حەسەن ڕازانی: ئەوانەی لە ژێر سێبەری لوولە تۆپەکانی ئەمریکادا دێنە سەر کورسی فەرمانڕەوایی هەر دەبێ بڕۆن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتە میلیشیاو خێڵەکییەکەی کابوڵ بە نموونە
ڕەخنە گرتن لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە سەر کشانەوەی لە ئەفغانستان و بەجێ هێشتنی بۆ هێزەکانی تاڵیبان زۆرێک لە ڕۆژنامەو تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی گرتۆتەوە. ئەمەریکا لەوبارەوە، بە بڕوای من، نە هەڵەی کردووەو نە بە شێوەیەکیش مامەڵەی لەگەڵ ناوچەکەدا کردووە کە نەیزانیبێ چی دەکاو پێشتر پلانی بۆدانەڕشتبێ.
کاتێک کە بە وردی دیقەت دەدەیە مێژووی ئەمریکا ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەفغانستان یەکەم شوێن نییە کە ئەمریکا بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، بەڵک و زۆر شوێنیتریش هەن کە بە هەمان شێوەی ئەفغانستان ئەمریکا ماوەیەک لەوێ ماوەتەوەو دوای وێرانییەکی زۆر بۆ وێرانبوونێکی زۆرتر بەجێی هێشتووە. کەواتە ئەمریکا هەڵەی نەکردووەو بەهەڵەش ئەفغانستانی بەجێ نەهێشتووە. ئەمریکا ئەفغانستانی وا بەجێ نەهێشتووە کە نەیزانیبێ چی دەکات، بەڵک و ئەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە کە وای خواستووە حکومەتی ئەمریکا بەم شێوەیەی ئێستا لەگەڵ ئەفغانستان مامەڵەبکات. واتە ئەوە سرووشتی سیاسەت و مێژووی ئەمریکایە کە ئاوا مامەڵەی کردووە. ئەمریکا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەوە بووە. جا هەرچۆنێک ئەو بەرژەوەندییەی بۆ مەیسەربووبێ ئەو ئاهوا مامەڵەی کردووە بێ گوێدانە سەرزەنشتکردن و ڕەخنە.
ئەو حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان کە تەنها کابوڵی بەدەستەوە ماوەو لە ئان و ساتی لەدەستدانی ئەوێشدایە، بە هێزو پاڵپشتی ئەمەریکا دامەزراوەو هەر ئەمەریکاش لەسەرەتاوە تاکو کشانەوەی لێی پاراستوویەتی لە هەڕەشە بەردەوامەکانی تاڵیبان. خۆ ئەگەر ئەمریکا نەی‌ هێنابانایە سەر حوکم هەر لە سەرەتاوە نەیان دەتوانی لە دوورەوەش سەیری کابوڵ و کورسی فەرمانڕەوایی لە ئەفغانستاندا بکەن. ئەوە پەرچەکرداری ئەمریکا بوو بە هۆی 11ی سێپتەمبەرەوە کە لە گەڵ هاوپەیمانەکانی هێرشی کردە سەر تاڵیبان و لە شوێنیاندا حکومەتێکی سەر بەخێڵ و میلیشیاکانی دامەزراندو بە تەواویش بەستییەوە بە خۆیەوە.
لە لایەکی تریشەوە چەندین بەڵگە لەبەردەستدایەو هەر لە دەمی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا خۆشیانەوە بڵاوبۆتەوە کە تاڵیبان هەر لە سەرەتاوە درووستکراوی دەستی خۆیان بووە بۆ ئەوەی حکومەتەکەی ئەوکاتی سەر بە ڕووسیا لە ئەفغانستان بڕووخێنێت. ئەمە ، بە قسەی خۆیان، لە پێناو پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکادا بووە. کەواتە چەقی یارییە سیاسییەکەی ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادایە. بەڵگەی پێویست هەیە کە هەم تاڵیبان و هەمیش ئەو حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان درووستکراوو پەروەردە کراوی دەستی ئەمریکاو هاوپەیمانانی ئەمریکان. ئەوێ ڕۆژێ بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وای دەخواست کە ئەو حکومەتەی ئەوکاتی ئەفغانستان کە سەر بەڕووسیا بوو بڕوخێنێت. بۆئەنجامدانی ئەو مەبەستەش ئەمریکا، بە بڕوای من، هێزێکی خاوەن ئایدۆلۆجیەتێکی توندڕەوی لە تاڵیبان باشتری پێ شک نەدەهات. ئەم کارەی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی سعودییەو پاکستان و هەندێک شوێنیتر ئەنجامدا.
حکومەتی تاڵیبانی سەربەئەمەریکا دەوامی کرد تا 11ی سێپتەمبەر و ئیتر لەوێوەوە بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان کۆتایی هات و پێویستی بە جێگرەوە هەبوو. ئەمریکا بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی حکومەتەکەی تاڵیبانی ، بە بڕوای من تەنها لە ڕووی حوکمداری و بەڕێوەبردنەوە، کۆتایی پێهێنا. واتە تاڵیبان لە ئەفغانستان تەنها بەڕواڵەت و لەڕووی حوکمدارییەوە لەئەفغانستان کۆتاییان هات، ئەگینا لە ڕووی ئایدۆلۆجی وهەڕەشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا هەر بەردەوام بووە. هەروەها لە ناوخۆی ئەفغانستانیشدا هەر هەوڵی گەڕانەوەیان داوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات. لە هەندێک میدیاشەوە دەرکەوت کە حکومەتی ئەمریکا لە ڕێگەی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوام و بێ پچڕاندابووە لەگەڵ تاڵیبان. واتە لە لایەکەوە قورسترین و وێرانکەرترین چەکی لەدژیان بەکار دەهێناو چیاکانی تۆرەبۆرەی بەسەردا دەڕوخاندن و لە لایەکی تریشەوە لە گفتگۆو پەیوەندی نهێنی و ژێربەژێردابوو لەگەڵیاندا.
ئەم حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان کە لە ژێر سێبەری لوولەتۆپەکانی ئەمریکادا هاتە سەرحوکم، وەک بەچکەی ساوای ئەمریکا، دەبوایە هەمیشە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بیپاڕێزن لەدەستی تاڵیبان. خۆ ئەگەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی نەبوونایە ئەوا ئەو حکومەتە هەر لە یەکەم ساڵی تەمەنی حوکمڕانیی خۆیدا کۆتایی پێ دەهات لەلایەن تاڵیبانەوە. ئەم حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان حکومەتێکی گەندەڵ و دزو چەتەو دوور لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەفغانستان بووە. گوێی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک نەداوە، گوێی بە خزمەتگوزاری لە پێناوی خەڵکدا نەداوە، گوێی بە ئاوەدانکردنەوەو باشکردنی ڕێگاوبان و نۆژەنکردنەوە نەداوە، بێکاری تەنگی بە خەڵکی ئەفغانستان هەڵچنیبوو، سێکتەرەکانی پەروەردەو تەندرووستی و پیشەسازی و کشت و کاڵ و خوێندن و تەواوی خزمەتگووزارییەکان وەلانرابوون. کاربەدەستانی ئەوحکومەتە وەک ئەوەی کە بەیانی ئەو شوێنە لەدەست دەدەن بۆیە هەرچی زووە دەستیان کردە تاڵانی و دزی و ڕاوەڕووت، دەستیان کردە ناردنە دەرەوەی پارەو پوڵ وسامانەکانیان و سپیکردنەوەی لە دەرەوەی وەڵات، دەستیان کردە خۆدەوڵەمەندکردن و تەخشان و پەخشان کردنی سەروەت و سامانی گشتی بەسەر کەس و کار و دەستەو تاقم وپێوەندەکانیان، لەولاشەوە ئەوپەری هەژاری و نەداری و نەبوونی و بێکاری و بێ جێگاوڕێگایی سەرتاپای ئەفغانستانی گرتبووەوە.
ئەمە وایکرد کەلێنێکی گەورە بکەوێتە نێوانی خەڵک و حکومەتی ئەفغانستان . خەڵک بۆی ڕوون بووەوە کە ئەو حکومەتە هی ئەوان نیە. بۆیە خەڵک ئینتیمانی بۆ وەڵات و نیشتیمان و نەتەوە نەما. خەڵک بۆ ئەوەی بژی وەڵاتیان بەجێ دەهێشت. خەڵک گەییشتە ئەو قەناعەتەی کە تاڵیبان بێت یان حکومەتەکەی ئێستای ئەفغانستان هیج لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و بۆ ئەوان هەمان تاس و حەمامە. بۆیە هەر کە تاڵیبان هیرشی دەکردە هەر شوێنێک هیچ بەرەنگاری نەدەکرا. هێزەکانی ئاساییش و چەکدار و سوپای سەر بە حکومەتی ئەفغانستان هیچ بەرەنگاری ناکەن و شوێن و سەنگەرەکانیان زۆر بە خێرایی بەجێ دەهێڵن.
لێرەوەیە کە دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت کە بۆچی سەرباری ئەوەی ئەو حکومەتەی ئەفغانستان خاوەنی زیاترلە سێسەد هەزار چەکدار، خاوەنی تانکی پێشکەوتووی شەر، فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگی، خومپارەی دوورهاوێژی پێشکەوتووی سەردەمیانە و لە سەرووی ئەمانەشەوە خاوەن دام و دەزگای حکومی و تەجروبەی زیاتر لە بیست ساڵ لە حوکمڕانی وەڵات، وە لەبەرامبەردا تاڵیبان تەنها چەکی سوک و زۆریش کەمتر بە ژمارە چەکداری هەیە لە کاتی ئێستادا، بەڵام هێشتا سوپای سەر بەحکومەتی ئەفغانستان هیچ بەرەنگاری پیشان نادات. بە بڕوای من گرێ و گرفتەکە لێرەوەیە کە ئەم حکومەتەی ئەفغانستان حکومەتی خەڵکی ئەفغانستان نییەو نەبووە. کاری ئەم حکومەتەو کاربەدەستەکانی لێرەدا بە بڕیارێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تەواو بووە. بۆیە خەڵک هیچ بەرەنگاری لەو حکومەتە ناکات و سوپاش هەمووی سەر بەخێڵ و باند و سەرۆک هۆزەکانەو ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان و خێڵ و عێلەکەی خۆیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندی وەڵات و نیشتیمان ونەتەوە. هەروەک ئەوەی کە لە ئێستای کوردوستان و عێڕاق دا دەگوزەرێت.
ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی تەواو بووە لەگەڵ ئەم حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان کە حکومەتێکی دوور لە خەڵک و گەندەڵ و درووستکراوی دەستی ئەمریکا خۆیەتی. بەرژەوەندی ئێستای ئەمریکاو هێندێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە نێویاندا، بە بڕوای من، سعودییەو ئیسڕائیل وا دەخوازێت کە تاڵیبان بهێنرێنەوە سەرحوکم. بۆیە لەباتی ئەوەی بڵێین کە ئەمریکا بۆچی وا دەکات؟ دەبێت ئیتر لە لامان ڕۆشن بێت کە ئەوە بەرژەوەندی ئێستاو ئەوڕۆی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لەو ناوچەیەدا کە لەگەڵ تاڵیبان و ئایدۆلۆجییەتێکی توندڕەوی وەک تاڵیبان دەگونجێت. هەر ئەو بەرژەوەندییەش بوو کە وای کرد تاڵیبانی درووست کردو هێنانیە سەرکورسی فەرمانڕەوایی لە ئەفغانستان. هەرهەمان بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش بوو کە بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەک کۆتایی بە حوکمی تاڵیبان هێنا. ئینجا حکومەتی ئەفغانستانی هێنایە شوێن و ئێستاش نۆرەی ئەو حکومەتەیە کە دەبێ ماڵئاوایی لە کورسییەکە بکات و دیسان تاڵیبان شوێنی بگرێتەوە. واتە هەمان بەرژەوەندی ئەمریکایە ئەو تێکەو لێکەیە دەکات.
ئەمریکا تاڵیبانی ویست هەتا ئەو شوێنەی بەرژەوەندی ئەمریکا دەپارێزێت. هەر کە تاڵیبان سەرەخەری کردو لە ئەرکە سەرەکیەکەی دوورکەوتەوە ئەمریکا بە حکومەتی ئێستای ئەفغانستان شوێنی گرتەوە. ئیتر بۆ سبەینێی بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چی پێویست بوو ئەمریکا هەر ئەو کارە دەکا. جا با بە دەیان شێوەو جۆر مافی مڕۆف پێشێل بکرێت یان بە دەیان هەزار لە خەڵکی سیڤیل بکوژرێن یاخود بە ملیۆنان لە خەڵکی داماو دەربەدەرو بە هەزارانیش لە برسا بمرن. بۆ ئەمریکا ئەوانە نابنە ڕێگر. بەرژەوەندی سەرمایەدارانەی کۆمپانیا چاوچنۆک و گەورەو زەبەلاحەکانی ئەمریکا لە سەروو هەموو بەهایەکی ئینسانییەوەیە. بە بڕوای من هیچ دوور نییە کە لە عێڕاقیشدا هەمان سیناریۆ لە ئارادا بێت. واتە هێزێکی خاوەن ئایدۆلۆجی توندڕەوی وەک تاڵیبان کە لە بەرژەەوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هەندێک لە هاوپەیمانەکانیدا بێت شوێنی ئەم سیستەمەی ئێستای عێڕاقی پێ بگرنەوە.
خەڵکی عێڕاقیش کە دیارە بە کوردوستانیشەوە لە سیستەمی حوکمڕانی وە زاڵە کەوتوون و ئینتیماو خۆشەویستییان نەماوە بە حکومەت، نیشتیمان، وەڵات و نەتەوە. خەڵکی عێڕاقیش هەر وەک خەڵکی ئەفغانستان هەمان گلەیی و گازندەیان لەبەرامبەر حکومەتی میلیشیاو خێڵەکیدا هەیە. ئەو حکومەتەی عێڕاقیش وەک حکومەتەکەی ئێستای ئەفغانستان لە ژێر سێبەری لوولە تۆپەکانی ئەمریکادا لە کاتی داگیرکردنی عێڕاقدا کورسی فەرمانڕەوایی بۆ ئامادەکرا. چەتەیی و دزی و گەندەڵی وەک چۆن کەلێنێکی گەورەی لە نێوانی خەڵک و حکومەتی ئێستای ئەفغانستان درووست کرد هەر بەهەمان شێوەش کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵکی عێڕاق و حکومەتدا درووست بووە. بۆیە بە بڕوای من ئەگەر سبەینێ شتێکی لەو بابەتە ڕووبدات هەمان چارەنووسی ئەفغانستان چاوەڕێی سیستەمی حوکمڕانی ئێستای عێڕاق و خەڵکەکەی دەکات. واتە وێرانبوونی زیاترو فەرمانڕەوای دڕەندەتر. چەتەیی و گەندەڵی و دزی لەسەروەت و سامانی گشتی سەرتاپای سیستەمی حوکمڕانی لە عێڕاقدا گرتۆتەوە. کەلێنێکی گەورە دروست بووە لە نێوانی خەڵک و حکومەتی عێڕاق. بۆیە لە کاتی تەنگانەدا خەڵک بەرەنگاری لەوحومەتە ناکات. بە کورتی و کرمانجی خەڵک دەڵێت بۆ من فەرقی نییە : ئەگەر هەر بم خوات چ گورگ و چ سوار!. سوپاو هێزی چەکداریش هەمووی سەر بە خێڵ و هۆزوکەس و لایەنە حیزبی و دینی و مەزهەبییەکانە. بۆیە ئەوانیش گوێ لە حکومەت ناگرن و فەرمانی خاوەنەکانیان جێبەجێدەکەن.
هەر دەسەڵاتێک کە لە ژێر سێبەری لوولە تۆپەکانی ئەمریکادا بێتە سەرحوکم و لە لایەن خەڵکەوە نەهاتبێ خەڵک دیفاعی لێناکات. بۆیە ڕۆژێکیش دێت دەسەڵاتێکی تر لە ژێر سێبەری هەمان بەرژەوەندی و لوولەتۆپ شوێنی بگرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت