دانا مەنمی: مەسعود بارزانی خەونی مەرجەعیەت و ئەبەدییەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەسعود بەرزانی لە دوا کۆنگرەی حیزبەکەیدا لە شاری دهۆک گوتی: هەموو مرۆڤێک لە هەر پلەو پایەیەکدا بێت نەتیجە رۆژێک دێت هەر بەجێتان دێڵێت، منیش مرۆڤێکم وەکو ئەوان بمانەوێت نەمانەوێت بتانەوێت نەتانەوێت رۆژێک کە خودا ئیرادەی تەواو بوو من بەجێتان دێڵم. ئەم قسانەی مەسعود بارزانی گەیاندنی پەیامی خراپی دۆخی تەندروستی خۆی بوو بە ئەندامانی کۆنگرەی حیزبەکەی، بەڵام وردەکاری نەخۆشییەکەی باس نەکرد و تائێستا هیچ کەسێک لە ناو پارتیدا ئاگاداری ووردەکاری نەخۆشیەکەی بارزانی نییە و نایەوێت کەس بە نەخۆشیەکەی بزانیت و ناشیەوێت کەس پوک و ددانە هەڵوەریوەکانی ببینێت. پارتیەکانیش هوشیاری کردنەوەی کۆدەکانی وەسیتەکەی بارزانیان نەبوو لە کۆنگرەدا، لەکاتیکدا رۆژ لە دوای رۆژ مەسعود بارزانی ڕوخساری زیاتر تێکدەچێت.
جارێ مەسعود بارزانی لە ژیاندایە و هاوسەنگی نێوان (مەسرورو مەلا مستەفا و نێچیرڤان) ـی ڕاگرتووە و هەرچەندە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نەوەکانی خۆی و بنەماڵەکەیدا دەکات، هیچکات ( مەسرور و نێچیرڤان وەیان مەلا مستەفا و مەسرور لە چاوی مەسعود بارزانیدا یەکسان نین) و گومانی تیدا نییە دوای مردنی مەسعود بارزانی هاوسەنگیەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. با چاوەرێ بین تا ھەموو ئەگەرەکان دەبن بە ڕووداو و ئەنجامەکانمان بۆ ڕوون دەبنەوە. بەدرێژایی مێژوو یەکێک لە کێشە گەورەکانی بنەماڵەی بارزانی ململانێی توندو بەریەککەوتن بووە لە سەر جێنشینی و گرتنە دەستی دەسەڵات لە ناو هۆزی بارزان و پارتیشدا ڕوویداوە، یەکەم کەسایەتی ناو هۆزی بارزان لە ساڵی 1927 مەلا عەبدول ڕەحمان لەبەر ئەوەی مونافەسەی شێخ ئەحمەدی بارزانی كردووە، كوشتویانە. مامخان شێروانی لە کتێبی بارزان و ڕەچەڵەکی بارزانیان کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و مێژووی لەسەر بارزانێکان نوسیویەتی و دەڵێت: مەلا مستەفا (ملا جوجی ) كوشتووە كەخاڵی خۆی بووە، چونكە ترساوە ئەوجێگەی بگرێتەوە.كێشەی زۆریان لەگەڵ خورشیدیەكان هەبووە كە بەشێكن لە بنەماڵەی بارزانین.
هەقە ئەم کتێبە لەبێدەنگی و تاریکیدا نەمێنێتەوە و هەموو کوردێک بیخوێنێتەوە، کتێبەکە زۆر بە ئاگاییەوە نوسراوەو هێندە چیرۆکی ترسناکی تێدایە مرۆڤ لەبەردەم کۆمەڵی پرسیاردا ڕادەگرێت، مامخان شێروانی لە کتێبەکەیدا بەوردی باسی ململانێ و بەریەککەوتنەکانی نێوان (مەلا مستەفا و شێخ ئەحمەدی بارزان ) دەکات، دواتر باس لە حیزبی هیواو وردە بۆرجوازییەکان دەکات کە چ ڕۆڵێکیان هەبووە لە گەورەکردنی مەلا مستەفادا و چەند نامەیەکی مەلا مستەفاشی بڵاو کردووەتەوە.
مەسعود بارزانی بە درێژایی تەمەنی خۆی هێندەی پیاوی خولقاندنی کێشەو تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکان بووە هێندە نەیتوانیوە ببێتە چەترێک بۆ کۆکەرەوەی نێوماڵی کوردی و لەکۆڵنانی خەمەکانی نیشتیمان، زیاتر عاشق بە پڕوپاگەندە و دروشمسازی بووە نەک کردار، بەردەوام خەونی بە مەرجەعبوونی خۆیەوە بینیووە و عاشقی ئەبەدییەت بووە. حەزی لە چەپڵەی بەردەوام و ستایشکردنە لە بڵندگۆکان و پارتیەکانیش دڵیان نەشکاندووە و بەردەوامن لەهاوار و دورشم و گۆرانی گوتن بە باڵایدا، هەڵبەت پارتیش وەکو حیزب درێغی نەکردووە و مەکینەی ئیعلامی رۆڵی بینیوە لە گەورەکردنی بارزانیدا، هەموو ئەم شتانەی کە بۆ مەسعود بارزانی چووەتە سەر، هەبوونی کەسانی بەرژەوەندخوازو ماستاوچی و هەلپەرست بووە لە تەنیشتیدا.
هەموو سەرۆکە فاشیستەکانی دونیا ئەم حەزو خەونەی مەسعود بارزانیان هەیە و تێکەڵی ئەو حەزەدەبن بۆمانەوەی ناوی خۆیان و درێژەپێدانی بنەماڵەکانیان لەنێو دەسەڵاتدا، لەباوکەوە بۆ کوڕ و لەکوڕەوە بۆ کوڕەزا و کچەزاو تەواوی بنەماڵە لەوانە: نیکۆلای چاوچیسکۆ لە رۆمانیا و کیم ئیل سونگ و دواتر کوڕەکەی کیم یونگ ئیل و لەدوای مردنی ئەویش کوڕەمنداڵکارەکەیان کیم یول یونگ و کاسترۆی کوبا و چەندینی تر، هەڵەی مەسعود بارزانی ئەوەیە کە عیبرەتی لە مێژووی باوکی وەرنەگرت و بەدرێژایی تەمەنی خۆی هەمان هەڵەی دووبارە کردەوە لە کۆتایشدا قەڵەمێکی راستگۆ دێت و مێژوو وەکو خۆی دەنوسێتەوە و زیادەڕەوییەکان و هەموو ئەو قارەمانەتیەی دراوەتە پاڵ مەسعود بارزانی لادەبات و تابلۆیەکی واقعییانەو ڕاستگۆیانە دەخاتە بەردەم ڕای گشتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت