عەبدولکەریم شێخانی: با تیلماسکێکی دیکەشتان لەو هێشووە شيرینەى زمانی کوردی بۆ بخەمە سەر پەردەى دڵم و بۆتان دانێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

14. 09. 2022
دەڵێن چی؟ داینێم ؟ باشە دڵتان ناشکێنم و یاخوا هەتا دڵی ئێوە دەشکێ, ملی هەزار شەیتانی مرۆڤ ئازاردەر و دز و درۆزن بشکێ.
پێش ئەوەى بابەتەکەی پێشوو تەواو کەین, دەمەوێ هەندێک ناو کە لە یارییەکاندا دەهاتن بۆ ئێوەى بەڕێزى باس بکەم, چونکە دڵنیام زۆربەى زۆرى ئەو خەڵکەی ئێستا نە یارییەکانیان دیوە و نە ئەو وشانەى من مەبستمن دەزانن, بۆیە با بۆتانی باس کەم .
من بۆ خۆم مەزراحی چاکم هەبوو, چونکە ئامۆزایەکی باوکم ( باپیرى کاک ڕابەرى سەیدبرایم ) دارتاش بوو و جوانترین مەزراحی بۆ دروست دەکردم و دوو ئامۆزازاى باوکیشم ئاسنگەر بوون و (تەمتەمە) یان بۆ دروست دەکردم. تەمتەمە بەزۆرى لەو بزمارانە دروست دەکرا کە لە کاتی ( قەیار ) کردنی وڵاخ بەکەر و ئێستر و وڵاخە بەرزەوە ناڵبەندەکان لە ناڵەکانیان دەکێشانەوە و فڕێیان دەدان و ئاسنگەر و چەخماخساز گەلێکیان لەو بزمارە کۆمانە لابوو. ( ئەو وڵاخە یەک سمانە کە ناڵ دەکران، دواى ماوەیەک سمیان درێژ دەبوو و دەقەڵشی و ئازاریان پێدەگەیی و لە ڕۆیشتنیاندا پێیانەوە دیار بوو, بۆیە دەبوایە ناڵبەند، ناڵیان بکاتەوەو لاى پێشەوەى سمیان لێ بکاتەوە و بەئامێرێکی ئاسنی دەسکدارى دەم پانی تیژ، ئەو سمە درێژە مردووە لێ بکاتەوە. هەروەک ئێمە چۆن کە نینۆکمان درێژ دەبێ نینۆکمان دەکەین و بەو سم تاشینەیان دەگوت (قەیار کردن ).
مەزراح کە دادەکوترا هەندێک جار تەمتەمەکەى دەردەچوو و مەزراحەکە نەدەخولایەوە و منداڵان هاواریان دەکرد ( تەمتەمەى دا بەحەڵوا ) و خاوەنەکەی یارییەکەی جێ دەهێشت و دەبوایە بچێ مشوورى تەمتەمە بخوا. هەر لەم رووەوە بيرمە بە بۆنەى ئەوەى کە پارتی مۆلەتی کارى ئاشکراى پێ درا, لیژنەى ناوچەى کۆیە ئاهەنگیکیان ساز کرد و ئێمەشیان لە ڕانیە بانگهێشت کردبوو, ( ڕۆستەم حەوێزى ) شیعرێکی خوێندەوە، یەک دێڕم لە بیرە کە دەڵێ: ( تەمتەمەى نادا بە حەلوا حزبی کوردیی کۆڵنەدەر — موخلیسە بۆ کاک زەعیمی مستەفا بارزانی کورد ).
پەلیکانێ ( هەلووکێن ) ئەویش ناوى تایبەتیی خۆى هەبوو. یەلیک دارێکی بچووک ئەوەندەى بستێک. ئەو دارەى لە پەلیکەکە دەدرا پێی دەگونرا دەسپەل. یارییەکە دوو تيپی دوو کەسی. یان سێ کەسی بوو. یەکێکیان لەسەر شار بوو کە دوو بەردی کەمێک گەورە بوو و ئەوەى دیکەش دەبوایە هەوڵی بردنەوە بدەن، یان بە گرتنەوەى پەلیکەکە و نە هێلن بکەوێتە زەوى، یان کە هەڵیدەدەن لەسەر شارەکە نزیک بێت ئەوەندەی درێژیی دەسپەلەکە و ئەوەش پێیان دەگوت خیچاندن، واتە پێکان و ئەنگاوتنى ئامانجەكەوتەواو نزیک بونەوە لێی. بە تیمی دووەم دەگوترا لە (بەراوان ) ڕاوەستاون و ئەگەر زۆر لە بەراوان بمابانەوە پێیان دەگوتن ( سوڕڕى ) بوون.
ئەو ڕوونکردنەوانەم بە پێویست زانی، چونکە ئەوەى تەمەنی شەست ساڵ زیاتریشە نە ئەو یارییانەى کردووە, نە لێیان دەزانێ و نە دیویشنی و ئەمانە هەموو هی سەردەمی زێڕینن کە خۆشیمان بەسەردا دەبارى. ئێستا یاریی ئایپادد و شتی سەیری لەو بابەتانە پەیدابوون کە من ناویان نازانم و منداڵ بە تەنیا خۆی دەیانکات.
ئینجا با ژمارەی خرتکە و پرتکەى پێشوو لەگەڵ ئەوەى ئەمڕۆ گرێ بدەین. هەرگیز باوکمم بەو تووڕەییە نەدیبوو و ئەگەر دایکم نەبایە نیوەمردووى دەکردم. باوکم دەستنوێژی شۆردبوو بۆ نوێژی شێوان ( دوایی باسی نوێژى شێوان دەکەم ) و هات دووگردەکە(بەرماڵەکە) ى ڕاخست و لەسەرى دانیشت. مووى ڕدێن و سمێڵی وا تێکەڵ بوو بوون دەمیان داپۆشیبوو و ئاویان لی دەچۆڕایەوە. دیمەنی باوکمم زۆر سەیر هاتە بەر چاو، بەدەست خۆم نەبوو پێکەنینم هات. مۆڕەیەکی لێ کردم و گوتی هەتیو، دیسان بەچی پێدەکەنی؟ ئاخر کەس تڕى کەندووە؟ هیچی دەست نەکەوت تێمسرەوێنێ و تاوى دایە سەلکە بزووتێک و هەر کە تەکانیدا تڕێکی کەند. ئیدى دەستى شل بوو و وامزانی ڕزگار بووم, بەڵام لە ڕقان سەلکە بزۆتێکی گرت و بۆی هێنام, دەستم دایە بەر, بەڵام باش بوو دایکم شیڕاندى و گوتی: کافرى لەخوانەترس ئەوە بۆ وا لەو توڵفە دەکەیت, لەباتی ئەوەى دەمی ئەو بگرى, قوونی خۆت بگرە. قەت دایکم بەو بە بەهێزى و باوکم بەو بێ هێزییە نەدیوە. ئیدى باش بوو بەوەندە ڕزگارم بوو. ڕاستە ئێمەش پێکەنینمان هات, بەڵام پێکەنینێکی تاڵ و زیاتر بەزەییمان پێیدا دەهاتەوە. ئەمە ژیانی منداڵانی ئەو سەردەمە بوو و خەڵک بەزۆرى نەدار بوو و وەکو دەڵێن نان چوو بووە قوڕگی شێرەوە.
ئینجا با باسی زلـلەكانی خۆمتان بۆ بکەم. لەپۆلی یەکی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەى دووەمی کۆیە کە پێیان دەگوت مەکتەبی سەرێ و بە قوتابخانەی ئەولاشیان دەگوت مەکتەبی خوارێ. ئەوسا چوار ڕۆژ، شەش وانەمان دەخوێند. مامۆستایەکی ڕەقەڵەی لاوازی باریکى سیدارەبەسەرمان هەبوو، ئەو وانەیە دەهاتە سەر پۆلەکەمان و ناشزانم چی پێ دەگوتین. ئەو سەردەمە فەرمانبەر بەگشتی سیدارەیان لەسەر دەکرد کە پێشیان دەگوت ( فیصلیە) لەگەل هێنانی فەیسەڵ لە لایەن ئینگلیزەوە و دانانی بە مەلیک لەسەر عیڕاق ئەو سیدارەیەش پەیدا بوو. ئەو مامۆستایە کە دەهات دەیبردین بۆ دەرەوە شار, چونکە قوتابخانەکەمان نزیکی دەرەوەى شار بوو و تۆپێشی دەهێنا، بەڵام هەرگیز یاریمان پێ نەدەکرد، دەیبردین بۆ سەر ئەو جۆگە گەورانەی کە ئاوەکەیان لە هاتنە خوارەوەیان، چەندان ئاشی ئاویان دەگێڕا و پڕ بوون لە پونگ و کووزەڵەو بەندەکە. جارێکیان هەموومان ڕاوەستابووین تۆپەکە کەمێک لە منەوە نزیک بوو, من و کوڕێکی دیان ( مەسیحی) ناوى دنحا بوو، هەردووکمان بچووک و وردیلە بووین, لە ڕیزەکە لە تەنیشت یەک بووین. دنحا شەقێکی لە تۆپەکە هەڵدا و مامۆستام مامۆستا بوو هات و زیللەیەکی سرەواندە پەناگوێم، دەتگوت زەنگەسوورە پێوەى دام و ئازارى پێ گەیاندم، بە تایبەتی کە من بێ تاوان بووم و شەقم لە تۆپەکە هەڵنەدابوو. ئینجا با تێشم هەڵدابێ, ئەدى تۆپ بۆ شەق تێهەڵدان نییە، وەک خەڵکی ئێمە ئەگەر داواى مافی خۆیان بکەن شەقیان تێ هەڵدەدەن. ئەو مامۆستایە هەر ئەو ساڵە لامان بوو ڕۆیشت و گوتیان بووە بە ( کاتبی مەحکەمە ). دواى 37 ساڵ لە دادگاى کەرکووک بینیمەوە, هەر وەک جاران ڕەق و لاواز بوو و سەرى سپی بوو بوو، بەڵام هێشتا تاڵی رەشی تێدا مابوو. قسەم لەگەڵ نەکرد. چونکە ئێشی ئەو زیللەیەم هەر لەبیر بوو و ئەمە یەکەم زیللەیە کە لەبیرمە. دووەم زیللە، ماڵی حاجی تایەرو حاجی رەفیقى دارۆغە، دراوسێی ماڵی پوورێکی باوکم و دایکم بوون. ئەو کورتە کۆڵانەیە هەر ئەو دوو ماڵەی لێ بوو و پێش ئەوان ماڵە ڕووخاوەکەى ( ئەمیناغاى ئەختەر ) بوو کە پێیان دەگووت کاولی ئەمیناغا. حاجی تایەر برایەکی کەوتبووە بەغدا و هەندێکجار هاوینان دەهاتن بۆ سەردانی ماڵی مامیان لە کۆیە. سێ کچی هەبوو( لائقەو فاطمە و دنیا) کوردییان نەدەزانی. ئەو ماڵە پوورەم تاقە کچێکیان هەبو دەیخوێند. ئەوسا مامۆستایانی قوتابخانەى کچان بەزۆرى عەڕەب بوون، چونکە مامۆستاى کوردى ژن پێ نەگەیی بوون, بۆیە کچەکان تا ڕادەیەک زمانی عەڕەبییان دەزانی. کچەکان دەهاتنە لاى کچە پوورەکەم, بە تایبەتی ( دنیا ). کچە پوورەکەم کتێبۆکەیەکی هەبوو لەبەرگەکەى نووسرابوو ( مختارات الأغانی ) هى ( محمد عبدالوهاب). من دەرچووبووم بۆ پۆلی دوو. گۆرانییەک ناوى ( یادنیا یاغرامی ) بوو و نازانم چۆن دەمزانی بیخوێنمەوە. ڕۆژێکیان من لەماڵی پوورم دەهاتمە دەر و لەبەر دەرگا تووشی دنیا بووم، دەهاتە ژوورەوە و منیش گوتم یادنیا یاغرامی. دنیاش تا هێزى هەبوو زیللەیەکی سرەواندە بنا گوێم. گریام و نەمزانی بۆ لێی دام و دوایی کە گەورە بووم و شتم زانی بۆم دەرکەوت کە بەو لێدانە پێی گوتم بێ ئەقڵ تۆ بەکەڵک نایەى و ئێستاش بەم تەمەنە، ئەگەر ئە و قسەیە بە کچێکی جوان بڵێم, ئەویش بە زیللەیەک بناگوێم سوور دەکاتەوە و دەڵێ: نەزان بەکەڵک نایەیت و پێم وایە، ڕەنگە ڕاستیش بکات.
زیللەى سێیەم، ئاى لە زیللەى سێیەم، لە پۆلی دوو دەرچووبووم بۆ پۆلی سێ و لە مزگەوتی ( مەلائەسعەدى باپیری مەلاى گەورە ) قورئانم دەخوێند لاى پوورزایەکی باوکم کە فەقێ بوو لەوێ. ڕۆژێکیان وانەکەى پێ گوتم و چەند جارێک دەورم کردەوە و دواى ئەوە چووم بۆ ناو بازاڕ لە مەیدانی سەرێ پشت چایخانەکەى مام تەها ( کۆییەکان شوێنەکە دەزانن) شایی بوو. زەماوەندی دایکى کاکە قوباد جەلیزادە بوو بۆ کاک ئیسماعیل نورى ( ئیسماعیلی مەلایان ــ جەلیزادە) و دانشتبووم تەماشاى شاییەکەم دەکرد و هەر ئەوەندەمزانی زرمە لە بناگوێم هەستاو کە سەیرم کرد، باوکم بوو، تومەز وایزانیبوو خۆم لە دەرس و دەور دزیوەتەوە. قوربان ئەمەش سێیەم زیللە. ئيدى سەلامەت بن و هەمیشە هەر بە خۆشی و شادی بتانبینم و یاخوا هەرگیز بەر زیللەى ڕۆژگار نەکەون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت