مادەلی: فراوانخوازیی ئیسلامی و فریودانی کورد.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پوختەی توێژینەوەکە
مەبەستی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە، وەڵامدانەوەی دروست و زانستیی ئەو پرسیارە ساکارانەیە، کە بە مێشکی گەورەو بچوکی ئەم گەلەدا دێتەوە، ئەویش بریتین لە: ئایا ئامانجی سەرەکی داگیرکردنی ئەم ناوچەیە لە لایەن ئیسلامیەوە، تەنها بۆموسڵمان کردنی خەڵکەکەی و بڵاوکردنەوەی ئایینەکە بووە، یان لەگەڵ داگیرکردنیدا، پێش هەموو شتێک، بۆ دەستبەسەردا گرتنی دەسەڵاتی ناوچەکە و هەڵلوشینی سەروەت و سامانەکەی بووە، یان ئامانجی لەپێشینە و سەرەکی داگیرکەران تەنها فراوانخوازی و بەدەستهێنانی دەستکەوت و شکۆشکاندنی ئیمبراتۆریەتەکانی ناوچەکە بووە، دواتر بڵاوکردنەوەی ئایینەکە کراوەتە پاساو، یان لە بنەرٍەتدا مەبەستیان بەگشتی هەموو ئەم ئامانجانە پێکەوە بووە.
دیارە جیاوازی بارودۆخی قۆناغەکان و پرەنسیپ و بیروباوەرٍی سەرکردە موسڵمانەکان و ئەو عەقڵیەتەی لە بنەرٍەتدا و لە پێش ئیسلامبونیان هەڵیانگرتبوو و ئەو رێبازەی لە رەوتی ژیانی پێش ئیسلامبونیاندا گرتبویانەبەر، رۆڵی خۆی هەبووە لە دیاریکردنی جوغزی بیرکردنەوەیان و گرنگیدان بە ئامانجەکانیان، بە پشتبەستن بە بیروبۆچونی تایبەتی خۆیان بەدەر لە ئایینەکە، بۆ پرۆسەی داگیرکاریەکە.
لە کۆتاییدا وەڵامەکەمان دەستدەکەوێت و دەتوانین بیسەلمێنین کە پاڵنەری سەرەکی فراوانخوازی و داگیرکاریان بە پلەی یەکەم بۆ؛ هەوڵی پرٍکردنەوەی کەموکورتیە هەمەجۆرەکانی ژیانی ئاسایی خۆیان و پێویستیە هەمەجۆرەکانیان بووە و لە پێناو خۆقوتارکردن لە برسێتی و قاتوقرٍی و نەداری، رێگەی داگیرکاریان گرتۆتەبەر، بۆیە ئەو ئایینەی گونجاوی نیمچە دورگەی عەرەب بووە، بۆ پیرۆزکردنی کردەوەکانیان بەکاریان هێناوە و بیری رەگەزپەرستی و خودویستییان تا رادەی شۆفینیەت بە پاساوی ئایینیەوە داپۆشیوە و لە رێگەی ناوزەدکردنی سەرجەم هەنگاوەکانیان بەناوی فەرمانی خودا و، بۆ دابینکردنی پێداویستیی دونیا و ئینجا دەستەبەری بەناو ئاخیرەتی باوەرٍداران، ئەم کارەیان ئەنجام داوە!.

پێشەکی
بابەتی قسەکردن لەسەر ئایین و بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، زۆر هەستیارە و لەبەر ئەوەی هەمیشە بە پیرۆز دانراوە و دەست بۆ بردنی بڤەبووە، لە زۆر توێژینەوەی زانستیانەی راستەقینە دوورخراوەتەوە و تاوەکو ئێستاش کەس خۆی لە قەرەی بنەما جیگیرەکانی ئەم ئایینە نەداوە، لەبەر ئەوەی هەمیشە ترس لە دەرئەنجامی زانستی دەرخستنی حەقیقەتی ئەم ئایینە هەبووە، ئەگەر توێژەر باوەری تەواویشی بە بەکارهێنانی عەقڵ بوبێت لە دۆزینەوەی لایەنە تاریک و روونەکانی ئایین و بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، بەڵام بەپێی واقیعەکە و هەرەشە و گورەشەی بەرژەوەندخوازانی ئیسلامی و ترس و دڵەراوکێ، هەموان ناچارکراون بەناراستەوخۆش بێت، زیاتر پشت بە نەقڵ ببەستن، کە ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی عەقڵانی بە بیروبۆچون و باوەری خەیاڵاوی خودی ئایینەکە داپۆشن.
ئێمە لەم توێژینەوەدا ئەوە دەردەخەین کە دەکرێت بڵێین کاتی ئەوە هاتووە بە تایبەتی قسە لە سەر ئایین وەکو حۆی و دوور لە یۆتۆبیا لە کوردستان بکەین، بەڵێ دەکرێت بە بیرکردنەوە و مامەڵەکردنی عەقڵانیەوە بچینە بنجوبنەوانیەوە . لێرەدا سەرەرای ئەوەی هەوڵی ئەوەمانداوە زۆرێک لەو پرسیارانەی سەبارەت بە ئایین دەکرێت، بە پێی توانا و ئەو بوارەی کە توێژینەوەیەکی کورتی لەم جۆرەدا دەیرەخسێنیت، وەڵام بدەینەوە و، گرنگی بە ئایین و کورد بە تایبەتی بدەین و وەڵامی پرسیارە سەرەکی و تایبەت و گرنگەکانی لەمەر هۆکارە راستەقینەکانی پشت هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە و بە تایبەتی بۆ کوردستان بخەینە روو. ئەوەی جیاوازە لەم توێژینەوە کورتەدا ئەوەیە کە کتومت وەڵامی راستەوخۆی هۆکاری داگیرکاریی کوردستان و مەبەستی سەرەکیی داگیرکەران بێ ترس لە لێکەوتەکانی بدەینەوە، کە لە دواجاردا بە راشکاوی ئەوەمان دەردەکەوێت کە رووە ئابووریەکەی زاڵتر بووە و هەموو هۆکارەکانی دیکەی خستۆتە لاوە و هەڵەی راوبۆچونی چەواشەکارانەی ئایدیاڵی رووتی تایبەتی وەکو هۆکاری سەرەکی داگیرکاری لە لایەن داگیرکەرانەوە دەرخستووە و بە پشتبەستن بە بەڵگەی زانستی رەتیکردۆتەوە.

بارودۆخی ناوچەکە و نەتەوەی کورد لە کاتی هاتنی ئیسلامدا
لەکاتێکدا کە ئەم ناوچەیە بەگشتی، لە مێژووی کۆنی پێش هاتن و داگیرکاریی ئیسلام، کۆمەڵێک نەتەوە و ئاین و ءئایینزای دیار و ناسراوی لەخۆ گرتووە، جگە لە شەرٍی درێژخایەنی ئیمبراتۆرە هەمەجۆرەکانی مێژووی جیهانی ئەو کاتە لە ناوچەکەمان، جارجارێکیش و لە چەند قۆناغێکی پچرٍپچرٍی کورتخایەندا، ئاڵۆزی و شەرٍوشۆر و لەیەکتردان و رەفتاری نابەجێی جیاواز لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوزەکان دروست بووە، بەڵام ئەوەی زاڵتر بووە بە سەر بارودۆخەکەدا، هەمووان لەزۆرینەی قۆناغەکاندا تا رادەیەکی باش بە ئاشتی و ئازادی و پێکەوەیی و بە پێی زاراوەی ئەمرٍٍۆ پلۆرالیزمی نەتەوەیی و ئایینی و بێ دەستدرێژی بۆ مافی ئەویتر، لەم ناوچەدا ژیاون،( ئەگەر داگیرکاریە گەورەکانی ئیمبراتۆریەتە خۆسەپێنەکان وەلانێین، کە ئەوانیش هیچ گۆرٍانکاریەکی گەورەی کەلتوری و رۆشنبیریان لەم ناوچەیە ئەنجام نەداوە شایانی باس بێت ) تا ئەو کاتەی گەورەترین هەوری رەشی بێ وێنەی داگیرکاری لە نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە هاتووە و باڵی بەسەرئەم ناوچەیەدا کێشاوە و بە زەبری هێز داگیری کردووە. جگە لەوەی ئەم ناوچەیەی خستۆتە ژێر باری پشێویەوە، هەموو شتێکی بە کەلتور و کیان و ئەخلاق و بیرو هۆش و تەنانەت باری دیموگرافی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و کۆی گشتی خەسلەتی خەڵکەکەی ئاوەژووکردووە و لە زۆر لاوە گۆرٍانی ریشەیی تێیدا ئەنجامداوە، لەهەموو خەتەرناکتر ئەوەیە بە درێژایی ئەو قۆناغانەدا، تەنانەت لەو کاتەشدا کە بارودۆخی ناوچەکە سەقامگیرنەبووە، اگیرکاریی ئیسلامگەرا زۆرینەی خەڵکی هاوردەی خۆی تێیدا نیشتەجێکردووە و ئەوەی بە زاراوەی ئەمرٍۆ ناوی دەنێین گۆرٍینی دیمۆگرافی تێیدا ئەنجامداوە و، خەڵکە رەسەنەکەی بە هۆکارێک بێت لەوانەش پاراستنی گیانی خۆیان لە کوشتن و قرٍٍٍکردن، بەناچاری داگیرکاری و فراوانخوازی خاوەن ئایین و نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەکانی ناوچەکە قبوڵکردووە، هەروەها لە دەرئەنجامی هەڵخەڵەتاندن و فریودان، بە ترساندن و تۆقاندن و تەرغیب و ئیستغلالکردنی خەڵکی لاوازی نێو گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی خودی کورد و کەمتر کلد و ئاشووریشەوە، قۆناغ بەقۆناغ بە یەکجاری دەستیان بەسەردا گرتووە و تا وایلێهاتووە ئەم ناوچەیە لە زۆر لە پێکهاتەکانی چۆڵبووە، یان گۆرٍانکاریەکی بنەرەتی هەمەچەشنی تێیدا دروستبووە و دواجار بەیەکجاری داگیریکراوە و وردەوردە وایلێهاتووە کە هیچ سیمایەکی تایبەتی رەسەنی خۆی تێدا نەمێنێت و بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە قۆناغەکانی دیکەی پێش ئەو کاتەی خۆی بەرگی نامۆیی بەسەردا سەپێنراوە. لەم حاڵەتەدا، یان خەڵکەکە جێگە و پێگەی خۆیان حێهێشتووە و سەری خۆیان هەڵگرتووە، یان چەند کۆمەڵێکیان بەرەنگاریان کردووە و بۆ پاراستنی تایبەتمەندی خۆیان، لاتەریک و گۆشەگیر و پەرٍگیر بوون و تەنها قەتیسی پێگە و باوەر و بیروبۆچونی خۆیان بوون و بە رۆیشتنی کات لەگەڵ براکانیاندا جیاواز دەرکەوتوون.
ئەوەی جێگەی باسە، دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە لە پاش داگیرکاری ناوچەکە، ئەو هاتووانەی هەڵگری ئایینی نوێ بوون، لەسەر حسابی خەڵکە رەسەنەکەی ناوچەکە، بە خۆیان لە خۆشگوزەرانی و رابواردن و گوێ نەدان بە بەرژەوەندیی دانیشتووی ناوچەکە ژیاون، ئەوەش گەیشتە ئاستێک مەگەر هەر مێژوونوسی وەک تەبەری و مەسعوودی و یەعقوبی و ئینوئەسیر و ..تاد توانیبێتیان وێنەیەکی زیندووی کاروکردەوەکانیانمان بۆ بگێرنەوە (1)

داگیرکاری و گۆرٍانکاری
زۆر سروشتی و ئاسایی و بەدوور لە زیادەرۆیی، بۆئەوەی نەکەوینە خانەی شۆفینیەتەوە، لێرەدا جەخت لەسەر کۆمەڵێک رەهەندی سەرەکی نەتەوایەتی وەکو خۆی دەکەین و ئەو کاریگەریە نابەجێیانەی کە ئایندەی میلەتێکی خستە قورگی برسێتی و نەزانی و جەهل و کەلتوری دەست بەسەرداگرتنی مافی ئەویتر و سەبی و کوشتن و باوەرنەبوون بە ئازادی و بە ناحەق شێواندنی سەرجەم دەستکەوتەکانی مێژوی ئەم گەلە و، تەنها وەک دەستدرێژیەک بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی خودیی داگیرکەر، یاسای جەنگەڵیان تێدا پەیرٍەوکرا.
بێگومان ئەوەی زۆر زەق دیارە و ئیسلامگەرا دەیخەنە ژێرەوە و دایدەپۆشن و خۆیان لە قەرەی نادەن، وەکو خۆی دان بەوەدا نانێن کە فەرمانی داگیرکاری، جگەلە میزاجی سەرکردەکانی ئەو کاتە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی شەرٍو داگیرکاری، بۆ فریودانی خەلًکەکە، پشتیان بە ئایینەکەیان و بەتایبەتی قورئانەکەیان بەستووە و بە ناوی ئەوەوە ئەنجامدراوە و کوژراوی خۆیان بە شەهید لەقەڵەم داوەو هی ئەویتر بە کافر و داویانە بەسەر خەڵکی ناموسڵمان و قرٍیان کردوون و ژنەکانیان سەبی کردون سەروەت و سامانیان بە تاڵان بردوون و تەنانەت تایبەتمەندیەکانیشیان بۆ سوودی خۆیان زەوتکردوون، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە لە راستیدا بە ناوی قورئانەوە، پێش ئەوەی پشت بە باوەر و فەرمانی خودا بۆ فراوانکردنی رووبەری ئایینەکەیان ببەستن چاویان لەسەر دەستکەوتی مادی بووە و، پێشوەخت تەماحیان خستۆتە بەردەم ئەو خەڵکە رەشورٍوتەی لە خۆیان بوبێت یان ئەوانەی نەتەوەی داگیرکراو کە بە حوکمی ساویلکەیی و سیفەتی خراپی بێگانە پەرستی، کۆیلەیی بۆ کردوون، ئەوەتا لە هیچ کوێیەک گوێ بە زۆری و کەمی ژمارەی خەڵکی بەرامبەریان نەداوە، کە رووبەروویان دەبونەوە و پشت بە درٍندەیی خۆیان بەستووە و بۆ قەناعەت کردنی جەنگاوەرانیان ئایەتی قورئانیان بەکار هێناوە و هەر بۆ بەرزکردنەوەی ورەیان بەو ئایەتانە زۆرجار خۆیان خستۆتە تەهلوکەوە . بۆ نمونە ئەم سورەتەیان لە شەرٍەکانی ئەم ناوچەیە زۆر بەکارهێناوە: خودا لە سورەتی ئەنفالدا ئایەتی 66 دەڵێت: ئێستا خودا دەزانێ تواناتان کەم بۆتەوە، کاری بۆ ئاسانتر کردوون، ئەگەر ئێوە سەد کەس بن و خۆرٍاگر بن دەرەقەتی دووسەد کەس دێن، خۆ ئەگەر ئێوە هەزاری خۆرٍاگربن بە ئیزنی خودا دەرەقەتی دووهەزاریان دێن، خودا لەگەڵ خۆرٍاگرانە. کەوابێت، ئەو خودپەرستیەی لە ناوەندی قاتوقرٍی بووە، هەوڵی رزگاربوون بووە لە نەداری و نەهامەتیی نیمچە دوورگەی عەرەب و ئەوەی خستۆتە مێشکی ئەو خەڵکەوە کە زۆری دوژمن مەترسی نیە لەسەر موسڵمان و خوداکەیان وتویەتی برٍۆن جەنگی خۆتان بکەن و مەترسن و داگیری ناوچەکانیان بکەن و تەفروتونایان بکەن، لە لایەکی ترەوە دەڵێت بکوژن و ببرن و گوێ بە ژمارە زۆریی کوژراوەکانیان مەدەن.
لەدوای داگیرکردنیش، لە باری ترەوە، ئەگەر دەسەڵاتی نێوخۆیی ئەو شوێنە داگیرکراوە مابێت و بۆیان قرٍنەکرابێت و بۆیان نەکرابێت قەلاریان بکەن، هێشتویانەتەوە و لەبەر بەرژەوەندیە دونیاییەکانیان، هەمیشە باوەردار و سەرکردەی هەڵگری ئەم ئایینە پەیوەندیەکی راستەوخۆیان لەگەڵ دەسەڵاتە پاشماوەکاندا گرێداوە، ئەمە ئەگەر نەیانتوانیبێت بە ئاسانی لەناویانبەرن، بۆ ئەو مەبەستەش، پاش داگیرکردنی هەر شوێنیک دەستیان درێژ کردۆتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتەی هەرچیەک بوبێت بێت و هەڵگری هەر ئایین و ئایینزا و سروتی تایبەتی خۆی بوبێت لەوێ و، دواجار هەوڵیان داوە بە هەموو جۆریک بە کاریان بهێنن و لە دواجاردا گەر دۆخەکە لەباربوبێت و بۆ قازانجی داگیرکەران گونجاو بوبێت، دەسەڵاتی ئەو شوێنانەیان وەلاناوە و بەخۆیان بە سوک و ئاسانی جێگەیان گرتونەتەوە.
لە لایەکی ترەوە وەکو سیفەتێکی پارادۆکسی ئەم خەڵکە داگیرکەرە، سیفەتی مەرایی و هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی دەم سپی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و دەسترۆیشتوویان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی مادی خۆیان داوە و تەنانەت سازشیان لەسەر پرەنسیپە بنەرەتیەکانی ئایینی ئیسلامیش کردووە، بۆیە سەرەتا خۆیان نەداوە لە باوەرٍی ئایینی فەرمی و سروتی تایبەتی هەندێک شوێن، بەڵکو ئەگەر بەم ناوەشەوە نەبێت، بنەمای تەقییەیان بەکارهێناوە و پشوو درێژیان نواندووە و سەبریان گرتووە و لە کاتی تایبەتی و گونجاوی خۆیدا ئایینیان بۆ سەقامگیریی ژیانی خۆیان و سەپاندنی مەرامەکانیان بەکارهێناوە و فرتوفێڵیان کردووە و خەڵکی رەسەنی جێگە داگیرکراوەکانیان فریوداوە، لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە لەم کوردستانەی خۆماندا بە فێڵی سەپاندنی جزیە و فدیە و سەرانە و زەویانە لە سەرەتادا و بە پشتبەستن بە کتێبی پیرۆز و شرۆڤەی هەمەجۆریی تەنانەت ناکۆک بۆ ئایەتە جیاوازەکانیان کردووە و بە چەندین ناوی تر بۆ بەدەستهێنانی داهات بەناوی ئیسلامەوە، خودی پرەنسیپە جیاوازەکانی ئیسلامیان بۆ چەواشەکاری بەکارهێناوە ، ئەمەش بەڵگەی یەکلایی کەرەوەی ئەوەیە کە ئایینیان بۆ بەرژەوەندی مادی و دابینکردنی پیًَداویستیە ژیانیەکانیان و ئامانجی لاوەکی تر نەبێت بۆ هیچیتر بەکارنەهێناوە . لێرەدا دەپرسین گەر پرەسنیپەکان جێگیر بن و ئایینەکەیان چوار چێوە و بنەمای سەرەکی تایبەتی نەگۆرٍاوی خۆی هەبێت، چۆن جێبەجێکردنی لە شوێنێکەوە بۆ ئەویتر بە پێی بارودۆخ و وەزعی داگیرکەر و داگیرکراو و هێز و توانای هەردوولا و بارودۆخی سیاسی و ئابووری، چۆنێتی پەیرەوکردنی ئەم ئایینەش جیاواز بووە. (2)
بەڵام ئەوەی جێگەی باسە لێرەدا، کە سەرەرای هەموو هەوڵەکانی سرٍینەوەی سەرجەم خەسلەتە تایبەتەکانی کورد، بە هۆکاری رەسەنایەتی و پتەویی نەتەوایەتی کوردەوە، کاریگەریی ئیسلامگەرا لەسەر تایبەتمەندیە کەلتوری و کۆمەڵایەتی و بەها باڵا رەسەنەکان هەرچەند کاریگەر بووە بەڵام کەمتر بووە لە شوێنانی دیکەی وەکو نیشتمانی ئەمازیغ و قیبتی و نوبی و خەڵکی تریش، تاوەکو هەڵتۆقینی سەردەمی ئیسلامی سیاسی ، زۆر بە سانایی نەیانتوانیوە شێواز و رەفتاری داگیرکەرێتی فکر و رۆشنبیری وکەلتور و کردەوەی نامۆی هاوردە بە یەکجاری بسەپێنن و تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە مانەوەیان، شتێکی تا رادەیەک کەم تایبەت بەخۆیان لە ناوچە داگیرکراوەکان بەزەقی دەرنەکەوتووە.
لەم بارەوە، هەرچاودێرێک تەماشای مێژووی ئەو قۆناغانەی داکیرکاری بکات، دەتوانێت بە هێڵێکی پان داگیرکەر و داگیرکراو بە هەموو ئاکار و خەسڵەت و تاتیبەتمەندیەکانیانەوە لەیەک جیابکاتەوە و هەڵوێستی خەلًکەکە لە هاتنی فکر و بیروبۆچونی نامۆ دەربخات.
بیروبۆچونی هاوردە و ئاستی رۆشنبیریی کورد لەو کاتەدا
گەلێک بە هەموو پێکهاتەکەیەوە لە مافەکانی خۆی، تەنانەت لە مافی خەونبینین بە کیانی خۆیەوە بێ بەش بکەیت، جا بە هەر پاساوێکەوە بیـَت، ئایینی بێت یان ئابووری، ئەوە چی ئایندەیەکی بۆ چاوەرٍێ دەکەیت ، بۆچونێکی ساختە و تێکدراو بە هەر ناوێکەوە بێت و ئازادیەکی ناتەواو لەهەمیشە لە ئەگەری بێبەشکردنی لە مافەکانی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خۆی بیهێڵیتەوە ، ئەمەش وادەکات کە هێشتنەوەی مافخوراوی ودڵەراوکێ و داگیرکراوی نەبێت هیچی تری بەرناکەوێت (3)
ئەوەی دەبێت روونبکرێتەوە ئەوەیە، کە کورد سەرەرای ئەو رێژە جەهلەی تێیدا بووە، لەچاو عەرەبی ئەو نیمچە دورگەیە هەر بەراورد ناکرێت، لە رووبەرێکدا ژیاوە نیشتمانی خۆی بووە و خاوەنی زۆر شتیی تایبەتی خۆی بووە، بێ دەستدرێژی بۆ هیچ تایبەتمەندیەکی ئەویتر ژیاوە و بەدوور بووە لە پێشێلکردنی بەها باڵاو رێزلێگراوەکانی ئەویتر، ئەگەر ساکار و ئاساییش بوبێت، تەنانەت ئەگەر زانیبێتی نیازی ئەویتر خراپ و داگیرکاریش بوبێت، ئەمە ئەگەر چەند کردەوەیەکی تاک کەسی یان کۆمەڵێک بەبێ ئەوەی بیر و پلانێک لە پشتیەوە بوبێت، حساب نەکەین.
پێویستە ئەم گەلە و بە تایبەتی نەوەی نوێ بزانێت چۆن دەگەرٍێتەوە بۆ سەر شێوازی ژیان و تایبەتمەندی و بیرکردنەوەی خۆی، بە بێ پابەندکردنی بە پاشماوەی هاوردە زیانبەخشەکانی رەوتی ژیانی، بەلام بە پێی شێوازی ژیانی نوێگەرانە نەک گەرٍانەوەی کتومتی بۆ سەلەفیەتی نەتەوەیی. ئینجا قۆناغی فریودان بە ناوەخنی کەرٍەجاڵیەوە بەناوی ئایینەوە بە هەزار و یەک بیروبۆچون خراوەتە روو و کوردی خۆشباوەریش بە ئاسانی وەریگرتووە و باوەری پێکردووە و کاریشی پێ کردووە. ئاستی تێفکرین لە ژیان و شێوازی بەرێکردنی ژیان و رشتەکانی رۆشنبیری ئەم ناوچەیە بە بەراورد بەخەڵکی نیمچە دورگەی عەرەب لەوکاتەدا زۆر جیاواز بووە.

سەپاندنی مەرجەکانی داگیرکاری و ئەخلاقی کورد
ئەوەی دەتوانین ناوی بنێین دیاریکردنی فەلسەفەی گونجاوی داگیرکاریی هەمەجۆر بۆ گەلێک کە رێژەیەک لە گۆرانی ریشەیی بەسەردا سەپێنرابێت و، دواتر وەکو خێرپێکردنێک برٍێک لەو مافەی کە هی خۆیەتی و ئاگای لێنیە ، بیدەیتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرەنگاری ساردی بکەیتەوە و ئینجا هەموو شتێکی بگۆری. ئەگەر هەندێک فاکتەری خودی نەبوایە، ئەوا ئەمرۆ ئەم گەلە بە تەواوی و لە بنەرٍەتەوە ریشەکیِش دەکرا و ئەڵتەرناتیڤێکی نەگونجاوی تایبەتمەند بە نیمچە دوورگەی قاتوقری بەسەردا دەسەپێنرا و هەموو تایبەتمەندیەکانی بە یەکجاری دەسرٍایەوە، تا وەکو دەگەیشتین بەم قۆناغە شتێک نەمابوو ناوی نەتەوەی کورد بێت. بەرٍەنگاریی هەمەجۆر و بوونی سیفەتی تایبەت و کەلتوری کورد وەکو نەتەوەیەکی رەسەنی سەر زەوی خۆی، یارمەتیدەری مانەوەی رێژەیی ئەم گەلە بوو لەسەر رووبەری زەویەکەی خۆیدا .
سەرەرای بوونی ئەو فاکتەرە ئیجابیانەی هۆکاری بە زیندوو مانەوەی کورد بوون، بەڵام بەهەزار حاڵ گەیشتینە ئەم بارە ئاڵۆزەی ئێستاو دوای ئەو هەموو داگیر و دابەشکاری و غەدر و هەوڵی لەناوبردنەی، سەرەرای سیاسەت و فەلسەفەی کاری داگیرکەر بە تەرغیب و تەرهیب، بە شانازیەوە کورد بە رێژەیەکی باش بەرەنگاری خۆی کردووە و هەر هیچ نەبێت ماوەتەوە، ئێستا و پاش ئەو گۆرٍانکایانەی بەسەریدا هێنراوە، توانا و هێز و ئامرازی دەستی داگیرکەرانی زەوی و کەلتور و دابونەریت و کەلەپوری کورد کزبۆتەوە، سەرەرای هەوڵی لەرادەبەدەری ئیسلامگەرا، کورد لەم قۆناغەدا لە خەمی لەناوچوون رەویوەتەوە.
ئەگەر داگیرکاری و خواردنی مافی ئەویتر بەهەر ناوێکەوە بێت لە روانگەی ئەخلاقەوە لێکبدرێتەوە، کە ئیسلامگەرا بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە، بێ ئەوەی تەماشای رابوردووی ئەخلاقی خۆیان بکەن . ئەگەر خودی فەلسەفەی ئەخلاق بە واتای مامەڵەکردن بێت لەگەڵ کۆی بوون و بەهاکان، ئەوا ئەو ئیدعایەی خاوەندارێتیی و رێزگرتن لە بەها مرۆیی و ئەخلاقیەکانیان دەکەن، هیچ بەهایەکی نامێنێت و ئەو شێوازە مامەڵەکردنەی هاتووی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی رەسەنی شوێنە داگیرکراوەکاندا، هەر ئەوان وای دادەنێن کەبەو شێوەیە گوزارشت لەرەفتاری بیرمەندانەو فەلسەفیانەی خۆیان دەکەن و بە پلەی باڵای دادەنێن و دەبێت خەڵکی دیکە پشتگیریان بکەن و ببن بە پاشکۆ و موریدیان (4)
لێرەدا ئەگەر باس لە ئەخلاق بە هەموو بەشەکانیەوە لە مێژوو و زمان و کۆمەڵگە و سیاسەت و لەهەموو گرنگتر ئاییندا بکەین، ئەو ئایینەی کە بەردەوام باسی ئەخلاق دەکات و ئایینی بە ئەخلاقەوە بەستۆتەوە. بە بیرکردنەوەیەکی سانا، بۆمان دەردەکەوێت کە داگیرکاری و زەوتکردنی موڵکی مادی و مەعنەوی ئەویتر و هێنانەوەی بەهانەی ئایینی بۆ ئەو سیفەت و رەفتارانە، بەتایبەتی بە پێناسەکردنی ئەخلاق لای خۆیشیانەوە، بەڵێ ئەو رەفتارانەیان لوتکەی بێ ئەخلاقیە، تەنانەت بە بیرکردنەوە و بۆچونی خودی خاوەنی ئەو ئایینەی کە خۆی بە جوانی ئەم چەمکەوە دەردەخات و لە بەرامبەردا، هەر ئەخلاقی خۆی رێگەی پێدەدات، بە ناوی پیرۆزیی ئایینەوە یاسای دونیایی و ئایینی بۆ ئەو ناحەقیە دابرێژێت.
داگیرکاری ئیسلامی کە خۆی لە خۆیدا رەگەزپەرستی نەتەوەی سەردەستە و لە ناوەخنی بەرێوەچونی داگیرکاری ئایینی و نەتەوەی هاتوو بۆ وڵاتی داگیرکراو دەردەکەوێت، کە ئەوانەی بانگەشە بۆ ئایینێک لە رێگەی داگیرکاریەوە دەکەن و خەڵکی تر فریودەدەن و پاشکۆ و خەڵکی نەزانی بەرژەوەندخواز بە خۆیان دەبەستنەوە، لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئینجا لە رێگەی هەوڵدانی هزرشۆردنەوەی خەلًکە رەسەنەکە بەو پااشکۆیانەی کە ئەگەر هیچ نەزانیش بن بە زانای هەزار عیلم ناوزەد دەکەن، ئەمەش شێوازی داگیرکاریەک بۆ هەموو لایەک روون دەکاتەوە کە سەرانی داگیرکاری بە هەر بیانوویەک بێت لەوانەن کە لەو سیفەتانە دوورن و، لە چاکە و خیًر بێبەرین و لە باری فکر و فەلسەفەی هیچوپوچیدا دەژین، سەرەرای بە پیرۆز تەماشاکردنی ئاینیانەی ئەو خەڵکە و بە چاکەخواز دانانیان، بەڵام لە دەرئەنجامی ئەو رەفتارانەدا، گەلی داگیرکراو جگە لە پەراوێزخستنی و زاڵکردنی بیرکردنەوەی دواکەوتووانە و خۆبەستنەوە بە داگیرکەر، هیچی تری بۆ نامێنێتەوە و بەو شێوەیە بە ناوی ئایینەوە هەموو خەسلەتی ئەو گەلە داگیر دەکرێت و دەسرٍێتەوە و کاریگەریش لەسەر ئەخلاقی دەبێت و ئەڵتەرناتیڤێکی هاوردەی ئەوەی دەتوانرێت ناوی بنێین دوور لە ئەخلاق و رەوشتی جوان بەسەریدا دەسەپێنرێت و ، جگە لە چەقبەستنی وەزعی گشتی وڵاتی داگیرکراو هیچی تری بۆ نامێنێتەوە.(5)

موسڵمانبوونی کورد
کورد لەو مێژووە دوورودرێژەی خۆیدا، لەگەڵ ئەو هەوڵ و تەقەلا و قوربانیدانەی پێش هاتنی ئیسلام، ئامانجێکی گرنگ و سەرەکیی تایبەتی خۆی مەبەست نەبووە، بە هاتنی ئیسلام ، ناچارکراوە ئەو بیرە نامۆیە هاوردەکراوە بە پیرۆز بزانێت و لە بۆچون و عەقڵیەتی خۆیدا جێگیری بکات، کەچی وەکو ئەویتر نەبێت ونەیەوێت بەناوی ئیسلامەوە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی خۆی بپێکێت و گرنگی نەدات بەوئامانجە سەرەکیە نهێنیانەی لە پشت ئەو لەشکرکێشیە ئایینیەی داگیرکەرانەوە بووە و تۆی نەتەوەیەکی دیاری ناوچەکە بیت و هیچ گرنگیی نەدەیت بەو بارودۆخە تایبەتەی داگیرکەران کە پاڵنەری سەرەکی داگیرکاری و هاتنی ئەم ئایینە بووە، بۆیە زۆر زەرووریە هەموو کەسێکی ئەم کوردستانە بە روونی و راشکاوی و دوور لە بیروبۆچونی پیرۆزکردنی ئەو مێژووە، بە وردی، حەقیقەتی پرۆسەکە بزانێت و بە ورد و درٍشتیدا بچێتەوە و پەند لە روداوەکانی وەربگرێت، بەتایبەتی ئەو هەڵدێران و وەرچەرخان و گۆرٍان و وەرگۆرٍانانەی بە هۆکاری هاتنی ئایینی ئیسلام و سەپاندنی بەسەر ئەم میلەتەدا بە درێژاییی ژیانیدا روویداوە، بە دوور لە ترس و سڵکردنەوە لە دەرخستنی راستیی شیکردنەوە و خوێندنەوەی زانستیانەی پرۆسەکە، بە هۆی ئەو رێگریەی لە رێگەی باوەربون بە پیرۆزیی ئایینەکەوە خۆی دەسەپێنێت و حەقیقەتەکان دەشارێتەوە. پێویستە درک بە هۆکاری راستەقینەی هاتنی ئیسلام و داگیرکاریی کوردستان لە پێشەوەی ئەو بابەتانە بێت کە پێویستە گرنگیی پێ بدرێت و وەکو خۆی شرۆڤەی بکرێت و بە شێوەیەکی زانستیانە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هاوکێشە تایبەتەکانی چۆنێتی هاتنی ئەو خەڵکە و بازنەی بیر و رەفتار و کرٍۆک و جەوهەری خودی ئایینەکە و پرۆسەی داگیرکاریەکە دەربخرێت و بە راشکاوی باسی کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوری و فەرهەنگیەکانی داگیرکاریی پیرۆز لەسەر خەڵکی کوردستان بکرێًت و دەرئەنجامەکانی بخرێتە روو . بۆیە بە پێویستمان زانی جەخت لەسەر چۆنێتی فراوانخوازی ئیسلامی بکەین و شێوازی داگیرکاری و مامەڵەی ئەوانەی بە بیروبۆچۆن وکەلتور و رەفتار و پەروەردەی نیمچە دوورگەی عەرەب و پێداویستی و ئامرازەکانی ئەو رووبەرەی کە نەبونی و قاتوقرٍی و کەمدەرامەتی تێیدا بەربڵاوبووە، شرۆڤە بکەین.
لێرەدا دەبێت بزانین کە درێژیی مێژووەکەی بەو جۆرە، مەسەلەی داگیرکردن و دواکەوتنی ئەم گەلە بۆتە هۆکاری ئەو گۆرٍانکاریەی بەسەر کەلتورەکەیدا هێنراوە، لەو رێگەیەوە ناچارکراوە لەدواجاردا ملکەچ بێت و کەمتەرخەمیی بنوێنێت، پێویستە ئەوەش باس بکرێت کە تەنانەت لەم سەردەمەشدا، کاریگەریی ئەو سیفەتە هاوردانەی لەسەر ماوە و بێگانە پەرستیش بووە بە یەکێک لە سیفەتە بۆماوەییە تایبەتەکانی ، ئەوەتا زانایانی کورد و بیانیش دەڵێن : بەشێکی هەرە گرنگ و ئاڵقەی لێکگرێدانی زۆربەی ئەو رووداوانەی ئاکامی خراپیان بۆ کورد پێکهێناوە، دەگەرێتەوە سەر خۆبەستنەوەی بەشێک لە سەرۆکە لە خۆباییەکانی کوردی دژ بە یەک بە دوژمنە دەرەکیەکانیانەوە(6)

رۆڵی داگیرکاری لە سرٍینەوەی کەلتوردا
ئەگەر بتوانین ناوی بنێن سیستمی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، دەڵێین کورد پشتبەستوو بە رۆشنبیری و کەلتوری تایبەتی خۆی بووە و جیاواز بووە لە نزیکترین نەتەوەی دیکەی ناوچەکە، بۆ ماوەیەکی دوروودرێژ لەو رووبەرە ژیاوە کە ئێستا زۆربەی داگیرکراوە و قرتێنراوە و لە ژێرکاریگەریەکانی رەفتار و مامەڵەی داگیرکەران، راستەوخۆ یان بە رۆیشتنی کات گۆرٍانکاریەکی نیمچە ریشەیی بەسەردا هاتووە. هەرچەند تاسەر پارێزگاری رێژەیی لە خۆی کردووە، بەڵام سەپاندنی کەلتوری داگیرکاریی ئایینی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بووە بۆ ئەوەی نەتوانێت دەستەبەری باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیریی ئایندەی نەوەکانی حۆی بکات و تا رادەیەکی زۆر ملکەچی هاتووەکان بێت و رێژەیەکی زۆری تایبەتمەندیەکانی بسرٍٍیًنرێتەوە و پەیرەوی دابونەریت و کەلتوری خەڵکی دواکەوتووی داگیرکەر بکات . کوردستان پێشتر خاوەنی نیمچە کیانی خۆی بووە، تاوەکو گەیشتۆتە ئەوەی ئیمبراتریەتی تایبەتی خۆی هەبێت و توانیویەتی پارێزگاری لە کیانی خۆی بکات. گەلی کوردستان بێ هاوتا بووە، تاوەکو هاتنی ئایینی ئیسلام، کەس نەیتوانیوە کاریگەریی کەلتورەکەی خۆی بخاتە سەر کورد و گۆرٍانکاری لە رەوتی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسەتی ساکاری ئەوکاتەی کورد بکات. پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەشێوەیەک بووە جیاواز لە گەلانی ناوچەکە و باوەرٍی بتەوی بە رێباز و سروت و بۆچون و دواتر ئایینی خۆی بووە و پەیرٍەوی کردووە.
کێشەی گەورەی داگیرکاریی ئیسلامگەرا بۆ ئەم ناوچەیە و کوردستان بەتایبەتی ئەوەبووە کە هاتووانی دورگەی قاتوقرٍی و نەداری بەناوی پیرۆزی خودایەکەوە قسەیان کردووە و خۆیان بە باڵاتر لەخەڵکی کورد زانیوە، کە گوایە ئەو خودایە ئەوانی هەڵبژاردووە و ئایەتی پیرۆزی بۆ دابەزاندوون و کەس بۆی نیە گۆرٍانکاری تێدا بکات و، تەنها دەبێت بێ گفتوگۆ هەموو شتێکی جێبەجێ بکرێت. ئەوەی سەیرو سەمەرە بووە لەم پرۆسەیەدا کە سیفەتەکانی خودا بە شێوەیەک باس کراوە، وەکو بونەوەرێکی دانیشتووی نیمچە دوورگەی عەرەب و هەڵگری ئەخلاق و ئەدەبی ئەوان بێت، لە خەسلەت و سیفەت و کردەوەکانیدا، کتومت خودایەکی دانیشتووی نیمچە دوورگەی قاتوقرٍی و دەشتەکی و چاو برسی و دڵ پیس بوبێت. بۆیە لێرەدا دەکرێت وتەی پۆڵسی سەرکردەی باڵای رۆممان بێتەوە یاد کە لەکاتی داگیرکردنی میسر لە لایەن عەرەبەکانەوە دەڵێت ( ئێمە زانیمان لە وڵاتی خۆتاندا پێش ئەوەی ئەم وڵاتە داگیربکەن لە نەداری و قاتوقرٍیدا ژیاون و لە برسا دەمردن، ئێستا وڵاتێکتان داگیرکردووە بۆ خۆتان لە گۆشت خواردن تێربوون و سواری ئەسپ دەبن و چوست و چالاکن و شمشێری مشتەمرواری دەخەنە قەدپالًتان و پاش ئەو هەژاری و نەداریەتان خۆشحاڵ بوون و بە خۆشی دەژین)(7).
لە هەمان کاتدا بە قسەی خۆیان ئەمە پشت راست دەکەنەوە، ئەوەتا موغیرەی کورٍی شەعب بە پاشای نەهاوەند دەڵێت ( ئێمەی عەرەبی خەڵکی دوورگەی عەرەب زەلیل بووین و خەڵک سوارمان دەبوو و سواری کەس نەبووین و سەگ و پیسیمان دەخوارد)(8).
هەر لەمبارەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە عەرەب و بەتایبەتی خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەبی، ئەگەر ئەو خەڵکە ببینن جیاوازبێت لەوان، دەیانەوێت ژێردەستەی بکەن و داگیری وڵاتەکەی بکەن، گەر ساویلکە و ساکار و دڵپاکیش بن، ئەوا بە ئاسانی بەسەریدا سەردەکەون و لەناویدەبەن، ئیبن خەلدون لە (مقدمە )کەیدا بە راشکاوی دەڵێت ( لەبەر ئەوەی عەرەب بە سروشتی خۆیان درٍندەن و خەڵکی دز و تاڵانچی و تێکدەریان زۆرە، بۆیە بە بێ ترس و سڵکردنەوە ئەوەی بتوانن فرسەتی لێدێنن و دەیدزن و تاڵانی دەکەن و ئینجا بۆ خۆیان فرتەی لێدەکەن و رادەکەن بۆ کێڵگە و جێگە قاتوقرٍٍیەکەیان) (9). هەروەها ئیبن خەلدون دەڵێت (ئەگەر عەرەب بەسەر وڵاتاندا سەربکەون، بەخێرایی تێکیدەدەن و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوان میلەتێکی وەحشین، هەموو فاکتەرێکی درٍندەییان تێدایە و ئەو سیفەتەش بۆتە پێکهاتە و رەوشتیان) (10). دیسان ئیبن خەلدون لە لایەکی ترەوە دەڵێت ( سروشتی عەرەب ئەوەیە کە هەرچیەک بەدەست خەڵکەوە ببینن دەیدزێت.. هیچ سنورێکیان لە تاڵانکردنی موڵکوماڵی خەڵک نیە و چاویان تاکوێ برٍِبکات و بیبینێت و هەرچیەکیان دەستکەوێت لە پارەو پوڵ و ماڵ و کاڵا و کەلوپەل یان قاپوقاچاغ ، دەیدزن و تاڵانی دەکەن)(11).
عومەری کوری کەحالە لە کتێبی (عەرەب کێن و چیان لەسەر وتراوە) دەڵێت ( عەرەب، هەموو شتێک بە مادی و دیدێکی مادیانەی تەسک تەماشا دەکات و هیچ هەڵسەنگاندنی ئایدیاڵیان نیە و تەماشایەکی ئەخلاقیانە بۆ هیچ شتێک ناکەن و تەنها حساب بۆ ئەو قازانجە دەکەن کە لەو شتە دەستیان دەکەوێت و هەست و نەستیان گیرۆدەی تەماع بووە و هیچ بواری خەیاڵکردن و سۆزیان نیە و لەو بارەوە مەیلی ئایینیان نیە، هیچ گرنگی بەشتێک نادەن کە بەکردەوە نەتوانن چەند سودێکی مادی لێوەرگرن و ئەو شتە هەستی شکۆمەندی و باڵایی بوونیان تێرنەکات ) (12)
پاش داگیرکردنی یەکجاریی هەمەجۆر، بە درێژایی ئەو مێژووە وایان سەپاندوە، کە دواتر کورد خۆی بە بچوکی داگیرکەر زانیوە و زۆر جار ئەگەر کەسێکی هەڵکەوتبێت و بیری باوی چەسپاوی رەتکردبێتەوە، هەمیشە بوختانی کافربونی ئەو کەسە زەقکراوەتەوە و لای نەتەوەکەی خۆشی قێزەون کراوە.
لەسەر دەمی نوێِدا، باوی ئیسلامی سیاسی هاتۆتە ئاراوە و لە جیاتی ئیسلامی سونەتی و عیبادەتی، عادەت و دابونەریتی ئێستا بە شێوەیەکی خەتەرناکتر لە ئیسلامکردنی نەتەوەی کورد کار دەکەن و، ئەنانەت ئینسانبونی کوردیش دەسرٍنەوە و تەنها شکۆمەندیی بۆ عەرەبی موسڵمان دادەنێن، وەکو ئامانجێکی بەدیهاتووی نیمچە دورگەی عەرەبی سەردەمی ئیسلام، دوای 1400 ساڵ کوردی ساکار بیروبۆچونەکانی خەڵکی بەرژەوەندخوازی جوگرافیای قاتوترٍی جێبەجێدەکات .
وەکو دەڵێن رێرەوی راستی رەوتی فکری و فەلسەفی ئیسلامگەرا، لە پاش ئەوەی هێزی کۆن باوی نەماوە و ژیان گۆرٍانکاریی سەرەکی بەسەردا هاتووە، ئێستا ئەم ئیسلامگەرا نوێیانە هێزی نەرم بەکاردێنن.
دەبێت ئامانجی کورد لە رووبەروو بونەوەی ئیسلامگەرادا، بۆ چارەسەری ئەم گیروگرفت و کێِشەو نارایشانە، هێزی گونجاوی بەرامبەری ئیسلامگەرادا بێت، بەوەلانانی هێزی رەقی زیادەرەویکەر و دەرچوو لە دابونەریت و بۆچونی کۆمەڵگە بێت، کە هەمیشە لە رێگەی چەپی واقیعی تایبەت بە کوردستان دەتوانین بە زاراوەی (هەژگەرایی) ناو بنێین، یان بەهەر ناوێکەوە بێت ململانێی ئیسلامگەرای نوێ بکەین، تەنانەت ئەگەر دەستەواژە و وشەی چەپی لێ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بوار نەدات تەنانەت ئیسلامگەرا ئیستغلالی سۆزی خەڵک بکەن و بە چەواشەکاری دژایەتی هەوڵی سەلماندنی مەسەلەی راستودروستی فکر و فەلسەفەی گونجاوی پێشکەوتنخوازانە لە نێو گەلی کوردستاندا بکەن. بەڵێ راستە ئەمە تەنها دەهەیەک دەبێت کە هێزی ئیسلامگەرای سیاسی، لە پاشەکشە دایە، بەڵام پێشتر بە جیاوازی لەوەی ئەمرٍۆ هەیە ،نزیکەی سەدەیەک دەبێت زۆر ئامانجی خۆی بەدیهێناو بە هەموو رێگەیەک فکری تایبەتی خۆی بە شێوەیەکی رێژەیی سەپاند. بەدرێژایی ئەو مێژووە بۆ ئەم مەسەلەیەش، باردۆخی ئابووری و سیاسی و ململانێکان رێگەی پێدان کە کاری خۆیان بکەن و تا رادەیەک بە پشودرێژیەوە درێژەیان بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەدا، بەڵێ سەرەرای ئەو ماوەیەی کاری ئیسلامگەرا و کاریگەریی زۆریان لەسەر ژیانی خەڵکدا هبووە، لە بەرامبەردا، لەزۆر قۆناغدا، رەوتە چەپەکان بە تایبەتی پەرٍگیرەکانیان ( بۆرژوا هەمیشە بۆ بەدیهَێنانی ئامانجی دوورو ونزیکی خۆی، ئیسلامگەرای بەقازانج زانیوە) هێشتا لە ناو بازنەیەکی داخراوی تیۆریدا دەخولانەوە و لە ئاست ئیسلامگەرادا لاوازبوون، تەنانەت هێزە مەزهەبی و شۆفینیەکانی دەوروبەر، رکێڤی خۆیان فەرزکردوو و بێ بەربەست تا رادەیەک خۆیان سەپاند، باسی ئەمرۆ ناکەم کە پاش ئەو جوڵانەوەیەی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزی ئیسلامگەرای هێناوەتە لەرزە و خەریکە تا رادەیەکی باش (ئەویش لەسەر دەرئەنجامی ئەوەیئەگەر بتوانین ناوی بنێین شۆرشی لەچکی نەوەی نوێ وەستاوە) هاوکێشەکان راست دەبنەوە و مەساری سیاسەت و فکری ئاسایی مرۆڤی ئەم ناوچە ئاڵۆزە روو لە گۆرٍان و وەرگۆرٍان و ئاراستەی راستودروستی خۆی دەکات و ئەگەر بارودۆخە بابەتیەکە یارمەتیدەر بێت، لە کۆتاییدا چەند دوور بێت یان نزیک هەڵدێرانی ئیسلامگەرا بە چاوی خۆمان دەبینین و ئەوەی دەمێنێتەوە ئیسلامی نەریتی باوی کۆمەڵایەتیە کە لەگەڵ ژیانی ئاسایی خەڵک گونجاو بێـت.(14)

دەرئەنجام:
لە دەرئەنجامدا ئەوەمان زۆر بە جوانی بۆ روون دەبێتەوە، کە کورد و کوردستان لە ژێرکاریگەریی ئایینی هاوردە لە هەموو ئاکار و رەسەنایەتیەکانیدا گۆرٍانی رێژەیی بەسەردا هاتووە و رەوشتی گۆرٍاوە.
بۆ وەڵامی پرسیارە بنەرەتیەکانی ئەم توێژنەوەیە، لە دواجاردا بەو بەڵگە زانستی و راستەقینانەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنرێت، کە ئامانجی سەرەکی، واتە گەورەترین ئامانجی داگیرکاریی ئیسلامی بۆ ئەم ناوچەیە وچاوتێبرٍینیی خەڵکی نیمچە دورگەی عەرەب بۆ کوردستان و دەوروبەری، تەنها لەبەر قازانجی مادی و دەست بەسەردا گرتنی سەروەت و سامانی خەڵکەکەی و خۆرزگارکردن لە قاتوقرٍی و نەداری بووە و، بۆ ئەو مەبەستە ش هەموو ئامرازێکی مادی و ئایدیاڵی و پیرۆزیەکان بە قورئانیشەوە بەکارهێناوە و ئایین وەک ئامرازێکی کاریگەری دەستیان بووە لە داگیرکاریەکانیاندا. بەڵام دەبێت ئەوەش لەبیر نەکەین، کە هۆکاری لاوەکی دیکە هەبوون وەکو فیززلی داگیرکەری عەرەب بۆ شکۆشکاندنی ئەویتری رکابەر و خۆ بەزلزانی و خۆ بە خاوەن شکۆی باڵا زان و خۆ بە خانەدان و جیاواز لەویتر و خاوەن ئایین و کۆمەڵێک سیفەتی پربەها دانراوی تایبەت بە خۆیان.

بۆ رزگار بوون لەم بارەی ئێستا تێیداین، پێویستە:
* هەوڵ بدرێت خەڵک بە دابونەریت و مێژووی دوور و کەلتوری رەسەنی خۆی ئاشنابکرێتەوە و هەموو سیفەتە ناکۆکەکان لە گەڵ سروشت و دابونەریتی خۆی و هاوردەکانی بۆ باس بکرێت و چەوتیەکانی بۆ راستبکرێتەوە و زیانەکانی کەلتورە گۆرٍاوەکەی دیاریبکرێت و دەرهاویشتەکانی بخرێتە روو.
* باشترین رێگەی پاککردنەوە و پاڵاوتنی کەلتوری کورد، هەڵاوێرکردنی سەرجەم هاوردە و شتە سەپێنراوەکان و، گرنگیدانە بە زانست و بەکارهێنانی رێگە و ئامرازی زانستیانەیە بۆ نەهێشتنی خەڵتەکان.
* گرتنەبەری رێگەی مۆدێرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ باردوخی باوی کۆمەڵ و بە پلانی وردی هەمەجۆری زانستی زیانەکانی هاوردەکان، کەم بکرێنەوە و هەوڵی بەرجەستەکردنی روحی میانرەوانەی عاقڵانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعە گۆرٍاوەکەدا بدرێت و جەخت نەکرێت لەسەر خۆتەریککردن و گۆشەگیری و تەنها مانەوە لەسەر کۆمەڵێک کەلتوری تا رادەیەکی تەسکبینی کوردی هەرچۆنێک بێت، بۆ ئەوەی لێکەوتە زیانبەخشەکانی بسرٍێنەوە.
* بە ئاشتی و نەرمونیانی، زیانەکانی خورافە و کەرٍەجاڵی و بۆچونی ناباو و لەریزبەدەری ئایدیاڵیی هاتوو دەربخرێت و هەموو ئامرازەکان بەکاربێن و پشتگیری بکرێت لە تازەگەری ژیانی خەڵک و پشتبەستن بە عەقڵیەتی نوێگەری و بە تایبەتی بەکارهێنانی ئامرازە پێشکەوتووەکانی سەردەم و بە تایبەتیتر ئەو شتانەی کاریگەرن لەسەربیروبۆچون و ئاوەز و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک.
پەراوێزەکان:
1-47ل بیری ئولچی ئیسلامی فۆاد مەجید میسری
2- ل 29 ئایین و جەسەڵات هاشمی کەریمی
3- ل71ی اغد دیمقراگی و حرمان شعی حتى من حق الحلم حلال گالبانی
4- ل 86 فریوادنە گەورەکە د. یاسین المێری و: مادەلی
5- ل 87 ئەخلاق لە دیدی عەبدوڵا ئۆجەلاندا
6- ل 9 ئیسکۆت بەرەو تاران پیتەر بلەچ
7- ل 86 فریودانە گەورەکە، د. یاسین المێری و؛ مادەلی
8- ل 143 تاریک خوازەکان لە بازنەی شەرێکی دۆراودا هاشم ێاڵح
9- ل 115 فەلسەفەی سیاسی ئەرستوتیلیس ئەمیر حسین رەحیم
10- ل 34 دەوڵەتی عوسمانی و عەشیرەتە کوردەکان لەکوردستانی باشوور خالد مەحمود کەریم
11- ل 185ئاین و دەسەڵات هاشم کەریمی.
12- ل 57 ابادە الارمن غسان نعسان مراجعە مامۆستا جعفر
13- هەژارگەرایی: وتارێکی مادەلی لە ئاوێنە، شارپرێس، سپی میدیا، وتاریکورد، روانگەو رەخنە
14- ل 26 دیموکراسی و چەپ کلان و راسان مەلا بەختیار

سەرچاوەکان:
1-دەوڵەتی عوسمانی و عەشیرەتە کوردەکان لە کوردستانی باشوور 1869 – 1914 خالد مەحمود کریم
2- فەلسەفەی سیاسی ئەرستۆتێلیس ئەمیرحسێن رەحیم
3- مسالە ابادە الارمن امام المحکمە غسان نعسان
4- ئاین و دەسەڵات لە پرۆسەی مێژووی روحانیەتی شیعەدا هاشم کەریمی
5- فریودانە گەورەکە (عەرەب لە نێوان راستی و خەیاڵپڵاویدا) د؛ یاسین المێری و: مادەلی
6- شەیخەین دوو پیرەمەردی پێشین ئەبوبەکر و عومەر تەهاحسێن و: عبەدوللەتیف بامۆکی
7- کورد و مێژوو و دەوڵەت عبدالرحمن کریم درویش
8- مستقبل الدولە الکردیە بین الممکن و الواقع جاد الکریم الجباعی
9- تێروانینێک لە بارەی هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی ئەسعەد جەباری
10- لە مۆدێرنە و پاش مۆدێرنە ( چارەنوسەکانی مۆدێرنە ) ئالان تۆرین
11- ئەخلاق لە دیدی عەبدوڵا ئۆجەلاندا محەمەد بەکر
12- دیموکراسی و چەپ گلان و راسان مەلا بەختیار
13- اغد و دیمقراگی و حرمان شعب حتى من حق الحلم جلال تاڵەبانی
14- زعما و عملاء محمود الباز
15-تورکیا تونیڵە گەرمەکانی سیاسەت حەسەن ئەحمەد مستەفا
16- بیری ئوسوڵی ئیسلامی فوئاد مەجید میسری
17- مێژووی شۆرشی فەرەنسا ویل و ئاریل جۆرانت و:دلاوەر عەبدوڵا
18- نسبە المسلمین فی الدول الافریقیە و الاسیویە اریج

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت