لاوک کونجرینی: باڤێڵ تاڵەبانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە هەموو کەس خۆی بە شارەزاو زانا دێتە بەرچاو، بەتایبەتی لە حاڵەتی نەبوونی ئەو جۆرە پیشەوایەدا کە لەڕێگەی ئازایەتی و بەختەوە بە پەیژەی مەزنیدا سەرکەوتبێ و تا خۆی بەسەر ئەوانی تر سەپاندبێت. مێکیاڤیلی.
لە جنجاڵی سیاسیدا وشەکان ڕیز دەبن، هەستەکان لە ڕووداوەکان نزیک دەبنەوە، زۆرجار توڕە بوون و زۆر جار ئازاریی جەستەو بێزاریی یەخەی مرۆڤ دەگرێت. لێرەوە بەڵێنەکان لەگەڵ خۆ، شیرازەی دەپچڕێت و وەک یاری مارو پەیژە، بە پیژەکەدا سەر ناکەویت. بەڵکوو بە پێوەدانی سەریی مارەکە بەرەو خوارەوە دەگەرێیتەوە. من وتم و بەڵینم بەخۆمدا ماوەیەک دوورکەومەوە لە ڕێزکردنی وشەی ڕەخنەئامێزی سیاسی، بەڵام کەی بووە هەورێکی چر بیت و بەهەورازی کوێستاندا نەبیتە ڕە‌هێلەو تۆفان و دانەبارێتە خوارێ.
سیاسەت وەک کانت دەڵێت: گەر لە سیاسەتدا تێڕمانت نەبوو بۆ دراو و پێگە، واتای تێ نەگەیشتنە لێی. ئێمە هەمان تێنەگەیشتووین و، بەڵام عارمان نییەو وازی لێ ناهێنین. بەڵام لەگرەوێکی گرنگدا بەشدارین، خەڵکمان لە سیاسییەکانی کورد هەڵوەراندووە. بوینەتە هۆکاری دەرخستنی ئامانج و فێل و کردەوەکانیان.
دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی بابەتێکم نوسی بە ناونیشانی ” لاهور تاڵەبانی” لەم بابەتەدا دەستنیشانی سەرکەوتنی سیاسی و سەربازیی لاهور شێخ جەنگیم کرد. قسەشم لەسەر ئەوە کرد، سەرکەوتن گرنگە، بەڵام پاراستنی سەرکەوتنەکە گرنگترە. لەو بابەتەدا تێڕوانم لاواز بوو، لەوە نەگەیشتم بە ئاستی ململانییەکانی ئامۆزاکان بگەم و مێژووی ململانییە خوێناوییەکانی ئەماراتە کوردییەکان دووبارە بکەمەوە. هەمیشە لێکدانەوەکان پچڕ پچڕن، بۆیە ئێستا دەڵێم: باڤێڵ تاڵەبانی سیاسییەکی کامڵ نییە، هەنگاوەکانی بەئاراستەی ئامانج نییە. ئەو لە قۆناغی یەکەمدا سەر دەکەوێت، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا دەکەوێتە بەردەم مارەکەو توشی گلانی سیاسی سەرسەخت دەبێت. ئەوەی لە دەستکەوتی سیاسی بە پەیژەی توانای ئامۆزاکەی و ناو و ناوداری خێزانەکەی بەدەستی هێنا، بە هەڵەی سیاسی و بە نەبوونی کامڵی تاکتیک و بەبێ ئەزموونی دەچێتە سەری مارەکە، نەک دایدەگرێتە خواروەوە، بەڵکو پێوەی دەدات و وای لێدەکات لە چوارگۆشەکە هەڵبێت.
قسە زۆرە، زۆر لەوانەی لە کۆنگرەی چواری یەکێتی بەشدار بوون، باس لەوە دەکەن، باڤێڵ تاڵەبانی گەر ئامۆزاکەی توانای خۆی بۆ نەدەخستایەتە گەر تەنها 100 دەنگیشی نەدەهێنا. جگە لەمەش، کۆمەڵێک دەنگۆ هەیە لەسەر ئەم بەرێزە لە شەقام، لەوانە:
1- دەرمان خۆرە
2- هەڵشەی سیاسی زۆریی هەیە.
3- جنێوفرۆشە.
4- توانای سیاسی و ئیدارییەکانی هەتا بڵێی لاوازە.
ئەم قسانەی شەقام لەسەر باڤێل تاڵەبانی تاچەند ڕاستەو یان تاچەند هەڵبەستراوە، بە ڕوودانی 8- 7 هەندێکی پێچەوانە بووەو هەندێکی بووە تروسکایی ڕاستی. لەوانە:
1- لەبەر ئەوەی جەستەیەکی وەرزشی هەیە، لەگەڵ دەرمان خواردندا ناگونجێت.
2- جنێوفرۆشە، ئەمەش هاوتای زۆرێک لە سەرکردە کوردەکانە.
3- هەڵشەی سیاسی، بە کردەوەکەی 8- 7 و بە خۆدەرخستنە زۆرەکانی لە مێدیاکاندا، هۆکاریی هەڵەشەی سیاسی زۆری پێوە دیارە.
4- هەڵبژاردنەکەی 10-10 دەرئەنجامی توانای سیاسی ئەم بەڕێزەیە، کە ناتوانێت ئیدارەی یەکێتی بدات وەک خۆی، نەیتوانی بەر بەو هەموو تەزویرەی پارتی بگرێت لە هەولێرو دهۆک، کە بە ئیستحقاقاتی خۆی 5 کورسیشی نەدەهێنا. هەروەها ڕێژەی دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی بۆ ئاستێک نزم بۆتەوە، کە ئەمەش گریمانەیە بۆ نەتوانای باڤێڵ تاڵەبانی.
ئەم بۆچوونانە، لە کاژی هەموو کردەوەیەکدا دەتوانرێت خوێندنەوەی دروستی بۆ بکرێت. بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەبۆتە گریمانە، تەنانەت لە لای پارتی و هێزە سیاسییەکان، یارییە شاراوەکانی ناوی یەکێتییە.
یارییەک تەنها لە چوارچێوەی قسەکردن و ورتە ورتدایە. بەڵام ئەوە نازانم پارتی و هێزەکانی تر تا چەند جوڵەیان بە سێکتەرە هەواڵگرییەکانیان کردووە تا بزانن ئەم هەوالانە تا چەند ڕاستە.
دەنگۆکان باس لەوە دەکەن ئەوەی ڕوویداوە لە 8- 7 سینارۆیەکی سیاسی وردی نێوان باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییە بە ئاراستەی گلاندنی پارتی و پچووککردنەوەی بۆ ئاستی هێزی دووەم. ئێستا پارتی هێزی یەکەمە، بەڵام بە پچوکراوەیی و بەتەزویر، یەکەم هێزییەکەی بەدەست هێنا.
ئەگەرەکان و ڕەوشی سیاسی هەرێم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵاتی پارتی بەرەو کەناری کەم کردنەوەی نفوسی لەناو خەڵکدا هەڵدێرێت، ئەگەر پارتی مەسرور بەرزانی کەنار نەگرێت و دووری نەخاتەوە لە دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی، هەڵچونی ناڕازییەکان لە بادینان و هەولێر و سلێمانی زیاتر و زیاتر ئاستی جەماوەری پارتی پچووک دەکاتەوە.
هەروەها لەهەر لەحزەیەکدا لەسەروبەندی هەڵبژرادنی پەڕلەمانی کوردستان، گۆڕانکارییەکی سیاسیی تری هاوشێوەی 8- 7 ڕوودەداتەوە لەناو یەکێتی و ئەمجارە جۆش و خرۆشی خەڵكی وەک دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران بۆ یەکێتی فەراهەم دەبێتەوەو، سەر ئەنجام پارتی لە پاشەکشێدا دەبێت و یەکێتی گرەوەکەی خۆی دەباتەوە.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت