زاهیر باهیر: ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا، ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەش/ خوێندن و پەروەردە
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری دایەنگای دەوڵەتی باخچەی منداڵان هەبوون، یا ئەوەتا بەلاش بوون، یاخود پارەیەکی زۆر کەمیان لەسەر دانرابوو. ئەوانەی ئیشیان دەکرد دەیانتوانی کە ساواکانیان و منداڵانی پێش تەمەنی خوێندن لەوێ دابنێن، کاتێکیش کە دەوام تەواو دەبوو هەر کراوە بوو بە بێ دانی پارە، تاکو ئەو کەسانەی کە درەنگ لە کارەکانیان دەبونەوە فریای بردنەوەی منداڵەکانیان بکەون. لە ئێستادا زۆربەی زۆری دایەنگا و باخچەی منداڵان بوونەتە ئەهلیی، ئەوانەشی کە ئەهلی نین، نرخیان چووەتە 600 بۆ 800 پاوەند بۆ مانگێك. ئەهلەییەکان زۆر لەمە زیاترە، سەرەڕای ئەوەش هەتا کاتژمێری 3.30 پاشنیوەڕۆ کراوەن ئەو دایک و باوکانەی کە کار دەکەن، تا کاتژمێری 5 و 6ی ئێوارە، دەبێت زیادە پارە بدەن بۆ ئەو دوو کاتژمێرە.
هەر لەو سەردەمەدا قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکان خزمەتی باشتریان دەکرا لەبارەی خواردنەوە و هاوکاری پۆشینی پۆشاکی قوتابخانەیان دەکرا و گەشتی قوتابخانەیان خۆڕایی بوو کە دەگەیشتنە زانکۆ ئەوەشیان لەسەر حسابی دەوڵەت بوو و پێویستی نەدەکرد کە خۆیان هیچ بدەن. بە هاتنی تاچەر بۆ حوکم وردە وردە کرا بە قەرز بۆ زۆرێك لە قوتابیان. لە ئێستاشدا ئەوەی کە دەچێتە زانکۆ دەبیت قەرز بکات بۆ هەقی وانەبێژ و کتێب و پێداویستییەکانی تر و گرتنی خانوو گەر لە دەروەی شوێنی نیشتجێبوونی خێزانەکەی بیت. لانی کەم قەرزی خوێندکارێکی زانکۆ بۆ 3 ساڵ لە سەرو 50 هەزار پاوەندەوەیە.
خودی قوتابخانەکانیش گرفتگەلێکی زۆریان هەیە وەکو گەرمکردن و ساردکردەنەوەیان، بوونیان لە شوێنی زۆر قەرەباڵخ و سەر شەقامەکاندان، سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان چاککردن و نوێژەنبوونەوەیان دەوێت. قوتابیانیش گرفتی زۆر گەورە رووبەڕویان دەبێتەوە وەکو هەڵگرنتی چەقۆ و چەقۆکێشی لە قوتابخانەکاندا و هێنانی مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنیان لە قوتابخانە کە سەرچاوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە لەپاڵ گرفتی ژیاندا، ئابووریی. ئەم گرفتانە ئەوەندە زۆرن و کاریگەرن زۆرێك لەو قوتابخانەی کە لە گەرەکە هەژارەکاندان پۆلیسیان تێدایە و پۆلیسیش ئۆفیسی خۆی هەیە.

حەوت/ گەندەڵی و ئابرووچوون
دەسەڵاتخوازی و خودی دەسەڵاتداریی سەرچاوەی گەندەڵییە. حیزبەکانی بریتانیا بە تایبەت موحافیزین کە لە دەسەڵاتدان بە بەردەوامی ئابڕووچونی زۆریان لێدەردەکەوێت . من لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم. ڕوشی سوناك-ی سەرەكوەزیران پێش ئەوەی کە بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا هەڵببژێرێت دەرکەوت لە سامانی 630 ملیۆن پاوەندی ژنەکەی باجی پیویستی نەدراوە تا ئاشکرا نەبوو و ناچار نەکرا باجەکە نەدرا.
لە ئاهەنگێکدا [ پارتی] ، ژمارەیەك لە کەسە نزیکە ناودارەکانی لیز تروس ڕۆژێك پێش ئەوەی ببێتە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە هیشتا وەزیری دەرەوە بوو لە یەكێک لە خانووە دڵگیرەکاندا، دوای ئاهەنگەکە بڕێك ماتریاڵی سپی دۆزرایەوە کە شوێنەواری مادەی کۆکاین-ی پێوەدیار بوو.
ئابڕووچوونەکانی بەرپرسانی حیزبی موحافیزین بەردەوامە. قسەکەری ڕیشی سوناكی سەرەکوەزیران لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەڕلەمانتارەکانی کە لە کاتێکدا بە کاری پەڕلەمانی دەنێرێنە وڵاتان شەوانە لە ئوتێلەکاندا کاری سێکسی لەگەڵ ژنانی لەشفرۆشدا دەکەن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخوۆنەوە و دوای ئەوەش دیاری بەهادار وەردەگرن.
زۆرێك لە ئەندام پەڕلەمانەکان کاری دووهەم دەکەن دەرکەوت کە بە هەموویان لەو کارەدا 15.2 ملیۆن پاوەندیان دەستکەوتووە. ترێزە مەی کۆنە سەرەک وەزیران هەر بە تەنها بە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە ئەمە لە سەرو موچەی پەڕلەمانتارییەکەیەوە. بۆریس جۆنسۆنی کۆنە سەرەکوەزیرانیش دوای دەستکێشانەوەی لە کارەکەی لە مانگی سێبتەمبەرەوە تاکو مانگی مارتی ئەمساڵ 2.5 ملیۆن پاوەندی بە وتنەوەی موحازەرە لە ئەمەریکا و شوێنی دیکە دەستکەوتوە کە لە هەندێکیاندا سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پێدراوە. ئەمە جگە لە ئوتێلی بەلاش و گواستنەوەی بە بەلاش بۆ هۆڵی موحازەرەکە و نانخواردنی و لە هەندێکیشیا پارەی بیتاقەی تەیارەشی بۆ دراوە. بێ گومان دیاری بەها و داوەت و داوەتکاری و پارە لە لایەن بزنسەوە هەر باس ناکرێت، ئەمە بێ لەوەی کە هەندێکیان خاوەنپشکن لە بزنسەکاندا.
لە بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافیزین دا، حیزبی لەیبەریش [ حیزبی کرێکاران] کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە 2.1 ملیۆن پاوەند داهاتی کاری دووهەمیان بووە، هاوکاتیش حیزبی لیبرڵ دیمۆکرات بە بڕی 171 هەزار پاوەند کاری دووهەمیان کردووە.
ئەوە هەر باسی سەردەمی کۆرۆنا ناکرێت کە ئێستاش ناتوانرێت جێگای زیاتر لە 12 ملیار پاوەند بکرێتەوە لە سەرجەمی ئەو 37 ملیار پاوەندەی کە بۆ کەرەسەی خۆپاراستن و سێنتەرەکانی پشکنین و پۆشاکی دکتۆر و نێرس و پاککەرەوەی زەوی و جیهازەکان و شتی دیکە بەکارهێنراوە . هاوکاتیش هەندێك نوسینگە و کۆمپانیای بچوك کە دۆست و ناسیاوی بەرپرسان بوون پارەی خەیاڵییان پێبەخشراوە لەبری کڕینی هەندێك کەرەسەدا. لە ئێستاشدا یەك دوو لە وەزیرەکان وەزیفەکەیان هەڵپەسێرراوە و لێپێچینەوەیان لێدەکەن.
نەدیم زەهاوی ، کوردەی لای خۆمان، کە چەند پلە و پێگەیکەی گرتە دەست لەوانە وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیری و وەزیری کۆرۆنا و دواتریش وەزیری دارایی بریتانیا کە ئەم پۆستە لە گرنگیدا لە دوای پۆستی سەرەکووەزیرانەوە دێت، دەرکەوت کە بڕی تەواوی باجی نەدابوو لە لایەن دائیرەی باجەوە ئاگادارکرایەوە بەڵام هێشتا ئەو هەر نکوڵی لە گەندەڵێتی خۆی دەکرد. دواتر لەژێر فشاری میدیا و حیزبەکانی دەوەوەی دەسەڵات ناچارکرا کە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.
شێوەیەکی دیکە لە گەندەڵی کە باوە لەناو هەردوو حیزبەکەدا کە دێنە سەر حوکم مەسەلەی واستە قەبوڵکردنە، دانانی کەسانی نزیك لە خۆیانە، تێوەگلانە لە کارێکەوە بۆ وەرگرتنی پۆست. باشترین نمونە لێرەدا سەرۆکی دەزگەی بی بی سی یە کە تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە هەر بەردەوامە. یاخود بەخشینی پارەیە کە پێی دەلێن دۆنەیشن، کە دەدرێت بە حیزبەکان، کاتێکیش کە حیزبەکان دێنە سەر حوکم ئەوان ئەوەیان لەبەرچاوە و پێگەی هەستیار و گرنگیان تا دەگاتە پێگەی وەزیریی دەدرێتێ. ئەمە جگە لە پرسی دەڵاڵی کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن لۆبیکردن لە لایەن بزنسمانە گەوەرکان و کۆمپانیاکانیانەوە.
گەندەڵی یاسایش هەیە، واتە خودی یاساش هاوکاری گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات بە هەبوونی بۆشایییەك یاخود دانی دەرفەت بۆ نەدانی باج. لە ئێستادا 169 ملیار پاوەند لە دەرەوەی بریتانیا لەو وڵات و شوێنانەی کە باجی لەسەر نادرێت یاخود هەر زۆر زۆر کەمە، لەوێ خەوێنراوە و پارەی دیکەی دێتە سەر، کە حکومەت دەسەڵاتی سزادانی خاوەنەکانیانی نییە، چونکە خودی کارەکە یاساییە. ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون لە سەدەها نموونەی زیندوو لە کۆن و لە ئێستاشدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت