نەبەز جەلال: درۆ لەگەڵ خەڵک مەکەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر بڵێم: زۆرترین و درۆزنترین سیاسی لە ھەموو جیھاندا، کەوتونەتە ھەرێمی کوردستانەوە، ناھەقم مەگرن.
لێرە شێوەو، شێوازەکانی ھەمە چەشنن. ئەو جۆرە درۆزنەی لێرە ھەیە، لەھیچ کام لە ووڵاتەکانی دنیادا بوونیان نییە، یان بە دانسقەش وەک نمونە نەماوون!.
بەداخەوە؛ لێرە درۆزنی ( نایاب و نادر )، ( عەجیب و غەریب )مان زۆرە زۆر!.
ئێستا سیمای کورد تەواو شێواوە، من بۆ خۆم ناتوانم کوردی جاران بناسمەوە، ئێستا وەک وەھمێک دێتەوە پێش چاوم. زیاتر لێم بووە بە چیرۆکێکی باپیرانە!.
ئەم ھەموو کەڵکچێتی و درۆکردنەش لە سنورو، بازنەی پێکەوەژیانی خەڵکی کوردو بەرامبەر کوردی خۆمان دەکرێ.
لە دوای ڕاپەڕینەوە کوردی باشور سەریھەڵداو، ئەو وەخت کورد لە دابڕاویی و ترازان دەربازی بوو، بووەوە بە یەک پاکێجی پێکەوەیی زۆر درۆزن!
لەو ژیانی پێکەوەییەشدا درۆ وەک یەکێک لە بەشە خراپ و نەرێنییەکانی تری پەروەردەی کۆمەڵگا گەشەی کردوو قێزەونە. ھەمویان ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی سنوری قێزەوونی و دەستپێکی قۆناغی دوای درۆکردنی خۆیانن.
کاتی ھاتوە سەرکردە سیاسییەکان درۆ ڕابگرن و ڕابوەستن. شەرمێک لە سەرو سیماو ھەیکەلی خۆیان و مێژووەکەیان بکەن ئیتر درۆ بۆ خەڵک نەکەن. بەدرۆ ھیچتان دەست ناکەوێ دڵنیام ھەزاران جارتان تاقیکردۆتەوە جگە لە خراپ بوون بەرھەمەکەی ھیچتان نەچنییەوەو پێش نابڕێ!
کورد بۆیە وا بەم ڕۆژە گەیشت چونکە تایبەتمەندییەکانی خۆی وەک کلتور و مێژوو پەروەردە و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی کوردبوونی خۆی، پێ لەدەستدرا.
تکایە ئیتر با بەسبێ و بە درۆو، درۆزانی خوی خەڵکی کوردستانتان ھەموو بەدکرد. مۆری ناسینەوەی درۆزنی گەورەشتان بەدەستی خۆتان دا لە تەوێڵی خۆتان و قێزەونبوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت