محەمەد بەرزی: پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا بەردی بناغەی پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانییەت، دەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتی دروستکردن و پەروەردەکردنی مرۆڤ، کە لە باوەشی خێزانەوە دەست پێدەکات و سەرتای کەسایەتی تێدا دەردەکەوێت. پاشان خوێندنگا، کە تیایدا فێری بەهای جوان و سەرەتاکانی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەکی دروستی لەبار دەکرێت. ئنجا گەڕەک و شەقام و دەورووبەر و کۆمەڵگا، کە مزگەوت و پەرستگا و کەنیسەکانی، فێری دڵسۆزی و بەها جوانەکانی ڕاستی و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی دەکەن. میدیاکانیش تۆوی نیشتمانپەروەری و هوشیاریی گشتی لە ناخیاندا دەچێنن. هەر بۆیە کۆمەڵگای پێشکەوتوو ئەو ڕێگا ڕاستە دەگرێتە بەر. ئاشکراشە ئەندامەکانی چەند هەڵگری ئاین و باوەڕی سیاسی و بیر و بیرکردنەوەی جیاوازبن، بەڵام شاهۆی ئامانجییان خۆشەویستی خەڵک و خاکی نیشتمانەکەیانەو خستوویانەتە سەروو هەموو ئاین و بیر و باوەڕ و بیرکردنەوەیەکەوە. بە جۆرێکیش تێکەڵ بە ناخ و ویژدانییان بووە مەحاڵە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە ڕۆحییان ببێتەوە. بەڵام بە داخەوە کۆمەڵگای دواکەوتوو، ڕێگا چەوتەکەی گرتۆتەبەر و نەیتوانیووە مرۆڤێکی پاکی نیشتمانپەروەر دروستبکات. سەرکردەی فێڵبازی کەڕ و کوێر، پشت لە خەڵکی و ڕوو لە دەسەڵات، وەزیری دەست و پێ سپی، خوێندکاری نمرە بەرزی بێ زانیاری، سەرکەوتنی بێ تێگەیشتن، بڕوانامەی بەرزی بێ شارەزایی، ڕوناکبیری نۆکەر و شانتەکێنی قەڵەم فرۆش، هەر بۆیە پێشکەوتن و بوژاندنەوە و دواکەوتن و پووکانەوەی وڵات و کۆمەڵگا بەندن بە جۆری گۆشکردنی مرۆڤەکانیانەوە. لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا گرنگی بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا دەدرێت و سوود لە وزە و توانایان وەردەگیرێت، بەتایبەتیش پشتگیری و هانی کەسانی دانا و داهێنەری بلیمەت دەدەن. هەر بۆیە لە نێوانیاندا سەرکردەی ڕاستەقینە و زانـای گەورەیان لـە نێودا دروست دەبێت. سەرباری ئەمەش ئەگەر بە دواداچوون بۆ گەلانی خۆشگوزەرانی وڵاتانی پێشکەوتووبکەین. ئەوا جگە لە دروستکردنی مرۆڤ، هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنیان لە هەموو ئاستەکاندا، بە کورتی بریتین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- ئازادی: یەکێکە لە مافە گرنگەکانی مرۆڤ. کەس بۆی نییە کەسێکی تری لێ بێ بەشبکات، یان کەمی بکاتەوە و سنوری بۆ دابنێت. ئازادی بە هەموو چەمکە جیاوازەکانییەوە، پشکی گەورە و سەرەکی لە پێشکەوتندا هەیە. هیچ گەلێکش بێ ئازادی پێشنەکەوتووە. گەلانی نیشتمانپەروەری ئازادی خاوەن بەها بەرزەکان، لە هەموو بوارەکاندا هەلی پێشکەوتنییان لەبەردەمدایە و توانای داهێنانیان هەیە، باوەڕی تەواویان بە خۆیانە و نابن بە کۆیلە و ناکەونە ژێر هەژموون و کاریگەری دنیای دەرەوە. بە پێچەوانەی کۆمەڵگای لاوازی دواکەوتووەوە، کە لەژێر زوڵم وزۆردا دەژین، داهێنان و پێشکەوتنیان لە سنوری بیرکردنەوەی سەرکردە خۆسەپێنەرەکانیان تێناپەڕێت، مێشک و دەمییان داخراوە و ئەوەی سەرکردەکان بیانەوێت ئەوە دەکەن و ناتوانن بە موو لێی لابدەن. جا یان لەبەر هەلپەرستی بێت، یان لەژێر هەڕەشەی ترس و تۆقاندنی ئەو دەسەڵاتەدا بێ ، کە بە زەبری هێز گەلەکانییان خەساندووە.
2- زانست: زانست یەکێکە لە پایە پتەوەکانی بنیاتنان و پێشکەوتنی گەلان. میللەتان لە قۆناغی دواکەوتووەوە دەگوێزێتەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو. هۆکاری گەشەکردنی ئابوری و کەلتوری و تەندروستییە. هوشیاری لە کۆمەڵگادا بڵاودەکاتەوە و بیروباوەڕی کۆن و ئەفسانە دوور لە ڕاستییەکان ڕادەماڵێت و هۆکارەکانی دواکەوتن ناهێڵێت. تاک لە ڕێگای زانستەوە ماف و ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و بە ئاسانی ڕاستی لە چەوتی جیادەکاتەوە. پاشان وڵاتێک چەند خاوەنی سەرچاوەی زۆری سروشتی و توانایی مرۆیی بێت، بەڵام بەبێ بوونی عەقڵی زیرەک ئەستەمە بتوانێ گۆڕانکاریی بکات. بێگومان وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە برەودانی هەموو بوارەکانی زانستدا هاوبەشن. ساڵانە بودجەی زەبەللاح بۆ پەرەپێدانی زانست و توێژینەوەی زانستی تەرخان دەکەن. ڕێژەی نەخوێندەوارییان ئێجگار کەمە، یان هەر نییە. نەخوێندەواریش نەک تەنها بۆ نووسین و خوێندنەوە، بەڵکو بۆ مامەڵەکردن و بەکارهێنانی کەرەسەی تازە و ئامرازەکانی شۆرشی پیشەسازی و شارەزایی لە هەموو بوارەکانی تەکنەلۆژیادا. بە پێچەوانەشەوە نەخوێندەواری لە کۆمەڵگا دواکەوتووە هەژارەکاندا، کە دیکتاتۆری ستەمکار حوکمیان دەکات، زۆر بڵاوە و وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە. ئەوەی شایانی باسە زانست هەموو ئامرازەکانی بۆ ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ تەرخانکردووە. بەشدارییەکی کاریگەر لە بواری تەندروستی دا دەکات و چارەسەرەکان دەدۆزێتەوە ، کەسی خوێندەواریش باشتر لە نەخوێندەوار خۆی دەپارێزێت . بەمەش ڕیژەی نەخۆشی و مردن کەمدەبێتەوە. پاشان کەسانی خوێندەوار ئاسانتر دەتوانن هەلی کار بدۆزنەوە، چونکە خاوەن کار پێی باشە ئەو کەسانە دابمەزرێنێت ، کە پلەی بەرزی خوێندنیان بەدەست هێناوە. بە کورتی زانست بە شادەماری پێشکەوتن و بوژاندنەوە دادەنرێت . ئەو چەکە کاریگەرەیە مرۆڤ لە مەترسی دەرەکی و تاریکی و برسێتی و نەزانی و نەخۆشی ڕزگاردەکات. بێگومان ئەوەی گرنگی بە زانست نەدا، جێی لەم سەر زەوییەدا نابێتەوە و ئاگر لە داهاتووی خۆی بەردەدات. بەڵام داخی گرانم لە هەرێمە دواکەوتووەکەی ئێمەدا، بۆ تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکی هەژار و برسی، پێوەری زیرەک بۆ ئاو و کارەبا دادەنێن، کەچی ڕێگا لە کەسانی زیرەک و زانا و شارەزا دەگرن، تا دەوری کارای خۆیان لە پڕۆسەی پێشکەوتن و بوژاندنەوەدا نەبینن.
3- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی : گەندەڵی ڕێگا لە پیشکەوتنی ئابوورییەکی ڕاستەقینەی وڵات دەگرێت. درێژە بە قۆرخکردنی دەسەڵات و دزی و بەرتیل و نادادی دەدات، داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی تاڵان دەکرێت، وەبەرهێنان و بازرگانی ناوخۆ و دەرەوە دەشێوێنێت. هەر بۆیە بەڵای گەندەڵی گەورەترین بەربەستە لە بەردەم هەموو هەوڵەکانی پێشکەوتندا و گرفتی سەرەکی گەشەپێدانە. ڕۆڵی وێرانکەر لە کۆمەڵگادا دەبینێت و هەموو بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. هەر بۆ نموونە کاریگەرییە خراپەکانی لە بواری ئابوریدا ، کە بەردی بناغەی پێشکەوتنە بریتیین لە:
A- ڕێگرتن لە گەشەکردنی ئابوری و پەکخستنی بەرنامەی درێژ و کورت خایەنی گەشەپیدان.
B- بەفیڕۆدانی داهاتی دەوڵەت و بەکارهێنانی بە شێوەی خراپ و نەشیاو.
C- پێشێلکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی وڵاتدا و دروستکردنی جیاوازی گەورە لە نێوان چینەکانی دەوڵەمەند و هەژاردا.
D- لاوازکردنی داهاتی دەوڵەت بە هۆی دزی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ و بڵاوبوونەوەی بەرتیل و بەکارهێنانی ڕێگای ساختە و دەربازبوون لە یاسا.
E- پشتگویێ خستنی کەرتە گرنگەکانی تەندروستی و پەروردە و خزمەتگوزارییەکان بە بیانوی کورتهێنانی داهاتەوە. بێگومان لە ڕووی سیاسیشەوە گەندەڵێ هۆکاری پەکخستنی ڕۆڵی حکومەتە لە جیبەجێکردنی ئەرکەکانیدا، نەمانی شکۆی دەوڵەت و یاسا و دامەزراوەکان و بێ متمانەیی هاوڵاتی پێیان. نەمانی دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی، دوورخستنەوەی کەسانی پاکی شارەزای شایستە لە پۆستە گرنگەکاندا، پەکخستنی هەوڵەکانی دەزگای چاودێری لە کارەکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە و لە ئەنجامی نەبوونی دادپەروەری و دەرفەتی یەکساندا، پەیوەندییەکان دەشێوێنێت و ڕۆحی ڕق و کینە لە نێو چینەکاندا بڵاودەکاتەوە، کاردانەوەی زۆر خراپیش لەسەر سەقامگیرێ و ئاشتی و ئاسایش بەجێدەهێڵێت.
4- بە خۆداچوونەوە: هەر کەسێک بیەوێت بەشداری لە پێشکەوتنی وڵات و گەلەکەیدا بکات، ئەوا پیویستە پێشەکی لە خۆیەوە دەستپێبکات. هەموو گۆڕانێک لە گۆڕانی عەقڵ و ڕۆحەوە دەستپێدەکات، کە بەدەست ستەم و ناعەدالەتی ناوخۆوە تووشی چەواشەکاری دەبێ. وازهێنان لە خۆپەرستی و نۆکەرایەتی و پەرستنی سەرۆک و حیزبی تاک و تاقانە، کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانن . ڕووکردنە خزمەتی گشتی و خەبات بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆی نیشتمان. بێگومان دروستکردنی مرۆڤیش پێویستی بە سەرکردایەتی تێگەیشتووی ژیر و هوشیاری خۆنەویستە، کە گوزارشت لە خواستی خەڵکی بکات و باوەڕی تەواوی بە مرۆڤ هەبێت و بەرنامەی ستراتیجی بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤ هەبێ، چونکە بناغەی پتەوی دەوڵەت بریتییە لە کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر.
5- ژیانی سیاسی: کارکردن بۆ دوورخستنەوەی کایەی سیاسی لە کۆنەپەرستی و دەمارگیری و بنەماڵەیی و دیکتاتۆرییەت و هەلپەرستی. هەر بۆیە دیموکراتی تاکە سیستەمە لە مێژوودا، کە توانیویەتی پارێزگاری لە دادپەروەری و ئازادی بکات. بێگومان دیموکراتی لە وڵاتی پێشکەوتوودا زۆر بە جوانی پەیڕەو دەکرێت و یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتن و بوژاندنەوە. بەڵام لە وڵاتی دواکەوتوودا، درۆی دیموکراتی خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکییەوە و بە جۆرێک بەرگی نادادی و زۆر و ستەم و دیکتاتۆرییەت دەپۆشێ. ڕێگا لە هەموو پێشکەوتنێک دەگرێ، جگە لە نەهامەتی و ئاژاوە و برسێتی و زەوتکردنی ماف و هەڕاجکردنی نیشتمان، هیچی تری لێ سەوزنابێ.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت