بەهرۆز جەعفەر: درۆنەکان و ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی دا پێویستی بە پێداچونەوەیە:
لە ئاستی نێوخۆیی دا، پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی هاوچەرخ بە یارمەتی کۆمەڵێک پسپۆڕ تایبەت بە پرسە ئەلیکترۆنییەکان – سایبەر Cyber Security دەربکات. ئەم یاسایە یارمەتی هەرێم بدات بۆ ئەوەی ئیختیراقی ئامێرو پەیوەندییەکانی نەکرێت لە ئاستی ئەملاولادا و ڕێکی بخاتەوە. لە ئاستی ناوەوەشدا سەدان پەیج و وێب سایتی سێبەر دابخات.
جگە لەوەش، حکومەتی هەرێم فەرمانگەیەکی هەیە بەناوی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لەبری ئەمە ” ئەنصات” ێک بۆ حکومەت دروست بکرێت تا میدیا نێوخۆیی و دەرەکییەکان رێگە خۆشکەر نەبن لە تێکدانی ئاسایشی کوردستاندا، بۆ نمونە؛ کۆتا هێرشی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بە پێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها یەک درۆن بوە. بەڵام کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئەڵێت ( 3 ) درۆن و ( 20 ) مووشەک بووە!. جەزیرەی قەتەری دوو ساڵە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری تێکدان و هێرشەکانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.. دەیان جار بە بێ بۆنە ئەوە لێک ئەداتەوە کە هەرێمی کوردستان نەوت بە ئیسرائیل ئەفرۆشێت…!. دوو جاریش ڕاپۆرتی لەسەر ئەوە کردووە کە ئیسرائیل بنکەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. جا بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد تێبگەن کورد لەسەردەمی درۆنەکاندا ئەبێت چۆن بیر بکاتەوەو چی بکات؟.
ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان، خاک و تاکی کوردستان بە پیرۆز ئەزانین، لەم بوارەدا لە ئاستی دەرەوەو ناوەوەدا کارمان بۆی کردوەو پرۆژەمان هەبووە. وێڕای ئەوەی ئەم سیستمەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پڕە لە خەوش و کەموکوڕی، تەنانەت یەک سەنت ئیمتیازی بۆ ئێمەومانان تێدا نەبوەو نییە، هەقە ئەندامانی کوردو نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە هەموو ئاستەکاندا کە ئیمتیازی گەورەیان هەیە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، لە بری بیرکردنەوە لە خۆیان و خولی ئایندەی پێگە لەقەکانیان و سەفەقات کردن بۆ کڕینەوەی کورسییەکەیان، بیر لە پاراستنی کوردستان و ئاسایشەکەی بکەنەوە.
درۆنەکان، دوو مەترسیی گەورە لەسەر کورد دروست ئەکەن:
یەکەمیان/ ئەوەیە ئیتر ئەم جۆرە چەکە پێشکەوتوو و درۆنانە لەدەست دەوڵەتەکاندا نیین، تا بچین لە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی سکاڵایان لەسەر تۆماربکەین، بەڵکو کەوتونەتە دەست گروپ و میلیشیاکانی نزیک لەدەوڵەتان.
دووەمیان/ ئەوەیە کورد وێڕای ئەوەی خۆی یەک نەخستۆتەوە، کێشەو دۆزە ڕەواکەی لە بەرگری لە ماف و ناسنامەو خاکەوە لەگەڵ گەلانی سەردەست و ووڵاتان ئەگۆڕێت بۆ ئەوەی چۆن ڕووبەڕووی پارچە ئاسنێکی نەبینراو ببێتەوە لەو ئاسمانە کە هەرجارەی گروپێک یان میلیشیایەک بەکاریان دێنێت.
بۆ پاراستنی ئاسایشی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستان، پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنەوە بڕیارێکی لێبوردنی گشتی دەربکات، کە تیایدا گیراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن، هەروەها دەستبەجێ پلاتفۆرمێکی نیشتیمانی لەسەرجەم حیزبەکان و پسپۆرەکان و کەسایەتییە زانستی و توانا نەتەوەییەکان ساز بدرێت، تاوەکو ئەمە بکاتە ئەوەی سیاسەتێکی گشتی دروست ببێت کە کوردستان لە قۆناخی مەترسییەکانەوە بگەیەنێتە دەرفەتەکان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت