شـــــوان خورشـــــید: گۆڕانکاریە دیموگرافی و کارگێڕیەکانی کەرکوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ئەو شارەی دەکەوێتە باکوری عێراق و باشوری کوردستانەوە، حکومەتەکانی عێراق لە هەوڵی بە عێراقی کردنی شارەکەن و، کوردیش بە دڵ و قودس ناوی دەبەن، هەموو بەڵگە میژووییەکان شاهیدی کوردستانی بونی کەرکوکن، بە بەڵگە نامە تورکیەکانیشەوە، بە پێنجەمین گەورەترین پارێزگای عێراق لەڕووی دانیشتوانەوە ئەژمار دەکرێت، ژمارەی دانیشتوانەکەی ملێونێک زیاتری تێپەڕاندوە.
شارێکی گرنگ و جێ بایەخیشە لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە، چونکە کۆنترین شاری عێراقە کە نەوتی لە ساڵی 1927وە لێ دۆزراوەتەوە و خاکێکی بە پیت و دەوڵەمەندی هەیە بۆ کشتوکاڵ بە تایبەت گەنم و جۆ، دانیشتوانی شاری کەرکوک پێکهاتوە لە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی لە کوردو تورکمان و عەرەب و مەسیحی،لەگەڵ بیروڕای ئاینی جیاواز لە سونەو شیعەو بەهائی و سائیبی و کاکەیی، بون و دۆزینەوەی نەوت لەکەرکوک هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕانکاری دیموگرافی و کارگێڕی لە سەدەی ڕابردوودا، لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچەیە وای کرد حکومەتی عێراق هەست بە گرنگی ناوچەکە بکات لە ڕووی ئابوری و سامانە سروشتیەکانیەوە، بۆیە زۆر بەچڕی بڕیاری گۆڕینی دیموگرافی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە نەوتی کەرکوک چەند تایبەتمەندیەکی هەیە وەک چڕی زۆر کەمە،کە جۆرێکە لە نەوتی دەگمەن بۆ بەرهەم هێنان، بۆیە بەهاو بە پێزی نەوتەکەی وای کردوە جێ بایەخی زیاتر بێت، جا ئەوەی دەبینرێت دەوڵەمەندی شارەکەیە کە ڕۆژانە سەد بۆ سەدو پەنجا هەزاربەرمیل نەوتی لێ هەناردە دەکرێتە دەرەوەی ووڵات، بۆیە حکومەتی عێراق لە ڕابردودا هەوڵی گۆڕینی دیمگرافیا و یەکە ئیداریەکانی کەرکوکی چڕکردۆتەوەو چەندین گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا جێبەجێ کردوە لە نیشتەجێ کردنی عەرەب لە کەرکوک و هێنانیان لە خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە، دەرپەڕاندنی کوردو تورکمان لە زێدی خۆیان، داهێنانی تصحیح القومي و چەندین ئاراستەی تر. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروست بونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1919 لیوای کەرکوک بریتی بوە لەم یەکە کارگێڕیانەی خوارەوە،
1- قەزای ناوەندی کەرکوک یەکەی کارگێڕی بریتی بوو لە ناحیەی ناوەند، ناحیەی قەرەحەسەن، ناحیەی شوان، ناحیەی پردێ.
2- حەویجە.
3- قەزای چەمچەماڵ: ناحیەی ئاغجەلەر، ناحیەی ناوەند، ناحیەی سەنگاو.
4- قەزای کفری: ناحیەی ناوەند، ناحیەی پێباز، ناحیەی قەرەتەپە، ناحیەی شێروانە.
5- قەزای خورماتوو: هەریەک لە ناحیەکانی، ناوەند، داقوق، قادرکەرەمی لە خۆ گرتبوو.
گرنگی و ستراتیژی ئابوری کەرکوک ئەوکات زیادی کرد کە نەوتی لێ دۆزرایەوە، چونکە کەرکوک کەوتۆتە ناوەندی تەختاییەکی فراوانی دەریاچەی نەوت کە بە دەوڵەمەندترین دەریاچەی نەوتی جیهانی دادەنرێت،کە درێژترین وگەورەترین چاڵگەی نەوتی جیهانە، جگە لە سەرچاوەی نەوت کەرکوک گەلێک کانزای تری پڕبایەخی تێدایە وەک کانی بەردی ڕەشی خەڵوز و بەردی بیناکردنی خانوبەرە، وەک گەچ و قسڵ و حەلان و چەمەنتۆ و مەرمەڕوو بەرد بۆ کاشی و کانی خۆێ، بە هۆی باران بارینی زستان و بەهار فراوانی زەویە بە پیتەکەی و لەباری بۆ کشتوکاڵ و بونی چەند ڕوبارێک وەک ڕوباری خاسەو زێی بچوک و سیروان و ئاوەسپی وای کردوە ببێتە خاوەنی چەندین بەروبومی کشتوکاڵی گرنگ جگە لە ڕووی سامانی ئاژەڵداریەوە.
لەلایەکی ترەوە کەرکوک لە ڕووی ئەنتۆگرافیەوە گرنگی خۆی هەبوە، چونکە جێگای زۆرێک لە کەمینە نەتەوەی و ئاینیەکانە، بۆیە دەسەڵاتدانی عێراق بەهۆی ئەو پێکهاتە نەتەوەی و ئاینیەیەوە هەر لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە بەرنامەو پلانیان داناوە بۆ گۆڕینی باری دیموگرافی و یەکە کارگێڕیەکانی کەرکوک لە بەرژەوەندی نەتەوەیی باڵا دەست، بۆیە دەبینین حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەپێی قوناغەکانی حکومڕانیان دەستیان کرد بە گۆڕینی نەخشەی پارێزگای کەرکوک چەندین ناوچەو قەزاو شاروچکەیان لە کەرکوک دابڕی و خستیانە سەر پارێزگاکانی وەک دیالەو تکریت و سلێمانی، کە پێشتر و لەدروست بونی حکومەتی عێراقەوە سەر بە یەکە کارگێڕیەکانی کەرکوک بون.
دیارە گۆڕینی یەکە کارگێڕیەکانی کەرکوک بەپێی سەردەم و گونجانی سەردەمەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ کراوە وەک دەبینین ئەو یەکە کارگێڕیانەی کەسەر بە کەرکوک بونە گۆڕانکاریان تێدا کردوە، وەک لە نێوانی ساڵانی 1965 -1970 ناحیەی ئامرلی و سلێمان بەگیان دروست کردو لکاندیان بە خورماتوەوە، ئەمەش بوە هۆی زۆری قەبارەی دانیشتوان بەڕێژەی 4٪.
دابڕینی ناحیەی پێبازو شێروانە لە قەزای کفری و لکاندنەوەی بە قەزای کەلارەوە کە تازە دروستکرابوو، بە پێوانەی 24٪ی پێوانەی پارێزگاکەو بە ڕێژەی5٪ی دانیشتوان کە بوە هۆی دابەزینی ڕێژەی دانیشتوانی کفری.
لەساڵانی 1970 -1977کەلێک گۆڕانکاری سیاسی گرنگ ڕوی دا،گرنگترینیان هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتننامەی ئازار لە نێوان حکومەتی عێراق و بزوتنەوەی کوردا و هەڵگیرسانەوەی شەڕو ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1975 حکومەتی عێراق دەسی واڵاتر بوەوە بۆ بەئەنجام دانی خەونەکانی، خراپیش شکانەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای کەرکوک بە لکاندنی قەزای خورماتو بە پارێزگای سەلاحەدینەوە، جگە لە ناحیەی داقوق خرایەوە سەر کەرکوک.
لکاندنی قەزای کفری بە پارێزگای دیالەوەو قەزای چەمچەماڵ و کەلار بە سلێمانیەوە، کە هەموو ئەمانە بۆ کەرکوک بوە هۆی دابەزینی یەکە بەڕێوەبەریەکانی پارێزگاکە لە 23 یەکەوە بۆ 11 یەکەی بەڕێوەبردن لە نێوان ساڵەکانی 1977 -1980 ئەم شێوەیەیی وەرگرت.
1- قەزای کەرکوک: بریتی بوە لە لەیلان،شوان، یایچی، تازە، داقوق، مەرکەزی قەزا، قەرەهەنجیر.
2- قەزای حەویجە، پێک هاتوە لە عەباسی ڕیازو ناحیەی مەرکەز.
قەزای دوبز، لە ناحیەی مەرکەزو پردێ.
بە هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە لەساڵی 1980-1988 گۆڕانکاریەکی گەورە لە پێکهاتە ئیداریەکانی عێراق ڕووی دا، بەتایبەت یەکە کارگێڕیەکانی کەرکوک، بە لابردنی ناحیەکانی قەرەهەنجیر و یایچی و لەیلان و شوان لە قەزای کەرکوک و هێشتنەوەی قەزاو ناحیەکانی تازەو داقوق و ناحیەی مەرکەزو لابردنی ناحیەی القدس لەسەر قەزای دوبز، بەرزبونەوەیەکی نائاسایی لە دانیشتوانی قەزای حەویجە دروست بوو بە لکاندنی ناحیەی زابی سەر بە پارێزگای نەینەوا بە حەویجەوە. ئەگەر تیبینی ئەوە بکەین لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هەتا نیوەی دوهەمی ئەم سەدەیەش گۆڕانی گەورەو بەردەوام تەنها بەسەر یەکە بەڕێوەبەرایەتیەکان دا نەبوە، بەڵکو لە پێوانەو ناوەکانیش دا ڕوویان داوە لە تایبەتمەندی دیموگرافیاکەی دا بەتایبەت لە گەشەی دانیشتوان و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و زمانەوانی دا، کە یەکێکە لەو پارێزگایانە لە هەموو زیاتر کەوتۆتە بەر گۆڕانکاری دیموگرافی و کارگێڕی، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی ناوی کەرکوک بگۆڕن بۆ التامیم بە بەهانەی خۆماڵی کردنی نەوتی کەرکوکەوە، بە ئامانجی سڕینەوەی لایەنە میژووییە ڕەسەنەکەی کەرکوک، بۆیە دەبینین دوای ساڵی 1988و کۆتای شەڕی عێراق و ئێران هەریەکە لە ناحیەکانی قەرەهەنجیر (لەیلان)و قەرەحەسەن و شوان لە نەخشە لابران و کرانە سەربازگەو ناوچەیەکی چۆڵەوانی بێ ژیان.
بۆیە گەر وردبینانە هۆکاروو بەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکاریە لێک بدرێتەوەو شرۆڤە بکرێت ئەوجا ڕوون دەبێتەوە کە چ سیاسەتێک لە هەگبەی حکومەتەکانی عێراقدا هەبوە سەبارەت بە پارێزگای کەرکوک مەبەستیش لەو گۆڕانکاریانە چی بوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت