نوری کەریم: ئەمەریکاو تورکیا، یاری پشیلەو مشک – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو کێشانەی کە چارەکە سەتەیەک پترە چەندین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەندی گیرۆدەو داماو و دەستبەستراو کردووە، وەک عێراق و سوریا و فەلەستین و لوبنان و یەمەن و باشوری کوردستان، سەرەڕای لیبیا و گەلانی ئێرانیش پێوەی دەناڵێنن و ئەوە پتر لە 35 ساڵە بێچارەسەر ماونەتەوە و کێشەکانیش هەتادێت قوڵتر دەبنەوەو پێناچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوەو پیادەبکرێت و ئەو گەلانە هەناسەی ئاسودەیی هەڵمژن و پێبنێنە قۆناغی ژیانێکی نوێی و شایستەوەو پشت بە هەڵبژاردنە ساختەکارییەکان و پەرلەمانتارە هەڵپەرستەکان نەبەستن!
پێدەچیت زۆر کەس یا هەندێک هاوڕام نەبن و بڵێن کاکە ئەوە دەڵێیت چی، ساڵەهای ساڵە ئەو گەلانە لەپێناو ژیانێکی ئازاد لەژێر سایەی یاساو هەڵبژارنی نوێنەرانی گەڵدا خەبات دەکەن و قوربانی دەدەن. بەو ئازیزانە دەڵێم لەباخێکدا دارقۆخێکی گەورەو جوان دەبینیت، هەڵدەدەیت قۆخێک یا چەند قۆخیکت دەستکەوێت و لەیەکەمین دەستکەوتدا بەهەڵپە هەڵپ قۆخ دەخۆیت و بزانیت یانەزانیت کە قۆخێکی نەگەیو دەخۆیت، کاتێک بەخۆدەزانیت توشی ئازارێکی گەدەو ریخوڵەکان بویت و دەستت بە هیچ دەرمان و دکتۆرێکیشدا ناگات و هەربەئازارەوە گێنگڵدەدەیت و دەڵێیت چیم بەخۆم کرد..
هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی گەل کە نوێنەری گەل نین و نوێنەری حیزبەکانیانن و لەهۆڵیک وەک فەرمانبەر دامەزرێندراون و ناونراوە پەرلەمان و لەوەبەولاترەوە هیچیدیکە نیە و گەلێکی دواکەوتەی وەک کورد لەژێر هەژمونی حێزبایەتی وبنەماڵەو خێڵ و هۆز و پیاوانی ئاینیی نەزان و دڵڕەش و ژن کوشتن و کپکردنی دەنگی ئازادی و رادەربڕیندا رۆژان دەژمێرێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بێڵێم ئەوەیە بەشی هەرە زۆری کێشەکان لەژێر سەری ئەمەریکا و ئەوروپادایەو ئۆباڵەکەشی بەتایبەتی دەکەوێتە ئەستۆی سیاسەت و رێکارە چەوتەکانی ئەمەریکای سەردەمی ئۆباما لە خۆرهەڵاتی ناویندا. هەرئەو سیاسەتە چەوتەش بو، هانەهانەی دیکتاتۆرە خەڵەفاوەکەی تورکیا(خەلیفە ئەردۆگان)ی دەدا لەباشورو رۆژهەڵاتی کوردستان بێپەرواو بەهەمو جۆرەچەکێک، بەچەکی کیمیاییشەوە پەلاماری کورد بدات و زۆر دڕندانە هەردو شاری عفرین و کۆبانی داگیربکات و بەسەر دانیشتوانە سڤیلەکاندا بیڕوخێنێت و ئینجا میلیشیاکانی وەک سەگی هار بەربداتە گیان و ژیانی دانیشتوان بە کوردو عەرەب کلدۆئاشورەو و موسوڵمان و کریستەوە.
ئاشکرایە سنوربەزاندنی وڵاتێکی وەک سوریاو پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتێکی سەربەخۆ و وێرانکردنی بەشێکی شارو گوندەکانی بەئاشکراو بێپەردەو بەبەرچاوی هەموجیهانەوە، رەزامەندی ئەمەریکاو روسیای لەسەربو، گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساندبو، ئەمەریکاش هێزەکانی لەدەڤەرەکە کێشایەوە و بێمروەتییەکی زەق و رەقی بەرامبەر گەلی کورد کرد، ئاخر وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جێمس ماتیس لە دواهەمین کۆبونەوەی ئەندامانی پەیمانی باکوری ئەتلەسی(ناتۆ) رایگەیاند (ئێمەو هاوپەیمانانی نێو دەوڵەتی کاتێک لە رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژاوای کوردستان دەکشێینەوە، کە چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی نێوخۆی سوریا دۆزرابێتەوەو سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد نەتوانێت بگەڕیتەوە ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەیدەبات و دیسانەوە دەستیان بەسەردا بگرێتەوە. ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ئەمەریکاو ئەوروپای لەسەرکێشییەکانی تورکیا سڵەماندەوە ئەوەیە ئەردۆگان خۆی بەیەکێک لە سوڵتانەکانی عوسمانی دەزانێت، ئەوەش لەبیرخۆی دەباتەوە کە دەوڵەتی عوسمانی 200 ساڵێک پێشتر دەڕوخا ئەگەر ئەوروپا پشتگیری نەکردایە بۆئەوەی هەمێشە وەک بەربەستێک لەبەردەم هاتنە پێشەوەی روسیادا بوەستێت کە بەهەمو توانایەوە هەوڵیدەدا دەستی بگاتە خۆرهەڵاتی ناوەند و دەریای سپی نێوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت