عەبدولکەریم شێخانی: تيلماسکێک لە هێشووى شیرینی زمانی کوردی و چەند بابەتێکی دیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1. 9. 2022
خرتکە و پرتکە – بەشی چل و یەک.
دوێنێ 31ى ئاب گوتارێکم نووسی و ئامادەم کرد بۆ بڵاو کردنەوە, بەڵام بۆ بەدبەختى دەستم بەر دوگمەیەک کەوت و هەموو گوتارەکەم سڕایەوەو ڕیسەکەم لێ بووەوە بە خوری و چەندی هەوڵمدا بۆم نەهاتەوەو ئیدى منیش، وەکو دەڵێن پشتم لێی سارد بووەوەو وازم لە نووسین هێنا و ئەم بەیانییە، وا تێ هەڵچوومەوە.
لە گوتارە سڕاوەکە گوتبووم بۆ چارەسەرى کێشەکانی ناوخۆ پێویستە لایەنە ناکۆکەکان لە جیاتی پێکدا هەڵپژانی چەکدارىی، هانا بۆ گفتوگۆ بەرن. چونکە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ لێک تێگەیشتن و شەڕ لەزیان بەولاوە هیچ سوودێکی نییە و لایەنی سەرکەوتوو، سەرەنجام زیانی زۆرى بەردەکەوێ و پێویستە لەجیاتى سەر بەکۆشی نەیاردا کردن، لایەنەکان بۆ یەکترى دابێنن نەک بۆ نەیار، چونکە ناحەز کرێی ئەو یارمەتییەى دەوێ بە گرانیش لەسەر لایەنەکان دەکەوێ. ئەوەى من دەیڵێم پەند و ئامۆژگاریی نییە, بەڵکو واقیعى مێژووە.
جارێکیان چەند برادەرێک دواى بەشداری کردنمان لە هەولێر، لە بۆنەى یادى ڕۆژنامەگەریی کوردی، چووین بۆ سلێمانی و دیدارێکیان لەگەڵ خوا لێ خۆشبوو مام جەلال بۆ ڕەخساندین. برادەران, سوپاسیان دەکەم, ڕوویان لەمن نا بۆ قسە کردن. مام لەقسەکانیدا باسی چەند لایەنێکی جیاجیاى کرد. داواى قسە کردنم کرد و مام فەرموویەکی لێ کردم. لەو ماوەیەدا ئەو چووبوو بۆ تورکیا و لە چوون و گەڕانەوەدا سەرى لە کاک مسعود دابوو لە سەرى ڕەش.گوتم: مام جەلال دەستت خۆش بێ بۆ ئەو دەست پێشخەرییەت کە سەر دانی کاک مسعودت کرد و هەموو دڵسۆزێکی کورد پێی خۆش بوو، چونکە ئێوە بەیەکەوە قسە بکەن باشترە لەوەى مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بۆ گفتوگۆ، چونکە سەرەنجام دوا بڕیار تەنیا لاى ئێوەیە و رێگاکە کورت دەکەنەوە. بەڵام بریا ئەم هەنگاوە زووتر بوایە، چونکە زیانمان زۆر کەمتر دەبوو و ئەوەندە قوربانییەمان نەدەدا. مام بەم دەقە گوتی: (كەریم تصور نەکەى, من کڵاشەکانی کاک مسعود ناگۆڕمەوە بە کەللـەى سەری هەرچی داگیرکەرانی کوردستان هەیە. ئێمە كە لەگەڵ دوژمن بکەوینە گفتوگۆ و دانوستان بۆ لەگەڵ یەکدیکە وانەبین ). ئەو دووربینی و پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی و رەچاو کردنی سوودو قازانجى میللەتە هەر لەسەرکردەیەکی وەک مام جەلال دەوەشێتەوە.
هەر لەم ڕووەوە زۆر شادمانم کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەردوو باڵی لێک ترازاوى حزبی دیموکراتی کورستانی تێکۆشەر دواى چەند ساڵێک دڕدۆنگی و دووبەرەکییەکی بێ سوودی زیانبەخش و هەوڵی دلسۆزانەی خەڵک و بەخۆداچوونەوەیان گەیشتنە ئەو ئەنجامەى کە یەکگرتن و تەبایی و یەکڕیزیی خەباتگێڕانە تاکە دەرمان و چارەسەرن بۆ کێشەکان و زەبرێکی کوشندەشە بۆ داگیرکەرانی کوردستان. جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە من و مامۆستا جەمال محەمەد ئیسماعلیل ناسراو بە ( سوارە قەڵادزەیی) چووین بۆ قەڵاسەیدە لە دۆڵی شاورێ کە بارەگای ( رابەرایەتیی شۆڕشگێڕ)، لەوێ بوو و چاومان بە خوا لێ خۆشبوو جەلیل گادانی و هاشمی کەریمی کەوت کە ئێستا لە لەندەنە و ئەو پرسی یەکگرتنەوەیەمان لەگەڵ باس کردن و زۆریان پێ خۆش بوو . بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم لە برایانی حزبی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوام وایە، لایەنەکانی دیکەش هەمان هەنگاو بهاون و ڕیگە لە هەوڵی دوژمن بگرن کە بۆ دووبەرەکی نانەوە لەنێوان ڕیزەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەیگرێتە بەر و، لە پێناوى وەدى هێنانی سیستەمێکی دیموکرات و پێشکەوتنخواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواو سروشتییەکانی گەلێ کورد لە سایەى دەسەڵاتێکی دڵخوازی گەلانی ئێران و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی کوشتن و لەسیدارەدانی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی. هیوام وایە ئەو هەنگاوە لە ڕۆژئاواى کوردستانیش بنرێ و لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی کورد لەوێش یەک بگرن و دەرفەت بە داگیرکەران نەدەن بیانکەن بە داردەست و دەسکەلا بۆ وەدی هێنانی ئامانجە گڵاوەکانی خۆیان.
جارێکیان دواى ڕاپەڕین لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵلاى حەسەنزادە یەکترمان بینی و باسى ئەو لێکترازنەى حزبی دیموکڕاتمان کرد و گوتم: دواى چەند ساڵ ناکۆکی, لایەنە سیاسییەکانى باشوور بەرەى کوردستانییان پێک هێنا و ئێوەش وا بکەن باشترە, مامۆستا حەسەنزادە قسەیەکی کرد کە لە گۆڕیش لەبیرم ناچێتەوەو گوتی (خوا بتانگرێ ئێمەشتان فێری براکوژى کرد ). بۆیە منیش وەکو خەڵکی دوعایە دەکەم و دەڵێم ئەو ڕۆژگارە تاڵ و ناخۆشانە بڕۆن و نەیەنەوەو جارێکی دیکە کورد دەستی نەچێتیە خوێنی براى خۆى و دەژمنمان پێ خۆش نەبێ, چونکە ئێمە تۆمارێکی شەرمەزاریهێنمان هەیەو کەباسی دەکەین لەشەرمان سەر دادەخەین و ئارەقەی شەرمەزارى لە تەوێڵمان دەچۆڕێ. دەڵێم با واز لەیاسى دووبەرەکی بێنین، چونکە تا لێی بدوێین زیاتر خەمبار دەبین و ئێمەی کورد تۆمارى مێژوومان پڕە لە یەکدی قبووڵ نەکردن و یەکتر سڕینەوە و لە مەوسوعەی گینس یەکەم دەبین.
ئینجا با ئاوڕێک لە کەرو گا بدەینەوە کە هەندێ زمانزانی ئاخرزەمان دڕنەیان لێ داگرتوون و بێزیان نایە ڕوویان تێ بکەن. بەڵام بە ئاڵنگارییەوە دەڵێم زۆر کەس لەوانەى خۆیان بە پێشەنگ دەزانن و بە تایبەتی لە ڕووى زمانی کوردییەوە، ئەگەر سەت ساڵیش بژین ئەوەندەى کەرو گایەک خزمەتی مرۆڤایەتییان پێ ناکرێ و شارستانی لەسەر پشتى کەر و شان و ملی گا دروست بووە و کام بارى قورس بووە بە پشتی کەر گوێزراوەتەوەو کام زەویش ڕەقەن و نەکێڵ بووە بە شان و ملی گا کێڵراوە.
دواى ڕاپەڕینى بەهاری 1991ودامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناو شار, هەندێکیان کەچاویان بە پارە کەوت شاگەشکە بوون و ئەوانەى تا دوێنێ گیانى خۆیان خستبووە سەر دەستیان و هەموو شتێکیان لا هەرزان بوو لە پێناوى ڕزگاریی کوردستان, ئەمڕۆ سینگەو باز بەرەو سامان و پارەو ماڵی دنیا دەچن و هەندێک لایەن بە تەواوەتی دەستیان بەسەر داهاتی کوردستاندا گرت. ئەگەر جاران لە سەردەمی شاخ، خەبات و قوربانیدان تاکە ئامانج و مەبەست بوو, ئەمڕۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و ماڵ و سامان پێکەوەنان، بوو بە مەبەستی سەرەکی و سەرەنجام شەڕی ناوخۆى لێ کەوتەوەو گەندەڵیش بوو بە ناوێکی شەرمنانە بۆ دزى و هەرچەندە هەردووکیان هەر بەکن.
لەمەش خراپتر ئەو لێشاوى ڕاگەیەنکارە نەزانانە بوو کە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی وەک ڕۆژنامە و گۆڤارو ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی حزبەکان وەربوون و نەزانانە کەوتنە بژارکردنی زمانی کوردى و هەموو ئەو بینایە پتەوەى مامۆستاو دڵسۆزانى زمانی کوردى هەڵیانچنیبوو ئەوان کەوتنە تێکدان و ڕووخاننی بە بیانووى دروست کردنی زمانێکی مۆدێڕن بۆ کورد و بەڕاى ئەوان کەموکووڕیی زۆر لە زماندا هەیە. سەرەتا ملی بڕگەى ( کەر و گا) یان کرد و, بیلامانێ, هى کەرەکەیان درێژ کردەوەو هى گاکەشیان کورت کردەوە. یاریکەر بوو بە یاریزان و نوێژکەر بوو بە نوێژخوێن و پێشکەشکەر بوو بە پیشکەشکار. ئەم هەنگاوە نابەجێیە لە هەولێرلە ڕۆژنامەى گوڵان کە دوایی بوو بە گۆڤار، سەرى هەڵدا و کادرو ڕاگەیەنکارەکان پەیڕەویان کرد و تا سەڕەنجام هەندێک کەس نەزانانە پەیڕەویان کرد. کە لە هەولێر بووم, پێم وایە ساڵی 1998 بوو گوتارێکی ڕەخنەئامێزم لە گۆڤاری ڕامان نووسی بە ناوى ( کێشەى زمانی کوردى لە نێوان کەر و گادا ) دواى ئەوە گوتارێکم لە ڕۆژنامەى کوردستانى نووسی گوتبووم ( واپێت دەڵێم شەقیش بەرى پێشەشکار نیت پێشکەشکەرى). لێرە لە سلێمانى ناو بەناو تەلەفۆنم لەگەڵ خوا لێخۆشبوو ( فیصل دێهاتی ) دەکرد. جارێکیان باسی ئەو دیاردە مەترسیدارەم کرد, کەچی فیصل گوتی ئەوەى ڕاستی من دەستم بەو کارە کرد، چونکە ئەو کەرو گایەم بەلاوە ناشیرین بوو. گوتم برا بەڕاستی کارێکی خراپت کرد و ئێستا دەمانەوێ ڕاستی کەینەوەو بۆمان ڕاست ناکرێتەوە و کورد زۆر باشی گوتووە ( بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەت زانا نایەتە دەر). ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ و نامەوێ زۆر درێژى کەمەوە، نەوەک هەندێک خوێنەرى بەڕێز بێزار بن و بڵین دوور و درێژە, بۆیە لێرە بەجێتان دێڵم بۆ خرتکەو پرتکەیەکی دیکە کە باسی هەندێک شتى سەیرتان بۆ دەکەم. جارێ خواتان لەگەڵ و هیواى خۆشی و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت