پشکۆ ئەمین: دەرکردنی سەفیرەکانی 10 وڵات، بڵێی خزمەت بەتورکیا بکات؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش ئەوەی ئەردوگان لە Eskisehir ئیسکی شیر رۆژئاوای تورکیاوە، وەڵامی نامەی ئێوارەی دووشەمە 18.10.2021ی ئەو 10دبلۆمات کارەی وڵاتانی ئەڵمانيا و فەرەنسا و كەنەدا و دانیمارك و فنلەندا و هوڵەندا و نيوزيلەندا و نەرويج و سوێدو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای دایەوە کە داوای بریارێکی خێراو دادپەروەرانە دەکەن، لە کێشەی زیندانی کردنی عوسمان کاڤالای تەمەن 64 ساڵدا، داوا دەکەن کە بریاری دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێ بەجێبکەن، دبلۆماتکارەکان دەڵێن کە هەوڵدەدریت دادگایەکە دوابخریت و تێکەڵ بەکێشەی تر دەکریت و بەلارێدا دەبرێت تاوانی تازەو دەهێنرێتە پێشەوە پاش ئەوەی دادگا بێتاوانی سەلماند. تکایە چاو بەمافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیەت و سەروەری یاسا و روونی دەسەڵاتی دادگای تورکیدا بگێرن.
ئەردوگان یەکەم جار، رەفزی نامەکەو ناوەڕۆکەکەی کرد، داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە دبلۆماتکارەکان بانگ بکاتە وەزارەتی دەروەو هەڕەشەی دەرکردنیان لێبکات. ئەردوگان دەپرسێت ئێوە هاتوون دەرسمان دابەن؟ ئێوەکێن؟ ئایا ئەمریکاو ئەڵمانیا تیرۆرست و پیاو کوژ ئازاد دەکەن؟.
دوێنێ ئەردوگان لە ئاسکی شێر Eskisehir بەدەنگێکی توڕەتر وتی: من بە وەزیری دەرەوەمانم وتووە کە دەبێت چی بکەین و چی پێویستە بیکات، تا ئەو 10 دبلۆماتکارە خێرا وەک نەویستراو نەخوازراو بناسێنرێن، ئێمە بەخێر هاتنیان ناکەین لە وڵاتەکەماندا، ئەم هەڕەشەو توڕەی و داواکردنی دەرکردنی بالویزو سەفیری 10 وڵات بۆ ئەردوگان قورسە، لەم 10 وڵاتە حەوتیان ئەندامی ناتۆن، شەشیان ئەندامی یەکیەتی ئەوروپان، بڵیی پەشیمان نەبێتەوە. دەوترێت وەزارەتی دەرەوەو بەرپرسەکانی تورکیا هەوڵیانداوە بۆ راگرتنی دەرکردنەکە، بەڵام ئەردوگان سوورە لەسەر قسەی خۆی.
بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لیرەی تورکی دابەزینێکی پیوانەی نوێی تۆمارکرد، ئەمڕۆ دووشەمە یەک دۆلار بە 9,8545 لیرە فرۆشرا، دەوتریت زیاتر دادەبەزیت.
سەرۆکی یەکیەتی ئەورپا David Sassoli دیڤید ساسۆلی دەڵێت: دەرکردنی ئەم سەفیرانە دەریدەخات کە تورکیا رووەو وڵاتیکی دیکتاتۆری رۆیشتوە، لیژنەی سەرکردایەتی ئەوروپاش دەڵێت: گەربێتوو تورکیا کاڤالا ئازادنەکات ئەوا دەستدەکەین بە لێکدانەوەی چۆن وەڵامی ئەمکارە نارەوایەی تورکیا بدەینەوە، بەشێکی زۆر لەوڵاتانی ئەوروپا دەڵێن گەر تورکیا ئەم کارە بکات ئێمەش باڵوێزەکانی دەردەکەین.
ئەردوگان رایگەیاند ئەو دبلۆماتکارانە لە وڵاتەکەیدا نە خوازراو نەویستن، ئەمەش مانای دەرکردنی سیاسیانەی دبلۆماتکارەکان دێت، هەرچەندە بەرەسمی تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە هیچ نامەیەکی دەرکردن بۆ هیچ یەکێک لەو وڵاتانە نەنێرراوە، وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەروەها نەرویچ دانیمارکیش هەمان شتیان راگەیاند، وتەبیژی دەرەوەی ئەمریکا بەهەمان شێوە دەڵێت: کە هیچیان پێ نەگەیشتووە.
کاڤالا ئەوکەسایەتیە نوسەرو پارێزەرەی کولتورو داواکەری ئاشتی و ئازادی و پێکەوە ژیان لە تورکیادا،کە بە پاریزەری کولتورو مافی مرۆڤی تورکیا ناسراوە. 18 ئۆکتۆبەری 2017 کەڤالا لە کوڕێکدا کە رێکخراوی ئەنادۆل بۆ کولتور دروستی کردبوو بە هاوکاری پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی، لەگەل 50 کەسی تردا دەستگیر کرا، بە تاوانی رێکخستن و پشتگیری خۆپیشاندەرانی ساڵی 2013 باخچەی گیزی لە ئەستەمبوڵ و تاوانی دژایەتی دەسەڵات و دەستوریان دایە پاڵی،کەڤالا نێرا بۆ زیندانی سیلیفری لە دەرەوەی ئەستەمبوڵ.
لە فیبریواری 2020 دا، دادگای تورکیا بێتاوانی کەڤالای سەلماندو بۆ چەند کاژێرێک ئازادکرا، پاشان دیسانەوە بەتاوانی پشتگیری کودەتا و فەتحوڵا گولەن دەستگیر کرایەوە، پارێزەرەکانی کاڤالا دەڵێن هیچ بەڵگەیەک لە بەردەم دادگادا نیەو هەمووی وادەڵێن وابزانینە.
لەم دوایانەدا تاوانی گەورەتریان دایە پاڵ کەڤالا، کە هاوکاری هنری بارکی دەکات، کە زانایەکی تورکەو لە ئەمریکا دەژی، هەروەها تاوانی جاسوسی کردنی سەربازی و سیاسی، گەر ئەم تاوانانە بەسەر کەڤالادا بسەپێنرێت، ئەوا بۆ هەتا هەتایە دەبێت لە زینداندا بمێنێتەوە. رەخنەگرەکان ئەم تاوانانە بە سیاسی دەزانن و بە هەڵبەستراو ناوی دەبەن.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی( ECHR) لە دیسەمبەری ساڵی 2019دا داوایەکی رەسمی دایە تورکیا کە تیایدا داوای ئازاد کردنی کاڤالا دەکات و دەڵێت: دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە تورکیا تیایدا ئەندامە داوا لە تورکیا دەکات،کە نابێت مافی مرۆڤ پێشێل بکرێت، زیندانی کردنی کاڤالا پێشێل کردنە، داوا دەکەین بە خێرای ئازادبکرێت. زیندانی کردنی کافالا پاڵنەرێکی سیاسیانەی هەیە، تائێستا هیچ تاوانێک لەوانەی دراونەتە پاڵی، لە سەری پشت راست نەکراوەتەوە، بۆیە زیندانی کردنی لەمە زیاتر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە لەتورکیادا.
تورکیا ئەو داواو بڕیارەی دادگایەی کە خۆی واژۆی کردوەو ئەندامە تیایدا،بە هیچ زانی و هەر وەڵامیشی نەدایەوە، ئەمرۆ یەک شەمە ئەو وڵاتانەی نامەکەیان ناردوە،کەتیایدا ئەڵمانیاو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای تیدایە،گفتوگۆیان دەربارەی ئەو بریارەی ئەردوگان کرد و دەیانەوێت وەڵامێکی پێویستی ئەردوگان بدەنەوە،کە دەڵێت سەفیرەکانیان نەویستراو نە خوازراون.
[هەفتەی پێشوو خاتو مێرکلی ئەڵمانیا کەتا ئێستاش هەر کانزلەری ئەڵمانیایە، لە تورکیا میوانی ئەردوگان بوو، هەردوو لایان خوازیاری پەیوەندیەکی بەتین و باش بوون لەگەڵ یەکتردا، وا ئەمرۆ ئەردوگان سەفیرەکەیان دەردەکات، پەیوەندی نێوان ئەڵمانیاو تورکیا هەندێکجار کێشەی تێ دەکەوێت و تێکدەچێت، بەتایبەتی ساڵی 2017 کە تورکیا هاونیشتیمانیەکی ئەڵمانی زیندانی کرد، بەمە درزێکی گەورەی کردە پەیوەندیەکانی نێوانیان.
دەستگاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەربارەی ئەم راگەیاندنەی ئەردوگان دەڵێت: ئاگاداری ئەو لێدوانانەین کە سەرۆکی تورکیا ئەردوگان دای، ئاگاداری هەموو ئەو راپۆرتانەشین کە پەیوەندیان پێوەی هەیە، ئێمە لەگەل ئەو 9 وڵاتەی تردا گڤتوگۆی چڕو پیویست دەکەین دەربارەی ئەو لێدوانانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلیدوانێکدا وتی چاوەڕیی روونکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاین.
لەم کاتەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا، مولود چاوش ئۆغلۆ بە سەفەر لەکوریای باشورە، چاوەڕیین بزانین کە ئایا ئەو کارە جێبەجێ دەکات کە سەرۆکەکەی پێیراگەیاندوە، جێ بەجێکردنی ئەم کارە هەنگاوێکی بنەڕەتی دەبێت و پاڵەپەستۆیەکی تووند لە پەیوەندی نێوان تورکیای شەریک لەناتو لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دروستدەکات.
پەیونەدی نیوان وڵاتە یەکگرتوەکان و تورکیا باش نیە، وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەتی ناتۆ هێشتا گفتو گۆی کرینی دژە موشەکی رووسی S-400 دەکەن، کە تورکیا لە رووسیای کڕیووەو بەم هۆیەوە بو، کە سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترەمپی پێش بایدن سزای تورکیایدا و دوری خستەوە لە بەرنامەو بەشداریکردنی فرۆکەی شەڕ کەری F-35 کە ئێستا تورکیا داوای فرۆکەی ئیف 16 دەکات لەجیاتیدا، ئەمە جگە لە پشتگیری کردنی ئەمریکا لە کورد و هاوکاریەکانی بۆکورد لەسوریا و عیراق، کە تورک دژی ئەمکارەیەو هەوڵدەدات کە نەمێنێت و نەکرێت.
سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا بە توندی دژی ئەم کارەی تورکیا وەستانەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی سەوز کڵاودیا رۆت، داوای سزای قورسی تورکیای کردو داوای کرد کە هیچ چەکێکی پێ نەفرۆشرێت و بەدەستگای هەواڵ و دەنگوباسی ئەڵمانیای راگەیاند دەبێت دژی رژیمە سەرکوتکەری ئەردوگان بوەستینەوە.
جیم ئوزدەمیری سیاسەتمەداری سەوز لەتویتێکدا دەنوسێت، ئەم هەڕەشەیەی تورکیا نیشانەی خراپی سیاسەتی ناوخۆی تورکیایە، کاتێک ناوخۆی تورکیا بەخراپی دەروات بەڕێوە، ئەردوگان وەک هەموو کات پەلاماری دەرەوە دەدات. هەروەها شارەزاو سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پارتی دیموکراتی مەسیحی CDU نوربرت روتگن، دەربارەی زیادبوونی هەڵچوونی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە رۆژنامەی زوید دۆیچەدا، نارەزایەتی خۆی راگەیاند. هەروەها لە پارتی دیموکراتی سەربەخۆ الیکسەندر لامبسدۆرف لەتویتەردا بڵاوی کردەوە. لە ئەگەری دەرکردنی 10 دبلۆماتکارەکەدا، نە سیاسەتێکی عاقڵانەیە نە دبلۆماسیانەیە، جگە لەوەی کە هاوپەیمانیەتیەکەمان لاوازدەکات.
هەواڵنەری فەرەنسا دەڵێت: هەڵە لە حوکمەتی فیدراڵی ئەڵمانیایە و تاوانباری کرد، بەوەی لەباتی سیاسەت بکات خەریکی دبلۆماسیەتە، لە گەڵ ئەنقەرەدا. ئۆپۆزسێۆنی تورکیاش دەڵێت: ئەردوگان دەیەوێت بەم کێشانە خەڵکەکەی والێبکات بیر لەبرسیەتی و نەهامەتیەکان نەکاتەوە. ئایا ئەم گرژی و ئالۆزیەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەخزمەتی ئەردوگاندایە؟
رەنگبێت ئەردوگانی 69 ساڵ هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێک ئامانجی سیاسی بدات لەناوخۆدا بە وتارە ئاگرینەکانی وەک لە 2017 روویدا، ئالۆزی و گرژی دەرەوەی قۆستەوەو هەوڵیدا ئەوانەی لەسەر دەستوور دژی بوون پێش دەنگدانەکە بیانهێنێتە ریزەکانی خۆی. بۆیە ئێستاش ئەردوگان دەیەوێت هەمان کاربکات لەوڵاتەکەیدا، ئەردوگان لەژێر چەندین پاڵە پەستۆی قورسدایە.
باری ئابووری خراپ هەڵاوسان و دابەزینی لیرەی تورکی و بێکاری و برسیەتی و کۆرۆناو یەکگرتنی ئۆپۆزسیون و دژایەتیەکی بەهیزی رژێمەکەی ئەردوگان و دابەزینی دەنگەکانی، جگە لەخراپی باری تەندروستی خۆی، کە دەوترێت تووشی پارکن سۆن بووە، ئەمانە هەمووی تەنگیان بەئەردوگان و رژێمەکەی هەڵچنیوە، بۆیە ئەردوگان خوازیاری هەڵگیرساندنی شەڕێکە، تا تورکە شەر خوازەکان ئارام کاتەوەو پشتگیری بکەن. ئەوەتا نیازی پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی هەیەو هەڕەشە دەکات، تا ئێستا نە رووسیا نە ئەمریکا بەم کارە رازینین و دژین. بایدن ساڵیکی تری دریژ کردەوە بۆ مانەوەی سەردەمی تەهلوکە (خەتەر) لە سوریادا و هەڕەشەی کرد لەهێرش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، وتی هەرچ هێڕشێک بکرێت زیان بەشەری داعش دەگەیەنێت، بۆیە نابێت رووبدات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت