دانا مەنمی: داخستنی دەروازەی سێمێلکا ئاو لە ئاشی کێ دەکات؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژئاوای کوردستان زۆربەی سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاو سوریادایە، تەنها دەروازەیەک لەبەردەم ڕۆژئاوای کوردستاندا دەروازەی سێمالکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم دەروازەیە دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان، سێمێلکا دەروازەی سەرەکیی نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستانە، جگە لە هاتووچۆی هاونیشتمانیان و شاندە نێوخۆیی و بیانییەکان، بۆ مەبەستی بازرگانیش بەکاردێت، داخستنی ئەم دەروازەیە کارێکی نامرۆڤانەیەو تاوانێکی گەورەیە گەمارۆ بخرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان تەنها لەبەر ئەوەی بونەتە خاوەنی ئیدارەیەکی سەربەخۆ، لەکاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا مافیان بەسەرمانەوە هەیە و دەبوایە ئەو دەروازەیە بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا کراوە بوایە، داخستنی دەروازی سێمێلکا لەژیر هەر بیانوو سیناریۆیەکی سیاسی و ئەمنی دا بێت کارێکی نامرۆڤانەیە و ئەمە چوارەم جارە پارتی دەرگای سێمالکا بە سەر ڕۆژئاوای کوردستاندا دادەخات.
دەروازەی سێمێلکا دەروازەیەکی بازرگانیە و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و خواردەمەنی وچارەسەری پزیشکی کوردانی ڕۆژئاوا لەو دەروازەوە لەنێوان رۆژئاواو باشوری کوردستان ئاڵوگۆر پێ دەکرا، لەماوەکانی ڕابردوودا ئەو کەسانەی بەنیازی سەردان لە رۆژئاواوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان لە دیوی پیشخاپوور پارتی دیموکراتی کوردستان فۆڕمێکی پێ پڕ دەکردنەوە بەناوی فۆڕمی گەشتیاری، لەکاتێکدا ئەو پرسیارانەی کە لە فۆڕمەکەدا هەبوو زیاتر پرسیاری هەواڵگریی بوو وە داوای زانیاری هەواڵگری لەو کەسانە دەکرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکرد، سەرباری ئەوەی ژورێکیان داناوە بۆ چاوپێکەوتن و کاتێک گەشتیار یان نەخۆشێک دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی پارتی دەچێتە ژوری چاوپێکەوتن و دەبێ وەڵامی دەیان پرسیاری تری هەواڵگری بداتەوە، هەندێکجار ئەگەر کاربەدەستانی پارتی وەڵامەکانیان بە دڵ نەبێت سوکایەتی بە گەشتیاران دەکەن، دواجاریش پارتی بۆئەوەی زیاتر دڵی ئاو بخواتەوە و سوکایەتی زیاتر بە کوردانی ڕۆژئاوا بکات بە ئەنقەست چەندین کاتژمێر لە چاوەڕوانیدا دەیانهێلێتەوە و ڕێگەنادات گەشتیاران بپەڕنەوە.
دەوڵەتی تورک دوای ئەوەی لەرێی لەشکر و پەلاماری سەربازییەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شکستی هێنا، دیوی پشتەوەی شکستە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تورکیا دژ بە رۆژئاوای کوردستان و فشاری سیاسی و بەکارهینانی پارتی یە وەک ئامرازێک دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا لەساڵی 2017 وە فشاری خستووەتە سەر پارتی کە دەروازەی سێمێلکا بە رووی ڕۆژئاوای کوردستان دابخات، کە بە داخەوە پارتی دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمیانەی دەوڵەتی تورک تێکەڵ کردووە، کە رێ لە بە ئاوات گەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردانی ڕۆژئاوا دەگرن، ئێستا پارتی بۆتە هێزی تەحتەلتەڵەبی پلانەکانی تورکیا دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا، پارتی به‌بێ‌ هیچ پاساوێك و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم دەروازەی سێمێلکا-پیشخابور داخستووە، خۆ ئەگەر جارێک ئەردۆغان تاوانباربێت، ئەوا دوو جار پارتی و سەرۆکەکەی تاوانبارن لەئاست داخستنی دەروازەی سێمێلکا.
تورکیا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر پارتی و شەڕی پارتی لە سەر سنوری رۆژئاوای کوردستان گەرم کردووە، پارتییش درێغی نەکردووە و تا ئێستا ئەوەی لە دەستی هاتبێت دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان لە لێدانی خەندەقەوە بیگرە بۆ ئابڵوقەی ئابوری، داخستنی دەروازی سێمێلکا ،دروستکردنی هێزی چەکداری دژ بە ڕۆژئاوا، دەستێوەردان لە کاروباری کانتۆنەکان، ڕاکێشانی کادر و ئەندامانی لایەنەکانی ڕۆژئاوا بۆ ناو پارتی بە پارە و پلە و پۆست و موچەیەکی بەرز، هەموو ئەمانە شەڕی دوژمنکارانەی پارتیە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، کاتێک دیمەنی شۆفڵ و بیلدۆزەرەکانی پارتیم بینی لەنێوان باشورو ڕۆژئاوادا خەندەقیان لێ دەدا تێگەیشتم بابەتەکە سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی نییە ،بەڵکو تەحتەلتەڵەبی تورکیایە و دەبێ جێبەجێ بکرێت! لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، بەسەرنجدان لە واقیعی ئێستادا بواری زیاتر بۆ دەستێوەردانی تورکیا لە ڕێگەی پارتییەوە دەبێت و کێشەو قەیرانەکان زیاتر قوڵ دەبنەوە و لێکترازانی زیاتر لە نێوماڵی کوردو بەتایبەت (باشورو ڕۆژئاوا ) دروست دەبێت و سازش نەکردن بۆیەکتر بە زیانی گەورەوکارەسات بۆسەر دۆزی کورد شکاوەتەوە و بە قازانجی داگیرکەرانی کوردستان کۆتایی پێھاتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت