شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: دۆستایەتی کوشندەی بنەماڵەی بارزانی لە شۆڕشی ئەیلولی 1961 تا لاهور شێخ جەنگی 2021 .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردار ئیرەج مەسجیدی (سەرۆکی بنکەی ڕەمەزانی سپای پاسدارانی ئێران) میعماری ڕاپەڕینی 1991ی باشوری کوردستان بوو. لە گەڵ شکستی ئێراق لە کوەیت، شێعەکانی باشوری ئێراق دژی سەدام ڕاپەڕین. ئێران بۆ پێشگیری لە سەرکوتی شیعەکان و دروست کردنی بەرەی دوهەمی شەڕ، پلانی ڕاپەڕینی کوردەکانی باشوری کوردستانی بە سەردار مەسجیدی سپارد.
پارتی دێموکڕاتی بارزانی هێزی چەکداری زۆر کەم بو. بەڵام لە گەڵ جاش و مستەشارەکان پێوەندی هەبو. ڕاپەڕین لە غەیابی پارتی دا و لە سەر دەستی جەماوەری لایەنگری یەکیەتی نیشتمانی لە ڕانیە و بە پێشەنگی عەلی نەبی و مام جوتیار دەستی پێکرد(دوایە هەردوکیان بە دەستی چەکدارانی پارتی شەهید کران(1994).
لە پێشدا پاریزگای سلێمانی، دوایە هەولێر، کەرکوک و دهۆک ئازاد کران. بنەماڵەی بارزانی لە کەرەج، زێوە، دزە و ڕاژانی ورمێ ڕا گەڕانەوە باشور و هاتنە سەر خوانی ئامادە.
لەم زەمانەدا پێگەی جەماوەری پارتی دێموکڕاتی بارزانی نەدەگەییشتە یەک لە سەر پێنجی باشور، بە نۆکەرایەتی ئێران، تورکیا و ئێراق خۆیان دەوڵەمەند کرد و بە دەستوری داگیرکەران شەڕی کوردکوژیان بە سەر پ.ک.ک و یەکیەتی نیشتمانی دا سەپاند. بە ڕاکێشانی جاشەکانی پێشو و کڕینی خەڵکانی برسی، قەڵەم فرۆش،گەل فرۆش و مێژوو فرۆش، بوون بە هێزی یەکەم و 80٪ی پارە و دەسەڵاتی ئەم دەڤەرەیان بۆ خۆیان قۆرغ کرد.
ئیتر ئەمجارە نانی خێڵی درۆی کوردایەتی بە تەواوی دەڕۆنی کەوت. لۆمپەنەکانی ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاواش وەک قالۆچە بۆ سەر تەرس و تەپاڵە بەرەو دیوەخانی بادینان و هەولێر ڕێچکەیان گرت.
شایەر، ڕەقاسە، بەیت بێژ، مێژوو نووس(مێژوو ساز)، فاڵگیر، کۆنە سیاسی برسی، پاشماوەی ئاغاوات و مڵکدار، سەید، شێخ، مەلا و تەنانەت هێندێک حیزبیش( وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، حیزبی شیوعی کوردستانی عێراق، حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی ئێراق، پارتی ئازادی کوردستانی حوسێنی یەزانپەناه ) بە خڕی چونە سەر خوانی دیوەخانی کوردایەتی بارزانی. بونە بەشێک لە دەستگای تەبلیغاتی بنەماڵەی بارزانی بۆ سپیکردنەوەی کارنامەی ڕەشی ئەم بنەماڵەیە و گەوجاندنی خەڵکی کورد.

خەتەری دوشمنایەتی بارزانی
بۆ هێزە کوردیەکان، دوشمنایەتی بنەماڵەی بارزانی خەتەرە. چونکە پشتی بە داگیرکەران قایمە. بۆ نمونە یەکیەتی نیشتمانی لە شەڕی چوار ساڵەی ناوخۆیی(1994- 1998) دا توشی شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران، تورکیا و ئێراق بو.
ساڵی یەکەم ئێران و ئیسلامیەکان پشتیوانی بارزانیان کرد (1994) لە کۆتایی ئەم ساڵەدا یەکیەتی بە ناچاری ویستەکانی ئێرانی بۆ داخستنی ڕادیۆی حیزبی دێموکڕات و کەمپنشین کردنی ئەم حیزبەی قەبوڵ کرد. لە بەرانبەر ئەم تەنازولەدا، ئێران یارمەتی پارتی و ئیسلامیەکانی بۆ لێدانی یەکیەتی لە سەر سنورەکانی ڕاوەستان.
بارزانی دوای ئێران پەنای بۆ ئێراق و تورکیا برد. لە 31ی ئابی 1996 سەدام هەولێری بۆ پارتی داگیر کرد. تورکیا بە تانک و پایگا و هێزی ئاسمانی پشتیوانی بارزانی کرد. لە ئاکام دا پارتی براوەی شەڕ دەرچو.

دۆستایەتی خەتەرناکتر لە دوشمنایەتی
دۆستایەتی هێزە کوردیەکان لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی وەک هاوسەرگیری جاڵجاڵوکەی نێرە لە گەڵ بێوە جاڵجاڵوکەی ڕەش. بێوە جاڵجاڵوکەی ڕەش دوای جوتبون، مۆڵەتی ڕۆییشتن بە نێرەکەی نادات و دەیخوا. بەم شێوازە خۆراکێکی پڕ لە پڕۆتئین و ویتامینی دەست دەکەوێ تا بەهێز بێت و بەچکەکانی پێ بگەیێنێت.
مێژووی هێزە کوردیەکانی چوار پارچەی کوردستان نیشانی داوە کە دوشمنایەتی بنەماڵەی بارزانی خەتەرناکە. بەڵام، دۆستایەتیان مەرگاوی و کوشندەیە.

چوار نمونەی دۆستایەتی بارزانی:
1- ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا ( سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، دۆست و هاوکاریی بارزانی بون. ساڵی 1971 مەلا مستەفا بارزانی پیلانی میتی تورکیای بە شێوەی خوارەوە جێبەجێ کرد:
سەرەتا پاراستن لە گوندی قومری، نزیك سنوری توركیا لە دیوی كوردستانی باشور، سەعید ئاڵچی كوشت. دوایی بە بیانوی ئەوەی دكتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی كوشتووە، بە فەرمانی بارزانی خرایە زیندانی ڕایات و پاش چەند مانگێك گوللـە باران كرا لە ئاکامدا ( پ د ک ت ) توشی شکست و ئاشبەتاڵ بو.
2- بە دوای هەڵایسانی شۆڕشی 1961 دا سەدان کادر و تێکۆشەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەستی ساواکی ئێران پەنایان بردبو بۆ هەرێمی ژێر دەستی شۆڕش. وەک پێشمەرگە و چالاکوان لە خزمەت مەلا مستەفا دا بون. مەلا مستەفا بە پیلانی ساواکی ئێران ڕێبەرەکانی (سدیق ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، مەلا ڕەحیمی وەرتێ، دڵشاد ڕەسوڵی، قادر شەریف و خەلیل شەوباشی) بە ڕێگای تیرۆر و ئیعدام لەناو بردن و 55 ئەندامی دیکەی ڕادەستی ئێران کرنەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران( 1967 – 1968).
ئەو زەمانە مام جەلال و هاوڕێکانی بۆ پێشگیری لە کوشتنیان بە دەست چەکدارانی بارزانی، پەنایان بۆ دەوڵەتی ئێراق بردبوو. مەلا مستەفا ناوی جاشی 66ی لێنابون (لە هەمان کات دا بۆ خۆی جاشی ئێران، تورکیا و ئیسڕائیل بو). مام جەلال توانی 120 پێشمەرگە و کادری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەست پاراستنی بارزانی ڕزگار بکات و لە بەکرەجۆی سلێمانی هێزی قازی محەمەدی لێ ساز کردن.
3- حیزبی شیوعی ئێراق کە گەورەترین حیزب لە ئاستی هەمو ئێراق بوو، لە هەشتاکان لە گەڵ پارتی دێموکڕاتی بارزانی بەرەی جودی دامەزراند (جبهه وطنی دمکراتیک). ئەم حیزبە بوو بە کلکی بارزانی و خۆی کردە بەشێک لە شەڕی بارزانی و یەکیەتی. لە ئاکام دا توشی کارەساتی قڕناقە و پشت ئاشان بوو. ئەم کلکایەتیە لە هەمو ئاستێکی سیاسی، ئابوری و… هتد، تا ئێستا درێژەی کێشاوە و بە قیمەتی دابەزینی پێگەی جەماوەری تا ئاستی بچوکترین حیزب تەواو بوە.
4- یەکیەتی نیشتمانی ساڵی 1998 دوای چوار ساڵ شەڕ لە گەڵ بارزانی ئاشت بۆوە و پەیمانی بە ناو ئیستڕاتژیان مۆر کرد. لە 2003 دوای ڕووخانی سەدام دۆستایەتیان گەرمتر و فراوانتر بوو. لە بەرانبەر ویلایەتی موتڵەقەی بنەماڵەی بارزانی بە سەر باشوری کوردستان، مام جەلال پۆستی کارتۆنی سەرۆک کۆماری ئێراقی وەرگرت. لەو کاتەوە پڕۆسەی پوکانەوە و داڕمانی یەکیەتی نیشتمانی دەستی پێکرد. بارزانی بە ڕێگای بەشداریی گەندەڵی و تاڵانی سامانی باشور توانی ڕێبەرانی یەکیەتی فاسید بکات. ئێستا یەکیەتی نیشتمانی لە قەوارەی حیزب دەرچوە و وەک بەرەیێکی ناکۆکی ئابوری و پیسخۆری گوێ لەمستی بارزانی لێهاتوە.

دوشمنایەتی پارتی و لاهور شێخ جەنگی
لە دوای کارەساتی شەنگال و هێرشی داعش لە مانگی 9 ی 2014 بۆ سەر کۆبانێ، ئەمەریکا لە ناوەراستی مانگی ئۆکتۆبەری 2014 بڕیاری دا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بۆ هاوکاری شەنگال و کۆبانی ناوەندێک دورست بکات. بەمەرجێ پارتی تێدا لەم ناوەندە باڵا دەست بێت و بارەگاکەی لە هەولێر لە گەڵ دەزگای جاسوسی میت بێت.
لاهوری شێخ جەنگی کە بەرپرسی دژە تیرۆری یەکیەتی بوو، توانی ئەو ژوورە لەژێر دەسەلاتی پارتی و دەزگای جاسوسی میت دەربێنێت. ئەمریکاییەکانی ڕازی کرد کە بارەگاکە لە سلێمانی بێت.
لە ئاکامی بە بێ¬ڕۆڵکرانی پارتی-میت لەم ژوورە دا، ئەمەریکیەکان باشتر کەوتنە تەنسیق لەگەڵ گەریلا لە شنگال و شەرڤانان لە رۆژئاڤا. رۆڵێکی گەورەیان بینی لە زوو تێکشکاندنی داعش لە شەنگال و کۆبانێ. لەو زەمانەوە دوژمنایەتی پارتی و تورکیا بەرانبەر لاهور دەستی پێکرد. یەکیەتی لە دوای کۆنگرەی 2019 کەوتبۆ سەر دەورێک کە گریمانە دەکرا پانیکەکانی تێدا پاکسازی بکرێن و لە پاشکۆیەتی پارتی بێتە دەر.
پارتی هەستی بە خەتەرێکی گەورە کرد. پاراستنی بارزانی ویستی لاهور شێخ جەنگی تیرۆر بکات. بەڵام لەم کارە ناکام مایەوە. هەر بۆیە مەسعود بارزانی کوڕەکانی مام جەلالی ناچار کرد لە مانگی حەوتی 2021 دژی ئامۆزاکەیان(لاهور) کودەتا بکەن.
ئەگەر پیلانی دەرکردنی لاهور لە یەکیەتی سەر بگرێ، خەونی شەست ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بۆ قۆرغ کردنی تەواوی دەسەڵات و ئاغایەتی بە سەر خەڵکی باشور وەدی دێ.
دەسگای پاراستن لە 2014 تا ئێستا سیاسەتی ڕەش‌کردن و تیرۆری کەسایەتی(تررور شخصیتی) لاهوری پەیڕەو کردوە. گشت دەسگاکانی ڕاگەیاندن(تەلێویزیۆن. ڕۆژنامە، گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵاتیەکان) و هەمو خێڵی درۆی دیوەخانی بۆ ئەم مەبەستە ئەرکدار کردوە.

چوار نمونە چەواشەکاریی شایەرانی دیوەخانی بارزانی بۆ ڕەش کردنی لاهور شێخ جەنگی:
1- بە دوای پیلانی ڕیفڕاندۆمی تورکیا و بارزانی، لە شازدەی ئۆکتۆبری 2017 ئەرتەش و جەیشی شەعبی هێڕشیان کردە سەر کەرکوک. بە پێی ئەم پیلانە بە دەستوری مەسعود بارزانی شەوێک پێشتر لەشکری پارتی لەم شارە پاشەکشەی کردبو(وەک کارەساتی سێی ئابی 2014ی شەنگال)
سەرانی گەندەڵ و پانیکی یەکیەتی پێشمەرگەکانیان کردنە سوتەمەنی ئەم شەڕە، دوای چوار سەعات بەرگری و کوژران و بریندار بونی زیاتر لە سەد کەس، لاهور پێشی بە تەشەنەکردنی زیاتری کارەساتی کوژرانی بە کۆمەڵی پێشمەرگەی یەکیەتی گرت و پاشەکشەی بە هێزەکە کرد.
ئەم پاشەکشەیە بو بە هۆی هەڵوەشانەوەی پیلانی تورکیا و بارزانی بۆ شەڕی نابەرابەری پێشمەرگە و کوردی کەرکوک لە برانبەر ئێراق و کاول بونی کەرکوک و ئاوارەبونی هەمیشەیی خەڵکی کوردی ئەم شارە.
دەست‌بەجێ بنەماڵەی بارزانی ئەمریان کرد بە خێڵی درۆ و دەسگا ئیعلامیەکانیان، کە هۆکاری کەوتنی کەکوک و دوایەش نیوەی باشور بخەنە سەر شانی یەکیەتی و بە دیاریکراوی شەخسی لاهور.
سەیرەکەی لەوەی دابو کە هیچ کەس لە خەڵکانی عەوامی گوێگری ڕووداو و شایەرانی دیوەخانی بارزانی، نەیان پرسی ئەرێ لە 16ی ئۆکتۆبری 2017 ئەو کاتەی لەشکری یەکیەتی پاشەکشەی کرد، لەشکری پارتی لە کوێ بون؟ بۆچی یەک چەکداری پارتی لە کەکوک بریندار نەبوە؟
گوێگرانی خێڵی درۆ نەیان‌پرسی لەم 51٪ی خاکی باشور کە داگیر کرا؛ خۆ نیوەی لە ژێر حوکمی بارزانی دابو. ئەی بۆچی لەشکری بارزانی لە زوممار و ڕەبیعە تا کەرکوک و مەخمور بێ تەقە هوموی ڕادەستی حەشدی شەعبی و جەیشی ئێراق کرد؟ لە کاتی داگیرکرانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان، سی هەزار فیداییەکەی بارزانی لە کوێ بون!؟
ئەم جەماوەرە سێ ساڵ پێشتریش ( 2014 ) بۆ هەڵاتنی 15000 پێشمەرگەی بارزانی لە بەرابەر 500 چەتەی داعش و ئەنفالکرانی ئیزەدیەکان و محاکمە نەکرانی هیچ فەرماندە و بەرپرسێک سەبارەت بە ڕاکردنی بەپەلە و بێ‌دیفاع هێشتنەوەی خەڵک، پرسیاریان بۆ ساز نەبوبو! لەم کاتەوە لە مێشکی جەماوەری عەوام دا، لاهور بۆتە کەرکوک فرۆشی شازدەی ئۆکتۆبر و مەسعود بۆتە قارەمانی سەربەخۆیی!
2- دوای بزوتنەوە جەماوەریەکەی دیسامبری 2019 شارەکانی ئێران، پاراستنی پارتی سیناریۆیەکیان بۆ عەلی جەوانمەردی و شایەران و بەرماوخۆرانی دیوەخان ساز کرد تا لە سۆسیال مێدیا دا بڵاوی بکەنەوە. وتیان لاهوری شێخ جەنگی بۆ سەرکوتی شۆڕشگێڕانی کورد هێزی دژە تیرۆری یەکەیەتی بۆ هاوکای ئێران ناردۆتە مەریوان.
زۆر عەقڵشیرین باوەڕیان کرد. بەڵام هەر کەسێکی خاوەن مێشک دەزانی کە دەوڵەتی ئێران نەک کەمی هێزی نیە، بەڵکە بەشی چەند دەوڵەتی دیکەشی هێزی دژە شۆڕش هەیە. لەم مەیدانە دا ئاستی خودکەفایی تێپەڕاندوە.
31 ساڵی 2019 کە خۆپیشاندانەکانی جەماوەری ناڕازی ناوەڕاست و باشوری ئێراق تەشەنەی کرد و کوژراوی لێ کەوتەوە. پاراستنی پارتی تۆمەتیان بۆ لاهور ساز کرد و وتیان قەناس بەدەستەکانی دژەتیرۆری لاهور لە ناسریە و نەجەف خەڵک دەکوژن.
4- بەهاری 2020 مستەفا سەلیمی مەحکوم بە ئیعدام لە زیندانی سەقز هەڵدێ دوایە دەگیرێتەوە و حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێ. هەر ئینسانێکی خاوەن هۆش و ویژدان کە ئاگای لە مێژوو بێت، دەزانێ کە ئەرکی کوشتن و ڕادەست کردنەوەی 99٪ی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، لەم 60 ساڵە دا لە ژێر ئەمری مەلا مستەفا، ئیردیس، مەسعود، نێچیر و مەسرور بارزانی بە ئەنجام گەییشتون.
چۆنە خێڵی درۆی کوردایەتی دیوەخان، لە کەیسی کوشتن و ڕادەستکردنەوەی سەدان شۆڕشگێڕی باکور و ڕۆژهەڵات کەڕ و کوێر و لاڵن؟ بەڵام بۆ ڕەش‌کردنی نەیارانی بنەماڵەی بارزانی پەنا دەبەنە هەر جۆرە سەفسەتە و چەواشەکاریەک؟
چۆنە مو لە ماستی نەیارانی پارتی دا دەبینن، بڵام شۆرباوی پڕ لە پیسایی دیوەخانی بارزانی بە کوردایەتی ڕەسەن دەرخواردی خۆیان و کەسانی ساویلکە و گەمژەی ناو کۆمەڵگای کوردی دەدەن؟
خێڵی درۆ کە بۆ بەدەستەوەدانی ئاشکرای شەنگال و 6300 کچ و ژنی ئیزەدی کەڕ و کوێر ببون، بەڵام بۆ کەیسی تەم و مژاوی مستەفا سەلیمی دەستیان دایە دەهۆڵ و زوڕنا. گوێی دونیایان کەڕ کرد کە لاهوری شێخ جەنگی خەیانەت و جەنایەتی کردوە ئەم پەنابەرەی ڕادەستی ئێران کردۆتەوە. گوێگرانی خێڵی درۆ پرسیاریان نەکرد کە بڵێن: “6300 ئافرەتی ئیزەدی بە قەد تاوانبارێکی ئاسایی بایەخیان نەبو؟”

ئیستڕاتژی بنەماڵەی بارزانی
«دابین کردنی بەرژوەندی داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو ئاغایەتی بە سەر باشوری کوردستان دا»
ڕاستیەکی تاڵ کە تا ئێستاش زۆرینەی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان نەیانزانیوە، یان چاوپۆشیان لێی کردوە، ئەوەیە:
“بنەماڵەی بارزانی دۆستی ئیستڕاتژیکی داگیرکەرانی کوردستانن” لە ئاکام دا دوشنمی ئیستڕاتژیکی نەتەوەی کوردن”
ئەم نەزانی، یان چاوپۆشیە بە قیمەتێکی زۆر گران لە سەر گەلی کورد و حیزبەکانی چوار پارچەی کوردستان تەواو بوە.
کوردایەتی بنەماڵەی بارزانی، زیندوبونەوە و درێژەی ئاغایەتی ئیمارەتە کوردیەکانی دەورەی ئیمپراتوری عوسمانی و ئێرانە کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە کۆتاییان پێ هات.
ئیستڕاتژی هاوژیانی ئیمارەتە کوردیەکان لە گەڵ دەوڵەتانی عوسمانی و ئێرانی لە سەدەی 19 کۆتایی پێهات؛ بەڵام لە 60 ساڵی ڕابردوو بە شکڵێکی نوێ لە ژێر ناوی کوردایەتی بە ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی زیندو بۆتەوە. دەکرێ بە سیستمی «نوێ‌میرنشینی» یان «دەوڵەت-قەبیلە» ناوزەد بکرێ.
خوێنەری هێژا،
بنەماڵەی بارزانی ژیانی ئەنگەلی خۆیان لە مردواوی نەزانی و دواکەوتویی کۆمەڵگای کوردی بونیاد ناوە. هەرێمی زۆنگ و زەلی کوردایەتی دیوەخان، تەنیا بە بڵاو کردنەوەی تۆوی وشیاری و زانیاری دەبێتە جاڕە گوڵ.
” پێش ڕزگارکردنی خاک، ڕزگارکردنی مێشکی مرۆڤ لە ڕەعیەتی و کۆیلەیەتی پێویستە.

پەراوێز و سەرچاوەکان:
– حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەر دەستی شێخانی بارزان تۆبەیان کردوە کە قەت لاپەڕەکانی مێژووی کورد کوژی بنەماڵە هەڵنەدەنەوە باسی ڕێبەر و کادر و پێشمەرگەی تیرۆر کراو و ڕادەست کراو و ئیعدام کراوی دەستی مەلا مستەفا و مەسعود و ئیدریس هەڵنەدەنەوە و کتێبەکەی دوکتور قاسملو و عەبدوڵای حەسەنزادە ش بە ناوی خەیانەتەکانی قیادەی موەققەت بە نەتەوەی کورد بشارنەوە و خۆی لە بێ ساحەب کەن. ئەمەش لینکی ئەو کتێبەی ڕێڕەوانی دوکتور قاسملو قاچاغیان کرد: خیانەتەکانی قیادە موەقەت بە نەتەوەی کورد https://globalgovernment2012.blogspot.com/2014/12/blog-post.html
– ساڵی 1983 لە قڕناقە و پشت ئاشان حیزبی شیوعی کەوتە بەر هێرشی یەکیەتی و زیاتر لە سەد کەسیان قوڕبانی شەڕێکی نابەرابەر بون. هەرچەند هەڵایسێنەری ئەم شەڕە پارتی و شیوعی (بەرەی جود) بوون، بەڵام نوسەر کوشتاری شیوعی بە ناڕەوا و جنایەت دەزانێ. بە تایبەت کە زۆربەیان دوای ئەسیر بون، ئیعدام کراون.
– ئەم دەستەواژە لە شێعرەکەی سوارەی ئێلخانی زادە وەرگیراوە:
“خێڵی‌ درۆ
ئێوه‌ كێن؟ خێڵی‌ درۆ
گه‌لی‌ ده‌م پڕ له‌ هه‌را
نیشته‌جێی‌ شاری‌ به‌ گرمه‌ و دووكه‌ڵ‌
ئێوه‌:
میراتگری‌ كام جێ‌ له‌وه‌ڕن؟
كه‌ی‌ شێری‌ چیان؟

به‌رده‌ماو خۆری‌ توڵه‌ و گورگی‌ گه‌ڕن
زه‌لكه‌یه‌ كۆڕه‌كه‌تان ئێوه‌ زه‌ڵمن
…..
به‌سیه‌تی‌، …. به‌سیه‌تی‌
واهات …. وا چوو”

– خێڵی درۆی پارتی دێموکڕتی بارزانی ئیدعا دەکەن ناوبراو توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە پێنجوێن لە باشوری کوردستان و لە لایەن ئاساییشی یەکیەتی ڕادەستی دەوڵەتی ئێران کراوەتەوە.
ئەگەر ڕادەست کرابێتەوە، تاوانێکە وەک دەیان تاوانی بنەماڵەی بارزانی. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی کەسانی پەنابەر کە ترسی کوشتنیان لە سەرە، نابێ ڕادەستی ئەم دەوڵەتانە بکرێنەوە کە قانونی ئیعدام تێیدا جێبەجێ دەکرێ. تەنانەت ئەگەر تاوانی جنایەت، کوشتن و چەتەگەریشیان لە سەر بێت.
ئەوەی کە مەبەستی ئەم وتارەیە بەزاندنی سنوری لۆمپەنیسمی سیاسی کوردەواریە.
لەشکرێک پارێزەری مافی مرۆڤ،کوردپەروەر، شۆڕشگێڕ، پاڵەوان و ئازادئخوازی سەر فەیسبوک کەوتونەتە شوێن عەلی جەوانمەردی بۆ ڕەشکردنی لاهور شێخ جەنگی بە قیمەتی سپی کردنەوەی مێژووی ڕەشی بنەماڵەی بارزانی.
– بۆ پاک کردنەوەی ناو لەشی مرۆڤ لە ئەنگەلی ناولەش(وەک کرمی ئاسکاریس) دەبێ بە ڕێکاری زانستی ژینگەکە بگۆڕدرێت. پێویستە لە ناو جەستەی توشبو دا گۆڕانێکی وەهای تێدا بکرێ ، کە ئەنگەلەکە نەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدات یان زاو و زێی تێدا بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت