عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و یەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

7. 11. 2022
دواى ئەوەى باران بارى, هەناری مێخۆش خۆش بوو, هەرچەندە برادەرى وا هەیە وشەى مێخۆشی بەدڵ نییە, ئەمەش ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ ( مێ)ى تێدایە. باشە خۆ هەرمێ, ئەویش نیوەى مێیە, ناسکە( هەرمێ) خۆشە. دەڵێم با ئێمە ئەوەندە هەستیار نەبین و وشەکان کەرت نەکەین، وەکو ( ابن الرومی ) نەکەین. ابن الرومی شاعرێکە بەبنەچە عەڕەب نییە و ڕۆمییە, پیاوێکی ڕەشبین بووە و بۆ نموونە ڕقی لە وشەی ( جعفر ) بووە و گوتوویەتی لە ( جاع و فر ) پێک هاتووە. با دوور نەکەومەوە و لەمەودوا بەپێی وەرز میوەتان بۆ دادەنێم و ئێستا قاپێک دەنکە هەنارى مێخۆش خۆشە و نۆشی گیانی کەن.
هەندێک یادگار هەن دەکەونە بن یادگارەکانی دیکە و بە نقە نقیش نایەنە دەرێ و جارى وا هەیە سەر هەڵدەدەن و ئەگەر خێرا تۆماریان نەکەم بزر دەبنەوەو , جارێکی دیکە بە ئامان و زەمان بۆم دەرنایەنەوە. سەرەتاى هاوینى 1954 بوو دەچووم بۆ بەغدا. لە هەولێر سوارى شەمەندەفەر بووم. لە کەرکووک ماوەیەکی باش دەوەستا و خەڵک سەردەکەوتن. ئەوەندەم زانی ئەفەندییەک بەخۆى و عودێکەوە سەرکەوت بۆ ئەو فارگۆنەى ئێمەی تێدا بووین. ئەویش وەک خەڵکی دیکە بۆ خۆی لە شوێنێک دانیشت و عودەکەی خستە سەر ئەژنۆی. من بیرم هاتەوە کە ئەو کوڕەم لە کۆیە دیوە, بەڵام نەمدەزانی ناوى چییە و کوڕى کێیە و نەشمدەزانی کە باوکی پۆلیسە. چەند ئاسوورییەکی دیکە ( ئەوسا نەیاندەگوت ئاشوورى ) لە کۆیە پۆلیس بوون, یەکیان ناوى گۆریل بوو و کوڕێکی هەبوو ناوى یوخەننا بوو. ئەو پۆلیسە سەگکوژ بوو و تاپڕێکی بەدەستەوە بوو سەگی بەڕەڵلای دەکوشت. یەکێکی دیکە ناوى ئەسکەندەر بوو کوڕیکی هەبوو ناوى هورمز بوو . دواى ئەوەى هەندێک ڕۆیشتین و وردە وردە شەو هەڵکشا, ئەو برادەرە عودەکەى دەرهێنا و هەندێک درینگە درینگی لێوە هێناو گوتی کێ دەنگی خۆشە با گۆرانی بڵێ. بەڵام ئیمە شتاقمان، یان دەنگخۆش نەبووین, یان ڕوومان نەیوو گۆرانی بڵێێن, بۆیە خۆى بە عود لێدانەوە دەستی پێ کرد. ئیدى تادرەنگانێکی شەو گۆرانیی گوت. ئەو کوڕە دوایی بوو بەو باکوورییەى کە لە هەموو کوردستان ناوى دەرکرد و جێ پەنجەى لەسەر هونەرى مۆسیقاو گۆرانیی کوردى دیارە و پێی ناوێ من پێی هەڵبڵێم، چونکە هەمووتان لەمن باشتر دەیناسن، بەڵام بە داخەوە ڕۆژی 2ى /11 ئەو ئەستێرە گەىشەیەى هونەرى کوردى لە گرشە گرشە کەوت و کۆچی دوایی کرد . خواى گەورە لێی خۆش بێت و بە بەهەشتی شاد بکات. باكوورى لە گەلێک کۆڕی هونەرى گۆرانیی بەشداری کردووە و گەلێک ڕووداوى دیوە. ئەو دەڵێ: جارێکیان لە دهۆک بانگ کرابووین لەگەڵ کاک تایەر تۆفیق و چەند کەسێکی دیکە. هۆڵەکە وا پڕ بوو بوو کە بە پێوەش جێگا نەمابوو. موستەشارەکان بەو پەڕى پۆشتەیی لە ڕێزى پێشەوە دانیشتبوون. کە کاک تایەر چووە سەر شانۆکە و چاوى بەو هەموو موستەشارە کەوت گڕى گرت. بە ( شیرین بەهارە ) دەستی پێ کرد, بەڵام ئەوەندە بەکوڵ گوتی کە دارو بەردى دەلەرزاند. ئەو موستەشارە گیرفان پڕانە هەستابوونە سەر پێ و دەستخۆشییان لێ دەکرد و بیست و پێنج هەزاری و دە هەزارى بەسەریدا دەبارى. کە تەواو بوو هاتەوە شوێنەکەى خۆی و پیى لەو هەموو پارەیە نا کە کەوتبوونە سەر شانۆکە, هەرچەندە دڵنیا بووم کەئەو کاتە پێنج دینار لە گیرفانیدا نەبوو.
ئەگەر پێتان ناخۆش نەبێ حەز دەکەم باسی شتێکی دیکە بکەم, باسی ( الباقورى) بکەم کە لە وشەى ( باکوورى )یەوە نزیکە. ڕەنگە هەندێک کۆلکە زمانزان بڵێن ئەمە هەر باکوورییەکەى لەمەڕ خۆمانە و عەڕەب گۆڕیویانە. ئەو نەخۆشیی دەمارگیرییەمان لە عەڕەبەکانەوە بۆ ماوەتەوە. یەکێک دەڵێ ( شکسپیر ) ( شێخ زبیر) ى عەڕەبە و ئینگلیز سەروگوێیان شکاندووە. ( باقور) گوندێکە سەر یە پارێزگاى ( أسیوط ) لە مصر. ( أحمد حسن الباقورى) لەو گوندە لە دایک بووە و لە ( زانکۆی ألأزهر ) خوێندوویەتی بڕوانامەى دکتۆراى بەدەست هێناوە. ئەو جارێ قوتابیی ئەزهەر بوو کە چووە ناو حزبی ( إخوان المسلمین ) و زوو پێش کەوت و تەنانەت ئەو بەربژێرێکی بەهێز بوو وەک ڕابەرى ئیخوان جێی ( حسن البنا ) بگرێتەوە. ەر ئەویش سروودى سەرەکیی ( الإخوان ) ى داناوە کە ئیخوانەکان دەیڵێنەوە. ئەو پیاوە زیرەکە بڕواى وابوو کە دەبێ سوننەو شیعە لێک نزیک بکرینەوە،چونکە لێک دوور کەوتنەوەیان زیان بە ئایینی ئیسلام دەگەیەنێ. لە دواى کۆدەتاکەى مصر لە 22ى تەموز ( یۆلیۆ) جمال عبد الناصر داواى لە ئیخوانەکان کرد یەکیک بپاڵێون بۆ بەشدارى کردن لە حکوومەت. ئەو ڕابەر و جێگرى ڕابەرى وەرنەگرت و لە نێوئەوانی دیکەش ( دکتۆر أحمد حسن الباقوری )ى هەڵبژارد. باقورى پرسی پێ کردن و ئەوان قبووڵیان کرد بە مەرجێک دەست لە ئیخوان بکێشێتەوە. ئەوە بوو عبدالناصر وەزاڕەتی ئەوقافی پێ سپار . باقورى ئەوەندە پڕ و زانا بوو زۆر لەو شوێنە گەورەتر بوو و لەوێ جێێ نەدەبووەوە. لەو سەردەمەدا نێوانى مصر و عیڕاق خۆش نەبوو، عیراق بە ڕابەرایەتیی ( نوری السعید) و بە دەست لەپشتدانی ئینگلیز و ئەمریکا خەریکى دامەزراندنی پە یمانی بەغدا بوو و نیازیشیان وابوو وڵاتە عەڕەبییەکانی دیکەش پەلکێش بکەن بۆ ناو ئەو پەیمانە گوماناوییە ( ناوێرم بڵێم گواوییە ). پێشتر وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پەیمانی باکووری ئەتلەسیی ناسراو بە ( ناتۆ)یان لە ساڵی 1954 بۆ گەمارۆدانی سۆڤیەت پێک هێنابوو. لە ساڵی 1955ش پەیمانی باشوورى ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان پێک هێنا کە بە سیاتۆ ناسرابوو. پەیمانی بەغداش دواى ئەو پەیمانە لە ساڵی 1955 پێک هێنرا. سۆڤیەت بۆ ڕوو بەڕوو وەستانەوەى ئەو پەیمانانە ( پەیمانی وارشۆ) ى دامەزراند کە لە یەکێتیی سۆڤیەت و حەوت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پێک هاتبوو. عبدالناصر دژی پێک هێنانی پەیمانی بەغدا بوو. بیرمە ( دکتۆر أحمد حسن الباقورى ) گوتارێکی زۆر توندى دژی عیراق نووسی بە ناوى ( لو قابلت الملک فیصل لقلت لە ) و لەو گوتارەدا هێرشی کردبووە سەر نورى السعید خۆى. لە عیڕاق ئەفسەرێک کە نازناوەکەى ( الجنابى) بوو بە شیعرێک وەڵامی دابووەوە و تەنیا یەک دێڕم لە بیرە: وابن السعید لە مواقف عظیمة >> من قبل أن یحلم الصاغات بالرتب.
ئەو سەردەمە پلە سەربازییەکانی مصر هەر تورکی بوون, بۆ نموونە ( ئۆنباشی)، واتە سەردەستەى 10 سەرباز, یوزباشى واتە سەردەستەى 100 سەرباز و ( بەکباشی ) کە کافەکە بە (نون) دەخوێنرێتەوە و دەبێتە ( بینباشی )، واتە سەردەستەى هەزار سەرباز و (صاغ) یش بۆ ( نقیب ) بەکار دەهات و دوایی هەموویان گۆڕی و کردیانە عەڕەبی. بۆ ڕاستى قسەکەم سەردەمێک لە خوێندنەوەى هەواڵی تورکی دەیاننووسی ( گونک خبرلرى) و بە ( گونن خبرلرى ) دەخوێنرێتەوە و لە سلیمانی دەیانخوێندەوە ( گونک خبزلری ). لە سلێمانی بە (ئەنگوتک )دەڵێن ( گونک) و لە ناوچەى رواندز بە کەسی قۆڕ دەڵێن گونک و بیلامانێ لە گونەوە بۆى دەچن.
شتى دیکە ماوە, بەڵام دەڵێم: با لەوە زیاتر نەنووسم و لێرە ماڵئاواییتان لێ بکەم. هیواى خۆشی شادیتان بۆ دەخوازم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت