عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و حەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند باری سەرنجێک و ڕوون کردنەوەيەک
لە خرتکەو پرتکەی 35 ى 8. 4. 2022ی ئاماژەم بە سێ شت کردبوو. یەکەمیان/ نووسینەکەی کاک هیوا حەللاق لەسەر ناوناتۆرەی هەندێک کەس لە کۆیە کە ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و کاک هیوا کەوتە بەر تیری ڕەخنەو, گلەییەکی زۆریشی لێ کرا. سەبارەت بەو نووسینەم کۆمێنتی زۆرم بۆ هاتووە و زۆربەشیان لە نووسینەکەی کاک هیوا ناڕازی بوون و دەستخۆشییان لێ کردووم و سوپاسی هەموویان دەکەم و نازانم چۆن بگەمە ئاستی گەورەیی ئەو بەڕێزانە و تەنیا برادەرێک نەبێ کە ئەم تێبینییەى نووسیبوو، بەڵام ئەو لەقەبانە لە واقع بوونی هەیە و بەشێکە لە کلتووری کۆیە، حاشا کردن لێیان نادروستە. بێ گومان ڕێزم بۆ ئەو برادەرە هەیە کە ناوەکەیم لایە و ڕایەکەی دەخەمە سەر چاوم, بەڵام یەک دوو تێبینیم لەسەر داڕشتنی نووسینەکەی هەیە، چونکە لەڕووی زمان و ڕێزمانییەوە هەڵەی تێدایە. دەبوایە بیگوتایە ئەو لەقەبانە لە واقعدا هەن، چونکە ئەو لەقەبانە کۆن نەک تاک و بوون هەر مانای هەبوون دەگەیەنێ و ئەو دەربڕینە بەتەواوی وەرگێڕانی ( لە وجود)ی عەڕە بی و ( وجود دارد ) ی فارسییە. بە کوردی دەڵێین ئەو شتە هەیە و (بوونی هەیە ) دروست کراوێکی ناشیرین و نافڕەجایە. ئەو لەقەبە ناشیرینانە بۆ بەشێکی کلتووری کۆیەن؟ ڕەنگە چەندان ساڵ پێش ئێستا لە ئەنجامی ڕووداوێک یان قسەیەک دروست بووبن, بۆ دەبێ دوای ئەو هەموو ماوەیە هەر بە دوای نەوەکانی ئەو کەسانەوە بن و لێیان نەبێتەوە؟ لە لایەکی دیکەوە پێم دەڵێ (حاشا کردن لێیان نادروستە ). برای بەڕێز من حاشام لێ نەکردووە, تەنیا گوتوومە با ئێمە ئەو ناوناتۆرانە زیندوو نەکەینەوەو هەوڵ بدەین نەیانڵێینەوە. لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێم: ئەگەر بنەماڵەی جەنابت لەقەبێکی وا ناشیرینت هەبوایە, پێت ناخۆش نەبوو خەڵکی بیڵێنەوە؟ جگە لەوەش ئەو ناتۆرانە لە هەموو شارێکی کوردستان و لە هەموو زمانێکی جیهاندا هەن, بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لەبەر ئەوەی هەن, دەبێ ئێمە بەکاریان بێنین و هەر وەکو گوتوومە گوتنەوەیان سووکایەتی کردنە بەو خێزانانەی لە ڕۆژگارێکداو لە ئەنجامی ڕووداوێکدا ئەو ناتۆرانەیان بەسەردا بڕاوە. بۆ نموونە خۆ ژن تەڵاقدان لە ئیسلامدا حەڵاڵە, بەقسەی ئەوە برادەرە بێت لەبەر ئەوەى تەڵاقدان حەڵاڵە دەبێ هەموو کەسێک ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات, چونکە خوا حەڵاڵی کردووە؟ کەچی پێغەمبەر( د . خ ) دەفەرموێ ( الطلاق أبغض الحلال الى الله). بۆیە دەڵێم سووکایەتی بە خەڵکی دیکە ناهەقییەکی زۆر گەورەیە و پیویستە ئیمە زمان و کارو کردەوەو گوفتار و ڕەفتارمان پاک بێت.
تەوەری دووەمی نووسینەکەم پەیوەست بوو بە نووسینێکی فێس بووک و بە داخەوە نووسینە ئەسلییەکە بە بووک برابوو. نووسرابوو ئومێد خۆشناوی پارێزگاری هەولێر دەڵێ: ( کۆیە یەکێکە لە شارۆکەکانی هەولێر و بە دڵ و بە گیان خزمەتی دەکەین). من نووسینەکەم لەو دەربازگەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و پێم ناخۆش بە کۆیە, یان هەر شارێکی دیکەی کوردستان بگوترێ شارۆکە و من شارۆچکەشم بەدڵ نییە، چونکە بە چاولێکەریی و لاسایی کردنەوەی زمانی عەڕەبیی دەزانم. دوو سێ برادەر دەستیان خۆش بێ هەر یەکەیان لە ڕوانگەی بۆچوونی خۆیەوە پاساوی بۆ ئەوە هێنابۆوە. ئەوان دەڵێن ئەو جۆرە بەکار هێنانە وەک بچووک کردنەوە بۆ خۆشەویستی و ناز ڕاگرتن بەکار دێت. من سوپاسیان دەکەم و ڕێز بۆ ڕایەکەیان دادەنێم، بەڵام دەڵێم ئەو بچووک کردنەوەیە چەند بۆ خۆشەویستی بە کار دێت, زۆر لەوە زیاتر بۆ بە سووک سەیر کردن بەکار دێت. تۆ کە دەڵێی ئازادۆک و مەبەستت خۆشەویستییە دەکرێ بۆ مەبەستەکەی دیکەش بەکار بێت کە بە سووک تەماشاکردنە. ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ, بۆیە چیدیکە لەسەر ئەوە ناڕۆم با هەناسەى خۆمان زیاتر سوار نەکەین نەوەک تووشی هەناسەبڕکێ بێن.
کاوە گەردی نووسیبووی: باشتر وایە چاوەڕوانی هەڵوێستی کاک ئومید بین ئەو قسەی وا ناکا.
کاک پەیوەست خۆشناوی ئاشنام دەڵێ: ئەوەى بە کۆیە دەرێ شارۆکە ئومێد خۆشناو نییە، بەڵکو میدیای وشەیە.
لەوە گرنگتر کاک ئومێد خۆشناو گەورەیی نواند و خۆی هاتە سەرخەت لە کۆمێنتێکدا نووسیبووى: سڵاو وڕێز مامۆستا گیان, دڵنیابە من وام نەگۆتیە و ناڵێم.
من لێرەوە لەسەر کورسیی عەڕەبانەکەم سوپاسی کاک ئومید دەکەم بۆ ئەو هەلوێستە جوامێرانەیەی کە بە نووسین وەڵامی دامەوە, چونکە هەندێک بەرپرس بێزیان نایە وەڵامی کەسی نەزان و هیچ لەبارانەبووی وەکو من بدەنەوە.
ئینجا بادەدەمەوە بۆ لای ( میدیای وشە ) ئەگەر وەکو کاک پەیوەست دەڵێ ئەوان وایان گوتبێ, کارێکی باشیان نەکردووە, چونکە ئەمانەتی ڕۆژنامەوانی وا پێویست دەکات تۆ دەقی قسە یان نووسینی ئەو کەسە وەکو خۆی بگوێزیتەوە , ئینجا دوای ئەوە ڕاو بۆچوونی خۆت بە دڵی خۆت دەربڕی و بنووسی. میدیای وشە یان هەرکەسێکی دیکە ئەگەر قسەی کاک ئومێدیان بەو دەردە بردبێ نائەمینییان کردووە. لە ڵایەکی دیکەشەوە ئەو جۆرە کارانە وەک وشە دروست کردن بەندن بە ئاکادیمیای کورد هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لە خۆیەوە وشەسازی بکات. سەردەمێک دیسان وەک ئێستا هەندێک کەس پلەی کوردایەتییان بەرز بوو بووە و گوایە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن دەیانویست هەموو وشەیەکی نا کوردی بکەن بە کوردی, پرتەقاڵیان کردبوو بە تۆپە زەردە و کەبابیشیان کردبوو بە لوولە گۆشتینە. بەڕای من باشترین خزمەتی زمانی کوردی ئەوەیە ئێوە وازی لێ بێنن چونکە زمانەکەمان, ئەگەر ئێوە لێی گەڕێن هیچ عەیبێکی نییە توخوا ئێوە عەیبداری مەکەن. جگە لەوەش گۆڕینی گوتەکەی کاک ئومێد بەو شێوەیە بەدحاڵی بوونی لێ کەوتەوە ئەوەبوو من هاتمە سەر خەت و ڕای خۆم لەبارەی نووسینە لێ سەقەتکراوەکەی دەربڕی. دیسان دەیڵێمەوە دەبێ پەیڕەوی ئەمانەتی ڕۆژنامەوانی بکەین, چونکە ئەو نائەمینییە هەندێک جار ڕەنگە گۆبەندێک بنێتەوە و خەڵک تیک بەردات و ئەوەی کەتنەکەشی کردووە بۆ خۆی بسکەی سمێڵی دێت و پێدەکەنێ. دوای ئەوە ئەو برادەرانە بەو کارەیان لە جیاتی ئەوەی خزمەتی زمانی کوردی بکەن, زیانی پێ دەگەیەنن, چونکە هیچ زمانێک نییە لە هەموو جیهاندا وشەی بێگانەی تێدا نەبێ و ئەوە تورکی و فارسی باشترین نموونەن و زمانی کوردی لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنایەتی کردنەی لەو زمانانە گەلێک بێ کەموکووڕیترە, دوای ئەوە تەنانەت قوڕئانی پیرۆز زیاتر لە سەت وشەى غەیری عەڕەبیی تیدایە. لە کۆتایی قسەکانم دەڵێم ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە.
لەلایەکی دیکەوە کاک ئومێد دەڵێ؛ ئێمە بەدڵ و بەگیان خزمەتی کۆیە دەکەین. دەڵێم ئەگەر ئەوە ڕاستە و خزمەتی کۆیە دەکەن, ئەى ئەو هەموو گلەییە خەڵکی کۆیە بۆ لە حکوومەتى هەرێمی دەکەن؟ ڕاستە ڕەنگە پارێزگار بتوانێ هەندێک کار کە لە دەسەڵاتی خۆیدایە بۆ کۆیە بکات, بەڵام دوو سایدەکەی رێی کۆیە لە دەسەڵاتی سەرۆکی وەزیرانە و چرای سەوز هەر دەبێ ئەو هەڵیکا. تونێلەکەی هەیبەسوڵتان هەر تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی وەزیرانە. بەئیدارەکردنی سەربەخۆی کۆیە هەر دەبێ سەرۆکی وەزیران فەرمانی بۆ دەرکات. خۆ لە ساڵی 2011 کاک مسعود بەڵێنی دا کە کۆیە بکرێ بە ئیدارەی سەربەخۆ, بەڵام بەڵێنەکەی جێ بەجێ نەکرا. ئایا خەڵک ناهەقیانە ئەگەر بڵێن کۆیە پشتگوێ خراوە؟ بۆ کۆیە کەمی بۆ کورد کردووە؟ درەنگ هاتووە؟ کەمی هێناو ؟ شەهیدى کەمی داوە؟ کەم شار ئەوەندەی کۆیە شەهیدی داوە. ناڵێم لەشوێنانی دیکە زیاتری بۆ بکەن, بەڵام لانی کەم وەک شوێنانێ دیکە سەیری بکەن. گەورەترین گرفت ڕێگاکەیەتی کە بکرێ بە دوو ساید و نایکەن، خۆتان دەبینن ڕۆژ نییە قوربانیی لێ نەکەوێتەوە. بیرمە لەسەردەمی ڕژێمی مەلەکی ڕێی کۆیە و هەولێر, کۆیەو کەرکووک گڵ بوو و قیرتاو نەبوو. ساڵانە چەندان کەس دەبوونە قوربانی و ئۆتۆموبیل وەردەگەڕا و خەڵک دەمردن, یان ئۆتۆموبیل لە قوڕ دەچەقی و شەو خەڵکی بەو سەرمایە لەو دەشت و چؤڵە دەمانەوە, چەندان جار شاندی هەمەجۆر و لەسەر ئاستی بەرز بە داواکاری وسکاڵانامەوە سەردانی بەغدایان کرد بۆ قیرتاو کردنی ئەو دوو ڕێگایە, بەڵام حکوومەتی ئەوسا لەبەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی کۆیە رقی لێی بوو و نەهاتە ڕایە و گوێێ نەدایە. ئێستاش بە داخەوە وا پێ دەچێ هەمان شت دووبارە بێتەوە، بەڵام لە سایەى حوکمی کوردیدا. کۆیە شایانی ئەوەیە بێ گوێ دانە ڕەنگ و بۆ, ئەو خزمەتە سەرەکییانەی بۆ جێ بەجێ بکرێ کە بۆ قازانج و سوودی خەڵکە. دڵنیا بن ئەگەر ئەوە بکەن دڵێ خەڵک بۆ لاى خۆتان ڕادەکێشن و بە پێچەوانەشەوە خەڵک زیاتر لەخۆتان دەڕەنجێنن. ڕەنگە هەندێک کەس ئەم قسانەی منیان بەدڵ نەبێ و بە جۆرێکی دیکە لێکی بدەنەوە, بەڵام من لە ڕووی دڵسۆزیمەوە بۆ خەڵک و حکوومەتی هەرێم کە بە دەریایەک قوربانی و خوێنی ئەم میللەتە دروست بووەودامەزراوە, دەڵێم ئەو داوایانە ڕەوان و مافی خەڵکن و ئەى ئەگەر لە حکوومەتی هەرێمی داوا نەکەن کە خەڵکی کۆیە شەهیدی زۆریان لە پێناوی داوە ڵە کێی داوا کەن؟ تکایە توخوا پێم بڵین هیچ لایەنی دیکە هەیە خەڵک رووى دەمیانی تێ بکەن جگە لە حکوومەتی هەڕێم؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت