عەبدولکەریم شێخانی: باتیلماسکێکی دیکە لەو هێشووە ترێ شیرینەى زمانی کوردى نۆشی گیان کەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

16. 10. 2022
لە ڕاستیدا بە تەمای نووسینێکی دیکە بووم, بەڵام لە تەلەفیزیۆن شتێکم خوێندەوەو نەمویست هەروا بێ بایەخ پێدان بەلایدا بڕۆم و وەکو بە عەڕەبی دەڵێن: ( أمر علیە مرور الکرام )، چونکە ئەگەر کاتی بەسەردا تێپەڕیبا ئەو بایەخەى نەدەما.
یەکەم/ ئەگەر بابەتێک یان پرسێک پەیوەندیی بە کەسێکەوە هەبێ و من, یان تۆ, یان هەر کەسێکی دیکە لە پەیوەندیدارەکە پتر بایەخی پێ بدەین و لەو زێتر بەهەندی وەرگرین. بە عەڕەبی پێی دەڵێن ( ملکی أکثر من ملک ). هەندێک ( کۆلکە زمانزان) ی دوای ڕاپەڕین دەیهێنن و دەیبەن و دەیانەوێ ئەم ڕستەیە خۆی بکەن بە کوردی و دەڵێن ( لە شا شاترە ) یان لە ( مەلیک مەلیکترە ) و خۆیان ماندوو ناکەن بزانن بە هەمان مانا ئێمەى کوردی قوڕبەسەری وڵات و زمان داگیرکراو شتی لەو بابەتەمان هەیە، یان نا. بەڵام منی پیرى نەزانی ( کۆنەپەرست ) هەندێک جار وەک شێتان شتێکم بۆ دێ و خێرا دەینووسم, چونکە لەبیرم دەچێتەوە و جارێکی دیکە ( ئیمامی ڕەبانی) ش بە بیرمی نایەنەتەوە. لەوانە دوێنێ ( 15. 6) ئەوە ڕاگەیەنرا کە کانە خەڵووزێکی بەردین لە تورکیا تەقیوەتەوە و پێم وایە، چەند کرێکارێک بوونەتە قوربانی. شتێکی ئاساییە مرۆڤ وەک هەستێیکی مرۆیی هاوخەمی کەسوکارى ئەو قوریانییانە بێت, بەڵام لەکەسوکارەکەیان بەپەرۆشترو خەمبارتر بێت, ئەمەیان سەرنجی پیاو ڕادەکێشێ.
جارێ ( رجب طیب ئەردۆغان) ی سەرۆکی تورکیا هاوخەمیی خۆی ڕانەگەیاندبوو کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمیی خۆی پیشاندا و تەلەفزیۆنیش ( پیم وایە ڕووداو) بوو، لێکدا لێکدا ژێرەمانشێتی بەو مانایە بڵاو دەکردەوە و دووبارەى دەکردەوە. باشە دەستت خۆش بێ زانیمان ئەوە هاوخەمیت دەربڕى, بەڵام ئەو هەموو دووبارە کردنەوەیەى بۆ چییە؟ وەکو گوتم ئەم هاوخەمییە مرۆییە هەتا بڵێی هەستێکی جوانە, بەڵام خەڵک ناهەقی نییە بپرسێ و بڵێ: (گەلۆ) ئەى ئەو هەموو کوردە قوڕبەسەرە ماڵوێرانە لە دەریاى ( ئیجە) خنکان و بێ سەر و شوێن بوون بۆچی, نە هی خۆمان و نە هی دەرەوە, کەس ( گونی خۆی بۆ لە خمی نەدان) و هاوخەمیی خۆی دەرنەبڕی؟ بۆ بەرپرسێک سەری بە ماڵی یەکێک لەقوربانییانی ئەو کارەساتانە و ئەو لێ قەوماوانەدا نەکرد کە هەم سەریان چوو هەم ماڵیشیان. بۆ, ئەوانە کورد نەبوون؟ ئادەمیزاد نەبوون وەک ئەو کرێکارانە؟ ئەى ئەو قوربانییانەى تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوا بۆ باسیان نەکەین و بۆ بەڕەش نەڵێین ڕەش و بە سپیش نەڵێین سپى؟ بڕوا بکەن ئەمە نە کوفرەو نە گوناحە و نەخیانەت. دوژمن هەر دوژمنە لە ڕۆژهەڵات بێ، یان باکوور – یان ڕۆژئاوا و با خۆشمان هەڵنەخەڵەتێنین.
ئینجا روو لە هەمووتان دەکەم بە بەرپرس و نابەرپرسەوە (ملکی أکثر من ملک ) ی عەڕەبی بە کوردی پێی دەڵێن: ( کوچک لە ئاگر گەرمترە ) و تکاش لە کۆلکە زمانزانەکانی ئاخر زەمان دەکەم نیخە نیخ خۆیان ماندوو نەکەن، چونکە بابوباپیرانمان ئەمەیان بۆ ڕوون کردووینەتەوە و وەک هێلکەی پاککراو داویانەتە دەستمان.
دووەم/ کچێکی بێ کەس تاقە دایکێکی هەیە و مەمرەو مەژی رۆژگار بەڕێ دەکەن. لەگەڵ دایکی سەریان پێکەوە ناوە و دایکە بە ئیشکەری بۆ ماڵان دوو قرۆش پەیدا دەکا و پێی دەژین و کچەش وا خەریکە پێ دەگات و لەخواى داوایە حەڵاڵ زادەیەک سەرێکیان لێ خوار کاتەوە و ئەویش ماڵ و مێردێکی هەبێ, بەڵام کەس دیار نییە. ڕۆژێکیان کچەکە لەسەر بەرماڵ دواى نوێژ کردن، دەستی دوعا بەرز دەکاتەوە و دەڵێ: خوایە من بۆ خۆم هیچت لێ داوا ناکەم, بەڵام دایکم زۆر بێ کەسە و زۆریش ماندووە, تو گەورەیی خۆت، زاوایەکی قۆزى دەوڵەمەندی بۆ بنێرى، بەڵکو لە سایەیدا بحەسێتەوە. ئەو کچە نزایەکی ژیرانەى کرد. نازانم ئەى ئێمە چ نزایەک بکەین، بەڵکو ئەوە خوایە مووچە دزراو و تاڵانکراوەکانمان دەست کەوێتەوە. دە توخوا ئێوەش نزایەکی ئاوا ژیرانە بکەن، بەڵکو ئەوە خوایە دوعای یەکێکتان گیرابێ.
سێیەم/ کۆلکە زمانزانەکان, یان وەک هەندێک دەڵێن: ( فەریکە زمانزانەکان ) بێ بیر لێ کردنەوە هەندێک وشە بەهەڵە و بە نەزانی بەکار دێنن. بۆ نموونە ( سەرکۆنە ) بە ماناى ( إدانە) بەکار دێنن و ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. زۆرجار باوک کە زۆر سەر دەکاتە سەر منداڵەکەی و لەسەر کارێک، یان شتێک زۆرى لەگەڵ دەڵێ وەک ئەوەى بۆ وات کرد, یان بۆ وات گوت, دایکەکە دەڵێ ئەو منداڵە سەرکۆنە مەکە و ئەوەندە لەگەڵێ مەڵێ. سەرکۆنە بە ماناى زۆر لەگەڵ گوتن دێ نەک بۆ ( مەحکوم کردن ). من پێم وایە سەرزەنشت کردن بۆ ئیدانەو مەحکوم کردن گونجاوترە, چونکە سەرزەنشت کردن نیشانەى ناڕەزایی و تووڕەبوونی زۆرتری پێوە دیارە. هیوام وایە کۆلکە زمانزانەکانی تەلەفزیۆنە باڵا دەستەکان خۆیان نەکەن بە کوێخا بەسەر زمانی کوردییەوە و چیدیکە زمانی کوردی تێک نەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت