نەبەز جەلال: بەنزینی پێنج سەت دیناری!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەمووان دەزانین کە سەرچاوە گرنگەکانی پارە پەیداکردن و دەوڵەمەندبوونی جیھانی، جۆری بازرگانیکردنە بە « چەک، دەرمان، گۆشت، سوتەمەنی، گواستنەوەی پارە و سپیکردنەوە، ماددەی ھۆشبەر، جگەرە، ماددە کحولییەکان، سێکس، گەشتوگوزار، گازینۆکانی قومار، و پەیوەندی و گەیاندن». لەم کارانەشەوە سەرتاسەری دونیایان بە ناڕاستەوخۆ و بێ ویستی مرۆڤ داگیر و قۆرغکردووە!.

کوردستانیش بێبەش نییە و نابێ لەم بازاڕە سەرتاسەری و سەپاوەی سەرمایەداری.
سەرەتا لەدەرگای بوونی ڕەوایەتی شۆڕشگێڕی و شۆڕشەوە ئەم جۆر بازرگانیانەیان ھێنایە ناو بازاڕی کوردستانەوە و بۆ خۆیان قۆرغکرد. بە پێی وویستی کەسی توانای ھێز و ھەڵکەوتی شوێن و پێگەی خۆیان بە ناڕەوایەتی و زۆرە ملێیی و دوور لە ڕێساکانی یاسا داگیریانکردن. تا ئێستاش لە ژێر چنگیاندا ماوەتەوە و خۆیانی پێ قەبە و تۆکمەتر دەکەن و میللەتیش بە کاوەخۆ باجەکەی دەدات.
ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە لە بەکارھێنانی ھێزی چەک و نفوزی سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەکارھێنانی توانا و دەسەڵاتی ماددی ناڕەوا، کە تێیدا جێگە ڕەوایەتی و پاڵپشتی یاسایی بۆخۆیان دەستەبەردەکەن و ناویان لێ ناوە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەت.!
ئەوان لە فڕکان فڕکانەکانی سەردەمی ڕاپەڕیندا ڕاو و ڕووت و تاڵانیانکرد، لەوێشەوە بۆ بازرگانی قاچاغچێتی خۆراک و جگەرە و نەوت گواستیانەوە، دوایش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرەوەی ھەرێم و بە گرێبەستە نایاساییەکانی خۆیان وەک دەسەڵات گەیشتین.! توانییان قۆناغەکان ببڕن و سەربکەون، گەیشتن بە ئامانجی لوتکە و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان، چون لەوە تێگەیشتن کە دەسەڵاتی ماددی لە دەسەڵاتی سیاسی و کوردایەتی مەزنتر و پێویسترە.!
(بەداخەوە، ئەوەی دنیای ئێمە بەڕێوە دەبات کورد و کوردبوون نیە، بەڵکو بوونی پارە و سەرمایەییە).
ھەر ئەمە بۆتە شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵات بۆ پارە، ھەر بۆیە خەریکی پاکتاوکردنی بازرگانانی دەستی دوو و سێکانن و دەیانەوێ بێ بەرگریکردن بیانخەن و دووریانخەنەوە، ئەوانیش ھەوڵی مانەوە ئەدەن. بازرگانە گەورەکان ھەوڵی قوتدانی بازرگانە بچووکەکان دەدەن و دەیانەوێت ئیتر ئەمە بگاتە کۆتا ململانێ و تاکە دەسەڵاتی ماددی خۆیان بچەسپێنن.!
ئەم پرۆسەی بەرگریکردنە دەمێکە بەرکارە، گەر سەرنج بدەین، بازرگانە سیاسییەکان خەریکی پەیوەندی ژێر بەژێر و سەنگەر گۆڕینەوەن لەگەڵ حیزبە خاوەن ھێزو نفوزی ناوچەکانی تردا، کە لە پێناو مانەوەدا تەواوی مێژووی خۆیان ھەڕاجکردووە، یان خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن لە ناو حیزبەکانی خۆیان و نایانەوێ دەستبەرداری پلە و پۆستەکانی خۆیانبن.!
لێرەدا جۆرێک یاخی و جۆرێکیش بە ناچاری ملکەچی زۆرەملێیی دەسەڵات دەبن. بازرگانە بە ناو یاخییەکان بە ھەوڵی کێشەنانەوە و ڕیسکی سیاسی بۆ بازرگانە گەورەکانی سیاسەت دەجوڵێن و کاردنەوەی گروپ و لیستی ھەڵبژاردن و جوڵەی شەقام ئەکەنە قەڵغانی خۆ پارێزی و دێنە کایە سیاسییەکەی ھەرێمەوە. بە واتایەکی تر دەیانەوەێ لەڕێگای بازرگانی گشتییەوە سیاسەت بکەن و لانیکەم لە بەرامبەرەکانیان کە سیاسییە بازرگانەکانن سەنگەر بگرن و بڵێن ئێمەش لەو قۆرغکارییە خاوەن بەش و ھەقین.
بازرگانە وورد و ملەکەچەکانیش کە دوو جۆرن جۆرێکیان بازرگانە ڕاستەقینە بە مۆڕاڵەکانن کە شایستەی پشگیرکردن و بەرگریلێکردنن و ھیچ چارەیەکیان نییە و دەبێت قبوڵی ئەم زوڵمەی ھێز “دەسەڵات” بکەن، دووھەمیشیان ئەوانەن کە خۆیان بەپێی پێویست بەکاریانھێناون و ئێستا دەڵێن دەبێ بوەستن و بەشەکەی خۆشتانمان بەدەنێ و قسەش نەکەن. ئەوانیش ڕێگاکانی باج و سەرانەی زوڵم و بەجێھێشتنی وڵات و دەستھەڵگرتن لە موڵک و سامانی خۆیان بۆ دەخرێتە بەردەم.
بەشی دووھەمی باسەکە جێگەی سەرنجە کە ھۆکاری درێژکردنەوە و دووبارە بوونەوەی قۆرغکاری بەشی یەکەمە بە داڕێژراوی و لە داهاتووشدا نەگەڕانەوەی مافەکانی خەڵکیشە. لێرەدا دوو دەسەڵاتی گۆڕدراو و سەپاوی دروستبوو ( سیاسی بوو بە بازرگان ) و ( بازرگانی بوو بە سیاسی) بەر یەکتردەکەون. شەڕەکەیان بەرەو پێش دەچێ، یەکێکیان داکۆکی دەکات بمێنێتەوە و گەورەتربێ، یەکێیان دەیەوێت خۆی بپارێزێ و بمێنێتەوە. ئاشکرایە کە ئێمە ئێستا لەگەڵ جۆری یەکەمدا دەژین و شەڕی ناھەقییەکانی دەکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە و پێویستە بتوانین ڕێگربین لە دوورستکردن و سەرنەکەوتنی بەشی دووھەمە کە بازرگانی سیاسییە، کە جۆرێکی تر لە نوێبونەوی قۆرغکاری. دەبێت: جیاکردنەوە و دیاریکردنی ناو و لیستی ھەڵبژاردن و قۆرغکردنی بازاڕ و بازرگانییەکانی وڵات بەیاسایی تر و ژیرانەتر ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین و نەھێڵین زەمینەی گرتنە دەستی دەسەڵاتیان بۆ دروست ببێ، کە بێگومان ئەمە کارێکی قورسە، چونکە ئەوان لە کەلێنی بۆشایی بوونی بەشی سیاسییە بازرگانەکانەوە دزە دەکەن و دێنەوە ناو گۆڕپانە سیاسیەکە.
وەک دەبینی نەبوونی پێداویستییەکانی خەڵکە ڕەوایەتی بە ناڕەوایی دەسەڵاتی بازرگانی دەدات و جێگەی خۆی دەکاتەوە، پێداویستی و ھەرزانی بەنزینی پێنج سەت دینارییەکە دەبێتە کاری نەکردە و لەو بۆشاییە بچووکەکەوە جێگەکەی دەبێتە جێگەی بەنزینخانەیەکی گەورە و لەوێوە دەبێتە بازرگانی سوتەمەنی گشتی و لەگەڵ دۆخە ئاساییەکەدا تێکەڵی پێداویستی ڕۆژانەمان دەبێت و دەچێتەوە دۆخی ئاسایی نەبینراو.
لێرەوە بازرگانیەکی نوێ دەستپێدەکات و لێشمان دەبێت بە سیاسییەکی نیشتیمانی و ھونەری فێڵکردنەکەشی دەبێتە ژیری بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات.
بازرگان بۆ ئەوەی کارەکەی سەربگرێ دەبێ ڕیسک بە پارەوە بکات تا سەرکەوێ، بۆجێکردنەوەی کاڵاکەی دەبێت بڕێک پارە خەرج بکات کە لە دەستکەوتی کۆتایی و گشتیدا بۆی ببێت بە قازانجێکی بێ کۆتایی، وەک ئەو نرخە دڵخۆشکارەی ئێستا نرخی بەنزینی پێ کراوە بە پێنج سەت دینار و خەڵکیش بۆتەوە بە خاوەن ئومێدێکی نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت