ھوشیار ئەحمەدی: لاپەڕێ لە مێژووی بە ئیسلام کردنی خەڵکی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

“لەشەکانیان لە گوندی بێساران ناشتن، سەرەکانیان لە چیای کاڵیسەر”

“بێساران” ئاواییەکی گەورەی ناوچەی ژاوەرۆی مەریوانە و “کاڵیسەر”یش چیایەکی بەرزی برای شاھۆیە بەڵام ئاوایی “بۆڕیەر” ی لە باوش گرتووە.
ئەم دوو ناوە، بێساران و کاڵیسەر دوو ناون وەک شایەت لە تاوانێکی تری دووانەی ئیسلام_عەرەب. بەڵام ئەمانەش وەک زۆر تاوان و ڕووداوی مێژوویی دیکە دژ بە کورد، بە ھەر ھۆیەکەوە بووە، نە تۆمار کراون، نە بە بەرینیش باسیان لێوە کراوە.
راستییەکەی ئەوەیە بێساران ، “بێسەران”ە، بەڵام “کاڵیسەر” نەگۆڕدراوە. وەک لە سروشت و ھەڵکەوتەکەیا دیارە، ئاوایی بێساران لە بۆ داگیرکاری ئاسان نەبووە، وەک زۆر شوێنیتری کوردستان و ھەورامان، بە ھەزاران چەتەی عەرەبی ئیسلامی لە ژێر ناوی ئەسحابەدا لە نیشتمانە جوانەکەی ئێمە کوژراون و لە گۆڕ نراون.
کە ئەچنە ناوچەی ژاوەرۆ، یەک لەو شوێنانەی زۆر بەرەنگاریی ئەو چەتە داگیرکەرانەی کردووە، خەڵکی ئەو شوێنە بووە کە ئێستا ناوی بێسارانە، بەڵام دیار نیە ئەوکات چ ناوێکی بووە، یان ئایا ھەر دێیەکی تایبەت لەو جێگەیەی بێساران بووە یان نا.
پاش شەڕ و بەرەنگارییەکی زۆر، ئەو شوێنە گەمارۆ ئەدرێ و سەرئەنجام ئەوەی ئەکوژرێ، ئەکوژرێ و باقییەکەیان بە دیل ئەگیرێن. بەڵام ئەو ھێزانەی وەک پاڵەوان لەوێ شەڕیان کردووە، ئەکەونە بەر ڕقی مەشھور و دڕندانەی عەرەبە چەتە ئیسلامییەکانەوە(داعشە کۆنەکان). ئەوەندە ڕق لە دڵ ئەبن بەرامبەر ئەو خۆڕاگرییەی جەنگاوەرەکانی ئەو ناوچەیە نواندوویانە، تەنانەت واز لە تەرمەکانیشیان ناھێنن.
بۆیە راست داعش ئاسا سەرەکانیان لێ ئەکەنەوە، تەرمە بێسەرەکان لەو شوێنەی ئێستا ناوی نراوە”بێساران” ئەنێنە چاڵ و سەرەکانیان ئەدەن بە کۆڵ کۆمەڵێ کچ و ژنی بەدیل گیرەوا (کچ و دایک و خوشک و ژنی جەنگاوەرە کوژراوە کوردەکان) و تا ئەو چیایەی ناوی “کاڵیسەر”ە و لەوێ سەرە بێ تەرمەکان ئەنێنە چاڵ.
جا بۆیە ناوی بێساران لە ڕاستییا “بێسەران”ە و بە واتای شوێنی نێژرانی تەرمە بێسەرەکانە. ناوی کاڵیسەریش بە واتای شوێنی “سەرە کێڵراوەکان”ە. ئاخر لە ھەورامییا “کێڵان” ئەبێتە “کاڵان” ، بۆیە کاڵیسەر واتە ئەو شوێنەی سەرەکانی لێ کێڵراوە.
_تێبینی ١)_ناوی بێسارانیش وەک ناوی زۆر شوێنیتر، دەیان روانگە و بۆچوونی جیاجیا لەسەری ھەس، بەڵام ئەمەیان بە زۆر ھۆ، کەمتر باسی لێوە کراوە و بگرە ھەر خەڵکیش، بەتایبەت نەسڵی لاوان ئاگاداری ئەم چیرۆکە نین.
_تێبینی٢)_دڵنیام ئێستا کۆمەڵێ ھاوڕێ دێن و ئێژن کوا سەرچاوە؟ لە کوێ نووسراوە؟ کێ باسی کردووە؟ بەڵام راستییەکە ئەوەیە، کورد لە مێژوونووسین و تۆماری رابردووی پڕچیرۆک و بەسەرھات و داگیرکراوی و کۆمەڵکوژی و…ی خۆیا راست وەک ئێستا ھەر کۆڵەوار بووە. ئەوەنیە ئێستاش بەو ھەموو قوربانیدانەوە، بەو ھەموو تاوانانەوە دژمان کراوە، بە بوونی ھەزاران چیرۆکی تاوان دژی ئێزەدییەکان، ھەزاران پاڵەوانەتی پێشمەرگە و گریلا دزی داعشی خوێنمژ، کەچی فارسەکان دێن و بە کلیپێکی چەند خولەکی تیرۆریستێکی پاسدارمان (قاسم قیمە)لێ ئەکەنە ڕزگاریدەر و ئێژن ئێمە نەبوایاین کورد لەناو چووبوو!
بۆیە ھەزاران تاوانی داگیرکاریی داگیرکەرانی جۆراوجۆر دژ بە کورد ، ھەروا بزر بوون و کەس باسی نەکردوون و کەس نەینووسیونەوە، سەرئەنجامیش وەک ئەوەی ھەر نەبووبن، فەوتاون و لەبیرکراون.

وێنە: دیمەنێ لە ئاوایی دڵگیری بێساران

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت