا.
لەلاى خۆیشیانەوە کۆشکى سپى لە بەیانێکدا ڕایانگەیاند کە (جیک سولیفان ) پێداگیرى کردووە کە ئیدارەى بایدن خوازیارى پەیوەندییەکى دروست و هاوسەنگە لە گەڵ تورکیاو لە هەمانکاتیشدا ئاماژەى بە خاڵە ناکۆک و جیاوازییەکان کردووە ، هەروەها ئەوەشى پێڕاگەیاندوون کە سەرۆک بایدن و ئیدارەکەى خوازیارى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى زەریاى ئەتڵەسین لە ڕێگەى هاوپەیمانى ئەتڵەسیەوە، لە هامانکاتیشدا نیگەرانى خۆیانى پیشانداوە لە کڕینى ڕۆکێتى زەمین بە ئاسمانى ڕوسى لە لایەن تورکیاوە کە دەبێتە هۆى لاوازى و دروستبوونى درز لە یەکگرتوویى هاوپەیمانى ناتۆ.
ڕوون و ئاشکرایە ئەم پەیوەندى و سەلام و کەلامە لە کاتێکدا دێت کە نیگەرانى و ساردى و سڕییەک لە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵاتدا هاتبووە ئاراوە دواى دەستبەکاربوونى سەرۆک بایدن، بە تایبەتى کەلە ماوەى ڕابردوودا هەندێک ئاماژەى نیگەتیف لە سەر پەیوەندییەکانى ئەمریکاوە تورکیا و دەبینرا کەلە واشنتۆنەوە ئاڕاستە دەکرا ، ئەنقەرەیان بە سەرچاوەى نیگەرانیەکى هاوبەش دادەنا بۆ ئەوروپاو ئەمریکا.

بابەتى ناکۆکیە سەرەکیەکانى ئەمریکاو تورکیا:
1- سیستمى بەرگرى ڕۆکێتى S400 ڕوسى
کڕینى سیستمى ڕۆکێتى بەرگرى ڕوسى دژ بە ڕۆکێتى بالیستى و فڕۆکە دیارترین خاڵى ناکۆکى نێوان دوو وڵاتە، تا کار گەیشتە ئەوەى ئەمریکا تورکیا دەربکات لە بەرنامەى دروستکردنى فڕۆکە ( F35 ).
ئەمریکا دەبێژێت کڕینى ئەم سیستمە بەرگرییە ڕوسیەلەلایەن تورکیاوە، سەرپێچى سزاکانى ئەمریکایە لەسەر ڕوسیا، تورکیاش دەبێژێت کڕینى ئەم سیستمە پێش دەرکردنى ئەو یاساو سزانەى ئەمریکا بووە بەسەر ڕوسیادا کڕراوە.
لە هەمانکاتدا ئەمریکیەکان پێیان وایە کڕینى سیستمى بەرگرى ڕوسى هەڕەشەیە بۆ سەربەرنامەى فڕۆکەى f35 ئەمریکى، دەبێتە هۆى گواستنەوەى زانیارى سەربازى و ئاسایش و هەستیارو بۆ ڕوسیا.
لەبەرامبەر ئەم وتە و لێدوانانەى ئەمریکادا ئەنقەرەش دەڵێن ئەم سیستمە ڕوسیە جیا دەکەینەوە و دوورى دەخەینەوە لە سیستمى ناتۆ و فڕۆکەى F35 نایەڵین بەریەککەوتن ڕوبدات لە نێوانیاندا، لەلایەکى تریشەوە تورکیا دەبێژێت یۆنانى دراوسێمان کە ئەویش ئەندامى پەیمانى ناتۆیە خاوەنى سیستمى بەرگرى S300 ڕوسیە کەنەوەیەکى کۆنترى ئەم سیستمەى ڕوسیە کە تازە تورکیا کڕیوویەتى کەچى ئەمریکیەکان بۆ ئەوان دەنگ ناکەن و هیچ نیگەرانیەکیان نیە.
هەربۆیە تورکیا پێشنیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى تەکنیکى دەکات بۆ باسکردنى ئەم بابەتە، ئەنقەرە دەبێژێت ناچار بووە ئەم سیستمە ڕوسیە بکڕێت لەبەرئەوەى وڵاتانى ڕۆژئاوا قایل نەبوون سیستمى بەرگرى پێشکەوتوومان پێ بفرۆشن، هەروەکو لە سەردەمى ئۆبامادا ڕویدا داخوازی کڕینى سیستمى پاتریۆتى ئەمریکى ڕەتکردەوە کە ئەمە سەرۆک ترەمپیش دانى پێدانا.
تاکار گەیشتە ئەوەى وڵاتە ڕۆژئاواییەکانى سیستمى پاتریۆتەکانیان لە تورکیا بکشێننەوە لە کاتى ڕودانى کێشە لە نێوان ڕوسیا و تورکیادا و لە کاتى دەستوەردانى تورکیا لە سوریادا ، تا ئەوەى فڕۆکە ڕوسیەکان ئاسمانى تورکیا ببەزێنن، دواتر فڕۆکەیەکەیەکى ڕوسیا خرایە خوارەوە لەلایەن تورکیاوە.
جیاوازى گەورەى نێوان تورکیا و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى نزیک بوونەوەى تورکیایە لە ڕوسیا، لە کاتێکدا تورکیا هۆکارى نزیک بوونەوەى لە ڕوسیا دەگەڕێنێتەوە بۆ نائومێد بوونى لە کۆمەک و هاریکارى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى بۆ دەستوەردانەکانى لە سوریا لەکاتێکدا دەڵێن ئێمە دەستوەردانەکانمان بە ئاگادارى و هەماهەنگى لە گەڵ ئەوان بووە.
هۆکارێکى ترى نزیک بوونەوەى تورکیا لە ڕوسیا هەڵوێستى لاوازو نیگەتیفى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیى لە کودەتا سەربازییەکەى ساڵى 2016 بوو لە بەرامبەر هەڵوێستى ڕوون و دژبە کودەتاکە بوو لەلایەن ڕوسیاوە.
لێرەدا دەبێت باسى ئەوەش بکەین کە نزیک بوونەوەى ڕوسیا و تورکیا هۆکارى سەرەکى ڕەخنەوە نیگەرانى ئەمریکاو ئەوروپاییەکانە لە سیاسەتەکانى ئەردۆگان، بەڵام لە شوێنەکانى ترى وەکو لیبیا و سوریا و دەریاى ڕەش و قەوقاز و ئۆکرانیا ئەنقەرە تاکە ڕکابەرى ڕوسیایە.
2- هەڵوێست لەسەر قەیرانى سوریا ناکۆکى لە سەر ئەدلب و هەسەدە
خاڵێکى زۆر گەورەو سەختى ناکۆکى لە هەڵوێستدا لە نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى و تورکیادا دەستوەردانى تورکیایە لە باکورو ڕۆژهەڵاتى تورکیادا کە هێزە کوردییەکانى ( هەسەدە) دەیبەن بەڕێوە، لەبەرامبەردا ئەمریکاو ناتۆ پشتیوانى دەستوەردانى ئەنقەرە لە ئەدلب دەکەن، کە تورکیا ئەمە بە دوو ڕوویى دەزانێت، پاساوى تورکیا ئەوەیە کە هێزەکانى هەسەدە بەشێکن لە پارتى کرێکارانى کوردستان کە لەلیستى تیرۆرى ئەمریکاو تورکیادان ، هێزە کوردیەکان و پەیەدەش ئەمە بە وردو درشتیەوە ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بە هێزێکى سەربەخۆو ئازاد دەزانن و شەڕى تیرۆرو داعشیان کردووە و لە سەردەستى هەسەدە داعش لە سوریا شکستى هێناو پایتەختەکەیان ڕەقە ڕزگار کرا.
لەدوا پاساویاندا ئەنقەرە هۆکارى پەلاماردانەکانیان بۆ ڕۆژئاواى کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ پابەند نەبوونى هەسەدە بەو ڕێککەوتنەى کەلەگەڵ ئەمریکیەکان کردوویانە تورکیا، بە دوورکەوتنەوە لە سنورەکانى تورکیا بۆ پاراستنى ئاسایشى تورکیا، لە کاتێکدا لە دەساڵى ڕابردودا لە سنورى هەسەدەوە هیچ هێرش وپەلامارێک نەکراوەتە سەر سنورەکانى تورکیا.

3- لیبیا
هەرچەندە لیبیا خاڵێکى زۆر گرنگ و مەبەستى ناکۆکى تورکیا و ئەمریکا نیە هێندەى ئەمریکا خوازیارى ئەوەیە ڕۆڵى جەنراڵ خەلیفە حەفتەر لە قاڵب بدات چونکە دۆست و هاوپەیمانى ڕوسیایە و دژبە ئەجنداى ئەمریکایە، هەڵوێستى ئەمریکا زۆر ڕوون نیە لە مەڕ لیبیا ، بەڵکو ڕەخنە گرتن و سەرکۆنەکردنى هەڵوێستى ڕوسیایە زیاتر.
4- فەلەستین
بابەتێکى ترى ناکۆکى نێوان ئەردۆگان و ترەمپ مەسەلەى فەلەستین بوو ن بە تایبەتى کە ترەمپ ئەندازیارو عەرابى سەوداى سەدە بوو ، ئەردۆگانیش دژى بوو کۆنگرەى لوتکەى وڵاتانى هاریکارى ئیسلامى بەست لە پێناو قودسدا، جگە لە پەیوەندییەکانى لە گەڵ بزوتنەوەى حەماس لە غەزە، لێرەدا بە پێویستى دەزانم ئەوەبڵێم سەرەڕاى ئەم هەڵوێست و لێدوانانەى ئەردۆگان کەچى تورکیا پەیوەندى دیبلۆماسى و بازرگانى گەورەى لە گەڵ ئیسرائیل هەیە و بۆخۆى بە حەلاڵى دەزانێت بەڵام بۆ وڵاتانى تر بە حەرامى دەزانێت!
5- ئێران
لە مەسەلەى ئێرانیشدا هەڵوێست و کارو کردەوەو لێداوانەکانى ئەمریکا وتورکیا تەمومژاوى فرە جیاوازو ئاڵۆزە ، چونکە ئێران وتورکیا دوو وڵاتى ڕکابەرى ئیقلیمى و دراوسێ ی یەکترن، سەرنج بدەن تورکیا پشتیوانى شۆڕشى سوریا بوو ئێران پشتیوان حکومەتى ئەسەد و دژبە شۆڕش بوو ن سەرەڕای ئەمەش ئەم دوو وڵاتە توانیان پەیوەندییەکانى خۆیان بپارێزن لەهەمانکاتدا ڕکابەر و هاوکارى یەکتریش بن.
لە لایەکى تریشەوە تورکیا دژى هەڵکشان و فشارى ئەمریکابوو بۆ سەر ئێران لە هەمانکاتیشدا پابەند بوو بە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەرچەند ڕایگەیاندبوو کە دژى ئەو سزایانەشە.
6- یۆنان
ناکۆکى سنورى دەریایى نێوان تورکیا و یۆنان بابەتێکى ترى ناکۆکی تورکیا وبەشێک لە وڵاتانى ئەوروپایە بە تایبەتى فەرەنسا، ئەمریکا زۆر توند نیە لەم بابەتەدا بەڵام لە یۆنان نزیکترە.
بەڵام گوتارى میدیایى خۆرئاوا وا وێنەى دەکات کە تورکیا دەستدرێژى دەکاتە سەر یۆنان .
بوارێک ماوە بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکالنى تورکیاو ئەمریکا ؟
سەرۆک بایدن بەڵێنى ئەوەى داوە کە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لە گەڵ هەموو وڵاتان چێ بکاتەوە، لە گەڵ تورکیاشدا بوار هەیە سەرەڕاى ئەوەى لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا لێدوان و قسەى بەرزو نزمى زۆر کرا، ئەردۆگانیش تا دوا ساتەکان لە گەڵ تروەمپ لە پەیوەندییەکى نایابدا بوو.
سەرەڕاى هەموو ئەوانەش بوونى ناکۆکى زۆر لە نێوان هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا و تورکیا ،بەڵام چۆنیەتى ئیدارەدانى پەبیوەندییەکانى ڕۆژئاوا بە گشتى و تورکیا گرنگیەکى ئیستراتیجى زۆرى هەیە لەبەر ئەم هۆکارانە:
1- تورکیا هاوپەیمانێکى گرنگى ڕۆژئاوایە لەبەرئەوى خاوەنى گەورەترین سوپایە لە ناتۆدا دواى ئەمریکا.
2- پێگەى جوگرانى لە نێوان ئاسیاو ئەوروپا والێکردووە کەناوچەیەکى جیاکەرەوەى گرنگ بێت نەک بۆ ڕۆژهەڵاتى دوور، بەڵکو بەرگرتن بە فراوانخوازى ڕوسیاش.
3- پشتیوانێکى گرنگى هاوپەیمانى ناتۆ بوولە شەڕى ئەفغانستان و شەڕى دژبە تیرۆر.
بەڵام سیاسەتەکانى بۆ بنیاتنانى ئابورى سەربەخۆ واشنتۆنى نیگەران کردووە.
لە کۆتایی ئەم باسەدا
دەکرێت بپرسین ئایا فشارى زیاترى سەرۆک بایدن لە ئەردۆگان لە ئەمریکاى نزیک دەکاتەوە یان پاڵى پێوە دەنێت بەرەو مۆسکۆ بڕوات، یان زیاتر هەنگاوى سەربەخۆ دەنێت بەرەو دەریاى سپى ناوەڕاست و دەستوەردانەکانى لە وڵاتانى ناوچەکە زیاتردەکات. بەڵام ئەوەى ڕوونە بایدن لە چوارچێوەى پەیوەندییە دیبلۆماسیە کلاسیکیەکاندا هەڵسوکەوت لەگەڵ تورکیا دەکات، نەک بە پەیوەندى کەسێتى و تایبەتى وەکو سەردەمى ترەمپ.
لە چوار ساڵى ڕابردوودا ئەمرێکا زۆرێک لە دۆست و هاوپەیمانەکانى لە دەستدا ن بۆیە بایدن لە هەوڵە ڕاستکردنەوەى هەڵەکانى ترەمپ دایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت