عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و دوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوایین بابەتی خرتکەو پرتکەم لە 2. 5 بڵاو کردۆتەوە, واتە 56 ڕۆژ لەمەو پێش. دوای ئەوە جۆرە بێ تاقەتییەک وەک مۆتەکە و دێوەزمە سواری سەرم بوو، وەختە بڵێم ناوی خۆشم بیر چووبۆوە و چەندی دەمکرد دەستم قەڵەمی نەدەگرت. لەوانەیە ئەو بابەتەی دەینووسم دەستی لەو بێ وازییەدا هەبووبێ, چونکە ئەوەندە هەستیار و خەمورووژێنە, من بەش بەحاڵی خۆم هەست بەشەرمەزاری دەکەم کە خۆمان بەو ناڕێکی و ناکۆکییە دەبینم و هەر ئەوەشە هۆی ئەوەی کە ئێمە دۆى دادەمان دەڕژێ و خێری لێ نابینین، چونکە هەریەکە دەیەوێ دۆیەکە بۆ خۆی بێت و ئەوانی دیکەی لێ بێ بەش کات و ئیدی دەبێتە ڕاکێش ڕاکێشی مەشکە تا لە ئەنجامدا مەشکە شەق دەبات و دۆ دەڕژێ و شتاقمان لێی ناخۆینەوە. بۆیە دەڵێم:
ئەوەندەی داگیرکەران دوژمنی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانن, خۆشمان بە ڕەفتارمان هیچمان لەوان کەمتر نییە، هەر بۆیەشە کورد دواکەوتووە و تا ئێستا نەیتوانیوە دەوڵەتی خۆی پێک بێنێ, دەنا تا بڵێێ ئازاین وخۆبەختکەر و قوربانیدەرین. ئاشتیخواز و دژە شەڕین, بەڵام بەڕانبەر یەکدیکە لێ بوردەییمان نییە و لەسەر شتێکی کەم بایەخ ئامادەین ئێسکی یەکدی بشکێنین.
ڕەنگە لەم سەردەمەماندا زۆربەمان ئەو پرسیارەمان لەخۆمان کردبێ و هەر یەکە وەڵامێکی ئەو لەخۆ پرسینە بداتەوە یا پێشتر دابێتیەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا خەم و خەفەتی ئەوە دەخۆین بۆچى میللەتانی دیکەبوون بە دەوڵەت, بەڵام کورد کە چوارەم میللەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی ژمارەی دانیشوانیەوەو وەکو لە پێشەوە گوتم بەو هەموو ئازایەتی و لێهاتووییەوە ژێر دەستەیە و تا ئێستا دەوڵەتی خۆی نییە و دەرۆزەی حوکمی زاتی و ئەو پەڕەکەی فێدڕاڵی دەکات. ڕیفڕاندۆممان کرد و کەس پشتی نەگرتین و پێان گوتین مەیکەن و کردمان وبۆ ڕدێنێ چووین سمێڵیشمان لەسەر دانا. من بەو نەزانییەی خۆمەوە کە هەڕی لە بڕی ناکەم, هەندێ وڕێنە و قسەی بێ سەروبەر دەکەم, ئینجا نازانم ئامانجەکە دەئەنگێوم یان نا, بەڵام خۆ شارەزا زۆرن و شوکر کورد هۆشیارە و سیاسەتزانەکانمان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان شیکاری عەڕش و قوڕشمان بۆ دەکەن و لە گێرەو کێشەی دنیا دەگەن, ڕەنگە ئەوان بیرو ڕایەکی ڕوون و جێگرتوو بخەنە ڕوو.
من بۆ ئەوەی لە پێچ و پەنای مێژوودا ڕێم لێ بزر نەبێ زۆر قووڵ بە مێژوودا ڕۆناچم ولە چاڵدیرانەوە دەست پێ دەکەم کە کوردستان لە ئەنجامی ئەو شەڕەی نێوان دەوڵەتی عوسمانیی سوننەو دەوڵەتی صەفەویی شیعە ڕووی دا کە هەمیشە ناکۆک بوون عوسمانییەکان سەرکەوتن و کورد قورسایی خۆی هەبوو لەسەرکەوتنى عوسمانی لەو شەڕەدا، چونکە کوردی سوننی مەزهەب زیاتر دۆستی عوسمانی بوون نەک صەفەویى ئێرانی. لەو مێژووەوە کوردستان دابەشکرا بۆ دوو بەش لە نێوان صەفەوی و عوسمانی. وەکو مێژوو باسی دەکا سەرەتا هەندێ میرنشینی کوردى سەر بە عوسمانی وەک پاداشتێک بۆ ئەو پشتیوانییەیان نیمچە خۆ بەڕێوەبردنێکی سنوورداریان پێ درا, بەڵام دوای ئەوە بەرە بەرە لێیان دزینەوە تا بە تەواوی خستیاننەوە ژێر دەسەڵاتی ( بابی عالی ). کوردستان سەربەخۆیی بەخۆیەوە نەدی و هەر ژێردەستەی ئەم و ئەوبوو یان ئێران, یان تورک. کوردانی بن دەستی عوسمانی و ئێرانی هەمیشە لەگەڵ یەکدی ناکۆک و ناتەبا بوون و زیاتر هەواداری داگیرکەر بوون و رۆژێک بیریان لەیەکگرتن نەکردەوە. ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن عیراق و بەریتانیا بە سەد پینەو پەڕۆ دەوڵەتێکی لێ دروست کرد, لە ژێر دەستی عوسمانی بوو و کردبوویان بە سێ ویلایەت( موسڵ کە کوردستانەو بەغداو بەسرە ). میرنشینیی بابان لە ویلایەتی مووسڵ دامەزرا, سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو و دوای ئەوە برایم پاشا ئەم سلێمانییەى دروستکرد و پایتەختی گواستەوە بۆ ئێرە. بە درێژایی حوکمی بابان میرەکان ناکۆک بوون, برا دژی برا, باوک و کوڕ دژی یەکدی, یەکێک لەشکری ئێرانی دەهینایە سەر براکەی و ئەوەی دىکەیان سوپای عوسمانی و وەک ڕاوە پشیلەو مشک یەکدیان ڕاو دەنا تا سەرەنجام عوسمانییەکان حوکمی بابانییەکانیان بە تەواوی لەنێو برد وئەندامانی بنەماڵەکەیان تەفروتوونا کردن و بەشێکی زۆریان گواستنەوە بۆ ئەستەنبوڵ و ئێستا ئەوەندەی بابان لە تورکیا هەن, نیو ئەوەندەیان لە باشووری کوردستان نین.
لەگەڵ ئەو بارودۆخە نالەبارەدا هاتین تا گەیاندمانە جەنگی یەکەمی جیهانگیر و پیاوە نەخۆشەکە دوای بڕا و ئینگلیز و فەڕەنسا بوونە گەورەی دنیا و میراتەکەی پیاوە نەخۆشەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد و شتێکیان دروست کرد و ناویان لێنا عێراق و لەولاشەوە حوکمدارییەکیان بۆ شیخ محمود دروست کرد. هەندێک کەس ڕایان وایە ئینگلیز و شێخ محمود شتاقیان متمانەیان بە یەکدیکە نەبوو و هەندێک شت ڕوویاندا باوەڕی نێوان هەردوو لایان لەق کرد و سەرەنجام کوردستان بەو عیڕاقەوە لکێنرا کە ئینگلیز دروستی کرد.
فەیسەڵی سوننی نیگەرانی ئەوە بوو کە ئەو لەسەر کورسییەکی بە شیعە نێزەڕێژکراو دانشتووە و چاوی بڕیبووە کوردستان, بەڵام چەرچل کە وەزیری مستعمرات بوو, پیی ڕاگەیاند, بەریتانیا دەوڵەتی بۆ دروست کردووە نەک ئیمپراتۆرییەت و لە چیای حەمرین بەرەو ژوور کوردستانە و خاکی کوردە و ئەو دژی ئەوە بوو کە ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عیڕاق, هەرچەندە هەندێک فەرمانبەری بەریتانیا هەوڵیاندا قەناعەتی پێ بکەن، بەڵام گوێی لێ نەگرتن, لەوانەش(میستەر کۆکس) و( مس بێل ) کە بەئەمیرە ناوبانگی دەرکردبوو کە هەردووکیان پێداگرییان دەکرد لە لکاندنی کوردستان بە دەوڵەتی عیراقی تازە دامەزراوەوە. بە کەمێک گەڕانەوە بۆ میرنشینیی بەدرخانییان و هەموو میرنشینەکانی دیکە, تۆ چاوت بە یەکگرتوویی ناکەوێ و هەرناکۆکی شەڕ ولێکتر کوشتن بووەو ئەوەندەی هەوڵی لەناوبردنی یەکدیکە دراوە, هەرگیز ئەوەندە هەوڵ بۆ لەناو بردنی دوژمن نەدراوە. ئاغا دژى ئاغا, بەگ دژی بەگ و شێخ دژی شێخ و ئەم عەشیرەت دژی ئەو عەشیرەت. دیارە ئەو ناکۆکی یەکتر قبووڵ نەکردنە, پەرتەوازەیی دووبەرەکی و شکستی بەدوادا دێت. کە حزبیش پێک هێنرا, بەرە بەرە ڕوویان لە زیادى کرد تالەم ڕۆژگارەماندا وەکو دەڵێن ژمارەیان گەیشتە 17 حزب و هیچیان لەگەل ئەوی دیکە کۆک نییە و هەر یەکەىشیان داواى یەکریزی و یەکدەنگی دەکات، بەڵام ڕاستیش ناکەن, چونکە ئەوە هەر بە قسەیە و بەکردار پێچەوانەیە. تۆ لە دوای 1975 سەیرکە کە شۆڕش هەڵگیرسایەوە و پێشمەرگە بە شاخەکاندا بڵاو بووە وە, هەر هەموو بەربوونە گیانی یەکتر. ئەوان چوونە شاخ و شۆڕش هەڵگیرسایەوە بۆ داکۆکی کردن لە میللەت, کەچى بوو بە گەڕەلاوژە و پێشمەرگەی کڵۆل بەکوشتن دان لەپێناوی سەرۆکایەتی و پاوانکردی دەسەڵاتی ئەم و ئەو و ئەوەندەى لایەنە شەڕکەرە ناکۆکەکان پێشمەرگەیان کۆشت و پیلانی ڕێ پێ گرتن و لەناوبردنیان بۆ دانان, دوژمن نەیتوانی بیکا. کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دامەزرا, هەر لەسەرەتاوە هەوێنی براکوژی تێدابوو تا لە ساڵی 1994 تەقیەوە و کەپکی حەمەداغا و کڵاوقاسم بوونە گۆڕستانی پێشمەرگان و چەندان پێشمەرگەی قارەمان لەپێناوی خواست و ئارەزووی چەند کەسێک شەهید بوون و کەسیش حیساتبیان بۆ ناکا. ئەگەر باسی هەموو کارەساتەکان بکەم, دەبێ بۆ هەر سەردەمێک تەشتێک قوڕ دابنێم و لەجیاتی خەنە لەسەرى خۆمی بگرم. بڕواتان بێ کە بیر لە ڕووداوە پڕ شەرمەزارییەکانی ئەو سەردەمانە دەکەمەوە ئارەقەی ئاوڕوو چوون دەردەدەم و دەستم قەڵەم ناگرێ و دەڵێم ئاخرچۆن باسی حەیاچوون و شەرمەزاریی خۆمان بنووسمەوە. با هەر تەنیا باسی ئەو ململانێ ناشەریفانەی دوای هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەین. خۆتان ئاگاتان لێیە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار چ کیشەیەک دروست بوو بە جۆرێک سەرمان لە ئەوانی دیکەش شێواند. ڕاستە لایەنە شیعەکان یەکگر نەبوون, بەڵام پێک نەهاتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار پێکهێنانی حکوومەتی ئاڵۆزتر کرد و تا نووسینی ئەو بابەتە گوریس کێشەکێی ئەو پۆستە هەر بەردەوامە. ئێمە لەکاتێکدا نیازمان وابوو ببین بە دوو دراسێی دۆست, ئێستا ڕاکە ڕاکەمانە بۆ بەغدا و وەدەستهێنانی سەرکۆماری و پۆستی دیکە و ماددەی 140 بیرچۆتەوە, بەواتایەکی دیکە هەوڵ دەدرێت هەرچی پۆست و پلەو پایەى گرنگ و کاریگەر هەیە بەدەست لایەنێکەوە بێت و ئەوانی دیکەش بەرماوەیان پێ بدرێت. ئەو شێوە بیرکردنەوەیە هەرگیز تەبایی و یەکگرتوویی و یەکدەنگیی لێ ناکەوێتەوە و زیاتر بەرەو خۆسەپاندن و ئاغایەتیی لایەنێک دەچێت و زیان لێ کەوتووش میللەتی قوربانیدەر دەبێـت. هەموو دەزانن و زۆر جار باسی دەکەن کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە پێویستە ئێمەش بە وریاییەوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین, کەچی لەم کاتەدا لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر لیک دابڕاو و ناتەباین و شیرو تیر لەیەک دەسووین و خەڵک زیاتر برسی دەکەین, لە کاتێکدا نرخی نەوت زۆر لەسەرووی 100 دۆلارەوەیە و داواش لە خەڵک دەکەن داکۆکی لە بیرە نەوتەکانی کۆمپانیاکانی ئەوان بکەن و خەڵک لە پێناوی ئەواندا خۆیان بەکوشتن بدەن، بەڵام ئامادە نین کوڕەکانی خۆیان بنێرن بۆ ئەو داکۆکی کردنە و دەبێ کوڕەکانی ئەوان لە تەڕی بخۆن و لە وشکی بنوون و منداڵی خەڵکی ڕەشوڕووت و زەحمەتکێش (شەهید) بن.
لەکاتی شەڕدا هەژاران بەرگریی لە وڵات دەکەن
هەر ئەوانن کە باجی قورس بەگیانی پیرۆزیان دەدەن
خەڵکی ڕەشوڕووت و نەدار هەردەم پێشمەرگەی سەنگەرن
بەڵام دز و گەندەڵەکان ئاســوودە و ماڵ تاڵانکەرن
هەرچی پۆست و پایە هەیە بە کوڕی خۆیانی دەبەخشن
بەڵام وڵاتپارێزەکان لە هەموو خۆشییەک بێ بەشن
ئەو خەڵکە هەموویان دەزانن کە کورد ئەمڕۆ لەبارودۆخێکی زۆر خراپدایە باوەڕ ناکەم لە هەموو مێژوویدا وەک ئێستا لەناخۆشیدا بووبێت. ئەوەی لە ڕابوردوودا بەسەری هاتووە, دوژمنی داگیرکەر پێی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەدەستی حکوومەتی هەریم, بە دەستی کورد پێی دەکرێ. زۆر سەیرە, ئەو خەڵکە هاواریان لی هەستاوە و هەموو چین و توێژەکان هۆشداریی دەدەنە دەسەڵاتدارانی کوردستان و پێیان دەڵێن فریای خۆتان کەون, میللەت ئاشت کەنەوە, بارودۆخی ژیانی میللەت چاک کەن, دوژمنان دەمیان لێ داپچڕیوین و کەڵبەیان لێ گڕ کردووین, لەباکوور و ڕۆژئاوا و لێرەشەوە کاتنیۆشای حەشدی شەعبی هى دیکەش کە چی دەسەڵاتدارانی هەرێم مێش میوانیان نییە و بێ باکانە دەڕواننە دۆخەکە. دوژمن با ڕووى خۆشیشت نیشاندا هەر دوژمنە و هەرگیز نابێ بەدۆست و نابێ باوەڕی پێ بکەیت.
مەمەنداغای فانیی شاعیر دەڵێ:
وەکو زەهری هەلاهل وایە شیرێ
کە دەستی مودەعی تێی کا هەوێنێ (مودەعی واتە دوژمن )
ئەوەی ویستی سەری دوژمن بەرز کا
دەبێ تا ماوە خۆی سەر دانەوێنی
خوانەخواستە ئەگەر بقەومێ لە هەموومان دەقەومێ چونکە لە نێو یەک کەشتیداین و ئەگەر نقووم بوو هەموومان دەخنکێین, بەڵام زەرەرمەندی گەورە میللەتە هەژارەکەیە و ئیوە بە پارەو سامان خۆتان قایم کردووە وەکو کورد دەڵێ کەری خۆتان بەستۆتەوە. خەڵک کە هۆشداریی دەدەىن لە دڵسۆزییانەوەیە و ئاگادارتان دەکەنەوەو بەڵام بە داخەوە ئیوە گوێی لێ ناگرن و بە ناحەزی دەزانن.
زۆر دەترسم ئەو قسەیەى ( المتنبی ) شاعیری ناوداری عەڕەب راست دەرچێ:
لقد أسمعت لو نادیت حیا ولکن لاحیاة لمن تنادی
تۆ ئەگەر زیندوویەک بانگ کەیت دڵنیابە گوێێ لێت دەبێ
تۆ چۆن بانگی کەسێک دەکەیت کە هیچ گیانی تێدا نەبێ
لە کۆتاییدا لەخوام داوایە ئەم بارودۆخە نالەبارە تێپەڕێ و بێ زیان لێی دەرچین و خوانەخواستە ڕیسەکەمان لێ نەبێتەوە بە خوری.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت