عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی پانزەهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێم وایە زەویمان بۆ گۆڕ دەست ناکەوێت
جارێکیان دوو کەسی ئاشنای یەکدی دەچن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. لەکانی سووڕانەوە (طواف) بە دەوری کعبەدا یەکێکیان دەڵێ: خوایە لێرە, لەم شوێنە پیرۆزە بمرم. ئەوی دیکەیان دەڵێ: خوایە لێرە نەمرم و کە چوومەوە ئینجا لەنێو ماڵ و منداڵی خۆم بمرم. ئەوەی یەکەم دوعاکەی گیرا دەبێ و لەوێ کۆچی دواێی دەکات و بەپێی رێوڕەسی سعودیە دەینێژن. ئەوەی دیکە دەگەڕێتەوە و دوای ماوەیەک نەخۆش دەکەوێت. ئیدی دۆست و خزم و ناسیاو سەری لێ دەدەن ورەی دەدەنە بەر و دەڵێن برا تۆ بۆ خۆت وا لێ دەکەی, ئینشائەڵلا هیچ نییە و چاک دەبیتەوە و وەک گوێزی ساغت لێ دێتەوە. کابرا دەڵێ: چاک بوونەوەی چی, من خۆم دەزانم لە کاتی سووڕانەوە بە دەوری کعبەدا چ گوویەکم خواردووە.
لە فێسبووک مامۆستایەکی ڕیش جوان, سبحان اللە هەر دەتگوت لەگەڵ( إمام یحیى) ی ئیمامی یەمەن کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی ئیمامی یەمەن بوو و وێنەکەیم لە ڕۆژژمێرێکی گیرفان دیبوو سێوێکن کراون بە دوو لەتەوە, ئەوئیمامەی وەک پیاوان هەتا مابوو نەیهێشت تەلەفۆن و ڕادیۆ و ئەو شتە کافرکردانە پێ بنێنە ئەو وڵاتەوە, ئەو مامۆستایە دەفەرموێ: پێویستە حکوومەت دەستی هەموو ئەو بەرپرسانە ببڕێ کە دزییان لە موڵک و ماڵی میللەت کردووە. کە ئەمەم خوێندەوە بەدەست خۆم نەبوو پێکەنینم هات و بیرم لەوە کردەوە خۆ ئەگەر ئەوە بکرێت هێچ بەرپرسێکی گەورە نابینی دەستی نەبڕابێ و بەزەییم پێیاندا دەهاتەوە کە چۆن نان دەخۆن و ئیش و کاری خۆیان دەکەن و چۆن لە تەوالێت خۆیان پاک دەکەنەوە و لە هەمووی گرنگتر چۆن پارە دەژمێرن و دەیخەنە ناو مەکینەی پارە ژماردنەوە. بیرم لەوەش دەکردەوە, باشە ئەگەرحكوومەت دەستى ئەوانە ببڕێ, ئەی کێ دەستی حکوومەت ببڕێ؟! ناکا ئەو کارە بە میللەت بسپێرن.
لە مێژە بیری لێ دەکەمەوە, بەڵام حکوومەت بیری لێ ناکاتەوە و باکی پێی نییە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی وڵات بە حزب و حکوومەتەوە مەبەستیان خزمەتکردنی میللەت بێ, دەبێ ئەوان هەوڵ بدەن و بیر بکەنەوە کە ئەو خەڵکە پێویستی بە چییە و چ شتێک سوود بە میللەت دەگەیەنێ ئەوەی بۆ بکەن. بۆ نموونە ئەو ئاوەڕۆ پیسەی لە شارەکان هەیە دەڕوا و تێکەڵ بە ڕووبار و زێیەکان دەبێتەوە و پیسی دەکات دەیانتوانی پاکی کەنەوەو خڵتە و پیسییەکەی لێ بگرن و بیکەن بە پەین, خۆ ئەگەر هەموو پەینی پێویستیشی دابین نەکردایە, بەشێکی زۆری دابین دەکرد و ئەو پارەیەى دەیدەین بە پەێن لە نێو وڵاتدا دەمایەوەو بۆ وڵاتانی بێگانە نەدەچوو و ئاوەکەشی بۆ کشتوکاڵ ئاودان بەکار دەهات. وڵاتانی دیکە ناهێڵن ئەو ئاوە قورسە ژینگە و ئاوە پاکەکەىش پیس کات. بەڵام گەر بەربرس هەر بیر لە لادانی پارە و سامانی وڵات بکاتەوە و ماشەڵڵا ئەوەندەش زۆرن, ئەوەی هەیە هەر بەشی خۆیان دەکات هیچی بۆ مووچە و پڕۆژە نامێنێتەوە و هەزار سوێندیش دەخۆن و دەڵێن پارەمان نییە و دەبێ چاو لە بەغا چڕ کەینەوە تا بە هەزار دوعاو ناڵەی عەلی پارەمان بۆ دەنێرێ. خۆیان تا ئێستا کارگەیەکیان پێکەوە نەناوە و ئەوەی هەشبوو تەفروتوونایان کرد و کردیانە ئاردی ناو دڕکان. کارگەی جگەرە لە هەولێر و سلێمانی, کارگەی مافوور, کارگەی شیرەمەنیی هەولێر, دۆشاوی تەماتەی هەریر و چەندانی دیکە چییان لێ هات و بۆ نەمان؟ ساڵانە چەندان ملیۆن دۆلار دەچێ بۆ دەرەوە بۆ هاوردەکردنی جگەرە لە دەرەوە, نەدەکرا چاکسازی لەو کارگانەدا بکرایە جۆری جگەرەکە باشتر بکرایەو بشناردرایە دەرەوە و لە جیاتی ئەوەی جگەرە بکرین بمانفرۆشتایە؟ هەروەها سەبارەت بە کارگەکانی دیکەی وەک دۆشاوی تەماتە و شیرەمەنیش. بەڵام لە جیاتی ئەوەی حکوومەتی هەرێم ئەوە بکات چەند کارگەیەکی سپاردووە بە کەرتی تایبەت, باشە ئەو کەرتی تایبەتە پارەی لە کوێ بوو؟ بە میرات یۆی ماوەتەوە؟ ئێوە جڵەوتان بۆ شۆر کردوون و یارمەتیتان داون بە ئارەزووی خۆیان قاچاندوویەتیانەوە, خوا پێم نەگرێ ڕەنگە پشکی زۆریشی هی خۆتان بێ و ناوتان ناوە کەرتی تایبەت و هەر تایبەتیش بەخۆتانە، بەڵام بە ناوی کەسانی دیکە.
کرێکارێک لە یەکێک لە کارگەکان هەبوو شوفێر بوو, بەڵام لەبەر ورگی تا ڕادەیەک وەکو پێویست نەدەجووڵا, بۆیە وەک یارمەتی لە چێشتخانەی کارگە دایاننابوو . ئێوارەیەک هەندێک کرێکار کە چووبوون بۆ کار لە دەرەوەی کارگە دەگەڕێنەوە و داوای خواردنى لێ دەکەن, کابرای ورگ زل دەڵێ نەماوە و ئێوە درەنگ هاتنەوە. دەڵێن باشە چیمان هەبوو؟ ئەویش دەڵێ شفتە. دەڵێن باشە هەر هیچ هیچ نەماوە؟ ئەویش دەڵێ تەنیا 30 شفتە ماوەو ئەویش هەر بەشی خۆم دەکات. توخوا با ئەوەشتان بۆ بگێڕمەوە. کوڕێکم دەناسی هەر چەندە لە ئێمە بچووکتر بوو، بەڵام بەهۆی خزمێکیەوە دەهات لامان دادەنیشت. باوکی ئەو کوڕە کلی دەکرد چاوی و سمیڵی بادەدایەوە. کوڕەکە جارێکیان گوتی: باوکم ئێمەی لە ساوار گرتبوو و هەر دەیگوت ڕۆڵە ساوار ئالیکی مێردانە. ئێوارەیەکیان خەریکی ساوار خواردن بووین دیتم هەر کە خافڵ دەبووین ئاوڕێکی بۆ دواوە دەدایەوە و شتیکە دەخستە دەمی, گوتی من خۆم وا دەرخست کە ئاگام لێ نییە و هەر کە باوکم ئاوڕێ دایەوە خێرا هەستام, سەیرم کرد قاپێک هێلکە و قاورمەی لە پشت قوونی خۆی شاردۆتەوە و بە دزیی ئێمە هێلکەو قاورمە دەخوات. وا تێ بکەم ئێستا ئێمە هەمان دەوری ئەو کوڕ و باوکە دەبینین.
ئینجا با بێینەوە لای بابەتی زەوی و بۆ بەشی گوڕستان نەماوەتەوە. جارێ هەرچی زەویی چاک بە کەڵک هەیە هەر بەرپرسە و چەندان دۆنمی دابڕیوە و کردوویەتی بە باخ و ڤێلای جوانی تێدا دروست کردووە بە حەوزی مەلە وداری میوەی هەمەجۆر کە وەکو بەهەشت وایە وئیدی چی خوا پێی ناخۆش بێ و ئەوان پێیان خۆش بێ لەو باخانە بەرچاو دەکەون و نازانی سەیری کوێیان بکەیت. ئەمە لەلایەک, لەلایەکی دیکەوە ئەو زبڵ و زاڵ و خۆڵ و خاشاکەی هەموو ڕؤژێک چەندان تؤنە و دراوە بە کەرتی تایبەتی قوڕبەسەر و هەژار یۆ ئەوەی دوو قرۆشیان دەست کەوێ, لەو دەشتانە فڕێ دەدرێن و وردە وردە هەموو زەوییەکان داگیر دەکەن و ئیدی زەویی نزیک بۆ گۆڕستان نامێنێتەوە, بەڵام ئەو خۆڵ و خاشاکە سوودی بۆ هەندێک هەژار و لێ قەوماو هەیە کە ڕۆژانە دەچن بەناویدا دەگەڕێن پارچە وایەرێک, قوتووی پیپسی و کۆکاو هی ساردەمەنیی دیکە و شتی دیکەی تێدا دەدۆزنەوە و دەیفرۆشنەوە و گوزەرانیان لەسەر ئەوەیە, ئیدی ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ. دیسان دەڵێم خوای گەورە ئاگادارتان بێ و هەر ساغ و سەلامەت ین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت