دەیڵ سی کۆپڵاند: کاتێک کە بازرگانیی دەبێتە هۆی شەڕو بەرەو جەنگ دەڕوات! چین و ڕوسیا، سنووری پشتبەستن و وابەستەبوونیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابڕدوودا، ئەمریکا بە بەردەوامی ناچاری تێفکرینێکی قوڵ کراوە، ئەگەرێک بووە کە زووربە، لایان وابووە کە لە شەڕی ساردەوە ئیتر، نابێ بیریشی لێبکرێتەوە: ئەویش بریتیبووە لە کێشەی گەورەی سەربازی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزێکی تردا. دوای چەندین دەیە، ئەوە یەکەمین جارە کە مۆسکۆ مووشەکەکانی دەبزوێنێت بۆ ئەوەی واشنتۆن لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئاگادار بکاتەوە. هەروەها لە سەرەتای مانگی ئاب، هەر بە دوای سەردانەکەی نانسی پێڵوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بۆ تایوان، بووە هۆی هەڵکشانی هەڕەشە سەربازیەکانی پەکین بۆ سەر ئەو دوورگەیە.
ئەوەندەی کە خودی هەڕەشەکان خۆیان جێگەی سەرنجن بە هەمان شێوەش وابەستەیی ئابووری بە یەکترەوە کە وەک هێزێک بۆ ئاشتی بە کار دێت جێگەی سەرنجە. هەردووک چین و ڕوسیا بە شێوەیەکی زۆر پشت بە بازرگانی دەبەستن بۆ گەشەی ئابوورییەکەیان و پتەوکردنی جێگەی خۆیان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی. چین لەدوو دەیەی ڕابردووەوە تاکو ئێستا لە ڕێگەی پیشەسازی و بەرهەمی کارگەکانیەوە توانیویەتی پێنج هیندە داهاتی ناوخۆی زیاد بکات؛ هەروەها زیاد لە 50٪ی داهاتی دەوڵەتی ڕوسیا لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و غازەوە بەدەست دێت. جا ئەگەر بە پێی بیردۆزەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی بێت، دەبێ ئەو پەیوەندیە گرنگە ئابووریانە داهات زۆرتر بۆ کێشەی سەربازی هەردوک چین و ڕوسیا تەرخان بکەن. بەڵام، هیچ نەبێ بە ڕواڵەت، هیچ کام لە چین و ڕوسیا وا دەرناکەون کە گوێ بدەن بە زیانێک کە لەوانەیە بەر ئەو بازرگانیەیان بکەوێت.
بەهەرحاڵ، وەک دەردەکەوێت، وێنەکە هەروا ئاسان نیە. ئەویش لەبەر یەک شت، لە هەندێک بارودۆخدا، لەوانەیە پەیوەندیە بازرگانیەکان لەباتی ئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن هانی جەنگ و شەڕ دەدەن. هەروەها هەندێک جار پچڕانی پەیوەندیە بازرگانییەکان پەیوەندی نابێ بە دەسەڵاتی سەربازیانەو هەڕەشەی دوژمنکارانە. هەروەک چۆن کەیسە ناکۆک بە یەکەکانی نێوان چین و ڕوسیا بەشێوەیەک ڕۆڵ دەگێڕن کە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانن. جا بۆئەوانەی کە پێیان وایە بازرگانی دەبێتە هۆی ڕێگریی لە ڕوودانی جەنگ لە نێوانی زلهێزەکاندا، زۆر گرنگە بۆیان کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێگا ئاڵۆزانە بکەن کە هێزە ئابووریەکان لە پەکین و مۆسکۆ ستراتیجی بیرکردنەوەیان داڕشتووە.

بازرگانییەکی شەڕەنگێز
جا بۆ ئەوەی تێبگەین کە چۆن لەوانەیە بازرگانیی ببێتە هۆی هەڵکشانی چانسی کێشەی سەربازی نەک کەمکردنەوەی، پێویستە سووود لە تێڕوانین و بۆچوونەکانی بیردۆزی واقیعی و ڕیالیستی وەربگرین. بەشێوەیەکی گشتی ڕیالیزم واقیعیەت جەخت لەسەر هەوڵی زلهێزەکان دەکاتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە جیهانێکدا کە دەسەڵاتێکی ناوەندی بۆ پاراستنیان لە گۆڕێدا نیە. بەڵام ڕیالیست و واقیعبینەکان تێدەگەن کە هێزو دەسەڵاتی ئابووری بناغەی دوورمەودای هێزی سەربازییەو بازرگانیی نێودەودەوڵەتیش زۆرپێویست و گرنگە بۆ بنیاتنانی بنکەی هێزێکی ئابووری. بەلای ڕیالیست و واقیعبینەکانەوە بازرگانیی دەتوانێت دوو کاریگەریی گەورەی هەبێ. یەکەمیان ئەوەیە کە: بازرگانیی دەتوانێت دەستڕاگەییشتن بە هەردووک کەرەستەی خاوو هەرزان و بازاری هەرزانیش دەستەبەر بکات. بازرگانیی دەتوانێت بە شێویەکی گشتی ئەدای ئابووری دەوڵەتێک باش بکات و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی بەرەو پێشبەرێ و بەمەش توانای ئەو دەوڵەتە بەرەو سەردەبات بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتێکی درێژخایەنی سەربازی. ئەمەش لایەنێکی باش و ئیجابییە بۆ بوونی سیاسەتێکی بازرگانیی بە شێوەیەکی ڕێژەیی کراوە. ئەوەش باشتر ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی یابان لە دوای بووژانەوەی میجی و چینیش لە دوای مردنی ماوتسیتۆنگ سیاسەتی شکەستخواردووی ئۆتارکی ڕابردووی وازلێهێناو ئیتر هەوڵی داوە کە تێکەڵاو بە ئابووری جیهانی ببێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە گەشەو هەڵکشانی ئابووری دووەمین کاریگەری تریشی هەیە: ئەویش ئەوەیە کە بازرگانیی دەبێتە هۆی پەیدابوونی خاڵی لاوازی زلهێزەکان و ناچاریان دەکات بە سەپاندنی گەمارۆ دوای ئەوەی کە پشتیان بەستووە بە هاوردەکردنی کەرەستەو هەناردەکردنی کاڵاو شت و مەکی دروستکراو بۆ بازارەکان لە پێناو فرۆشتن و پەیداکردنی قازانج دا. ئەم خاڵی لاوازو ناچارییەش وا لە سەرکردەکان دەکات کە هێزی دەریایی گەورە بنیات بنێن بۆ پاراستنی ڕێگای بازرگانی و تەنانەت واشیان لێدەکات کە دەست بۆ جەنگ و شەڕیش بەرن لە پێناوی بەردەوامیی بۆ بە دەست ڕاگەییشتن بە سامان و کەرەستەی خاوو، هەروەها بازار بۆ فرۆشتنی کاڵاو شت و مەکەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا.

گەشەسەندنی بازرگانیی وا لە دەوڵەتان دەکات کە زیاتر پشت بەدەرەوە ببەستن.
کە ئەگەر بێت و سەرۆکی وەڵاتان بیانەوێت کە پەیوەندیە بازرگانیەکانیان لە داهاتوودا بە بەهێزی بمێنێتەوە، بۆی هەیە ڕێگە بەوە بدەن کە دەوڵەت زیاتر پشت بە سەرچاوەو بازاری دەرەوە ببەستێت کە گەشەی دەوڵەت دەباتە پێشەوە. یابان لەسەر ئەم یاسایە ڕۆییشتووە لە 1880 وە بۆ 1930 و چینیش بە هەمان شێوە لە ساڵی 1980 وە تا حاڵی حازر. ڕابەرانی هەردوک چین و یابان زانیبوویان کە هیچ کامیان ناتوانن ببنە ئەندامی یانە گەورەکە هەتا پەیوەندیەکی توندی گەورەو گرنگی ئابووری لە گەڵ زلهێزەکانی تری دنیادا نەبەستن کە یەکێک لەوانە ئەمریکایە. بەڵام ئەگەر چاوەڕوانیەکان لە بازرگانیی لە داهاتوودا رووەو خەراپی بڕوات و سەرۆکی وەڵاتانیش بگەنە ئەو باوەڕەی کە سنووردارکردنی بازرگانیی وەڵاتانی تردەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەستڕاگەییشتنیان بە سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕ، ئەو کات پێشبینی دابەزینی درێژماوەی دەسەڵاتی ئابووری دەکەن و هەر بەو هۆیەشەوە هی دەسەڵاتی سەربازیش. ئینجا لەوانەیە بگەنە ئەو باوەڕەی کە سیاسەتی زۆرتر باوەڕبەخۆبوون و هەروەها دوژمنکارانە پێویستن لە پێناو پاراستنی ڕێگاکانی بازرگانیی و هەرووەها لە پێناو دڵنیا بوون لە گەییشتن بە کەرەستەی خاوو و بازاڕ. ئەمە ڕیک گرفتی یابان بوو لە 1930یەکاندا کاتێک کە بینی فەرەنساو بەریتانیا و ئەمریکا بەرەو جیهانێکی ئابووری زیاتر داخراوو ڕەگەزپەرستی پاشەکشەیان کردووە. جا ئەم گرفتەش لە ئەنجامدا وای لە کاربەدەستەکانی یابان کرد کە زیاتر کۆنتڕۆڵی پەیوەندیە بازرگانیەکانیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا بکەن. بەڵام ئەو هەنگاوانە وای لە سەرۆکەکانی یابان کرد کە خۆیان شەڕەنگێزتر ببینن و ئەمەش بەهانەیەکی تری دایە ئەمریکاو بەریتانیا تا هاوردەکردنی کەرەستەی خاو کە لە نێویدا نەوتیش بوو لە لایەن یابانەوە سنووردارتر بکەنەوە.
ئەمڕۆ چینیەکان تێدەگەن کە ئەوان ڕووبەڕووی هەمان ئەو گرفتەی یابان بوونەتەوە و هەروەها بە هەمانشێوە هەر دەوڵەتێکی تری گەشەسەندووش لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەوان تێدەگەن کە سیاسەتی دەرەوەیان پێویستی بە وەیە کە دەبێ وەک پیویست مامناوەندی بێت بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی کە ڕێگا بە بەردەوامیی پەیوەندیە بازرگانیەکان دەدا بەردەوام بێت. بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەبێ ئاگایان لە پرۆژەی دەسەڵاتی سەربازییان هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن دەوڵەت و لایەنی تر لە زیانگەیاندن بەو پەیوەندیانە بوەستێنن. تێڕوانینێکی ڕیالیستی و واقعیانە باشتر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی چینیەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا زۆرترین شەڕەنگێزییان پێوەدیاربووە لەبەرامبەر هەندێک گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا. بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە. بە شێوەیەکی سنووردارتر، ئەو تێڕوانینە دەتوانێت باشتر ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سەرۆکی ڕوسیا کەڵکەڵەی داگیرکردنی ئۆکڕانیای کەوتۆتەسەر.

هەرئێستا یاخود قەت و هەرگیز!
بە پێی زووربەی گێڕانەوەکان شەڕی پۆتین لە ئۆکڕانیا بەهۆی ترسی ئەو لە ئاساییشی ڕوسیاوە سەری هەڵداوە کە ترساوە لە پەیوەستبوونی ئۆکڕانیا بە ناتۆوە لە مەودای نزیکدا. هەروەها پۆتین ویستوویەتی کە ناوی بچێتە مێژووەوە کە بگوترێت ئەو بوو ویستی ئیمپڕیاتۆریەتی ڕوسیا بنیات بنێتەوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە شتێکی تر بە دوو شێوازی گرنگ وایان لە ڕوسیا کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکڕانیا ئەویش هەناردە کردنی ووزەی ڕوسیا بوو بۆ ئەوروپا.
یەکەم/ پۆتین بە تەواوی تێگەییشتبوو کە ئەوروپا زۆرتر پشتی بەڕوسیا بەستووە وەک لە ڕوسیا بە ئەوروپا. یەکیەتی ئەوروپا، لە پێش فێبروەری، نزیکەی لە 40٪ی غازی سرووشتییان بۆ کارگەو کارخانەو گەرمی ماڵەکانیان پشتی بە مۆسکۆ بەستبوو. ئابووری ڕوسیاش، بە دڵنیاییەوە، پشتی بە فرۆشتنی ئەو غازە بەستبوو. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی ئەو کەرەستە خاوە، پۆتین ئەوەی چاوەڕوان دەکرد کە هەرکەمکردنەوەیەک لە ناردنی غازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و زیان گەیاندن بە ئەوروپا لە دوو ڕێگاوە. یەکەم/ لە ڕووی کەمی غازەوەو دووەمیش/ لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی تێچوونەکەی. لە کاتێکدا زۆربە کەمی کاریگەریگەری خەراپ دەکاتە سەرئەو داهاتە گشتییەی ڕوسیا کە لە هەناردەکردنی غازەوە دەستی دەکەوێت. هەروەک ئەلبێرت هێرشمان” پسپۆڕی ئابووری، لەوبارەوە ئاماژەی پێدا لە 1945 دەربارەی پەیوەندیە یەکلایەنەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ وەڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە ماوەی ساڵانی 1930دا. ئەوگوتی: لە بارودۆخێکی ناهاوسەنگی ئابووری دوو وەڵاتدا کە یەکێکیان کەمتر لەوەی تریان پشت بەدەرەوە ببەستێ ئەو وەڵاتە دەتوانێت بە ڕێگای ترساندن و هەڕەشە وەڵاتەکەی تر وا لێبکات سیاسەتە توندو ڕەقەکانی قبوڵبکات. هۆیەکەشی زۆر بەسادەیی ئەوەیە کە وەڵاتە لاوازەکە بازرگانیی دەوێ و زۆریش زەحمەتە بەرەنگاری سیاسەتەکانی وەڵاتەکەی تر بکات.
لە ڕاستیدا دوای ئەوەی کە ڕوسیا دوورگەی قەرەمی لکاند بە ڕوسیاوە لە ساڵی 2014و ئەوروپیەکانیش هەر بەردەوام بوون لەکڕینی غازی سروشتی و نەوت لە ڕوسیا لە ئاستێکی بەرزدا، ئەوەی بە پۆتین نیشاندا کە ئەگەر بێت و هەمان شتیش لەگەڵ ئۆکڕانیا بکا، کە کردیشی لە 2022، ئەوا هیچ کاردانەوەو ئاڵۆزییەک لە لای ئەوروپاوە درووست نابێت بۆ ڕوسیا. پۆتین هەر بە ڕاستی ئەو وەڵامە توندو تیژەی ئەوروپای بە کەم وەرگرت. بەڵام ئاگاداریی پۆتین لەوەی کە ئەوروپا لە ڕووی ئابووریەوە بەندە بە ڕوسیاوە وای لە پۆتین کرد کە پێی وابێ دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا شەڕەکە لەگەڵ ئۆکڕانیا بباتەوەو هێرش و پلانەکەی سەرکەوتوو دەبێت.

ڕوسیا ترسی لەوە هەبوو کە لە داهاتوودا کاریگەریی ئابووریەکەی بەرەو داکشان دەڕوا!
بۆ پۆتین هۆیەک هەبوو کە بترسێت ئەویش بریتیبوو لە دابەزینی کاریگەریی ئابووری ڕوسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بەسەر ئۆکڕانیاو ئەوروپادا. لە ساڵی 2010 بوو کە غازێکی سرووشتی زۆر دۆزرایەوە لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی شاری خەڕکیفی ئۆکڕانیاو لەوێوە بڵاوبووەتەوە تا شاری دۆنیتسیک و پارێزگای لۆهانسک. ئەو کێڵگە غازەش بە دوو تڕیلیۆن مەتر سێجا مەزندە دەکراو ئەوەش بڕێکە کە هاوتایە بە کۆی ئەو بڕەی کە 27 وەڵاتی ئەوروپا بەکاری دەبا لە ماوەی پێنج ساڵدا بە ڕێژەی بەکارهێنانی ئێستا. هەر بۆیەش دەوڵەتی ئۆکڕانیا دەستبەجێ یاساکانی دەوڵەتی گۆڕی بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و هەروەها لە ساڵی 2013 دا ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ شێڵ ئۆیڵد ا واژوو کرد لە پێناو گەشەپێدانی ئەو کێڵگە نەوتییەو لەگەڵ هەردووک شێڵ ئۆیڵ و ئێکسۆن مۆبیلیش ڕازی بوو کە بەیەکەوە کاربکەن و لە قوڵایی ئاوەکانیشدا بەدواداچوون و پشکنین بکەن بۆ غاز لە کەناراوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیادا.
هەرچەندە کاتێک کە لە 2014 دا پۆتین هێرشی کردە سەر دورگەی قەڕەم و دۆنباس، ڕەنگە هەندێک هۆی تربووبنە هۆی ئەو کارەی پۆتین. ئەو کات بە دڵنیاییەوە ڕوون و دیار بوو بەلای مۆسکۆوە کە ئەگەربێت و ئەو غازە سرووشتیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیادا بوونی هەیە کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا گەشەی پێبدەن و کاری تێدا بکەن ئیترئەوکات ئۆکڕانیا نەک هەرکۆتایی بە وابەستەبوونی دەهێنێ بە غازی سرووشتی ڕوسیاوە، بەڵک و دەستیش دەکات بە ناردنی غازی سرووشتی خۆی بۆ ئەوروپا. بەمەش ئۆکڕانیا ئاستی موزایەدەو داواکاریەکانی زیاتر دەکات لەگەڵ ڕوسیا بۆئەوەی ڕێگا بدات غازی سروشتی ڕوسیا بە ئۆکڕانیادا بەرەو ئەوروپا بڕوات.
لەو سێ کۆمەڵە بۆڕیەی کە ڕوسیا بەکاریان دەهێنێت بۆ ئەوەی غازی سرووشتی سیبیریای بگەێنێت بە وەڵاتانی ئەوروپا لە ناویشیاندا ئەو بۆڕیەیە کە بە ناو بیلاڕوسیادا دەڕوات بۆ ئەوروپا و یەکێکی تریشیان کە بە ناو دەریای بەڵتیک دا دڕوات بۆ ئەڵمانیا، بەڵام گرنگترینیان لە ڕووی مێژووییەوە ئەو هێڵە بووە کە بە ناو ئۆکڕانیادا ڕۆییشتووە. هۆیەکەشی بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوە بووە کە وەڵاتانی ئەوروپای بە وشکانی دەورە دراو بە تایبەتی لە وێنەی هەنگاریاو سلۆڤاکیا پشتیان بە غازی ڕوسیا بەستووە. جا بۆیە کاتێک کە ئۆکڕانیا دەست بە ناردنە دەرەوەی غازی سرووشتی خۆی دەکات بۆ ئەوروپا و دەستیش دەگرێتەوە لە بەکارهێنانی پێداویستیەکانی ڕوسیا، ئیتر ئۆکڕانیا دەتوانێت پەیوەندیە ناهاوسەنگیکانی لە ڕووی ووزەوە لە گەڵ ڕوسیا پێچەوانە بکاتەوە. جا ئەگەر بێت و کیڤ پەیوەندی نا فەڕمیش لەگەڵ ناتۆ یان ئەوروپا پەرە پێبدات، لەوە هەر گەڕێ کە ئەگەر بچێتە پاڵ یەکێک لەو دوو ڕێکخراوە، ئەوا ئۆکڕانیا نەک هەر لە ڕووی سیاسیەوە دەبێتە هەڕەشە بۆ مۆسکۆ بەڵک و دەبێتە هەڕەشەیەکی ئابوووریش کە هێزی ئابووری دوورمەودای ڕوسیا دەخاتە مەترسیەوە.
بە کورتی، هەرچەندە جووڵەکانی زێڵنسکی،سەرۆکی ئۆکڕانیا، لە کۆتاییەکانی 2021دا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە لەگەڵ خۆرئاوادا بە دڵنیاییەوە هەستی پۆتینی بۆ چارەنووسی ڕوسیا تێکداو لەوانەشە ترسی پۆتینی لە بڵاوبوونەوەی دێموکڕاسی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی لە ڕوسیادا زیاتر کردبێت. هەروەها ئەمانە ئاماژەی ڕوونیشن کە کارتی ووزەی ڕوسیا لە دواڕۆژدا لە بەرامبەر ئەوروپادا لاواز دەبێت. ئیتر هەستی ئەوەی کە ڕوسیا ئیتر کاریگەریی خۆی لە ڕووی ئابووریەوە لە بەرامبەر ئۆکڕانیادا لەدەست دەدات وای لە پۆتین کرد کە پێی وابێت” دەبێ یان هەرئێستا بێت یاخود قەت و هەرگیزنابێت” کە هەستێت بە قووتدانی زووربەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری (دنیپەڕ)ی ئۆکڕانیا کە ئەو ناوچەیەش زیاتر لە 90٪ی پاشەکەوتی غازی سرووشتی ئۆکڕانیای تێدایە.

چیپی ئەلەکترۆنی بچووکترو قورسایی و هێزو کاریگەریی گەورەتر
بەپێچەوانەوە، وابەستەیی ئابووری چین لەگەڵ باقی جیهان هاوسەنگترە وەک لە هی ڕوسیا بە هی دەرەوەی خۆی. ئابووری چین پشتی بە هەناردە کردنی کاڵای درووستکراو بەستووە، هەروەکو ئابووری یابان لە نێوانی جەنگەکاندا، چین بە شێوەیەکی لە ڕادە بەدەر پشتی بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو بەستبوو بۆ بەردەوامیدان بە ئابووریەکەی و لە نێویاندا نەوت و غاز بوو لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوسیا. پێگەی جین وەک ۆرکشۆپێکی جیهان، ڕێژەیەکی بەرچاوو گرنگ لە لاپتۆپ و مۆبایلی زیرەک و سیستەمی پەیوەندی فایف جی جیهانی بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش هەندیک نفوزو کاریگەری دەداتە چین لە بازرگانی کردن لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆیدا. بەمەش چین دەتوانێت هەر کاتێک سیاسەتەکانی دەرەوەی هاوبەشەکانی بەدڵ نەبێت هەڕەشەیان لێبکات و کارتی گرفت درووستکردن لە هاوردەو هەناردەی کەرەسەی خاوو کاڵای درووستکراو بەکاربێنێت لەبەرامبەر هاوبەشەکانیدا. بەڵام دیسان هەروەک و وابەستەیی یابان بە هاوردەکردن لە نێوانی جەنگەکاندا، وابەستەیی چینیش بە شێوەیەکی کورتخایەن لاوازیییەک دەداتە ئابووریەکەی، بەڵام ئەم شێوە لاوازییە لە ڕوسیادا نازانرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە ڕوسیا بە گەمارۆیەکان ئازاری پێدەگات، بەڵام توانای ڕوسیا لە فرۆشتنی غاز بە نرخێکی گران کە هەر خۆی بە کردەوەکانی لە ئۆکڕانیا خوڵقاندویەتی، لە ئێش و کاریگەری ئەو لێدانە تووندە لە ئابووریەکەی کەم دەکاتەوە.
ئەگەربێت و چین ڕووبەڕووی کەمێک لەو شێوە گەمارۆیانە ببایەتەوە کە بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون، ئیترئابووری چین بەرەو هەڵوەشان دەڕۆیی. جا لە ڕاستیدا بە ئاگایی چین لەو خاڵە لاوازەی خۆی هە رلە ئێستاوە ڕۆڵ وەک ڕێگرییەکی سەرەکی دەبینێت لە ئارەزووە فراوانخوازیەکانی لە ناویشیاندا پلانەکانی بۆ داگیرکردنی تایوان. لەوو ڕووەوە ووردەکاری چین لەبەرچاوبگرە لە کاتی سەردانەکەی پێڵۆسی بۆ تایوان سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی پێشتر کردبوونی. هەرچەندە پەکین تووڕەبوونی خۆی نیشاندا بە شێوەی مانۆڕی سەربازی و هەڵدانی موشەک کە ئاسمانی تایوانیان بڕی، بەڵام وەڵامی ئابووریانەی خۆی سنووردار کردە وە، بۆ نموونە کە گەمارۆ بخاتە سەر هەناردە کشتوکاڵیەکانی تایوان. جێگەی باسە کە کاربەدەستانی چین بە ووریاییەوە خۆیان بەدوورگرت لە سەپاندنی هیچ جۆرە ڕێگرییەک بۆ هەناردەکانی سێمی کۆندەکتەری تایوانی. لەبەر ئەوەی چین پشتی بە لە 90٪ ی چیپی هەرێ ئاست بەرزو چیپی ئاست نزمی تایوانی بەستووە. هەروەها چین زۆر ووریا بوو لەوەی کە بە ڕاستەوخۆیی گەمارۆ نەخاتە سەر ئەمریکا لە ترسی ئەوەی نەوەکو ئەم کارەی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی بازرگانی تازە کە ببێتە هۆی بەرەو خەراپتر بردنی ئابووری چین کە لە ئێستاوە هەرخۆی ڕووی لە سستییە.
سەرباری ئەوەش، وابەستەیی ئابووری چین بۆی هەیە چین ڕووەو جووڵەو هەنگاوی شەڕانگێزانە مل پێ لێبنێت، ئەگەر هات و چاوەڕوانیەکانی چین لە دواڕۆژی بازرگانیەکەی پاشەکشە بکات. لەوبارەوە بابەتی تەکنۆلۆجیای بەرزی نیمچە ڕێبەری ئەلەکترۆنی ( سێمی کۆندەکتەر) ی تایوانی وەربگرە. چین ئێستا هەندێک توانای هەیە لە درووستکردنی چیپی ئەلەکتڕۆنی لەگەڵ تڕانزیزتەر بە قەبارەی 15 یاخود هەتا لە خوار 10 نامۆمەتریشەوە. جا بۆ ئەوەی چین بتوانێت لە ئاستی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیدا بمێنێتەوە لە بواری زیرەکیی دەستکردو ئۆتۆمۆبێلی خۆلێخوڕ وهەروەها مۆبایلی زیرەک ، چین پێویستی بە جۆرێک لە چیپی ئەلەکتڕۆنی هەیە کە قەبارەکەی لە خوار 7 یان 5 نامۆمەترەوەوە بێت ئەوەش لە ئێستادا هەر لە توانای تایواندایە، ئەگەر بە کواڵیتی بەرز درووست بکرێت. بۆ نموونە تازەترین ئایفۆنی ئەپڵ هەرچەندە لە چین کۆکراوەتەوە بەڵام بە چیپێکی قەبارە ٥ نامۆمەترکار دەکات کە ئەپڵ خۆی دیزاینی کردووەو کۆمپانیای سێمی کۆندەکتەری تایوانی درووستی دەکات لەشاری هسینشو لە تایوان.
بە دووبارە دڵنیایی کردنەوەی چین دەربارەی سێمی کۆندەکتەرەکان( نیمچە ڕیبەری ئەلەکترۆنی) واشنتۆن دەتوانێت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ کەم بکاتەوە.
زۆر دوور نارۆین ئەگەر بڵێین کە تەواوی توانای داهاتووی چین بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، بەندە بە دەستڕاگەییشتنی چین بە چیپە ئەلەکتڕۆنیەکانی تایوان. ڕێک هەروەک چۆن پێگەی یابان لە ساڵەکانی 1930دا کە پەیوەست بوو بە دەستڕاگەییشتنی یابان بە ئەو نەوتەی کە لە لایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. دیسان هەروەک گەمارۆی نەوتی ئەمریکا وایە لە ساڵەکانی 1941دا، ئەگەر بێت و کاربەستانی چین هەست بکەن بەوەی کە لەوانەیە ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ بڕینی دەستڕاگەییشتنی چین بە چیپە ئەلەکترۆنیەکانی تایوان، لەوانەیە چینیەکان بە پێویستی بزانن بۆ ئەوەی ڕێ لە داکشانی دوورمەودای ئابووریەکەیان بگرن هەر ئێستا دەست بەسەر ئەو دوورگەیەدا بگرن. ئەمەش سینارۆیەک نیە کە ئەگەری جێبەجێکردنی نەبێت. لە حوزەیرانی 2022 دا شارەزایەکی ئابووریزانی چینی ڕایگەیاند ،ئەگەر بێت و ئەمریکا گەمارۆی ئابووری لەو شێوەیەی کە ئەمساڵ سەپاندوویەتیە سەر ڕوسیا بیشیخاتە سەر چین، ئەوا دەبێ چین لە پێناو پاراستنی خاوەندارێتی خۆی لە دامەزراوەکانی چیپە ئەلەکترۆنیەکانی پێویستە تایوان داگیربکات.
بەڵام لێرەدا خەبەرو مژدەیەکی خۆش هەیە. چاوەڕوانیەکانی چین بۆ داهاتووی بازرگانیی، وەکوچاوەڕوانیەکانی یابان لە ساڵەکانی 1940 کاندا، کارکردو بەرەنجامی بڕیارەکانی سیاسەتی ئەمریکایە. جا ئەگەر بێتو کاربەدەستانی ئەمریکا تێبگەن کە سیاسەتەکانیان ڕاستەوخۆ شکڵ بە داهاتووی مامەڵەی بازرگانیی دەدا بەو شێوەیەی کە چین دەیبینێت، نەک هەر بە شێوەیەکی گشتی بازرگانی بەڵک و بازرگانی تەکنۆلۆجیای بەرز وەکو ئەوەی کە پەیوەندی بە هی تایوانەوە هەیە، ئەوسا ئەمریکاییەکان دەتوانن خۆیان بەدووربگرن لەوەی کە کاربەدەستانی پارتی کۆمۆنیستی چینی هەست بە داڕوخانی ئابووریەکەیان بکەن، جا مەگەرئەوان بە شێوەیەکی توندوتیژیانە مامەڵە بکەن.
دوژمنایەتییەک کە بەرەو جەنگ دەڕواو دەبێتە هۆی شەڕ لە هەڵبژارنی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە واقیعەوە. بۆیە بە دووبارە دڵنیاکردنەوەی پەکین کە هیچ ترس دای نەگرێ و چین بتوانێت بەردەوام بێت لە دەستڕاگەییشتنی بە چیپ و سێمی کۆندەکتەرە ئەلەکترۆنیەکانی تایوان، جا با ماشێن و مەکینەی ئاستبەرزیشی لەگەڵ نەبێ لە هۆڵەندیەکانەوە بۆ درووست کردنی ئەو چیپە ئەلەکترۆنیانە. بۆیە ئیدارەی بایدن دەتوانێت نیگەرانیەکانی پەکین بڕەوێنێتەوەو گریمانەکانی جەنگ و شەڕو قەیرانەکان ڕووەو نزمبوونەوە بەرێت.
بەڵام شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە بە دڵنیاییەوە تەنانەت بەوهەڵوێستەی ئەمریکاش ڕازی نابێت، چونکە پێی وایە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جین وابەستە بەدەرەوەی خۆی دەکرێت بۆبەستهێنانی چیپە ئەلەکترۆنیەکان کە بنچینەی هەردووک ئابووری ئاست بەرزی تەکنۆلۆجی و دەسەڵاتی سەربازیشن. جا لە لەبەرئەوەی هێرش بۆ سەر تایوان نەک هەر دەبێتە ڕێخۆشکردنیک بۆ سزاو گەمارۆی ئابووری کە ئەمەش پەیوەندیە بازرگانیەکانی چین لەگەڵ وەڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرەو خەراپی و داروخان دەبات، هەروەها لەوانەشە ببێتە هۆی وێران کردن و خاپوورکردنی خودی دەزگاو کارگەو دامەزراوەکانی چیپە ئەلەکترۆنیەکان. بۆیە چین زۆر هۆی واقیعی لەبەردەمن بۆ ئەوەی کە ئەگەر بە خیتاب و قسەش نەبێ هەڵسو کەوتی خۆی هێور بکاتەوە، هەر کاتێک کە باس هاتە سەر ئەو دورگەیە.

وابەستەیی وای لێبکرێت کە کەمتر مەترسیدار بێت
پۆتین دەگونجێ پێی وابووبێت کە ڕۆژئاوا چاوپۆشی دەکات لە بابەتی ئۆکڕانیا ئەوەش بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەوروپا پشتی بە نەوت و غازی ڕوسیا بەستووە. بەڵام ئێستا دەسەڵاتدارانی چین دەزانن کە ئەمریکاییەکان و ئەوروپاییەکان وهاوبەشەکانیان چارەیان بۆ ئەو گرفتە هەیەو ئەگەر بێت و چین هێرش بکاتە سەر تایوان بۆی هەیە ئەوەی کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پارتی کۆمۆنیستی چینی بەدەستی هێناوە لە دەستی بدات. مێژوو نیشانیداوە کە وەڵاتانی زلهێزی وابەستە بە دەرەوەی خۆیان لە ڕووی ئابووریەوە زۆر ئاگایان لەخۆیە کە دێتە سەر بابەتی سیاسەتی دەرەوەیان و کاتێک کە سەرۆکەکانیان چاوەڕوانیەکی پۆزەتیڤیان دەربارەی داهاتووی بازرگانی هەیە، چونکە تێدەگەن کە بازرگانیی هاوکار دەبێ لە بنیاتنانی بناغەی دوورمەودای هێزی دەوڵەت و هەروەها دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی هاوڵاتی. سەرۆکی ئێستای چینیش هەردووکیانی دەوێت هەم هێزو هەم زیادبوونی داهاتی هاوڵاتی، ئەگەر بێت و بۆ خۆی بەردەوام بێت و ئیدامە بە شەرعیەتی پارتەکەی بدرێت لە چینداو دەوڵەتەکەشی سەقامگیر بێت.
جا لێرەوەیە کە دەوڵەتانی زلهێز دەیانەوێت ئیدامە بە ئاڵوگۆڕی ئابووری بدەن لە نێوخۆیاندا لە پێناوی ڕاگرتنی ئاشتی، تووشی گرفتی سەختی هاوسەنگی دەبنەوە. زۆر بەسادەیی: تەنها ئەوەندە بەس نیە کە بازرگانی بکەی لە ئاستێکی بەرزدا. چونکە دەوڵەتانی وابەستە لە وینەی یابان لە ساڵەکانی 1930 وچینیش لە ئێستادا دەتوانرێت پاڵیان پێوەبنرێت ڕووەو سیاسەتێکی شەڕانگێزی تر کە ئەگەر بێت و بگەنە قەناعەت کە ناتوانن بە پیی پێویست دەستیان ڕابگات بە کەرەستەی خاوو بازارێک کە دەوڵەت پێویستی پێی دەبی لە مامەڵەی بەزرگانیدا بۆ هێشتنەوەی پێگەی خۆی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەتێکی زلهێز. لە بەرامبەریشدا دەوڵەتانی کەمتر وابەستە لە ڕووی ئابووریەوە بە دەرەوەی خۆیان لە وێنەی ئەمریکا دەبێ زۆر ئاگایان لە خۆ بێت کە نەچن وا بکەن دەوڵەتانی وابەستە بە نزمی ڕابگرن و بەرەو ئابووریەکی خەراپتریان بەرن هەر وەک کە فڕانکلین ڕۆزفێڵت گەمارۆی نەوتی خستە سەر یابان لە ساڵی 1940. لە هەمان کاتیش دا دیسان سیاسەتێکی کراوەی بازرگانیش دەبێتە گرتف. چونکە دەوڵەتێکی وابەستە بەدەرەوەی خۆی دەتوانێت سوود لەو کەشە وەربگرێت و ئەویش ببێتە هەڕەشە و لە ڕووی ئابووری و هێزی سەربازییەوە بە دەوڵەتە گەورەکەی تر بگات. هەوەک جۆن ئیدارەی باراک ئۆبامە تا دەگاتە ئیدارەی بایدن ئاهوا لەو بابەتە گەییشتوون ئەوەی کە پەیوەندی بە چینەوە هەبێ.
ڕێگایەکی باشتر کە پاڵ بە دەوڵەتانی گەشەسەندووی وەک و چینەوە بنرێت بۆ ئاستی هاوسەنگی ئەوەیە کە دەبێ کۆتایی بێنن بە دەسکاریکردنی پارەو بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای بێگانە بە نایاسایی، وە لە کاتێکدا کە ئەو دەڵەتانەش دڵنیاییان پێبدرێت کە ئەگەر بێت و لە سیاسەتی دەرەوەیاندا سەربزێوی نەکەن ئەوا دەتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەییشتنیان بە سەرچاوەی ئابوورییان و کەرەستەی خاوو بازاریش بۆ گەشەپێدانی ئابووریەکەیان و هەروەها بۆ سەقامگیری ناوخۆییان. سەرۆکەکانی وەڵانی زلهێز دەبێ کاربکەن لە پیناو دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانیی کە ڕێگە بە دەوڵەتان بدات تا ئەوپەڕی گەشەبکەن و هەر لایەکیشیان دڵنیا بێت کە هیج کامیان نەترسێت لە داهاتووی ئابووریەکەی کە بەرەو داڕوخان و نزمی بڕوات و ئەوەش ببێتە خاڵی لاواز بۆیان و تا بە هۆی ئەو لاوازیەشەوە بە ئاسانی هەڕەشەیان لێبکرێت لە لایەن دەرەوەی خۆیان و لە ناوخۆی وەڵاتەکەشیاندا بە ئاسانی پەشێوی و ناسەقامگیری مەدەنیان تێدا بڵاوببێتەوە.
چین بە هۆی گرژیەکانی ئێستایەوە لە بەر مەسەلەی تایوان و بەردەوامی هاوپەیمانیەتی سەرۆکی چینیش لەگەڵ پۆتیندا وای لە مەسەلەکە کردووە کە سەختر دەربکەوێت. بەڵام بە شێوەی دیبلۆماسی واشنتۆن دەتوانێت لەوبارەوە کار بکات و وەبیری پەکین بهێنێتەوە کە پەکین پێویستی بە ئەمریکاو هاوبەشەکانیەتی لە ڕۆژئاوادا بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجە ئابووریەکانی بێنێتە دی. هەروەها دەبێ ئەمریکا بە پەکین بڵێت کە واشنتۆن نایەوێت وابەستەیی چین بەدەرفەت بزانێ بۆ ئەوەی گرفت لە سەر ڕیی پەکین درووست بکات. بایدن دەتوانێت سەرۆکی چین دڵنیا بکاتەوە کە کردەوەی 1941 کە چاوەڕوانیەکانی داهاتووی بازرگانی دەوڵەت دادەڕوخێنێت دەتوانێت پەلبهاوێت بەرەو جەنگ. ئەمریکا لەوە تیگەییشتووەو دەرسی لەو مێژووەش وەرگرتووە . هەوەها بایدن دەتوانێت پێشنیار بۆ پەکین بکات کە دەبێ چین لە هەڵەکەی یابان کە لە 1930 کردی فێر ببێت و دەرس وەربگرێت و خۆی بەدووربگرێت لە کردەوەو سیاسەتێک کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سیقەو باوەڕی نێودەوڵەتی کە شتێکی پێویستە بۆ مامەڵەو پەیوەندی بازرگانی تەندرووست. جا ئەگەر بێت و سەرۆکەکانی واشنتۆن و پەکین بتوانن چاوەڕوانیەکانی یەکتر بەرەو باشی بەرن لە هەردووک لایەنی بازرگانی و مامەڵەو هەڵس و کەوتی داهاتوویان ، ئەوا بە بێ گومان دەتوانرێت بۆ زۆر دەیەی زیاتری تریش ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا بەردەوامی پێبدرێت.

سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
https://www.foreignaffairs.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت