بەیان ئیبراھیم: خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵات و بێدەنگی ژنانی باشور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر کۆمەڵگای تەندروست بریتیبێت لە سیستەم و یاساکان و ماف و ئەرکی هاوڵاتیان، وە ئەگەر دامودەزگاکانی دەوڵەت و هەر چوار دەستەڵاتەکە کار بۆ خزمەتی هاوڵاتی و جێبەجێ کردنی یاساکان بکەن، هەر یەکەیان بەپێی پڕۆفیشناڵی خۆی بەشێک بێت لەم کارکردنانە، ئەوا دەبێت هەرهاوڵاتیەک بەپێی یاسا دانراوەکان مافی خۆی بزانێت، لەم نێوەندەدا مافی ئازادی ژنان دەبێت بەشێکی سەرەکی لایەنە دامەزاروەییەکانی دەوڵەت بێت، لێرەدا ئێمە قسەمان لەسەر مافی ژنانە و ئەو جۆرە پێشێلکاریانەی دەکرێتە سەر هەم یاساکان و هەم مافی ژن، کاتێک ئەم پێشێلکاریانە ڕودەدات بە پلەبەندی ئەگەر لە ڕێی گوشارەکانەوە بەر بە پێشێلکارییەکان نەگیرێ ئەوا سەر دەکێشێ بۆ تاوانی قورس تر.
لە ئێستادا ئەگەر پێشێلکاری لە مافی ژناندا پۆلێن بکرێت، مافەکانیش پۆلێن بکەین هەر لە مافی ئابوری سەربەخۆی ژنانەوە تا دەگاتە مافی سیاسی و ڕێکخراوەکان و میدیایی و خێزانی و ئازادییەکانی تر.
ئەگەر بەراوردێک بکەین بکەین لە نێوان شۆڕشی ژنانی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەقفی داواکان لە مافی پۆشینی جل و بەرگەوە دەگۆڕێ بۆ داواکاری لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیدا، ئەوا ئەو خۆپیشاندانانەی ڕۆژ هەڵات گوشارێک بوە ئەگەر نەتوانرێ گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیدا بکرێت ئەوا لانی کەم گوشاری خۆپیشاندانەکان توانیویەتی ڕژێم ناچار بە هەندێ ڕیفۆرم بکات و کاریگەریشی بۆ سەر وڵاتانی تریش هەبێت بە نمونە سعودیە ، بە گشتی سەقفی خۆپیشاندانەکان بەرزتر بوتەوە بۆ هەمو مافەکان هەر لە بێ کاری و بەرزبونەوەی نرخی شتومەک.
ئەگەر پێشێلکارییەکانی باشور و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەین کاتێک پێشێلکاری دەگاتە کوشتن واتا پلەی پێشێلکاری گەشتوەتە لوتکە کە کوشتن و مەرگە، کەوایە لە بەرامبەردا پێویستی بە شۆڕشێکی سپی هەیە بۆ ئەوەی بەر بە فراونبونی بێزەوەنترین پێشلێکاری بگرێ کە مەرگە.
هاوتا بە شۆڕشی ڕۆژهەڵات باشوری کوردستانیش ڕۆژ بە ڕۆژ تاوانی کوشتنی ژنان بەرز دەبێتەوە، ئەگەرچی لێرە ئازادی پۆشینی جل و بەرگ هەیە، بەڵام ڕوبەری کوشتن ڕۆژ بە ڕۆژ داتاکان بەرزتر دەبنەوە، کەوایە لە بەرامبەردا پێویستمان بە هەمان شۆڕشی ڕۆژهەڵات هەیە بۆ بەرگرتن بە فراوانبونی تاوانی کوشتنی ژنان و هەمان دروشمی ( ژن، ژیان، ئازادی ) دەبێت.
لەهەرشوێنێک یاساکان نزمتر بون لە نەریت و عادات لەو شوێنە چەوساندنەوەی ژنان گەورەتر دەبێ، بۆیە شۆڕشی ژنان پیویستی قۆناغی بەرگرتنە بە ڕشتنی خوێنی ژنانەوە.
ڕێکخراوکانی ژنان و چالاکەوانەکانی ماف و یاساناسان پێویستە وەک لێپرسراویەتی قۆناغەکە لە پوستی سۆشیال میدیا و دروشمی قەبە دور بکەونەوە و کار لەسەر هەمان شۆڕشی ژنان بکەن بۆ بەرگرترن لە پێشێلکاریە مەرگاوییەکانی ژنان لە باشور بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) یەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت