لوقمان مصطفی صالح: بەرەو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای خۆپیشاندانەکانی ئەکتۆبەری ساڵی 2019 لەعێراق، پرسی یاسای ھەڵبژاردن وگۆڕینی سیستەمی ھەڵبژاردن وەک داواکاری خۆپیشاندەران خزێنرایە نێو میدیاکان و بووە قسەی زاری زۆرێک لەئەندامانی ھێز ولایەنە سیاسییەکان و چالاکەوانی خۆپێشاندەران، بەدەستێوەردانی ووڵاتانی دراوسێ و بۆ بەڕێلابردنی داوای رەوای خۆپێشاندەران، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە خۆپیشاندران، لەئەنجامی کەڵەکەبوونی ڕق و کینەی چەند ساڵەیان بەرانبەر بەدەسەڵاتی عێراق و لەدژی گەندەڵی و نەبوونی خەزمەتگوزاری ھاتنە سەرشەقام و داوای مافە بنەڕەتییکانیان ئەکرد، لەچوارچێوەی پێداچوونەوەی چاکسازی لەو شێوازە دەسەڵاتدارییەی کەلەبری پێشکەوتن و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی، گەندەڵی و نەھامەتی و وێرانەیی لێ بەرھەم ھات. ھەر بۆیە ھەڵبژاردنی پێش وەختە بووە دیفاکتۆ، کەوا بڕیارە ھەڵبژارنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەنراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەداوە کە پاشگەزبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و پڕۆسەکەیش لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت.
ھەروەھا داواشی لەو ھاووڵاتییانەی کە مافی دەنگدادنیان ھەیە کردووە کە بەرلە 15ی ئەم مانگە، سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن و داتاکانیان نوێ بکەنەوە.
لە مانگی ئاداری رابردووداشدا رایگەیاندبوو، 30ی ھاوپەیمانی کە لە 250 پارت پێکھاتوون، پەسەندکراون بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا بکەن.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ھەروەھا ڕاشی گەیاند، کە 25 ملیۆن و 139 ھەزار و 375 دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی داھاتوودا، بەڕێوەبچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکانێکی زۆر لە نێو خۆپێشاندانەکانی عێراق داوای ھەڵوەشاندنەوە و نەھێشتنی پەرلەمانیان دەکرد.! ئەم توێژە گەر زۆرتر نەبن کەمترنین کەبایکۆتی دەنگدان دەکەن.! گەورەترین تەحدای بەردە سەرجەم حیزبەکانی عێراقە بە کوردستانیشەوە ئەوەیە کە ئەو خەڵکە ناڕازیە لەدەسەڵات قەناعەت پێبکەیی و بیانھێنیتە سەر صندوقەکانی دەگدان.!
ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبکرێت و رێژەی پێویست و ستاندارد بە دەست نەیەت، ئەوە بەراستی کارەسات دەبێت لە دوای روخانی دیکتاتۆریەت.! وە بەداخەوە ئەگەرێکی بەھێزیشە کە نیەت لێی نەمان و ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە.! بێگومان گەڕانەوەی سیستەمی سەرۆکاتەتی جێی دەگرێتەوە.!کە دیارە لێرەشدا شیعە سودمەندی یەکەمە کورد و سونەش زەرەرمەندەگەورەکەن.!
بێگومان ئەمەش دەرەنجامی ئەو گەندەڵیە یە کەلە عێراقدا بونی ھەیە،بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش پێویست بە دروستبوونی کۆدەنگی سیاسیانە دەكات كە دەبێت بەرژەوەندی بنیاتنانی دەوڵەت بخەنە پێشچاویانەوە، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی و هیچ دامەزراوەیەكی تری چاودێری و دادوەری بەسەر گەندەڵیدا سەرناكەون بێ هەوڵی هەمووان، ئەگەرنا باڵادەستی گەندەڵكاران زیاتر دەبێت و عێراق بەرەو نادیار هەنگاو دەنێت و لە داڕوخانی ئێجگاری نزیک دەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت