سەردەشت محەمەد: داگیرکاری تورکەکان لە سوڵتان سەلیمەوە بۆ ئەردۆغان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەم لە ساڵەکانی نێوان 1512ز بۆ 1520ز ئاڕاستەی داگیرکاری و تاڵانکاریەکانی عوسمانییەکان لە ئەوروپاوە بەرەو کوردستان وەردەگێڕێت ئیدی لەو سەردەمەوە تائێستا ململانێ و ماڵوێرانییەکانی عوسمانیەکان لەسەرخاکی کوردستان درێژەی هەیە، کەواتە بەتێڕوانین و وردبونەوە لەو مێژووە دورو درێژەی داگیرکاریەکانی تورک لەم سەرزەمینەدا بۆمان ڕوندەبێتەوە کە ئەم هێزەداگیرکەرە لە هەموو قۆناغ و سەردەمێکدا بۆ ڕەوایەتیدان بەداگیرکاریەکانی بیانوییەکی هێناوەتەوە، ئەگەر سەرەتایی داگیراریەکانیان لەم ناوچەدا بەبیانوی هەبونی سەفەویەکانەوە بوبێت و ئەمە پاڵنەرێک بێت بۆئەوەی کوردەکان و خاکەکەیان لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکاربهێنێت ئەوائێستا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە پێنج سەدە ئیدی تورکەکان بەئاشکرا و بەبێ هیچ ترسێک پەردە لەسەر نێت و مەرامی داگیرکاری خۆیان هەڵدەدەنەوە بەئاشکرا دان بەوەدادەنێن کە ئەوان تەنها دوژمنیان لەم ناوچەدا هەرکوردەکانە، بۆیە “خلوسی ئاکار” وەزیری بەرگری تورکیا بێ هێچ سڵەمینەوەیەک و بە بەرچاوی دونیاوە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە تیرۆرست ناودەبات، ئەمە لەکاتێکدا ئەوەی سەرقاڵی تیرۆرکردن و داگیرکاری و خوێن ڕشتنە خودی تورکەکانە نەک ئەوهێزە کوردییەی کە لەناوخاکی خۆیدایەو جگە لەداکۆکیکردن لەمافی ڕەوای خۆی و میللەتەکەی تائێستا دەستدرێژی نەکردۆتە سەر خاک و ژیانی هیچ گەلێکی دیکە،
ئەوەی تیرۆرستە ئەو هێزە تورکە ڕەگەز پەرستەیە کە زیاتر لە 20کم هاتۆتەناوخاکی هەرێمەوە و دەیان بنکەو بارەگای سەربازی لەناوچەکەدا دامەزراندوە و ڕۆژانە سەرقاڵی بۆردومان کردن و ڕاوەدونان و شەهیدکردنی دانیشتوانی گوندەکانی کوردستانە.
داگیرکاری و ڕقوقینی تورکەکان بەرامبەر بەنەتەوەیەکی وەک کورد بەجۆرێکە ئەگەربێت و هێزێکی وەک پەکەکەش لە هاوکێشەی سیاسی سەرئەم زەمینەدا بسڕینەوە و شتێک نەمێنێت بەناوی پەکەکەوە، ئەوا تورک هەردەستبەرداری داگیرکەریەکانی نابێت و بەدوایی بیانویەکی دیکەدادەگەڕێت تا لەڕێگەیەوە درێژە بەسیاسەتی ڕەگەزپەرستانەوە و نامرۆڤانەی خۆی بدات، بەداخەوە ئەوەی جێگایی نیگەرانییە ئەوەیە لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە کاولکاری و دڕندانەی تورکدا نەک هەر بەرپەرچدانەوەیەک لەلایەن هێزە کوردیەکان و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەباشوری کوردستان بەدیناکەین، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لەناوخۆدا هێزێک هاوکار ویارمەتی دەر و ڕێگە خۆشکەربووە بۆ هێنانی هێزی تورک بۆسەر خاک و ئاوی کردستان،
لەئێستادا ئەوەی جێگایی مەترسییە ئەوەیە کە سیاسەتی داگیرکاری تورک جودایە لە سیاسەتی هەرهێزیکی دیکەی داگیرکەر لە دونیادا، سیاسەتی تورکەکان بەجۆرێکە کە دەستیان بەهەرشوێنێک بگات ئەستەمە پاشەکشێی تێدابکەن و بەدرێژایی مانەوەشیان لەو شوێنەی کەداگیری دەکەن جگە لە تاڵانکردن و ماڵوێرانی هیچ شتێکی دیکە لەدوایی خۆیان بەجێ ناهێڵن.
ئەوەی وایکردووە مەترسی داگیرکاریەکانی تورکەکان لە سەردەمی ئەردۆغاندا زۆر جیاواز و هەستیارتربێت لەداگیرکاری و پەلامارەکانی سوڵتان سەلیمی یەکەم ئەوەیە کە سەردەمەکە گۆڕانکاری گەورە تیایدا ڕوویداوە و ئێستا لەپاڵ داگیرکردنی خاکدا پرسی نەوت و گاز و سەرچاوەکانی دیکەی ووزە زیادیان کردووە و وایکردووە هەڵپەکردن بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی دورمەودای عوسمانییەکان و مانەوەیان لەناوچەکەدا بەجۆرێک درێژە بکێشێت کە لەخەیاڵی کەسدانەبێت کە ڕۆژێک دێت گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوودەدات و تورکەکان ناچار بەکشانەوە بکات،ئەمە پێچەوانەی سەردەمی داگیرکاری ئیمپراتۆرێتی عوسمانیەکان کەهەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی و تێکشکاندنی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی تاڕادەیەک تورکەکانی ناچار بەکشانەوە کرد هەرچەندە تائێستاش لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکیادا ئەم ناوچانە هەربەشێکن لە خاکی تورکیا و تائێستاش بەبەشێکی دابڕاو لەخۆیانی دەزانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت