دانا مەنمی: ئایا مرۆڤ كائینێكی ئەخلاقی سیاسییە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەت و ئەخلاق یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە مێژووی فکر و فەلسەفەی سياسيدا پانتاییەکی فراوانی داگيرکردووە، بەشێک لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان پێکەوە گرێداوە بەشێکی تریش لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان لێکجیاکردووەتەوە، ئەرستۆ تاليس دەڵێت: مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سياسيە. کەواتە سياسەت دياردەیەکی مرۆییە و مرۆڤ ناتوانێت سياسەت نەکات، سیاسەت بووەتە پێویستی ژیان بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا، لەبەرامبەردا فەيلەسوفی ئەڵمانی ئيمانويل کانت پێی وایە کە مرۆڤ کائينێکی ئەخلاقيە. دیارە مەبەستی کانت لە تێزەکەیدا ئەوەیە کە مرۆڤ کائينێکی ئازادە و دەتوانێت لە نێوان کاری باش و کاری خەراپ، یەکێکيان بە ئيرادەی خۆی هەڵبژێرێت، کەواتە مرۆڤ کائینێکی ئازادەو یەکێک لە مەرجەکانی ئەخلاق بريتييە لە ئيرادەی ئازاد، ئێستا ئەتوانین بڵێین لە مرۆڤدا سیاسەت و ئەخلاق وجودیان هەیە و لە پەیوەندی دەرەوەی خۆی و ناوەوەی خۆیدایە.
ئەوەی پێویستە بپرسین ئەوەیە ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن؟! زانستی سیاسەت هاوشێوەی زانستە مرۆییەکانی تر پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ سیاسەت نییە، چونکە سیاسەت لەکات و لە شوێن و لە قۆناغێکەوە بۆ کاتێک و شوێنێک و قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت، بەڵام سیاسەت و زانستی سیاسەت دوو بابەتی جیاوازن و لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی هەیە، سياسەت پراکتيکە و زانستی سياسەتیش تيۆرە، سیاسەت لە واقیع دا مومارەسە دەکرێت، بەڵام زانستی سياسەت هەوڵدانە بۆ تەفسير و تێگەيشتن لەو دياردەیە، یەکێک لە پێناسەکانی زانستی سیاسەت بۆ سیاسەت بریتی یە لە (هونەری بەڕێوەبردن ) لێرەدا سياسەت دەبەسترێتەوە بە بوونی دەزگاکانی دەوڵەت و دەستور و سەروەری یاسا کۆمەڵێک ئۆرگانی دەوڵەتی.
با بێینەوە سەروەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن؟! ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، بەڵام لەڕوانگەی میکیاڤێلییەوە ئەخلاق و سیاست هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە، تێزی میکیاڤێلی بۆسیاسەت و ئەخلاق ئەوەیە كە هیچ شتێ سیاسەتمەدار پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و مانەوە پەنا بۆ هەموو تەکنیکێکی فێڵ و تەنانەت درۆش دەبردرێت. ئیمانوێڵ کانت لەبارەی ئەخلاق و سیاسەت دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت بەرەوای دەبینی بۆ خەڵکیش بەرەوای ببینە. کانت پێی وایە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت.
چەمکی ئەخلاقیش لە کۆمەڵێک بەها و چاکە یان کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی کە ڕەفتاری مرۆڤ ڕێکدەخەن، چەمک و فەلسەفەی ئەخلاقیش وەکو سیاسەت لە کۆمەڵگایەک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، ئیمانوێڵ کانت پێی وایە کە بەها ئەخلاقی و یاسا ئەخلاقيەکان کۆمەڵێک یاسای بابەتی و رەها و گشتين، لە هەموو سەردەم و لە هەموو شوێنێک بەها ئەخلاقيەکان ئامادەگی هەیە ولە ناو ناچن ، کەواتە مادام ئەخلاق دەبەسترێتەوە بە بەهاکان و بەهاکانیش لە لقە فەلسەفییەکاندا بەتایبەت ئاکسیۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاقی تێدا ڕوون کراوەتەوە، لای ئەرستۆ بەختەوەری بريتييە لە چاکەی باڵا و بەختەوەریش دەبەستێتەوە بە حیکمەت و حیکمەتیش باڵاترین فەزیلەتە، واتە دۆخێکی عەقلانی و فەلسەفيە، هەموو ئەم تیۆرانە کە پێشتر باسمان کرد قسە و باسێکی زیاتری دەوێت، بەڵام لێرەدا تەنها کورتەیەکمان لەبارەیانەوە باس کرد تا بەرچاو ڕوونیەکمان هەبێت لە بارەی سیاسەت و ئەخلاق، ئەگەر نا ئەم بابەتە و ئەو چەمک و تێزانەی دەکەونە ناو ئەم تیۆرانەوە بمانەوێت هەقی خۆیانی بدەينێ پێويستی بە نووسين و کتێبی تايبەت هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت