پشکۆ ئەمین: بوومەلەرزەکەی 14 مانگ کارەسات بوو، نەک هەڵبژاردن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربوون ئەوانەی بەبڕواو هیواوە چاوەڕوانی گۆران بوون، بەلام بەشکست کۆتای هات. هیواکان سەوزنەبوون، بە ملێۆنان تورک و بەشێک لە خەڵکی ناتورک و تەنانەت بەشێک لەدەستگاکانی راپرسی و هەواڵنێران و راگەیاندنیش دڵنیابوون کە کڵچدار لە قۆناغی یەکەمدا سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت و بەمە سەردەمێکی نوێ لە تورکیادا دەست پێدەکات و کۆتای بە سەردەمی دیکتاتۆریەت و خۆ بەزلزانین و برسیەتی و بێکاری هەڵاوسان ودابەزینی لیرەی تورکی و گەندەڵیەکانی ئەردوگان و ئاک پارتی دێت.
کلامرۆتی راگەیاندکاری ARD بە پەشۆکاویەوە ئیوارەی یەکشەمە هاتە سەر شاشەو دووجار لەسەریەک دەڵێت ئێوارەتان باش، دەپرسێت ئایا ئەردۆغانی ئەبەدی دەلەرزێت؟
ئەمە ئەو پرسیارە سەختەیە،گەرچی پرسیارێکی رەوایە، کلامرۆتی دەیەوێت مامەڵە لەگەل ئەو باسەدا بکات و دەڵێت: لەهەر حاڵەتێکدا دوانزەهەمین سەرۆک کۆماری تورکیا، هەموو شتێکی کرد بۆ ئەوەی نەک لەرزین، بەڵکو بۆ هەمیشە بمێنێتەوە!، ئەردۆغان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا 42 کاتژمێر کاتی پەخشی تەلەفزیۆنی گشتی وەردەگرت، هەمووکاتیک لەبەر میکرۆفۆندا دەبینرا و ریکلامی بۆ خۆی و هاو پەیمانیەتیەکەی دەکرد.
بەڵام ڕکابەرەکەی کەمال کڵچدارکە بۆ بەرزترین پۆستی وڵاتەکەی کاندیدە، تەنها 38 خولەک تەلەفزیونی پێدرا تا ریکلام بۆ خۆی بکات، چەند ساڵێکە هەموو میدیاو تەلەفزیونەکانی تورکیا داخراون، یا لەژێردەستی ئەردوگان و کەسانی سەر بەون.
ئەلێکساندەر گراف لامبسدۆرف وتی: هەڵبژاردنی تورکیا بە دادپەروەرانە نەڕۆیشت” ئەو شارەزایەی سیاسەتی دەرەوەی FDP کە وەک ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا بەرپرسیار بوو لە تورکیا، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو کاتە زیاد دەکات کە پێوانە کراوە و دەڵێت: ئەگەر سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لە تەلەفزیۆندا دەربکەوتایە وەک ئەردۆگان، ئەوا هەڵبژاردنەکە بە ئاقاریکیتر دەگەیشت و لەچوارچێوەیەکی تردا دەبوو، سەرەڕای ئەوەش کەمال ئۆغڵو چانسی لە هەڵبژاردنی دووهەمی دووهەفتەی داهاتوودا هەیە. لامبسدۆرف دەڵێت: ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنی ئەمساڵە لە سەرانسەری جیهاندا!.
شوابێ سەرۆکی شاندی چاودێرانی هەڵبژاردنە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە، کە( دیموکراسیەت لە تورکیادا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بوونێکی کەمی هەیە، گەرچی تورکیا دوورە لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە.
بە گشتی چاودێران ڕیز بەندییەکی باش ودیموکراسیانەیان بە تورکیا نەدا،بەڵام لە ئاستێکی گەورەدا، باسی تەزویرو دەستکاریکردنی هەڵبژاردنیشیان نەکرد، وتیان دەنگدانی خێزانی و گروپی باو بوو، بەڵام لەکاتی ژماردندا ڕێوشوێنی ئەمنی گرنگ ڕەچاو نەکرا!! هەروەها گومانیان له سەربه خۆیی ئه نجومەنی هه ڵبژاردنه کان هەیە، چوونکە بە ڕێکەوت نیە کە ئەمجارە ڕیگەیان نەداو به پێویستیان نەزانی چاودێرانی هه ڵبژاردنی نێودەوڵەتی پچنە تورکیاو چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن! بۆیە ئەمانە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە پارتەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسێۆن نەیانتووانی کە سوود لەو هەموو کارەساتە ببینین و تاوانەکان بدەن بەسەرو گویلاکی ئەردوگاندا وەک بینیمان.
بەپێچەوانەی ئۆپۆزسێۆنەوە ئەردوگان و تیمەکەی کەوتنە بڵاوکردنەوەی درۆو ڤیدیۆی دەستکاری کراو و دروستکراو و بڵاوکردنەوەی لەکات و ساتی خۆیدا، جگە لە هەڕەشەکردن لەژێرناوی کودەتاو تەسلیم نەکردنی وڵات بەتیرۆرستان و پشتگیری کەرانی پێکەکە، بەمە سەرکردەکانی ئۆپۆزسێۆن لەبەرچاوی خەڵکە ئیسلامیە توندڕەوە ناسونالیستەکە خست و دەنگی پیویستیان نەهینا.
ڕۆژی پێنجشەمە، موحرەم ئینجە کە یەکێک لە چوار کاندیدەکەی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بوو، کشایەوە بە هۆکاری”ڤیدیۆی سێکسی” بوون کە بەم دواییە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەرکەوتووە، گەرچی ئینجە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هیچ ڕاستیەک لەوەدا نییە. ئەم جۆرە فەزیحەیە واتە”ڤیدیۆی سێکسی” لە سیاسەتی تورکیادا شتێکی نوێ نییە، دەنیز بایکال، سەرۆکی پێشووی جەهەپە وەک ئینجە ئەویش، لە ساڵی 2010 دەستی لە کارکێشایەوە لەسەر ڤیدیویەک هەروەک ئەمە.
ئەردۆغان هاوکاری نافەرمی کیلیچدارئۆغڵو لەگەڵ هەدەپە کردە پرسێکی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کە پەیوەندیان لەگەڵ تیرۆریستان هەیە، واتە پێکەکە، بەمە تورک دژی کیلیچدار وەستانەوە. یەک شەمەی ڕابردوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ئەستەنبوڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گرتەیەکی دەستکاریکراوی بڵاو کردەوە،کە تیایدا کیلیچدارئۆغڵوی نەیاری لەگەڵ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، موراد قەرەیلان دەبینرێت، ئەم ڤیدیۆیە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە ئەردۆغان دوای بیست ساڵ دەسەڵاتدارێتی، سەرەڕای قەیرانی ئابووری و برسیەتی و گەندەڵی و کارەساتی بوومەلەرزە، وەک پاڵێوراو دەچێتە قۆناغی دووەمەوەو، هاوپەیمانێتیەکەی ئەردۆگان لە کۆی 600 کورسی 322 کورسی بەدەستهێنا کە زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمانە. وە لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا ئەنجامەکە بەسەرکەوتنی ئەردوگان بە 49.9% ی دەنگەکان سەرکەوت، رکابەرەکەی، کاندیدی 6 حیزبەکەی ئۆپۆزسێۆن کیلیچدار کە پاڵپشتی کوردیش لەگەڵدا بوو، تەنها 44.95% دەنگەکانی بەدەست هێنا.
گەرچی هەرسێ کاندیدەکەی سەرۆکایەتی کۆمارلە قۆناغی یەکەمدا شکستیان هێناو، هیچ کامیان نەیانتوانی 51% دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئێستا ئەردوگان و کڵچدار ئۆغلوو دەچنە قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردن، کە لە 28 ی ئایاردا دەکرێت.
ئەم شکستەی یەکشەمە، 14ئایار هێندە جێگەی شۆک بوو کەئۆپۆزسێۆن لە ئێستاوە باوەڕیان بەسەرکەوتن نەماوە. ئەوەتا رۆژنامەنووسی ناسراو بەناوبانگی ئاوارە. کان دوندار کە چەند ساڵێکە لە دەست دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان هەڵاتوەو لە بەرلین دەژی، هیوایەکی کەمی هەیە بەسەرکەوتنی ئۆپۆزسێۆن. پێیوایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی 28ی ئایاردا سەردەکەوێ. کان دەڵێت: دەنگدەران ڕێگە بەترس دەدەن رێنمایان بکات، لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانیاندا، نەک گرەو لەسەر گۆڕانکاری بکەن و هەوڵی بۆ بدەن. دوندار دەڵێت: ئەردوگان بە شێوەیەکی سیستماتیکی ترس و ڕق و کینەی لە نێو تورکیادا بڵاوکردەوە، ئێستا کەمن ئەوکەسانەی کە لەنێوان دیموکراسی و ئاسایشدا دیموکراسی هەڵبژێرێت، زۆرینە ئاسایش هەڵدە بژێرێت. ئەردۆگان پێگەی تایبەتی ئایینی زیاد کرد، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە تورکیادا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەو 21 ساڵەی دەسەڵاتداریەتی ئەردۆگاندا، خەڵکانی ئاینی لەنێو نەوەی نوێدا بەرهەم هێنا، سیستەمی پەروەردەی عەلمانی لەناوبرد و سیستەمی پەروەردەی ئایینی لە شوێنی دانا.
دوندار دەڵێت: زۆرینەی خەڵک هیوایان بە گەنجان هەبوو، وە پێیانوابوو ئەو 6.6 ملیۆن دەنگدەرەی گەنج کە بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، دەبنە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕانکاری، بەڵام پێناچێت وابووبێت.
ئۆزەر سێنکار، سەرۆکی کۆمپانیای میترۆپۆڵ دەپرسێت: بۆچی ئەردۆغان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا دۆخی ئابووری لە 30 بۆ 40 ساڵی ڕابردوودا هێندە خراپ نەبووە؟
وەڵامەکەی، چوونکە دەنگدەرانی ئاکەپە قەیرانی خراپی ئابووریان نەخستە ئەستۆی ئەردۆغان، بەڵکو خستیانە ملی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و وتیان: بەهۆی ئەوانەوەیە کە ئابوریەکەمان هیندە خراپە!!
ئەم پرسیارو وەڵامەی ئۆزەر زۆر راستە، ئەوەتا وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیلۆ بەئاشکرا دژی ئەمریکا دەدوێت و دەڵێت لایەنگرانی ئەمریکاو ئەوروپا تورکیایەکی خراپ و بێ توانایان دەوێت، ئەوانن کە دەیانەوێت ئەردۆغان تۆمەتبار بکەین و دژی دەنگ بدەین، بەوەی کە بێتوانایە لە حوکمڕانیدا، دەنا سەرۆکەکەمان لە هەموو کەسێک دڵسۆزترو زیاتر هەوڵی خزمەتکردنی خەڵک و وڵاتەکەمان دەدات. ئەوەتا خانوو بۆ زیان لێکەوتوان دروست دەکات هاوکاریان پێشکەش دەکات ولات دەپارێزێت لەتیرۆرستان.
ئۆپۆزسێۆن نەیتوانی بەشێوەیەکی باش بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، نەیتوانی دەنگدەر تێبگەیەنێت کە خراپی ئابووری خەتای ئەمریکاو ئەوروپانیە، تاوان لە ئەردوگانە لەگەندەڵی و دزی، ئاکەپەیە هۆکەی بیتوانای بەرێوەبردنی وڵاتە. دەنگی ئۆپۆزسێۆن نەگەیشتە دەنگدەری تورکی بەگشتی وەک پێویست، لەبەر ئەوەی کە ئەردۆغان لە 90% میدیاکانی بە دەستەوەیە، پێدەچێت هەمان هۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتووەکان بوومەلەرزەش راستبێت، ئەوەتا لە ناوچە زیان لێکەوتووەکان، زۆرترین دەنگ دراوە بە ئەردۆگان، کە دەبوایە پێچەوانە بووایە. زۆری ڕەخنەکان لە گەندەڵیەکان و تاوانبارکردنی حوکمەتەکەی ئەردوگان بەوەی ملیۆنان شوقەی لەتاقیکردنەوەی سەلامەتی بوومەلەرزە بەخشی بوو، کە ئەوانە هۆی رووخانی باڵەخانەکان بوو، زیان لێکەوتووان ئاگادارن کە خەیمەکان نەدرا پێیان، بەڵکوو دەبوایە بیکڕن. ئۆپزسێۆن نەیتوانی بەباشی ئەمانە بگەیەنێتە دەنگدەران.
ئەمە جگە لەوەی کە کڵچدار ئۆغلوو وەک عەلەویەک لەوڵاتێکی ئیسلامی سوونی ئیخوانی کۆنەپەرستدا، زەحمەتە دەنگی پێبدرێت! هەموو مەلای مزگەوتەکان و نۆکەرو پیاوی ئەردوگان و ئیخوانین و پارە لەدەوڵەت وەردەگرن.
کیڵیچدارێکی کوردی عەلەوی و دەرسیمی و سەرب ە حیزبە عیلمانیەکەی ئەتاتورک زەحمەتە تورکی سونی شۆڤێنی دەنگی پێبدەن، لەکاتیکدا دەنگیشی بەگوێی دەنگدەر ناگات و ناتوانێت خۆی بەدەنگدەر بناسێنێت و شتەکانیان بۆروون بکاتەوە، بەهۆی ڕێگەنەدان و نەبوونی تەلەفزیون و میدیای ئازادەوە، کە لەژێر دەسەڵاتە دیکتاتوریەکەدان.
من پێموایەو باشتر دەبوو کە ئۆپۆزسێۆن، ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبولیان کاندید بکردایە لەجیاتی کیلیچدار، ئەردوگان شارەزاو لێزانەو وتاربێژێکی بەتوانابوو، 20 ساڵە راهێنان دەکات. دەزانیت جەماوەر چۆن دەخڵەتێنێت، ئەم رێویە لەم چەند مانگەی دوایدا بە وێنەیەکی جیاواز خۆی دەرخستەوە.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە هەڵاوسان بە فەرمی بۆ 85% بەرز بووەوە، ڕێژەی دابەزینی دەنگەکانی ئەردۆغان ئەوەندە نزم بوو کە هەرگیز وانەبووە، بۆیە چەند مانگێ پێش هەڵبژاردن، ئەردۆغان کەوتە خۆی بۆراکێشانەوەی دەنگدەر بەلای خۆیدا، بڕیاری زیاد کردنی،کەمترین موچەی بەشێوەیەکی بەرچاودا، بریاریدا کە خانەنشینی پێشوەختەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس جێبەجێ بکات، چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان مووچەی کەرتی گشتیی بەڕێژەی لەسەدا 45 بەرز کردەوە، لێخۆشبوونی بۆ ئەوانەی کە باجیان نەدابوو دەرکرد، چەندین هەلی کاری زیادەی لە دەزگای دەوڵەتدا ڕەخساند، بەڵێنی بەهەموو ماڵەکاندا بۆ دابینکردنی غاز بەخۆڕایی بۆ ماوەی مانگێک، دیارە بەم کارانە توانی بۆچوونی خەڵکەکە بەرامبەر بەخۆی و حیزبەکەی بگۆڕێت. هەروەها هەڵاوسان بەلایەنی کەمەوە بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەم دواییانەدا بۆ 44% دابەزند،گەرچی ئەمە راستنیە، بەڵام خەڵک ئەوە نازانێت.
سینان ئۆگان،کە کەسێکی توندرەوی رەگەزپەرستی تورکە لەمەهەپە جیابووەوە، سێهەم کەسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماربوو، زیاتر لە سەدا پێنجی دەنگەکانی بە دەستهێنا، پێدەچێت بە هۆی ڕێکەوتنی کیڵیچدار ئۆغڵو لەگەڵ هەدەپەی لایەنگری کورد، دەنگدەرە ناسونالیستەکانی ناوئۆپۆزسێۆن دەنگیان بەم سینانەدابێت، لەباتی بیدەن بە کیڵیچدا، ئەم تورکە رەگەز پەرستە خواستوداوای گەراندنەوەی پەنابەرەکان سوریەکان دەکات، هادەپ وەک تێرۆرست ناودەبات، تورکیش ئەمەی دەوێت!!
ئێستا سینانی گورگە بۆر بەکیڵیچدار دەڵێت: دەنگەکانی خۆمت دەدەمێ واز لەهادەپ بهێنە، لەکاتێکدا کیلیچداری ڕکابەری ئەردوگان، ڕێژەیەکی بەرزی دەنگەکانی هی کوردەکانی باکوورە،کە هەدەپەی لایەنگری کورد پێگەی بەهێزی خۆی هەیە. هادەپ کاندیدی خۆی بۆسەرۆکایەتی نەخستە ڕوو، بەڵکو داوای لەهەوادارانی کرد دەنگیان بە کیلیچدار بدەن، ئەمە هەڵەیەکی گەورەبوو پارتی چەپی سەوز کردیان. دەبوایە کاندیدی خۆی هەبووایە، رێکەوتنەکەی نێوان پارتی چەپی سەوزو ئۆپۆزسێۆن نەباس دەکرێت نەکەس دەزانێ لەسەرچی ڕێکەوتوون. بەڵام ئەمە هۆیەک بوو بۆ لە نێوچوونی دەنگی دەنگدەرانی ناسیۆنالیستی ناو ئۆپۆزسێۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت