حەمەئازاد بەرزنجی: کێشەکانی ناو کوردستان، کێشەی نیوان حزبەکانە، یان هی هەندێ تاکی نێوبنەماڵەکانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەکانی کورد ئەوەندەی سەرچاوەکانیان لە ناوەوەیە ئەوەندە لە دەرەوە نییە. لەوانەیە لە قۆناغێ لە قۆناغەکانی مێژودا دەستی دەرەکی هەبوبێ. بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا، بەتایبەتی ئێستا، هەر لە ئەستۆی خۆمانە و هۆکارە ناوخۆییەکان، زۆر زاڵترن لە دەرەکیەکان. بەتایبەتی کێشەی نیوان، سەرکردەکان و تاکی ناو بنەماڵەکان. وە سەرکردەکان وەنەبێ نەفام بن و تێنەگەن و لە نەشارەزاییانەوە ئەوە بکەن. بەڵکو زۆر دەزانن و وە زۆر لە خەڵکە ئاساییەکە شارەزاترن. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەرژەوەندی خۆیان خستۆتە پێش بەرژەوەندی میللەتەکە و تەنانەنەت پێش بەرژەوەندی حزبەکانشیان. حزب لای ئەوان تەنها رەمز و ئامڕازە. چونکە لە هیچ بڕگەو مادەیەکی بەرنامەو پەیڕەو وپڕۆگرامی هیچ یەکێ لە حزبەکاندا نیە بە نوسین کە دژی بەرژەوەندی میلەت و خاکەکەمان بێ. بەڵکو شانامەی وایان نوسیوە کە دەقی ڕازاوەی هیچ نوسەر و شاعیرێ نایانگاتێ.
سەرکردەی حزبەکان و نەوەکانیان و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەندامانی ناو حزبەکان سودمەندی سەرەکی ئەم دۆخە ناهەموارەن. وە ئەوانی دیکە هەرهەمویان لە خولگەی ئەماندا دەخولێنەوە. ئەمانەیان ، وەک مقاش بەکارهێناوە و بەکاریان دەهێنن بۆدەست بەسەراگرتنی ئەو دەسکەوتانەی کە خۆیان بۆیان دەستنیشان دەکەن. لە کاتی پێویستیشدا وەک سوپەر بەکاریان دەهێنن و دەیان خەنە پێش و دەیان کەن بە کەواسوری بەر لەشکر و ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەکانیان پێدەگرن و خۆیانی پێدەپارێزن. لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشداهەندێ دانیان بۆ ڕۆدەکەن ودەنگیان پێ کۆدەکەنەوە دەیانکەنە خەتیب و دەنگبێژی حزبەکانیان.
کێشەی سەرەکی ئەم سەرکردانەو حزبانە لەوەدایە، کە کەسیان لە پێناوی بەرژەوەندیە گشتیەکاندا سەر بۆ ئەوی دی نەوی ناکات. بەڵکە ناکۆکی ودوژمنایەتیەکان ساڵ بە ساڵ دژوارتر دەبێ. چونکە کەسیان باوەڕی تەواوی بەوی دیکە نیەو بە هیچ جۆرێ سقە لە نیوانیاندا نەماوە. دەڵێن گەر بەرامبەرەکەم تاک لایانە لە هەڵبژاردندا بیباتەوە و دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا یەکەم هەنگاوی بۆ لەناوبردنی من دەبێ. لەوە دەچێ هەروایش بێ. بۆیە ئەستەمە حزبی کوردی تەنازول و مساوەمە بکات بەرامبەر بەرامبەرەکەی. ئەم ناکۆکیە هەر درێژەی دەبێ تا تاقەتیان دەچێ. کە هەرگیز تاقەتیشیان ناچێ. یان ئەوەتە سەری یەکتری دەخۆن و هەردوکیان بەیەکەوە لە ناو دەچن. بۆیە بەردەوام دەبن لە ڕکابەری و دوژمنایەتی کردن و دەست بادان و دەستشکاندن و هەوڵدانی بەردەوام بۆ چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتری و دەرخستنی ڕاز و نهێنیە شاراوەکانی یەکتر و بەردەوام بون لەسەر گەندەڵی و زیاتر ڕۆچون بۆ دەست خستنە ناو بینەقاقای میلەت و هەڵلوشینی سامانەکەی و سەرچاوە سروشتیەکانی سەرزەوی و بن زەوی ئەم وڵاتە. وەک دەوترێ گەندەڵ و مشەخۆران چاو تێر بونیان بۆ نییەو نیشتمانیان نییە. لە کوێ گەندەڵی و کەلاک و نەرمەقوتیان هەبێ بۆ خواردن و هەڵلوشین ئەمان لەوێن. جا لەناو کوردستان بێ یان لە دەرەوە. لەبەر ئەوە گرنگ نییە بەلایانەوە ئەم نیشتمانە بەرەو چ ئاقارێ دەڕوات. ئەمانە تەنها دەیانەوێ دواڕۆژێکی خۆشگوزەران بۆ خۆیان و نەوەکانیان مەیسەر و مسۆگەر بکەن. گەر ڕۆژێ لە ڕۆژان لە دەست توڕەیی برسیانی ئەم گەلەیش قوتار بن و دەستبەرداری ئەم خاک وڵاتەش بن، ئەوا بە خەیاڵی خۆیان ئەو بەرنامەیەشیان بۆ خۆیان داناوە و زۆر لەسەرچاوە داراییەکانیان ئاڕاستەی دەرەوە کردوە و لەوێ وەبەرهێنانی پێوە دەکەن. تا لە کاتی لێقەمانیاندا لە دەرەوە ی وڵات، سەرچاوەیەکی وایان هەبێ، بۆ کوڕاو کوڕیان بەشیان بکات و بەردەوام بن لەسەر مشەخۆریەکانیان.
جا بۆیە دەوترێ کورد خۆ خۆرە و وەک خۆی ئەوەندە دوژمنی خۆیەتی کەس ئەوەندە دوژمنایەتی ناکات. بەڵێ وایە ڕوداو و تاقیکردنەوەکانی کۆن و نوێ ئەوەیان سەلماندوە. لە کۆنداو لە ناو ئیمارەتە کوردیەکاندا هەر بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا بێ و هەر خۆی بمێنێتەوە، برا چاڵی بۆ برا هەڵکەندوە. ئەم چوە سەفەوی هێناوە ئەو چوە لەشکری عوسمانی. ئەو چوە پەنای بۆ بەغدا بردوە.
ئێستاش هەمو دونیا لە دەوریانە. جارێ بە چاو سورکردنەوە و زمانی توند، جارێ بە تکا کار و زمانی نەرم و خۆش. وەفد دەنێرن، کاربەدەستی باڵای وڵاتەکانیان دەکەن بە نوێنەر و بۆ لامانی دەنێرن، کەچی ئەمان هەر مێش میوانیان نییەو هەر خۆیان لەیەکدی جیڕ دەکەنەوە. هەر کە بە دەفتەری قەرز و حسابی کۆن و نوییاندا دەچنەوە، سەیر دەکەن، لە ڕێکەوتندا و وازهینان لە بەرژەوەندی بنەماڵەیی و، خزمەت بەمیلەت کردن، لە لیرەی ناو کوپەڵەکان و پارەکۆکراوەکانی ژێر زەمینەکانیان کەم دەکات و لە زەرەیانەو ناچنە ژێر باڵی ئەوەی کە لە دەسکەوتی ڕۆژانەیاندا یەک قروش کەم بکات. وە هەرچەند سەیردەکەن و حسابی دەکەن زۆریان زەرەرە.
بەڵام کە کێشەو کار دێتە سەر دەسکەوتی تاکە کەسی و لە دەستدانی دەسەڵات بەسەر بیرە نەوت و سەرچاوەکانی گازدا، هەنگاوی وادەنێنن شەیتانیش زەفەریان پێ نابا و درکیان پێناکا . لاکەی بەرامبەریش توشی شۆک و سەرەخولێی و ڕشانەوە دەکەن . تاکتیک و مراوەغەی وا دەکەن سەریشیان لە حکومەتی ئێراق شێواندوە. دەمێ لە ئیماراتن، دەمێ لەقەتەر دەمێکی دیکە لە تورکیاو لە ڕوسیا کەس نازانێ چۆن و بۆماوەی چەند گرێ بەستە نەوتیەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا ئیمزا دەکەن.
بەڵام ئەوی پەیوەندی بە دواڕۆژ و مێژوی ئەم وڵات و میللەتەشەوە هەبێ، هەر لای لێناکەنەوە و لە بیر خۆیانی دەبەنەوە. کەس ناچێ بەلای بڕیارەکانی تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەکان و مادەی سەد و چلی دەستوری ئێراق. کە تاویشیان بۆ دێ ئامادەن بەهەردەپەنجەکەی دەسیان بۆ نەیارانی ئەم میللەتەو بۆ دەسەڵاتدارانی ئیراقی مۆر بکەن. هەر چەندە زۆربەی دۆستان و تاکی ئەم میللەتە لە گەڵ ڕیفراندۆمە کە نەبون لەو کاتەدا بکرێت. بەڵام هەرچۆنێ بو بەهۆی عینادی سەرکردەیەکەوە هەرکرا. کەچی هەر خۆیان رایان گەیاند کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوە. نابێ بەغداد دەرگای گفتوگۆ دابخات. هەر زۆر لەوە زیاتر خۆیان چون عەریزەیان نوسی بەڕەسمی داوای سڕینەوەی دەرەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان کرد لە دادگاکانی ئێراق و یەک پارێزەیان نەگرت بۆ داکۆکی کردن لە ریفراندۆمەکە. تەنانەت وەک دەڵێن مەحکەمە پارەی عەریزەکەشی بەڕەسمی لیوەرگرتون و نوسخەیەکی کۆپی کراویشی بۆ ناردون تاوەک بەڵگە نامەیەکی مێژویی بۆ پەشیمان بونەوە لە ڕیفراندۆمەکەیان و سڕینەوەی دەرەنجامەکەی لای خۆیان هەڵیگرن. ئەوسا ئەمانە گەر یەکێکیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیراقدا ڕێکەوتنێ یان دەست تێکەڵاوکردنێکی بکردایە ئەوا لاکەی تر ئەمیان بەداردەست و جاش لە قەڵەم دەدا. ئیستا قۆناغێ چونەتە پێشتر و بون بە دەسکەلای دەستی وڵاتانی داگیرکەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و بێئەوەی ئەوان بێنە سەرمان ئەمان بریکارییان دەکەن و بونەتە مقاشی دەستیان و بەرنامەکانی ئەوان لێرە جێبەجێ دەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت