کارتەر ماڵکاسیان: ڕۆژئاوا تا ئێستاش لە تاڵیبان تێناگات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ڕژێمی تازەی ئەفغانستان

تاڵیبان وا بۆ زیاتر لە نیوساڵ دەچێت لە سەرحوکمن لە ئەفغانستان. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی لە پێناو گەییشتن بە سیاسەتیکی گونجاوو مەحکەم تێکۆشاوون بۆ وەڵامدانەوە بەو بارودۆخە. سەرۆک و بەرپرسەکانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی پێیان باشە کە تاڵیبان حکومەتێکی گشتگیر پێک بهێنێت و ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و هیچیتر تەنگ بە ئەندامانی سەر بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەڵنەچنێت و هەروەها ئیدانەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیسش بکات. لە نێو ئەو قەیرانە ئابووری و مرۆییەی کە لە ئەفغانستان دا هەیە سیاسەتمەدارانی نێودەوڵەتی تووشی گرفتێکی گەورەو ترسناک بوونەتەوە. ئەویش ئەوەیە یا ئەوەتە تاڵیبان وەک لایەنێکی تیرۆرو بێزراوی نێودەوڵەتی چاوی لێبکرێت و لێرەشەوە دەبێ هەموو هاوکاری و کۆمەکێکی نێودەوڵەتی لێ ببڕن، یا ئەوەتە هاوکاری و یارمەتی نێودەوڵەتی پێبدەن و لێگەڕێن ئەو سیستەم و ڕژێمە بەو شیوەیەی کە خۆی دەیەوێت دەوام بکات.
گرفتی جەدەلی سیاسی کە جیگەی سەرسوڕمانیشە ئەوەیە کە بۆچی جیهان زۆرکەم دەزانێت دەربارەی ڕژێمی تازەی تاڵیبان. نیازەکانی تاڵیبان و بەرژەوەندیەکانیان و هەروەها پێکهاتەی دروستکردنی بڕیاریشیان لە لای جیهان لێڵ و تەمومژاوییە. مەولەوی هەیبەتوڵا ئاخونزادە، ڕابەری ئێستای تاڵیبان، چەندین ساڵە نە لەسەر تەلەفزیۆن بینراوەو نە وێنەیەکیشی گیراوە؛ ئەندامەکانی تری ڕابەرایەتی تاڵیبانیش لە وینەی مەلا موحەمەد حەسەن و مەلا عەبدولغەنی برادەر و سیڕاجەدین هەقانی یا ئەوەتە هەر نەبینراوون یان زۆر بەکەمی بینراوون. کتیبەکەی بێتی دام کە لەو زووانەدا بڵاویکردەوە بە ناوی (گەڕان بەدوای دوژمندا: مەلا عومەرو هەروەها تاڵیبانی نەزانراو)، ئەو کتێبە باشترین ڕێنوماییە و یارمەتیدەری باشیشە بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان. لێکۆڵینەوەیەکی پڕ لەوردەکارییە کە نووسەر چەندین ساڵی پێوە خەریک بووە کە ئەو وەک ڕۆژنامەوانیکی بنکۆڵیکار بەدوای تاڵیباندا گەڕاوە. ئەو کتێبە زۆرێک لە کاروباری ناوخۆیی ئەو گرووپە دەردەخات و نیشانی دەدا کە بە ڕاستی ڕۆژئاوا زۆرکەم دەزانێت کە ئەو جوڵانەوەیە چۆن کاردەکات. ئەو کتێبە زۆرترو وردترنیشاندەدا لەوەی کە تاکو ئێستا لە لایەن ڕۆژئاواوە بە شێوەیکی گشتی دەربارەی تاڵیبان زانراوە. بێتی دام پێشنیاردەکا کە ڕۆژئاوا نە دەبێ بەتەواوی تاڵیبان وەلانێ و گوێی پێنەداو نە دەشبێ چاوەڕێی ئەوە لە تاڵیبان بکەن کە ملکەچی فەرمان و داواکاریەکانی نێودەوڵەتی دەبێ. لە جیاتی ئەوە دەبێ سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بە سیاسەتێکی کراوەترو بە چاوێکی تیژترەوە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن. دەبێ خۆیان لادەن لە سەپاندنی سزای زۆر قورس بەسەر تاڵیبانداو هەوڵی زیاتریش بدەن بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان و بزانن لە چ شوێنێکدا دەتوانن لەگەڵ تاڵیباندا کار بەیەکەوە بکەن. وە لە کۆتاییشا دەبێ ڕۆژئاوا خۆی بەدووربگرێت لە وەی تاڵیبان بکاتە دوژمن کە پێویست بەمە ناکات و ناشبێت خەرجی زۆر بە فیڕۆ بدەن لە پێناوی ئەوەی کە وا لە تاڵیبان بکەن تەنازولات بکات بۆیان، چونکە ئەمە شتێکە قەت ڕوو نادات. بۆیە پەیڕەوی کردن لە سیاسەت و بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لەوانەیە بتوانن و نەهێڵن کە ئەو وەڵاتە لەوە زیاتر بکەوێتە ناو قەیران وکارەساتی مرۆییەوە.

پڕکردنەوەی بۆشاییەکان
بێتی دام، لە سەرەتای ساڵی 2000وە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەفغانستان کردووەو لە ساڵی( 2012 )شەوە دەستی بە نووسینی کتێبێک کرد دەربارەی مەلا موحەمەد عومەر بە ناوی : ڕابەرە یەک چاوەکەی یەکەم ڕژێمی تاڵیبان. کە ئەو ڕژێمەش میوانداری لە ئوسامە بن لادن کردو حوکمی ئەفغانستانیشی کرد لە ساڵی 1996 وە هەتا ساڵی 2001 کە لە لایەن ئەمریکاوە وەلانرا. لە دوای وەلانرانی ڕژێمی تاڵیبان، مەلا عومەر زۆر بە دەگمەن دەبینراو هەتا وای لێهاتبوو وەک کەسایەتیەکی ڕوحانی و نادیار باسی لێوە دەکرا. هەوڵی بێتی دام بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی ڕابەرێکی زیرەک و لێزانی تاڵیبان وای لەو ژنە کرد کە چەندین ساڵ تەرخان بکات لە سەرتاسەری ئەفغانستان بۆ گەڕان بە دوای دوژمندا. بۆچوونی زاڵ و ژیرانەش ئەوەبوو کە هەر لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە، مەلا عومەر لە پاکستانەوە ڕابەرایەتی تاڵیبانی دەکرد. بەڵام بێتی دام، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە دوای چەندین ساڵ لە بەدواداچوون لەوبارەوە، چەندین بەڵگەی زۆر باش دەردەخا کە مەلا عومەر هەر لە نێو ئەفغانستانەوەو لە شوێنێکی زۆر نزیکیش لە بارەگاو بنکەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەتا رۆژی مردنەکەی لە ساڵی 2013ئەو کارەی ئەنجام داوە. مەلا عومەر توانیویەتی خۆی بەدوور بگرێت لە خۆ دەرخستن و لە ناو خانووی قوڕو سادەدا ژیاوە. پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ دەوروبەریدا بەشێوەی کاسێتی تۆمارکراوو نامەی دەستخەت ئەنجام داوون.
قەت نەتوانراوە بەباشی مەلا عومەر بناسرێت. ئەوهەمیشە لە ناو کتێب و ڕاگەیاندنەوە وێناکراوە، بە تایبەتی لە دەستپێکی ساڵەکانی جەنگەوە، ئەو وەک و کەسێکی تونڕەو کە شوێنی قاعیدەی کردەوە ناسرا. بەڵام بێتی دام پێی وایە کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا و ڕاگەیاندنەکان بێلایەن نین لە بەرامبەر مەلا عومەرو تاڵیبان دا. جا لەبەرئەوەی شتیکی زۆرکەم دەربارەیان دەزانن کەواتە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەلا عومەرو تاڵیبان هەروەها پەیوەندی ئەو دوولایە بە تیرۆرەوە ئاڵۆزو ناڕوون دەبێت. بێتی دام دەڵێ: “بەداخەوە ڕاگەیاندنی سەرەکی و باوهەمیشە باسی لە بوونی دوژمنیک دەکردو بەمەش درێژەیان بە جەنگ دەدا.” ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە زۆر کەم زانیاری جێ باوەرو متمانە زانراوە لە دوای ئەوەی کە مەلا عومەر قەندەهاری بەجێهێشت لە کۆتایی ساڵی 2001. مەلاعومەرو بن لادن ئامانجی سەرەکی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوون، بەڵام ئەو دوو زاتە هەر وەک ئەوەی وابوو کە لەسەر ڕووی زەویێ نەمابن. لە ڕاستیدا کاتێک کە مەلاعومەر لە ساڵی 2013 دا مرد کەس لەدەرەوەی بازنەیەکی بچووکی دەوروبەری خۆی نەیدەزانی کە مەلا عومەر مردووەو هیچیشیان دەربارەی مەلاعومەرنەدەزانی. هەروەها زیاتر لە دو ساڵیشی خایاند هەتا زانیاری لەوبارەوە دزەی کردو جیهان پێیزانی کە مەلا عومەرمردووە.
بێتی دام پێی وایە کە تا ڕادەیەکی زۆر خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون. هەروەها نووسەر گێڕانەوەکەی خۆی وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەو قسەو قسەڵۆکانە دەبینێت کە دەگوتران گوایە تاڵیبان بە توندوتیژی و سەرکوت ناسراوەو مۆسیقاو گۆرانیشی قەدەغە کردووەو دەزگای سەرکوت و سزادانی هەیە و چالاکی ژنانیشی قەدەغە کردووە. لە ڕێگەی چەندین چاوپێکەوتنەوە کە بێتی دام لەگەڵ خەڵکی ژێر حوکمی تاڵیباندا کردوویەتی دەڵێ: “قەت ژیان ئەوەندە ڕێک و باش نەبووە وەک کە لە ژێرسایەی تاڵڵیباندا دەگوزەرێت.” بە دەرێژایی ساڵەکانی ١٩٩٠ و بەرەو ژوور خەڵک بە تەواوی گوێی لە گۆرانی و مۆسیقای کەلتووری گرتووەو شێعر خوێندراوەتەوەو وەرزشیان کردووە. بەڵام ژنان بە شێوەیەکی گشتی لە ماڵدا ماونەتەوەو هەندیک لە کچانیش توانیویانە بچنە خوێندنگا و قۆناخی سەرەتایی. هەروەها بێتی دام دەڵێ : “بەڵگەی زۆر کەم هەیە کە گوایە تاڵیبان هەموو ڕۆژانی هەینی سزای بەشێوەی بەردباران جێبەجێکردووە لە شارەکانی وەک کابوڵ و قەندەهار و بە زۆری زۆرداریش خەڵکیان پەلکێش کردووە بۆ ئەوەی لە مەڕاسیمی سزادانەکە ئامادەبن و سەیر بکەن.”
بە بەڵگەوە نووسەر دەڵێت ئەوجوڵانەوەیە پاڵپشتیەکی زۆرتری هەیە لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی ناسراوە، بە تایبەتی لە ناوچە دوورە دەست و لادێکاندا. بۆ نموونە دانیشتوانی قەندەهارزۆر پێیان خۆشبووکە تاڵیبان لەساڵی 1994 بازرگانانی شەڕو ئاشووبی نەهێشت کە باج و سەرانەیەکی زۆریان دەخستە سەر هاوڵاتیان و هەراسانیان دەکردن. هەروەها تاڵیبان جۆرێک لە دڵنیایی و جێگیری و ئەمانەتی بۆ خەڵک دابین کرد. بۆیە بۆ خەڵکێک کە لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدی وەک و ئەفغانستاندا بژیت، ڕێساو یاساکانی تاڵیبانیان بەلاوە شتێکی سەیرنابێت. هەتا دانیستوانی کابوڵیش زۆر پێیان خۆش بوو کە لە ساڵی 1996 تاڵیبان هاتە ناو شارەکەوەو کۆتایی بەو بێ سەرەوبەرەییە هێنا. هەروەها یاساو ڕێسای پەیوەند بە ژیانی رۆژانەی خەڵکیان چەسپاند، بە تایبەتی لە پەیوەند بە ژیانی ئافرەتانەوە کە بۆی هەیە سەخت بووبێت. لە هەندێک شوێنان خەڵک زۆر خۆشحاڵبوون بەوەی کە خۆراک و پێویستیەکانی ژیان هەرزانبوون و فڕۆکەخانەکانیش بەڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە.
لێرەدا نووسەربو لێکۆڵینەوەەیەی خۆی بابەتی هاوکاریی تاڵیبان بۆ قاعیدە، کە بەلای ئەمریکاو جیهانیشەوە خاڵێکی گرنگە، ئاڵۆزدەکات. ئەو نیشانی دەدا کە پەیوەندیەکانی نێوان مەلاعومەرو قاعیدە ناڕۆشن و لێڵ بوون. دەڵێ هەرچەندە مەلاعومەر ڕێگای بە بن لادن دا کە لە ئەفغانستاندا بمێنێتەوە بەڵام لەگەڵ بن لادن نەبوو دەربارەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و هەروەها هەوڵیشی لەگەڵ بن لادن داوە کە بۆ میدیاکان لێدوان و قسەنەکا. کوڕەکەی بن لادن لە دواییدا بە بێتی دامی گوتووە کە ” پەیوەندیەکان باش نەبوون. مەلا عومەر نەیویستووە هیچ شتێک لەگەڵ باوکم بکات بەڵام نەشیتوانیوە بەتەواوی گوێی پێنەدات، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە بەشێوەیەکی زۆرچڕهێرشی کرایە سەر لەدەرەوەڕا”.
بێتی دام دەیسەلمێنێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون!
بێتی، دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا بە شێوەیەکی خەراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە ئاڵۆزە کردووە. هەوڵەکانی واشنتۆن لە نەوەتەکاندا بە شێوەیەکی دیار بۆ پەراوێزخستنی تاڵیبان پێجەوانەی ویستی ئەمریکای لێکەوتەوە. ئەو مامەڵە خەراپەی ئەمریکا لە گەڵ تاڵیبان بووە هۆی پەکخستنی ئاڵوگۆڕی لێکتێگەییشتن و زیادبوونی لایەنداری و ڕێگری لە چارەسەری مامناوەندی و نێوەندگیری بە تایبەتی کە دەهاتە سەر بابەتی قاعیدە. کردەوە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی تاڵیبان تا واز لە وەخۆگرتنی بن لادن بهێنێت زیاتر مەلا عومەری بەرەو عینادی و شێلگیری برد تا بە هیچ شێوەیەک واز لە بن لادن نەهێنێت و داڵدەشی بدات. هەر بۆ نموونە مەلا عومەر توڕەتر بوو کاتێک کە ئەمریکا لە بنکەو کامپەکانی قاعیدەی دا لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی 1998 لە تۆڵەی بۆمبارانکردنی سەفارەتەکانی ئەمریکا لە کینیاو تانزانیا لا لایەن قاعیدەوە. لەو بارەوە مەلا عومەر وتی:” ئەگەر هەموو جیهان دژایەتیمان بکات سەرباری دڵنیایەکانمان و هەر بەردەوام بن لەسەر داواکردنی بن لادن لە ئێمە ئەوا ئێمە قەت بن لادن تەسلیم ناکەینەوە پێیان. لە جیاتی ئەمە ئێمە بەرەنگاری لە بن لادن دەکەین تا دوا دڵۆپە خوینی خۆمان.” هەرلە دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت مەلا عومەر ئاگاداری تۆم ماڵینۆفسکی دیپلۆماتکاری ئەمریکای کردەوە کە ئەو هێرشە سەربازیانە تەنها دەبنە هۆی یەکگرتوویی زیاتر لە نێوان موسڵماناندا و هەروەها دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا بەرفراوانترو زیاتر دەبێت. بە پێی وتەکانی یەکێک لە هاوکارەکانی ماڵینۆفسکی دەڵێت:” ئەو 60 ساروخەی کە ئەمریکا هاویشتی ڕیک تاڵیبان و مەلا عومەری خستە ناو باوەشی بن لادنەوە.”
لە گەڵ ئەوەشدا بێتی دام دەیەوێت کە هیوابڕاو نەبین چونکە لەوانەیە بزووتنەوەی تاڵیبان ڕازی ببێت هەندێک تەنازولات بکات بۆ ڕۆژئاوا لە بەرامبەر جۆرێک لە هاوبەشی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵیاندا. هەروەک بێتی دام تێبینی کردووە کە بابەتی سەرەکی لای ئەو بزووتنەوەیە بریتیە لە عەقیدەوئایینەکەیان وە بە هەر نرخێک بێت بتوانن نێوبانگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست بێنن. دوای ئەوەی کە تاڵیبان لە ساڵی 2001 هەردووک پەیکەری بودای لە نزیک شاری بامیان لە ناو جەرگەی ئەفغانستان ڕوخاندن و بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی تاڵیبان کەوتە بەر ڕەخنەو گلەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، مەلا عومەر قسەیەکی گرنگ و بەناوبانگی کرد کە وتی:” من پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەلاوە گرنگ نیە”. هەروەها وتی: ” کاری من ئەوەیە کە یاساکانی ئیسلام بچەسپێنم، لەوە نە کەمترو نە زۆرترە. ” لەوەش واوەتر مەلا عومەر ڕازی نەبوو کە واز لە بن لادن بهێنێت و بیداتە دەست ئەمریکا. چونکە “دەترسا کە دوژمن لەبەرێکی دەربێنن و وەک موسڵمانی ناڕاست ناوزەدی بکەن ئەگەر بن لادن وەک دیارییەکی گەورە بدەینە دەست ئەمریکا.” هەتا کار گەییشتە ئەوەی کە مەلا عومەر پەنای بۆ خەوبینین دەبرد کە لە خەویدا ڕێنمایی بکرێت کە جی بکات؟. کە ئەمەش داب و نەریتێکی کۆنە لە نێو کەسانی دینیدا لە ئەفغانستان. بۆ سیاسەتمەدارەکان زۆر بە سوودە ئەگەر بە وردی سەیری ئەو نموونەیە بکەن: ڕابەری ئێستای تاڵیبان، هەیبەتوللا، وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت وەک و مەلا عومەر بێت. هەیبەتوللاش هەر بە هەمان شێوە لە قەندەهار دەمێنێتەوە، لە کامێڕاو میدیا دوور دەکەوێتەوە، هەروەک مەلا عومەر ئەویش هەمان تێڕوانینی هەیە بۆ ئیسلام و تەفسیری ئیسلام، هەمان دیدو بۆچوونی هەیە لەبەرامبەر شەریعەتی ئیسلامی کە دەبێ ببێتە دەستووری دەسەڵات و حوکمڕانی. ئەو کتێبەی بێتی دام وەک وەبیرهێنانەوەیەک وایە بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا کە خۆ تەرخانکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئیسلام ڕاستەو نەگۆڕە، ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت خزمەتی وەڵاتی خۆیان بکەن، جا بە هەر نرخێک بۆیان بچێتەسەر، چونکە بەلای ئەوانەوە لە هەموو شتێکی تر گرنگترە.
بەهێزی و تۆکمەیی عەقیدەی ئاینیی تاڵیبان بە تەنیا لە پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا دەرناکەوێت بەڵک و لەگەڵ پاڵپشتە سەرەکیەکەشیان کە پاکستانە دیارە. بێتی دام دەری دەخات کە پەیوەندیەکانی تاڵیبان لەگەل دراوسێکەی ئەفغانستان زۆر جاران جێی گومان و لە ژێر پرسیاردابووە. سەرباری ئەوەی کە تاڵیبان ڕازیبوون بە وەرگرتنی هاوکاری و کۆمەک لە پاکستان، بەڵام ناڕازیشن بەو مامەڵەیەی کە پاکستان لەگەڵ ئەفغانستاندا دەیکات هەروەک کە ئەفغانستان پارێزگایەک بێت لە پاکستان. هەروەها تاڵیبان دەست تێوەردانی دەرەکی بە باش نازانێت لە کێشەی ئەفغانستاندا. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە دەبێ هەموو کەس بیزانێت ئەوەیە کە تاڵیبان لە ناوجەرگەی ئەفغانساتندا سەری هەڵداوە. بێتی دام قسەیەکی مەلا عومەر دەگێڕێتەوە کە بە سەرۆکی حیزبێکی پاکستانی گوتووەو وێراویەتی پێی بڵێ و ئامۆژگاری کردووە ئەوەیە :” ئێوە بەڕاستی پێمان بڵێن چی دەکەن لێرە؟ ئێوە پێویستە جەخت لە پاکستان بکەنەوەو لە پێشدا لەوێ دەوڵەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنن.”

بەشێکی تری کتێبەکەی بێتی دام
توێژینەوەکەی بێتی دام هاوکاری سیاسەتمەداران دەکات کە رێگایەکی تازە لە گەڵ تاڵیباندا بگرنە بەر. چونکە ئەگەر بێت و ئەمریکا وەک بزووتنەوەیکی توندڕەوی تێرۆریست و بێزراوی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکات، بۆی هەیە کە پاڵپشتی تێرۆریستی و توندڕەوەکانی جیهان زیاتر بۆ لای ئەو بزووتنەوەیە پەیدا بکات کە ئەوەش ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە هەمووشت زیاتر لێی دەترسن. ڕێگای تەقلیدی ئەمریکا بۆ شەڕ لە گەڵ تێرۆریستەکان و لێدانیان لە ناو خاکی ئەفغانستان دا پەرچەکرداری زۆرخەراپترو زیانبەخشتری لێدەکەوێتەوە بۆ ئەمریکا کە زۆرتر دەبێ لەوەی کە زۆریک لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا هەستیان پێکردووە. بە تایبەتی کاتێک کە خەڵکی سیڤیل دەکوژرێت، خەڵکی لۆکاڵ و ناوەوی ئەفغانستان زۆرخەراپتر دەبنە دوژمنی ئەمریکا. ئەگەر ئەو جۆرە لێدانەی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لەدەوری تاڵیبان و گرووپە توندڕەوەکانی ترلە ناوچەکەدا کۆببنەوە. کەواتە بە ڕای بێتی دام ڕێبازێکی دیبلۆماسیانەی لەسەرخۆو بە پشوو باشترین چارەیە لەگەڵ تاڵیبان کە تاوانباران و خەراپەکاران تەسلیم بکاتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکەی بێتی دام ، مامەڵەی دیبلۆماسیانە لەگەڵ ڕێکراوی تاڵیبان ڕێگایەکی ژیرانەیەو لەوانەشە بە پێی تێپەڕبوونی کات ئەو ڕژێمە کورسییەکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابین بکرێت و یان هەتا بگاتە ئەوەی کە ئەمریکاش سەفارەتی خۆی لە ئەفغانستاندا بکاتەوە. ئیدارەی بایدن کارێکی ژیرانەی کرد کە ڕێگای بە بانکەکاندا کاری خۆیان بکەن لە ئەفغانستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پارەکانی حکومەتی ئەفغانستانیان ئازادکرد و هاوکاریەکانیش بگەینن بە بێ ئەوەی ئەمریکا لە خۆی بترسێت. جا لە کاتێکدا کە ئیدارەی بایدن لەو دواییانەدا بڕیاری دا کە دەسەڵات بداتە کارو مامەلەی بانکی بۆ خەڵکی ئەفغانستان، پێویستە واشتۆنیش بیر لە لابردنی گەمارۆ و سزای دارایی وبازرگانیش بکاتەوە بە تایبەتی لە گەڵ حکومەتی تاڵیبان. چونکە هەردووک حکومەتی تاڵیبان و ئەمریکاش سوودمەند دەبن لە ئەفغانستانێکی بێلایەن و سەربەخۆ. چونکە ئەمە دبێتە هۆی کە هیچی تر ئەفغانستان نەبێتە شوێنێک بۆ پێشبڕکێی نێوان هێزە گەورەکان و دیسان هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستاندا.
مامەڵەکردن لە گەڵ تاڵیبان وەک گروپێکی توندڕەوی بێزراو لە وانەیە پشتیوانی گروپ و بزووتنەوەی تیرۆریستی تر بەدەست بێنی کە واشنتۆن لە هەمووشت زیاتر لەمەیان دەترسێت.
بەڵام ئەوانەی کە هیوایان بەوەیە کە تاڵیبان ڕازی ببێت بە داواکاریەکانی ڕۆژئاوا و حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێنێت و ڕێز لە مافی مڕۆڤ بگرێت، لەوانەیە تاڵیبان تووشی بیهیواییان بکات. لەوانەیە تاڵیبان مل بدا بە هەندێک شت بۆ نموونە ڕێگە بە هەندێک کچ بدات برۆن بۆ خوێندنگاو ڕێگا بە هەندێک ڕێکخراوی نا حکومی بدات بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەکی مڕۆیی و لە وانەشە تۆڵەو لێدانی ئاشکرای ناو بازار بووەستێنێ، بەڵام لەوە زیاترو بەرەو ژوورتر ئەگەر لە تاڵیبان چاوەڕێ بکرێت ڕاست دەرناچێت و بێ بنەمایە.
کاتێک کە ئەگەر نەتوانرا بزووتنەوەی تاڵیبان لەو ڕێبازەی خۆی یەک تۆز بهێنڕیتە خوارێ لە بەڕێوەبردنی حکومەت و کۆمەڵگادا ئیتر وەبەرهێنانی گەورە ی ئابووریش لەو وەڵاتەدا بۆی هەیە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بەڵام پێویستە هاوکاری و کۆمەکی مرۆیی ئەنجام بدرێن و نابێ لە گەڵ سیاسەت تێکەڵ بکرێن. دەبێ کۆمەک و هاوکاری بگەێنرێت بە ئەفغانستان لە سەر بنچینەی پێویستیەکانی خەڵک و هەژاری و داماوی خەەڵک نەک وەک پاداشت و چاکە بدرێت بە حکومەت لەبەرئەوەی حکومەت هەمانگی دەکات لەگەڵ ڕۆژئاوادا. بڕیارەکەی ئەم دواییانەی ئیدارەی بایدن بە تەرخاندکردنی نیوەی ئەو پارە بلۆکراوەی حکومەتی ئەفغانستان ڕاستەوخۆ بدرێت بە خەڵکی ئەفغانستان نەکو لە ڕێگەی حکومەتی تاڵیبانەوە، ڕووی لە سنووردارکردنی کارکردنی ئەمریکایە لەگەڵ تاڵیبان. دیسان ئاماژەیەکیشە کە هێزە گەورەکان زیاتر تاڵیبان و ئەمریکا لێک دووردەخەنەوە. ئەمریکا چەند بەرژەوەندیەکی کەمی لە نێو ئەفغانساتندا هەیە، وە کاتێک کە پارەی باج کە لە خەڵکی ئەمریکا وەردەگیرێت و دوایی دەدرێت بە دوژمنێکی پێشووی وەک تاڵیبان لەوانەیە لە نێو خۆی ئەمریکادا بە باشی پێشوازی لەو هەنگاوە نەکرێت لە لایەن خەڵکی ئەمریکاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەم ئەمریکاو هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆیان بەدوور بگرن لە کردەی کۆشەگیرکردنی تاڵیبان.
لە کاتێکدا ئەمریکاو ئەوانەی تریش بیردەکەنەوە ئاخۆ دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی تازەی تاڵیباندا بکەن، هەر بەرنامەیەکی باشیش وا لە سیاسەتمەداران دەخوازێ کە دەبێ ئارامیان هەبێ و پێیان وا نەبێ کەوا خەراپتر بەڕێوەیە، هەروەها لەسەرووی هەمووشەوە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی زۆرتردەربارەی دایەلۆگچیەکان فێر ببن. جا بۆ ئەوەی یەکێک ببینێ و بزانێت کە بێتی دام پێشنیارو ڕاوێژێکی سیاسیانەی درووست و بەجێی پێشکەش کردووە، هیچ پێویست ناکات کە تاڵیبانی خۆش بوێت.
تێبینی: کارتەر ماڵکاسیان سەرۆکی بەشی توێژینەوەی بەرەنگارییە لە کۆلیژی باڵای توێژینەوەەی دەریایی. هەروەها نووسەری کتێبی: جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا- مێژوو. لە سەڵی 2015 بۆ 2019 وەک ڕاوێژکاری سەرەکی جەنەڕاڵی ئەمریکی جۆزیف دەنفۆرد بووە. دواییش سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش بووە.

سەرچاو/ https://www.foreignaffairs.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت