پشتیوان جەمال: حکومەتی نوێ،لەبەردەم تەحەدای گەورەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتەکەی سودانی لە هەلومەرجێکی تایبەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا سەری هەڵدا، پاشماوەکانی پەتای کۆرۆنا، بەرزبوونەوەی نرخی وزە، نیگەرانی بەردەوام لە ئاڵۆزییەکان و کاردانەوەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانی سەرقاڵ کرد و وای لێکردن لەبیریان بچێت ئاگاداری ئەولەویەتەکان بن لەعیراقدا.
بەتایبەت سەرقاڵ بوونی ئێران بەگێژاوی ناوخۆ و مەلەفی ئەتۆمییەکەی، لەپاڵ ئەوشدا تورکیا بەدەست دابەزینی لیرەو، خۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ سووککردنی ئەو فشارە دەرەکییانەی کە لە گۆڕەپانی عێراقدا هەبوون لە نێوان لایەنە دەرەکیی و ناکۆکەکان لە نێوان خۆیاندا و ئەوانەی ئارەزووی بەرژەوەندییەکانیان لەم وڵاتەدا هەیە.
کشانەوەی تەیاری سەدری هێندەی تر دۆخی ناوخۆی گونجاوترکردو هاوکاربوو بۆ خێرا پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی. ئەم دۆخە ئەرێنییەو، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەقازانجی حکومەت بوو لە بنیاتنانی ستراتیژییەکەیدا.
ئەمانەی لەسەرەوە باسکران لایەنی ئەرێنین بۆ سەرکەوتنی حکومەتەکەی سودانی، بەڵام ئەو تەحەدیانەش کەم نین کەچاوەڕوان دەکرێن بۆ کورتی تەمەنی حکومەت، چونکە سودانی لە عێراق لەسەر خاکێکی تەختی خاڵی لەکێشە نەهاتۆتە سەر دەسەڵات، بۆ ئەوەی گالیسکەی حوکمڕانی بەبێ گیروگرفت ڕاکێشێت، بەڵکو ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە، هەندێک لەو تەحەددایانە پێشوەختە دەزانرێن و شایەنی ئەوەیە بەم شێوەیە وەبیریان بهێنینەوە:
یەکەم/ ناکۆکی سیاسی لە نێوان جەمسەرەکانی سیاسەتی عێراق و دروستکەرانی” چوارچێوەو، شەقامی سەدری، یەکێتی و پارتی دیموکرات، لەسەر هەڵوێستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار.
دووەم/ بوونی هەندێک فاکتەری سیاسی بۆ هێنانی جەماوەر بۆسەرشەقام  وەک ناڕازی دەربڕین بەرامبەر هەموو بارودۆخێک بە ئۆکتۆبەرییەکان و خەڵکی مەدەنی و جەماوەری سەدرییەکان و بێکارەکانەوە.
سێهەم/ ئەستەم بوونی ڕازیکردنی هەموو ئەو لایەنانەی بەشداربوون لەهەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت، بەوەی کەچاکسازی لەجومگەکانی دەسەڵاتدا بکرێت و ببێتە هۆی لێدانی پشکەکانیان..
لەسۆنگەیەکی ترەوە حکومەتەکەی سودانی لەبەردەم تەحەدای گەورە و جیاوازدایە بەهۆی ئەو قوڵایی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونەی کە پڕۆسەی سیاسی عێراقی گرتۆتەوە، ئەو بەرنامە حکومییەی کەسودانی پێشکەشی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەو کاتەدا ناگونجێت کە بۆ ئەم حکومەتە دیاری کراوە، مەگەر ماوەی دەستوری خۆی تەواو بکات و دواتر هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات، چونکە ئەو کێشانەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ناگونجێت لەگەڵ قەبارە و هێزی ئەم حکومەتە. بۆیە پێناچێت سودانی بتوانێت ئەم ڕاستیە بگۆڕێت کە سەرۆک وەزیرەکانی پێشخۆشی نەیان توانیوە ئەو فریاد ڕەسەبن بتوانن عێراق لەگێژاوی حوکمڕانی ڕزگاربکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت