عوسمان عومەر: محەمەد ئەمین بوز ئارسلان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

موسا عەنتەر لە بیرەوەریەکانىدا ( ل 514) باس لەیەکێک لەکەسایەتیەناوردارەکانى باکوورى کوردستان دەکات، ئەویش محەمەد ئەمین بوز ئارسلانە. لەهەمانکات لەو کتێبى بیرەوەریانیدا ناوى زۆر کەسایەتى گرنگ و ناودارى باکورى کوردستان و عەشرەتە بەناوبانگەکانى باکور دەهێنێ کە دژى کەمالیزم و ئەتاتورک بون و زۆربەیان لە شوێنەکانى خۆیان ڕاگوێزراون و تەنانەت ناوى شوێنەکوردیەکانیش گۆڕدراون بەتورکى و خەلکەکەى زیندانى و ئەشکەنجەو هەندێکیان لە سێدارەش دراون.
ئەوکات لە رۆژنامەى (ئیلەرى یۆرد واتە نیشتمانێکى پێشکەوتوو) بابەتم دەنوسى و گۆشیەکم کردبۆوە بەناوى (چ نیشتمانێکى پێشکەوتوو)، چونکە تەنز ئامێز بوو، ڕۆژانە هەزاردانەى لێدەفرۆشرابە 20 قرۆش. بەلام حورەیەت 50 دانەى لێدەهاتە ئەوشارە دانەى بە15 قرۆش بوو، هێندەى لێنەدەفرۆشرا، لەگەڵ ئەوەى چاپێکى رەنگاو ڕەنگى جوانیشى هەبوو. ڕۆژى واهەبوو داواى چاپى دووەمى دەکرا، بەلام عەبوالرحمان دۆلاکى خاوەنى بوو یا دەیگوت مەرەکەب نییە یا کاغەز نەماوە.
زۆربەى زۆرى ووتارەکانم لەلایەن داواکارى گشتیەوە دۆسیەى لەسەرکرابۆوە. ڕۆژێک گەنجێکى کوردى ووردەڵەى خوێن گەرمى زرنگ هاتە لام و خۆى پێناساندم،کەسێکى ڕوو خۆش و شیرین بوو، گوتى: من محەمەد بوز ئارسلانم، موفتى ناوچەى گوڵپم. هەر زوو چووە دڵمەوەو بەدەم چا خواردنەوە، هەندێک شیعرو نوسینى خۆى نیشاندام بەتورکى: پێم گوت: زمانم گۆ ناکات پێت بڵێم موفتى، بەلام دەلێم گەنجێکى بەنرخى کوردى و پێم گوت با لێت نەشارمەوە، ئێمەى کورد چەند بەتورکى شیعر بنوسین ناتوانین شاعیرانى تورک تێپەرێنین، چونکە ئێمەى کورد وەک چینى دووەم و سێیەم سەير دەکرێین، بۆیە گەر بەزمانى شیرینى کوردى خۆمان بنوسین، زۆر زیاتر جێى پەسندى دەبێت. (لێرە چونکە موسا عەنتەر بەهۆى کورد و کوردایەتى و خۆشەویستى گەلەکەى توشى زۆر چەرمە سەرى زیندان و ئەشکەنجە بۆتەوە، بەلام بۆچى هەموو کات کورد خۆى بەبرا بچوکى تورک فارس و عەرەب زانیوە. ئایا شاعیرى وامان نەبووە، پایەى ئەدەبى لەزۆرێک لە شاعیران و هەندێ زاناى عەرەب پایەدارتربن؟).
موسا عەنتەر دەڵێت: محەمەد ئەمین ئەستێرەیەکى گەشاوەى گرنگى کلتورو ئەدەبیاتى کوردییە، حکومەتە فاشیستە یەک لەدوا یەکەکان وەک شەترەنج، هەر ڕۆژە ئەویان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکە دەگواستەوە، کۆتاجار وەک موفتى نێردراوەتە قەزاى شارکۆى ناودار بەشەرابى سەر بەشارى تەکیرداغ کە نیوەى شارەکە شەراب خۆر بوون، بۆیە موفتى لەوێ چى پێدەکرێ.؟ دەلێت: کتێبێکى نوسى بەناوى ئاغاو شێخەکان کە بووە هۆى لەدەستدانى پیشەى موفتەیەتى لەدەولەتێکى وەک تورکیا کە پێى وایە سیستەمێکى سیکۆلارییە و ئاین و کاروبارى دەولەت تێکەڵ بەیەک ناکات.
محەمەد ئەمین بوزئارسەلان لەبەر ئەوەى دەرچوى بەشى عەرەبى بوو, شارەزایی باشى لە زمانى عەرەبىدا هەبووە. هەرچەندە ئەوەم بەسەرو سیماىدا نەدەبینى کەسەغلەتى کار لەدەست دانەکەى بووبێ, هێندە چالاک و بەگوڕو تین بوو، ڕۆژانە حەڤدە تا هەژدە سەعات کارى دەکرد ماندو نەدەبوو، تا توانى مەم و زین بۆ سەر پیتى لاتینى وەرگێڕێ، لەهەمان کاتیش وێنەیەکى جوانى ئەلف و بێى کوردیشى کێشا. هەردوو بەرهەمى چاپکراو، زۆرى لێفرۆشرا. پەرتوکێکى 3 بەرگى مێژووى کوردى شێخ ئەبولحسانى ئەزراحى، بەرگى دووەمى پەرتوکەکە بەناوى دەولەتى کوردە مەروانى، لە زمانى عەرەبیەوە کرۆتە کوردى بە پیتى لاتینى. دواتر پەرتوکى مێژووى کورد (شەرەفنامەى) لە عەرەبیەوە کردۆتە تورکى. ڕەگەز پەرستە تورکەکان هەر بەدواى بنەمالەکەیەوە بوون تا غەنى کوڕى شەهید دەکەن، بۆیە دواجار لەوە گەیشت ژیانى لەتورکیا نەماوە، بۆیە بەخۆى و خێزانەکەى ڕوویان لەسوید کرد. لەوێش لەخزمەتى کورد و کوردستان و ئەدەبیاتەکەى نەکەوت، بۆیە گۆڤارى نەتەوەیی مێژووی (ژین)ى کۆکردەوە لە 5 بەرگ بە پیتى لاتینى بۆ زمانى کوردى و تورکى وەرگێڕاو بڵاوى کردەوە. دواتریش گۆڤارى هاواریى کۆکردەوەو تەرجومەى کرد، کەساڵى 1930 لەلایەن گەورە نوسەرانى کورد کامەران بەدرخان, جەلادەت بەدرخان, جگەر خوێن, عوسمان سەبرى و قەدرى جانەوە دەرچووە، ئەوانیشى گۆڕییە سەرپیتى لاتینى زمانى کوردى.

کوشتنى ئەرمەنیەکان
موسا عەنتەر لەیەکێ لەبیرەوەریەکانىدا لە لاپەرە 543و 544 باس لەناوچەیەک دەکات بە ناوى چونگوش کە شوێنى تەقینەوەى کانێکى بورکانیە, لەوێ شوێنەوارى کلێسایەکى گەورەى ئەرمەنى هەبووە. ئەرمەنیەکان هەم لەڕووی ژمارەو هەمیش لەڕووى هێزەوە دەسەڵاتدارى ئەوێ بوون. شوێن چاڵە بورکانیەکە پێى دەگوترا، دوو دەنگ. چونکە کە یەکێک هاواری بکردایە، هەمان دەنگ لەناوەوە دەنگى دەدایەوە. لەو ناوچەیە دوو ئاغا هەبووە، یەکیان گوللو ئاغا بووە، بۆیە موسا عەنتەر قسەکانى مستەفاى گوللوئاغا دەبڕێ پێى دەلێت: لەناو موسڵمان و تورکان ئاغا نییە, بۆیە دەبێ باوکت کورد بوبێت, گەورەى ئەرمەنیەکانیش ناوى کیرکۆر ئەفەندى بووە, پارێزگارى ئەوساى دیار بەکر رەشیدى ئیتیحادچیى بریارى بۆ کۆچکردنى ئەرمەنیەکان دەرکردبوو. بەپلانێک هەلبژاردنێک ئەنجام دەدرێ بۆ ئیدارەى تایبەت بۆ ئەرمەنیەکان، کریکۆرئەفەندى و 5 کەس لەگەورەى ئەرمەنیەکان و بیست کەس لەگەنجەکان، هاندەدرێن تابچن بۆ لاى موتەسەریف، بۆ وەرگرتنى مەزبەتەکانیان و سوپاسى بکەن. بەڕێدەکەون بەرەو دیاربەکر ژمارەیەک ژەندەرمەشیان وەک پاسەوان لەگەڵ دەنێرێت، بەلام کاتێک دەگەنە ناوچەى سەیران تەپە لەدیاربەکر، ڕوویان بەرەو ناوچەى سێڤرەک وەردەگێڕن، بەپێى پلانەکە سەرجەم ئەرمەنیەکان گولەباران دەکەن و دەیانکوژن. دواى ئەو ڕووداوە هەموو شەوێک ماڵە ئەرمەنیەکانى چونگوش دەدرێنە بەرتەقە و ژمارەیەکى زۆریان لێدەکوژرێ و زۆریشیان لێ دەستگیر دەکرێ و لەکلێسایەکە دەیانهێڵنەوە تا شەو دادێ، دواتر دەبرێنە بیرى بورکانى، یەکە – یەکە بەزیندووی فڕێیان دەدەنە ناوىی و هەندێ لەگەنجە ئەرمەنیەکان لەپەناوپێچى و کەلێنە بەردییەکانى ناوچە بورکانیەکە خۆحەشار دەدەن، پاسەوانەکان ئەوانیش دەکوژن. مستەفاى کوڕى گوللو ئاغا دەلێت: کریکۆر کچێکى جوانى هەبوو، باوکم ئەوی نەکوشت بۆ منى هێنا. ڕۆژێک لەگەڵ ئەو کچە بەبەردەم دوودەنگ تێدەپەرین، من لەپێشەوە بووم و ئەویش لەدواوە، لەپر بینیم زۆر بەخراپى لەسەر ئەسپەکەى دابەزی، تا خۆى فرێ بداتە چاڵە بورکانیە بێبنەکەو بەپەلە پێراگەیشتم و گرتم، پێى گوتم: دەچمە لاى دایک و بابم.
مستەفاى کوڕى گوللو ئاغا بۆ موسا عەنتەرى گێڕاوەتەوەو گوتویەتى ئەو کافرانە زۆر دەولەمەند بوون، باوکم بۆ کوشتنیان، ئەوانى بەسەر پیاوەکانمان دابەش کردبوو تا ماڵ و سامانەکەیان بۆخۆیان بێت. ڕۆژێک لەکاتى کوشتنى ئەودەولەمەندانە لەسەر ئەوەى من کوشتومە، پارەى کەمە. ئەوەى تۆ کوشتوتە، دەوڵەمەندە. دەبێتە شەڕ لەنێوان پیاوەکانمان، ئەوەش وەک ئەو پەندە وایە کەدەلێت: مەڕ لەدەردى ڕزگارکردنى گیانى خۆیەتى و قەسابیش خەمى گۆشتەکەیەتى. شەهید موسا عەنتەر ساڵى 1954 چۆتە ئەوناوچەیە بۆ بانگەشەى هەلبژاردن، وەک ڕۆژنامەنوسێک. دیارە ئەوبەسەرهاتانەى بۆ موسا عەنتەرى گێڕاوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى جینۆسایدى ئەرمەنیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت