شنیار ئەنوەر: هەژاری هەرگیز نابێتە هۆی خۆ کوشتن، بەڵکو بێ هیوایی هۆکارە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک بیستم کیژان ئەو کچە نۆزدە ساڵە خۆی خنکاندوە، بۆ ساتێک هەستم کرد تەواوی ئێسقانەکانی گیانم وردەبن!
من ئەزمونی چەندین ساڵ کاری توێژەری کۆمەڵایەتی و کاری رێکخراوەییم هەیە، ئەزانم تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بەردەوام لە ژێر فشاردان بە کور و بە کچەوە، بەڵام چونکە کچان کەمترین دەرفەتییان هەیە فشارەکانی سەریان زیاترە و ئەگەر هۆشیارییان نەبێت ئەوا بە زویی کۆتایی بەژیانی خۆیان ئەهێنن.
بێ هیوابوون و نەدۆزینەوەی رێگای رزگاری پەیوەندی بە هەژاری و بێ پارەییەوە نییە، بەڵکو خۆکوشتن لوتکەی نەمانی هیوا یە، کە بەداخەوە نە خێزانەکان و نە قوتابخانەکان و نە میدیا کار لەسەر دروستکردنی هۆشیاری و بنیاتنانی تاکی بەهێز ناکەن، بەڵکو هەموان بێ هیوایی بڵاو دەکەنەوە و ئیرادەی مرۆڤی ئێمە دەشکێنن.
ئەم خۆکوشتنانە بەرهەمی پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەن کە مرۆڤ توشی بێ هیوایی و ئیرادە شکان دەکەن، لە بری خۆشویستنی ژیان و کۆڵنەدان فێرییان دەکەن بە دۆخی خۆیان رازی بن و وەک قیسمەت و ویستی خودا ئەو ژیانە گولە مەرگییە و سوکایەتییە قبوڵ بکەن، لە بری ئەوەی پشتیبگرن و یارمەتیبدەن ژیانێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
بیستم کە هاوسەرەکەی ڕۆژێک بەر لەئاهەنگی گواستنەوە لێیداوە. دوای پێنج مانگ لەهاوسەرگیری بەهەمان شێوە.
بۆ ساتێک بیرمکردوە بۆچی دەنگی هەڵنەبڕی پێش ئەوەی دەستی بچێتە خۆی؟ بۆ داوای هاوکاریی نەکرد؟ یان هاواریی کردوەو کەس پشتگیری نەکردوە! یان جارێکی تر لەبەر لۆمەو عەیبەی کۆمەڵایەتی کەس نەبو پشتگیری بکات تا کۆتای بەو هاوسەرگیریە بێنێت. ئاخر قورسترین و نالەبارترین شت، کەرامەت شکاندنە. بەڵام بۆ لەبری بیرکردنەوە لە خۆکوشتن ڕوبەری زەحمەتیەکان نابنەوە؟
لەماوەی زیاتر هەشتساڵ کارکردنم هەم وەک توێژەری کۆمەڵایەتی و هەمیش کارکردن لەپرسی ژندا، یەک شت کە هەمو کات بەو ژنانەم نەوتەوە کەڕووبەرووی توندوتیژی ئەبونەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە: وا بکە ئەگەر یەکەم جار هاوسەرەکەت دەستی لێبەرزکردیتەوە، ئەوا چاوەڕێ بکە تا ئەو جارە ببێتە دەیان جاریی تر. ئەگەر هەمو دکتۆرو محامی و توێژەر هەوڵبەن ئەمە چارەسەرییە بکەن ناتوان ئەگەر بێتو خۆت نەڵێیت STOP بەسە.
چیرۆکی کچێکی ترم لەیاد ناچێت هاتەلام و وتی “هاوسەرەکەم و خەسوم زۆریان بۆهێنام پێم وتن کە “ خۆم ئەسوتێنم” بەڵام باوەڕیان پێنەکردم“ پێیان وتم بیکە”. ئەویش وتی بەڵێ گڕم لەخۆم بەردا، ڕاستە نەمردم، بەڵام ئێستا تێگەیشتم کە هەڵەبوم لەبری ئەوە دەبو ڕوبەروریان بومایەتەوە.
روبەروبوەوە پێویستی بە هۆشیاری و هیوای یە، چونکە دوژمنەکانی ژیان و ژن لەکۆمەڵگەی ئێمە دا بەهێزن، دەبێت تاکەکانی ئێمەش بە جۆرە چەکێک روبەرویان ببنەوە کە ئەستەم بێت راگرتنی، چەکی هۆشیاری و هیوا کە لە سایەی تەکنەلۆژیان لە ماڵەکانی خۆتانەوە ئەتوانن دەستان بە دونیا بگات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت