دەیڤید میلیباند: سەردەمی دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان و هەروەها چۆنیەتی جەنگان لە دژی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: حەسەن ڕازانی.
سەرۆک جۆ بایدن ڕاست و ڕەوان بوو دەربارەی گەورەیی و قەبارەی ئەو تەحەداو بەرەنگارییەی کە هەم حکومەتەکەی خۆی و هەم حکومەتە دیموکڕاتیەکانی تر ڕووبەڕووی دەبنەوە لە سەردەمی هەڵکشانی سەرکوتگەریدا. لە یەکەمین کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی کۆشکی سپی دا بایدن ووتی: “ئەوە شەڕێکە لە نێوان سوودی دێموکڕاسی لە سەدەی بیست و یەک دا و سیستەمی سەرکوتگەریدایە.” هەروەها ووتی: هەر ئەمەشە کە ئەمرۆ بووەتە بابەت و پرسیار. بۆیە دەبێ بیسەلمێنین کە دێموکڕاسی سەردەگرێت.
بەهاکان هاتنەوە گۆڕێ نەک هەر لە ئاستی ناوخۆییدا، ئیدارەی بایدن ئێستا زۆرتر جەخت دەکاتە سەر پارێزگاری لە مافەکانی مڕۆڤ لە جیهاندا، کە چین و ڕووسیا لەخۆدەگرێت. ئەو دەیەوێت پێویستییە مڕۆییەکان بخزێنێتە ناو ستراتیجی سەربازی و پاڵپشتی ئەمەریکاشی بۆ سعودیە کشاندۆتەوە لە هێرشی هاوپەیمانان کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات بۆسەرحوسیە یاخیەکانی یەمەن. کە ئێستا ئەوێ بووەتە گەورەترین مەیدانی قەیرانی مڕۆیی لە جیهاندا. ئەو دەیەوێت کە ئەمەریکا پابەند بێت بە ئیلتیزاماتە یاسایی و ئەخلاقییەکانیەوە و هەروەها هەندێک مافیشی گێڕاونەتەوە بۆ داواکارانی پەناهیندەیی.
بۆ هەموو ئەوە، هۆی باش هەن بۆ ئەوەی پێی بزانرێت. پابەندبوونی سەرۆکی پێشوو، دۆناڵد تڕەمپ، بە گرێبەستەکانەوە نەک بە بەهاکانەوە، سیستەمی سەرکوتگەری لە ئاستی جیهاندا زەق کردەوە. کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە شەڕەکاندا هیچ مەسەلە نەبوون بۆ تڕەمپ. وە نە ئەو کۆچ بەرانەش کە لە ماڵەکانی خۆیانیاندا وەدەر دەنران و وە نە ئەو ڕۆنامەنووسانەش کە لە وەڵاتەکانیاندا دەخرانە زیندانەوە بۆ تڕەمپ مەسەلە بوون. هەرچۆنێک بێت، تەجروبەی دوان لە تازەترین سەرۆکەکانی پێش بایدن بە ڕوونی دەری دەخا کە بانگەواز بۆ پشتگیری لە بەهاکان نابێتە هۆی ئەوەی کە وایان لێبکات ئەو بەهایانە بڵاوببنەوە.
سەرۆک جۆرج بۆش لە دووەمین مەراسیمی سەرۆکایەتیەکەیدا ڕایگەیاند و ووتی:” مانەوەی ئازادی لە خاکی ئێمەدا بە شێوەیەک زۆر پەیوەستە بە سەرکەوتنی ئازادی لە خاکی تر”. بۆیە ئیدارەکەی ئەو دەستی دایە پشتگیری هەڵبژاردنی دێموکڕاتیانە لە جیهاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی قسەی” ماڵی ئازادیی” کە بەدواداچوون دەکا بۆ دێموکڕاسی دەڵێ ساڵی 2005 ساڵێکی وا بوو کە دێموکڕاسیەتی بۆ چەندین ساڵ گێڕایەوە دواوە.
لە لای خۆشیەوە، باراک ئۆباما ئەنجومەنێکی دامەزراند بۆ فەزع کردن و وەستاندنی هەموو جۆرە لەناوبردنێکی کۆمەڵکووژی. وە ئەمەی کردە بناخەی ئاساییشی نیشتیمانی و کاکڵەی بەرژەوەندیەکان و بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەڕەنگێزەکانی سوریاو باشووری سۆدان دەکەونە ئەو شوێنانەوە کە ناکەونە بەر سزادان لە لایەن ئەو کۆمیتەیەی واشنتۆنەوە.
هەوڵەکانی بۆش و ئۆباما بێ سوودو دەستکەوت نەبوون، بەڵام ئەو بەربەست و ڕێگریانەیان دەرخستن کە دەهاتنە سەر ڕێی بڵاوکردنەوەی بەهاکانی دێموکڕاتی لیبرالی. هەوڵەکانی بۆش زۆر قەبەو گشتی و سادە دەردەکەوتن و ئەوانەی ئۆباماش تەنکۆکڕاتی و ئامانج و سنوور بۆ دانراو بوون.
جەنگان لە دژی” دەربازبوون لە سزای تاوان”، توانای ئەو کەسانەی کە تاوان دەکەن بێ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە، هەروەها لێپێچینەوەو بەرپرسیارکردن، ئەجیندایەکی زیاتر کرداری و هەمەلایەنە دەبێت بە بەراورد بەو هەوڵانەی پێشتر، لە هێنانی بەهاکان بۆ ناو سیاسەتی دەرەوە. وا پێویست دەکا کە بایدن بەهێزکردن و گرنگیدان بە مەسەلەی “بەرپرسیاریی کردن” بکاتە بابەتی سەرۆکایەتیەکەی. ئەمە ڕێک بە شێوەیەکی سرووشتی دەگونجێت لەگەڵ بەڵێن و پەیمانەکەی بە ” بەهێزکردن و پشتگیری دێموکڕاسی لەناوخۆی وەڵاتدا”. جا بۆ ئەوەی لە بۆش و ئۆباما زیاتر دەسکەوتی هەبێ، پێویستە بایدن هاوپەیمانییەک پێک بێنێت لە حکومەتەکان و کەرتی تایبەتی و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ دەمەزراندنی هێزێکی بە تواناو بەرابەر لە دژی هێزەکانی” دەربازبوون لە سزای تاوان”.

هەڵکشانی ئاستی دیاردەی دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان!
ئەمڕۆ لە تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانی جیهاندا، دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” تاوانبار وەک بەرزەکەی بانان بۆی دەردەچێ و پیاسە دەکا. جا ئەوە سعودیەی عەڕەبی بێت کە بۆمبایەک بەسەر پاسێکی پڕ لە خوێندکاردا بەردەداتەوە لە یەمەن یاخود سەرۆک بەشارئەسەدو پێڕەکەی بێت کە بنکەکانی تەندرووستی لە سوریا دەکەنە ئامانج. لێرەدا هەم حکومەتەکان و هەم ئەو گرووپ و دەستە یاخیانەش کەسەر بەوانن پێشێلی یاساو ڕێسای نێودەوڵەتی دەکەن و هەردووک لاشیان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن. وە هەردووک لاش هەم لە سزا دەرباز دەبن و هەم بەرپرسیاریش ناکرێن لەسەر تاوانەکان. ئەو ساڕوخ و تۆپانەی کە دەهاویژرێن و فڕکان فڕکانیان دێت لە نێوانی ئیسڕائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و خەڵکیش دەبێ پێشوازییان لێ بکات نموونەیەکی هەرێ تازەو زیندووە لەو بارەوە.
لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە لە سزای تاوان”، ژمارەی مردنی خەڵکی مەدەنی و ماڵ و حاڵ پێ چۆڵکردنیش بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوە دەڕوات. بە پێی زانیارییەکانی پڕۆژەی : ” زانیاری لەسەر شوێنی کێشەی چەکداریی و ڕووداوەکان” ساڵانە لە نێوانی 2016 وە تا 2020 هەموو ساڵێک بە ڕێژەی 37 هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی و سیڤیل کوژراوە. ئەم ڕێژەیە دوو ئەوەندەو نیو زیاترە بە بەراورد لەگەڵ پێنج ساڵی پێشتر و دە ئەوەندەش زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی 2005 تا ساڵی 2009. هەروەها زانیارییەکان دەری دەخەن کە 79.5 ملیۆن کەس لە خەڵکی مەدەنی لە ماڵ و حاڵیان دەرپەڕێنراوون کە هۆیەکەی تەنها شەڕو پێکدادانی چەکداریی بووە. هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە تەندرووستییەکانیش لە زیادبووندایە. تەنانەت لە دوای ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاساییشی نێو دەوڵەتیش لە ساڵی 2016 دا بڕیاری ئیدانەکردنی هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندرووستییەکانی دەرکرد ، زیاتر لە 2 هەزار هێرش کراوەتە سەر ئەو دامەزراوە تەندرووستیانە لە سەرتاسەری جیهاندا. تەنانەت لە ماوەی ئەو پەتای کۆڕۆنەشدا زیاتر کرێکارو فەرمانبەری تەندرووستی و نەخۆش کوژراوون لە ساڵی 2020 دا بە بەراورد وەک لە ساڵی 2019 دا. لە هەمان کاتدا ، کوشتنی بە کۆمەڵی هەندێک ڕەگەزو تیرەو کرێکارانی بەشی تەندرووستی و فریاگوزریش هەر بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

جەنگان لە دژی ” دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” لە ناوچەکانی شەڕ ئەرکێکی هەم یاسایی و هەم ئەخلاقی یە!
جەنگان لە دژی” دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” لە ناوچەکانی شەڕئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقیشە، چونکە مافەکانی خەڵکی مەدەنی لە دەستوورو یاساو بریاری نەتەوەیەکگرتووەکان دا جێگیرکراوە. بەڵام ئەوانەی کە ئەو یاسایانە پێشێل دەکەن لە لایەن جۆرێک لە یاساو سیستەم پشتگیری دەکرێن و لە بەرپرسیاریەتی خۆ دەبوێرن. بۆ نموونە: یاساکانی تێوەگلانی سەربازی زاڵ دەبێت بەسەر یاسای هاوکاری مڕۆیی دا، هاوپەیمانە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ترو جیاواز ئەندامەکانیان دەبینن کاتێک پێشێلی یاساکان دەکەن، هەروەها پێشێلیەکانیان بۆ دەگونجێنن لەگەڵ سەروەری خاک و نیشتیمان . ئەوەش وا دەکا کە بۆیان داپۆشن و بیان پارێزن لە لێکۆڵینەوەو چاودێری کردنی نێودەوڵەتی. لە ساڵی 1998 دا دادوەری فەرەنسی لویس جۆینێت یاسایەکی چوار خاڵی داڕشت بۆ ڕێگری کردن لە دەربازبوونی تاوانبار لە سزای تاوان. کە بریتیبوو لە: مافی زانین دەربارەی تاوانەکان و پێشێلکارییەکان، ماف لە دادپەروەریدا، مافی قەرەبووکردنەوە، هەروەها مافی دووبارە نەکردنەوەی ئەو تاوان و پێشێلکارییانە. ئێستا هەموو ئەو چوار پڕنسیبانە لە ژێرهەڕەشەدان. حکومەتەکان ناهێڵن ڕۆژنامەنووسان بچنە بەرەکانی جەنگەوە و ڕووماڵی بکەن. ناهێڵن ئەنتەرنێت کار بکاو دەیکوژێننەوە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ژێرپرسیارو ڕەخنەدایە.

قەرەبووکردنەوەو دووبارە نەکردنەوەی تاوانەکان بوونەتە شتێکی خەیاڵی.
ئیدارەی بایدن پێشنیاری بەستنی کۆبوونەوەی لوتکەی دەوڵەت و سیستەمە دێموکڕاسییەکانی کرد. وا پێویست دەکا کە بەرنامەو ئەجیندای ئەو کۆبوونەوەیە و دوای ئەوەش، چۆنیەتی چەنگان بێت لە دژی “دەربازبووون و ڕاکردن لە سزای تاوان”. بایدن و تیمەکەی وا پێویست دەکا کە ڕابەرایەتی هەوڵ و تێکۆشانێکی ڕێکخراو و گشتگیر بکا کە نەک هەر پێک هاتبێت لە دەوڵەتە دێموکڕاسییەکان و ڕای گشتی، بەڵک و لەوەش واوەتر بڕوات لە دژی ئەو ڕێکخراو و دەوڵەت و سیستەمانەی کە لە پشتی دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاو دەوەستن. ئەگەر ئەو کارە بە شێوەیەکی ڕاست ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەو هەوڵانە دەبنە درووست بوونی یەک بازنەی بەهێزو دیار کە لە ناویا ترس لە بەرپرسیارێتی گەشە دەکاو ئەو سیستەمانەش کە تاوانباران گل دەدەنەوەو بۆیان دەپۆشن دەکەونە ژێر فشار. وە هەموو ئەو کەلتوورانەش کە پێشێلکاری ئەنجام دەدەن ڕووەو گۆڕان هەنگاو دەنێن.

هێزی پێچەوانە!
چوارچێوەیەکی بەهێز لە بیرکردنەوەی درووست بۆ دژایەتی کردنی” دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” ئەوەیە کە لە بواری ئابووریەوە سەرچاوە بگرێت. جۆن کەنیث لە کتێبەکەیدا بە ناوی سەرمایەداری ئەمەریکا: چەمکی “هێزی پێچەوانە” کە لە ساڵی 1952 نووسیویەتی بابەتێکی گرنگی هێناوەتە گۆڕێ کە بریتیە لە سزادانی گەورە سەرمایەدارانی ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانییەوە کە بەشێوەیەک بێت لە بەرژەوەندی خێزانی کارگەردا بێت لە ڕووی ئابورییەوە. بۆ ئەوەی ئەمەریکیەکان سوود لە دامەزراوە و کارگە زەبەلاحە سەرمایەدارییەکان وەربگرن بە بێ ئەوەی ببنە قوربانی یاریکردن بە نرخەکان وا پێویست بوو کە هێزی پێچەوانە هەبێت. ئەمەش بۆ ڕاگرتنی باڵانس و پاراستنی مافەکانی بەکارهینەرو کرێکار بوو. ئەم هێزی پێچەوانەیە بریتیبوو لە دابیکرن و پاراستنی لانیکەمی کرێ و پشتگیری دەوڵەتی فیدڕاڵ لە نرخ و رێکخستنی نرخ بۆ جوتیاران کاری لە پێشینەی دەوڵەت بوو.
ئەمڕۆ لە سەر ئاستی جیهانیدا پێویستیمان بە “هێزی پێچەوانە “هەیە لە پێناو دامەزراندنی سیستەم و کەلتووورێکی وا کە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بتوانێت لەبەرامبەر دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” بجەنگێ. لەو شوێنەی دا کە دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” لە ژێر سایەی نهێنیگەریدا ئیدامە بە بوونی خۆی دەدا، هەر لەو شوێنەدا “هێزی پێچەوانەش” کە پێویستی بە شەفافیەت و ئاشکرایی هەیە دەردەکەوێت و گەشە دەکا. لەو شوێنەیەیدا کە دیاردەی” ڕاکردن لە سزای تاوان” داوای خۆشاردنەوەو پەنهانی دەکا ، ئەوا “هێزی پێچەوانەش” خۆی دەردەخاو خەڵک دەیبینێت. لەو شوێنەیدا کە دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” گوێ ناداتە بانگەشەو داواکاریەکان بۆ بەرپرسیارێتی و بەدەست تێوەردانی بێگانەی لێک دەداتەوە، ئەوا هەر لەو شوێنەدا “هیزی پێچەوانە” بە پشتبەستن بە یاساو بڕیارو دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت خۆی بێنێتە مەیان و ڕۆلی هەبێ.

ئەوانەی کە لە شەڕەکاندا خەڵکی بێ چەک و سیڤیل دەکوژن، نابێ بە بێ سزا بتوانن بۆی دەرباز بن.!!
ئەوانەی کە خەڵکی سیڤیل و بێ چەک لە کاتی شەڕەکاندا دەکووژن، ماڵ و حاڵیان بەسەردا دەرووخێنن، بنکەو شوێنە تەندرووستیەکانیان بۆمباران دەک، خەڵکەکە تێکەوە دەپێچن و پێشخۆیان دەدەن و دەیان کووژن، هەر لەبەر ئەوەی کە لە ڕەگەزێکی ترن، قەت نابێ ئەو تاوانبارانە بە بێ سزا بۆی دەرباز بن. ئەو جۆرە تاوانانە دەبێ ببنە میحوەری هەڵمەتی دژایەتی کردنی دیاردەی “دەربازبوونی تاوانبار لە سزای تاوان”. ئەگەر بەهانەو پاساو بهێنرێتەوە بۆ کوشتنی خەڵکی سیڤیل و مەدەنی لە زۆن و ناوچەکانی شەڕو پێکدادانی سەربازیدا، وە خەڵکی مەدەنی نەپارێزرێت لە ناوچەکانی شەڕدا، ئەدی چ هیوایەک دەمێنێت بۆ پاراستنیان لە کاتێکی تری ناخۆشتردا؟ بۆ نموونە لە شوێنێکدا کە کێشەی ڕەسمی و دەوڵەتی لە گۆڕێ نەبێت، یان لە شوێنێکدا کە یاسای شەڕو جەنگ کەمتر گوێی پێ بدرێت، یان لە شوێنێکدا کە یاساکانی هاوکاری مرۆیی نێو دەوڵەتی کەمتر گرنگیان پێ درابێت،؟ خەڵکی سیڤیل و مەدەنی مافیان هەیە تەنانەت لە کاتی کێشەو قەیران و جەنگ و شەڕیشدا. بۆیە بوونی “هێزی پێچەوانە” پێویست دەکات هەبێ بۆ ئەوەی ئەو مافانە حسابیان بۆ بکرێت و گرنگیان پی بدرێت.

هاوپەیمانیەتی پێویست
جەنگاوەرەکان لە شوێن و کاتی کێشەکاندا هەست بە ئازادییەکی زۆر دەکەن لە گوێ نەدان بە مافەکانی خەڵکی سیڤیل و بێچەک. لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی سزایەکی قورسی سیاسی و ئابووری و یاسایی ناکرێنەوە کە لەسەریان بکەوێت. بۆیە گۆڕینی ئەو حیسابەی کە بۆیان کردووە لە پێناو گۆڕینی هەڵوێستیان کردار پێویستە. نەک هەر لە لایەن حکومەتەکانی ترەوە، بەڵک و لە لایەن هەردووک کەرتی گشتی و تایبەتی و هەروەها لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنیشەوە. دەبێت بەدەنگەوە هاتنەکە فرە لایەنە بێت، یان وەک پاسکاڵ لامی، بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراوی بازرگانی نێو دەوڵەتی، دەڵێت: دەبێت هاوپەیمانیەتیەکە فرە جەمسەر بێت. واتە هێزی حکومەت، کەرتی تایبەت و فشاری کۆمەڵگای مەدەنی بۆ دەرچواندنی پەیماننامەی بازرگانی سەربازی یاخود دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوانەکان پێویستە. هەر وەک ئەوەی کە بۆ سەرۆکی پێشووی یوغسلافیا درووست کرا. بۆیە هەر سێک لەو توخمانەی سەرەوە پێویستن بۆ ئەوەی هێزی پێچەوانە لە دژی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” کاری خۆی بکات.
شتێکی خۆشە کە دەبیسین ئیدارەکەی بایدن بەڵێن دەدا کە لە گەڵ سەروەریی یاسادا بێت. بەڵێنێکە کە لە ماڵێ وە دەست پێ دەکات. وەڵاتانێک کە دەیانەوێت دیاردەی “دەربازبوون و خۆ دزینەوە لە سزای تاوان” کەم بکەنەوەو تا ڕاددەیەک تەوقی بکەن، دەبێت ئاستی بەرپرسیاریەتییان لەگەڵ ستانداردی جیهانی دا بێتەوە. جا ئەوە لە ناو ماڵی خۆیان دا بێت و پەیڕەویی لە سەروەری یاسا بکەن یاخود لە ئاستی دەرەوەدا بێت لە ڕێی لێکۆڵینەوەو بە دواداچوونە سەربەخۆکان دەربارەی پێشێلکارییەکان. بە هاتنەوەیان لەگەڵ ئەو ستانداردە جیهانیانە خۆیان دەتوانن سەکۆیەک دابمەزرێنن بۆ بە یەکەوە بوون و پێشێلکارەکانیش بەرپرسیار بکەن.
لەم هەوڵ و تێکۆشانەدا، چەندین ئامڕاز هەن بۆ ئەمەریکاو هاوبەشەکانی کە تا ئێستا بە کار نەهاتوون. بۆ نموونە: لێکۆڵینەوەو بە دواداچوونەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا دەربارەی تاوانەکانی جەنگ بە ڕاستی ئەنجام نەدراوە. لە ڕووی ژمارەوە بەدواداچوونەکان زۆر کەمن، جەخت ناکرێتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی درووست ناگەنە کۆتایی. لەو بارەوە نیو یۆڕک تایمز و لێکۆڵەرەوە سەربەخۆکان لە وێنەی بێڵینگ کات و ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مڕۆڤ زۆرتر و باشتر لە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلکاریەکان و تاوانەکانی جەنگیان پیشان داوە بۆ دنیا.
ڕەنگە هەندێک بڵێن ڕووسیا مافی ڤیتۆ بەکار دێنێت لە بەرامبەر هەر بەدواداچونێک لەسەر تاواناکانی جەنگ لە سوریا کە زۆر خەتەر بن . بەڵام تا ئێستا ڕوسیا باجی ئەو ڕێگرییانەی بە تەواوی نەداوە. بۆیە هەتا ڕوسیا بە تەواوی باجی ڕێگرییەکانی نەدا ، مۆسکۆ پێی وادەبێ کە کە دەوڵەتەکانی تر زۆر گوێ بەم مەسەلانە نادەن. بۆ شوێنەکانی تریش ئەمە وە ڕاست دەگەڕێ. بۆ نموونە لە یەمەندا کە بە ڕابەرایەتی سعودیە هێرشەکان بەڕێوە دەبرێن و تا ئەم لەحزەیەش ئەمەریکا خۆشی لە ناو کێشەکەدا بووە و چەندین تاوان و پێشێلکاری جەنگی ئەنجام دراوون لە لایەن هەردووک بەرەی حوسیەکان و سعودیەکانیش لە یەک کات دا.
بۆیە ئەوانەی کە دەیانەوێت کۆتایی بە “خۆ دزینەوەو ڕاکردن لە سزای تاوان بێنن”، پێویستە پشتگیری لە هەوڵ و تێکۆشانە یاساییەکان بکەن بۆ ئەوەی تاوانباران بەرپرسیار بکرێن. بۆ نموونە ئەڵمانیا: ڕێگای داوە کە بەڵگەکان کۆبکرێنەوە لە لایەن ڕێکخراوە نا حکومییەکان و هەر وەها لە لایەن پەناهیندەو کۆچبەرە سورییەکان بۆ ئەوەی ئەو بەڵگانە لە دادگا بەکار بهێنرێن لە دژی سوریاو هێزەکانی سەر بە سوریا. ئەوە هەنگاوێکی باشە بەرەو پێشەوە. هەروەها پێویستە لە گەڵ ئەو کارانەشدا سزاکانی هاوشێوەی بڕیاری ماگنیتسکی بسەپێنرێن بەسەر تاوانباران دا.
یەکێکی تر لە ئامڕازەکانی جەنگان لە دژی” دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” بریتییە لە پەیوەندیی سەربازیی ، مەشقی سەربازیی، هاوپەیمانی سەربازیی لەگەڵ وەڵاتە دۆستەکان دا. دەستگرتن بە یاساکانی هاوکاری مڕۆیی نێودەوڵەتی دەبێ ببێتە بنچینەی ئەو جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ یەکتردا. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی کۆمیتەی نێو دەوڵەتی سەر بە مانگی سوور ئاماژەی بە گرنگی ئەو جۆرە پەیوەندییانە داوەو لە شوێنێکیشدا بە “پەیوەندی پشتگیری” ناوی دەبا بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل و مەدەنی. خەڵکی تێگەییشتووی سووپای ئەمەریکا لە گرنگی ئەو جۆرە پەیوەندییانە تێدەگەن لە هەردووک ڕووی کرداری ومەبدەئییەوە. هەر بۆیەش تووشی شۆک دەبوون لە جۆر و شێوەی ئیدارەدانی ترەمپ بۆ جەنگ.
بەهەرحاڵ، حکومەتەکان کەسیان بە تەنیا ناتوانن لەبەرامبەر “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” بجەنگن. دەبێ کەرتی تایبەتی بە تەواوی نفوزو تواناو بەرپرسیارییەتیەوە بێتە ناو موعادەلەکەوە. هەرلەو بارەشەوە دەبێ تەواوی کارگەکانی چەک و خاوەنەکانیان و ئەوانەش کە بە پارە بەشدارن لەو چەک درووستکردنەدا، کە دەزانن چەکەکانیان لە کوشتنی مەدەنی و سیڤیل دا بەکاردەهێنرێن، دەبێ بێنە دەنگ و ناڕەزایەتی دەربڕن. هەروەها هەموو ئەو کۆمپانیایانە کە بیمە دەدەن بە کەل و پەلەکانی جەنگ، دەبێ ئەوانیش بێنە دەنگ کە دەبینن و دەبیسن ئەو کەل و پەلانە لە کوشتن و وێرانکردنی مەدەنیدا بەکاردێن، هەروەها کارەکانیان تەبا نییە لە گەڵ ستانداردی هاوکاری مڕۆیی جیهانی، دەبێ پرسیار لە خۆیان بکەن وە بڵێن : ئایا ئێمە بۆچی و لە پێناوی جیدا وا دەکەین؟
کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجی و میدیاو ڕاگەیاندنیش پەرپرسیاریەتیەکی تایبەتی و گەورەیان دەکەوێتە سەرشان. لەبەر ئەوەی خەفەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی زانیارییەکان هەلێکی گەورە دەدا بەو سیستەمانەی کە لە پشتی سیاسەتی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” دا وەستاوون. هەر بۆیەش ئێستا لەسەرتاسەری جیهاندا لە بەرەکانی جەنگدا و شوێنەکانی کێشە لەسەر، خەفەکردن و کپکردنێکی میدیایی لەسەر زانیارییە کاریگەرەکان بۆتە عادەت و وە بە بێ جیاوازی بەڕێوە دەبرێت. ئەو جۆرە کارانە بۆی هەیە فشاریکی سیاسی لە گۆڕێ دا بێت بەڵام دیسان ئەم کارە پێویستی بە کارامەیی و شارەزایی باری میدییایی و تەکنۆلۆجیەوە هەیە کە ڕێگە بە گواستنەوەی بەڵگەکان بدرێت بۆ دەرەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان.
کۆمپانیا گەورەو زەبەلاحەکان وایان لێ دەکرێت کە تەنها ئاماژەیەکی ڕەمزیانە بکەن. بۆ بە لاڕێدابردن و داپۆشینی زانیارییەکان و ئاماژەی ڕەمزیانە بەڵاو پەتایەک هەیە. بۆ نموونە لە ساڵی 2019 دا زۆرێک لە کۆمپانیاکان بریاریان دا کە بایکۆتی ئەوکۆنفرانسە بکەن کە لە سعودیە بەسترا بە ناوی” داڤۆس لە بیابان دا” ئەو کۆنفرانسە دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامنووسی سعودیە جەمال خاشقچی تیرۆر کرا. بەڵام هەمان ئەو کۆمپانیایانە هەر بۆساڵی دوایی بەشدارییان کرد، هەرچەندە بەڵگەی زۆرتریش کۆکرابوونەوە لە تێوەگلانی سعودیە بە ڕەسمی لە وێرانی کردن و کوشتاردا. جا بۆ ئەوەی لە کاتی بەشداری کەرتی تایبەتی لە جەنگان لە دژی “دەربازبوون لە سزای تاوان” کاریگەری هەبێ، دەنێ ئەو ڕۆڵەی بەردەوام و کاریگەر بێت. ئەوەش بەو مانایە دێت کە دەبێ کارگەو بەرهەم هێنەرانی کەل و پەلی سەربازی وا لێ بکرێن کە ئەوەی ئەوان دەیکەن مافەکانی خاوەنداریتی تایبەتی پێشێل دەکات و وەڵاتیش بەرەو وێرانی دەبات.
پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دژی دیاردەی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” کارێکی سەختە. جا ئەگەر بەهاکان سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێکبێنن ،هەروەک کە بایدن بەڵێنی دا، ئەوە ئەو کاتە دەبێ پاراستنی گیانی هاووەڵاتیان لەبەرەکانی جەنگ دەبێ ببێتە کاکڵەو چەقی پێناسەی ئیدارەی بایدن.
تاقیکردنەوەیەکی باشتر نییە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ ئەمەریکا پاشەکشەی کردووە یان ڕووبەڕووی “دەربازبوون و ڕاکردن لە سزای تاوان” دەبێتەوە. ئەوەش پێویستی بە بڕیاردان هەیە لە درووستکردنی “هێزی پێچەوانە” ، پارچە بە پارچە، سێکتەر بە سێکتەر، کێشە بە کێشە و مەسەلە بە مەسەلە . یاسای تازە پێویست ناکات. ئەو یاساو بریارانەی کە دەرکراوون لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەو بارەوەو بۆ ئەو مەبەستە بەسن. بۆیە تەنها پێویستیان بە جێبەجێ کردن هەیە.

سەرچاوە – فۆرین ئەفێرس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت